٢\٣\٢٠٢٥
با پێکەوە لە ٨ی
ئاداری ئەمساڵدا
رێ لە یاسای
بەشوودانی کچانی ٩ ساڵ بگرین!
هەشتی
ئادار رۆژی خەبات و بەرەنگاریی کرێکاران و ژنانی یەکسانیخوازی جیهانە
بە دژی بیمافی و ستەمکاری و جیاکاری سەرمایەداری بەرامبەر بە ژنان. هەر
دەستکەوتێك کە چینی کرێکارو بزوتنەوە یەکسانیخوازیەکەی بەرامبەر
بەسەرمایەداری بەدەستی هێنابێت، هاوکات لەڕووی ماف و پێگەی سیاسی و
ئابوری و کۆمەڵایەتیەوە دەستکەوتێك بووە بۆ ژنان.
ئەمڕۆ لە هەلومەرجێکدا یادی ٨ی ئادار دەکەینەوە کە جیهان لەنێو
دەورەیەکی راگوزەر و ناڕۆشنیدا تێدەپەرێت. جەنگ و میلیتاریزمی هێزە
ئیمپریالیستیەکان و هەنگاونان بەرەو دنیای فرەجەمسەری و بلۆكبەندیە
ئیمپریالیستیەکان، کۆمەڵگای بەشەریان لەناو گێژاوی جەنگ و ماڵوێرانی و
گرانی و بێکاری و هەژاری و بێمافیدا ڕاگرتوە. زۆرترین قوربانیهکانی
ئەم دۆخە ناهەموارەش ژنان و مناڵانن. ههزاران ژن و مناڵ لەژێر
داروپەردووی شارو خانوە وێرانکراوەکاندا زیندەبەچاڵ کراون. هەزارانیان
دەستدرێژی سێکسی کراوەتە سەریان. ئەوە سەرای ئەوەی کە دۆخی ناهەمواری
ئابوری و قەیرانە یەك لەدوای یەکەکانی بۆرژوازی، کە کۆمەڵگای بەرەو
هەژاری پاڵ پێوەناوە، دیسانەوە زۆرترین قوربانیەکانی لە ژنانی کرێکار و
کارمەندانی ژن بووە!
ئەگەر ئەمڕۆ لە جیهاندا لە ئاکامی خهبات و تیکوشانی ژنان و پیاوانی
ئازادیخواز و یهکسانیخوازەوە بەشێك لە حکومهت و دەسەڵاتەکانی
ناچارکردوە بەشێکی مافهکانی ژنان لەیاساکاندا جێگیر بکەن، ئەوا لەو
کۆمەڵگایانەدا که یاسای دینی و کهلتوری کۆنهپهرستی و پیاوسالاری و
نەریتە کۆنەکان رەگوڕیشەیان داکوتاوە، ستهمکێشی ژنان و بێمافی و ژیردهستەیی
و پلەدوویی بە ئاشکرا ژیان و کەسایەتیی ژنانی تێكشکاندوە.
لە کوردستان و عێراق ژنان له ژێر سایهی سیستەم و دهسهڵاتدارێتی
ناسیونالیستی و دینی و میلیشیاییدا بەشێوهیهکی بهردهوام ڕووبهڕووی
کوشتن و توندوتیژی و ئهتکردن و گێچهڵی سێکسی و سوکایهتیکردن و
ناچاركردن بهخۆسوتاندن و دهیان دەردوکێشەی دیکە بوونهتەوە، کە
تازەترینیان پەسەندکردنی یاسای جەعفەریە لە پەرلەمانی عێراق لە سات و
سەودایەکی قیزەوەندا کە ڕێگە بە هاوسەرگیری کچانی ٩ ساڵان دەدات، کە
پێشیلکاریەکی ترساناکە بۆ مافەکانی مروڤ.. ئەم پڕۆژە یاسای باری کەسێتی
جەعفەریە، پێشێلی دیارترین یاسا و ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان، بە
تایبەتی ڕێککەوتننامەی مافەکانی منداڵی ساڵی ١٩٨٩ دەکات کە لەمادەی
یەکەمدا منداڵ بە کەسێکی خوار تەمەنی ١٨ ساڵ پێناسە دەکات، بەوەی رێگا
دەدات بە هاوسەرگیری کچانی ٩ ساڵ. هەروەها لە ڕێککەوتننامەی نەهێشتنی
هەموو جۆرە جیاکارییەک دژی ژنان سالی ١٩٧٩ - لە مادەی ١٦ی
ڕێککەوتننامەکەدا یەکسانی نێوان ژن و پیاو لە هاوسەرگیری و جیابوونەوە
و سەرپەرشتیکردنی منداڵدا دیاریکراوە، بەڵام یاسای باری کەسێتی تازەی
پەرلەمانی عێراق، هەموو دەسەڵاتێک لە ژنان وەردەگرێتەوە لە پرۆسەی
هاوسەرگیریدا و دەسەڵاتی رەها دەداتە دەست پیاو لە مەسەلەی میرات و
سەرپەرشتی منداڵ و نەفەقە و...!
عێراق لە ساڵی ١٩٨٦ واژۆی سیداوی کرد، بەڵام بەهۆی ڕەخنەگرتن لە یاسا
ئایینیەکان بەتەواوی پابەند نەبووە پێیەوە، هەروەها مادەی نۆزدەهەم:
پاراستنی منداڵ لە هەموو جۆرەکانی دەستدرێژی و بەکارهێنان دیاری دەکات
و هاوسەرگیری پێشوەختە جۆرێکە لە بەکارهێنانی سێکسی بۆ منداڵان. لە
مادەی ٢٤دا هاتووە: پاراستنی تەندروستی جەستەیی و دەروونی منداڵانی
تێدایە، هەروەها هاوسەرگیری پێشوەختە دەبێتە هۆی زیانی جەستەیی و
دەروونی گەورە بۆ کچان. عێراق لە ساڵی ١٩٩٤ ڕێککەوتننامەی مافی
منداڵانی پەسەند کرد، بەڵام یاسای جەعفەری پێچەوانەی پرەنسیپەکانە.
هەروەها جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤ ساڵی ١٩٤٨ - لە مادەی ١٦دا: باس
لەوە دەکات کە هەموو کەسێک مافی ئەوەی هەیە بە ڕەزامەندی تەواوی خۆی و
بە بێ زۆرەملێ هاوسەرگیری بکات، بەڵام یاسا نوێیەکە ڕێگە بە باوک یان
سەرپەرشتیاری کچەکە دەدات بە پێچەوانەی ویستی خۆیەوە، ئەمەش
پێشێلکارییەکی ئاشکرای ئەم مادەیە.. ڕێککەوتننامەی دژی ئەشکەنجەدان
١٩٨٤ - لە مادەی یەکەمدا ئەشکەنجەدان بە هەر کارێک پێناسە دەکرێت کە
دەبێتە هۆی ئازار یان ئازاری زۆر، چ جەستەیی بێت یان دەروونی،
هاوسەرگیری زۆرەملێ و هاوسەرگیری منداڵ دەتوانرێت بە جۆرێك لە
ئەشکەنجەدان هەژمار بکرێت، بەوپێیەی لە ئەنجامدا زیانێکی جەستەیی و
دەروونی هەمیشەیی لێدەکەوێتەوە. عێراق لە ساڵی ٢٠١١ پەیماننامەی دژ بە
ئەشکەنجەی پەسەند کرد، واتە هەر یاسایەکی ناوخۆ کە ڕێگە بەو جۆرە
پێشێلکاریانە بدات بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان نایاساییە.
ئیمە لە فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی لە ٨ی ئاداری ئەمساڵدا
بەتوندی سەرکۆنەی بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراق دەکەین بۆ هەموارکردنەوەی
یاسای باری کەسێتی ١٩٥٩ کە رێگە بە هاوسەرگیری کچانی ٩ ساڵان دەدات.
ئەم یاسایە هێرشێکی راستەخۆیە بۆ سەرمافەکانی ژنان و پاراستنی منداڵان
و مافەکانی مرۆڤ. ئەم بڕیارە پاشەکشەیەکی ترسناکە جەرگبڕە لە مافەکانی
ژنان و پێشێلکردنی بنەماکانی پاراستنی منداڵ و پەکخستنی پێشەکەوتنی
یاسایی و کۆمەڵایەتیە لە عێراق.. ئەم هەموارکردنەوەیە
بەدامەزراوەییکردنی هاوسەرگیری منداڵانە نەك تەنها پشتگیری لە
پێشێلکردنی مافە بنەڕەتیەکانی مرۆڤ بەڵکو هێرشێکی راستەخۆیە بۆسەر
جەستە و دەروونی کچانی منداڵ، جگە لە چەندین بەندی تری یاساکە کە
مافەکانی ژنان لە نێو هاوسەرگیریدا تێکدەدات و لەوانە پرسەکانی
جیابوونەوە و پاراستن... ئەم جۆرە یاسایە پاشەکشیەکی مەترسیدارە کە
ژنان و منداڵان بەرەوڕووی توندوتیژی و بەکارهێنان دەکاتەوە و
لێکەوتەکانی بە درێژای تەمەنیان بەردەوام دەبێت.، پێویستە هاودەنگی
جیهانی لە دژی ئەم هەنگاوە نیشانبدرێت. داوا بکرێت کە هەمواری یاسای
باری کەسێتی عێراق دەبێ دەستبەجی هەڵبوەشێتەوە. پێویستە ڕێکخراوە
نێودەوڵەتیەکان و پەرلەمانی ئەوروپا و رێکخراوەکانی پەیوەندیدار بە
مافەکانی ژنان و منداڵان، هانبدەن تا گوشار بخەنە سەر حکومەتی عێراق و
پەرلەمانەکەی کە ئەم یاسا دژە مرۆیی و ترسناکە هەڵبوەشێننەوە.
فیدراسیۆن له پێناو ڕاکێشانی پشتیوانی جیهانیی بە دژی ئەم یاسایە،
داوا دەکات هەوڵێکی چڕوپڕی بزووتنەوەی ئازادیخوازی و یەکسانیخوازی ژنان
و رێکخراوەکانی بەرگریکار لە مافەکانی منداڵان و ژنان بەڕێبخرێت و بە
شێوازی گونجاوی خۆیان گوشار بخەنە سەر حکومەت و پەرلەمانی عێراق بۆ
هەڵوەشاندنەوەی ئەو یاسایە قێزەونەی هاوسەرگیری منداڵان و بە
کۆیلەکردنی ژنان!
بژی ٨ی ئادار ڕۆژی جیهانیی ژنان.
فیدراسیۆنی سەراسەری
پەنابەرانی عێراقی
٢٤\٢\٢٠٢٥

|