په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

باران .

 

       دیار محه‌مه‌د             

 

پێدەچێت ژیان هێندەى مردن مۆڵەت بفەرمووێ
کەپاسارییەک دەکاتە قوربانیى بۆساتە وەختەکانى بێدەنگى .


مرۆڤ هەرچەند گوماناوی بێت زیاتر بیردەکاتەوە..
کاتێکیش مرۆڤ لەبیرکردنەوەدا دەتاسێت، هیچ پەنایەک نامێنێت
تا دەنگى تیا گڕ بدات
هیچ کات نەمویستووە دڵى ئەو پاسارییانە ئازاربدەم
کەمنداڵانى گەڕەکەکەمان بەردیان تێدەگرن و لەخەونى شیریندا ڕایاندەچڵەکێنن
ئێمەى مرۆڤ بۆ ئەوە دروستنەکراوین کە ببینە ڕمێکى دوو دەم و مرۆڤە ئێسک سووکەکانى پێ بریندار بکەین و هەموومان لەخۆمان باش دڵنیاین کە لەدڵۆپێک ئاو دروستکراوین و زۆر کات تواناى ئەوەمان نییە کە بگەینەوە بەو دڵۆپە ئاوەى کەلە جێگەى خەونەکانى خۆماندا تەنها بۆ جارێک لەژێر لێوەوە هاوار بکەین بۆ قومێک ئاو
من کە ئاشناى ئەو پاسارییانە بم، ئیتر چۆن دەستم دەچێتە بینا قاقاى مەنزڵگەیان
هیچ شتێک نییە بۆ دروستبوونەوەى ڕۆحى ئێوە
تەنها منم لەو خەونە شیرینەدا ڕامچڵەکاندوون!
هیچ ڕێگەیەک نییە کە منى پێدا بڕۆم
تەنها شوێن جێ پێکانى ئێوەیە کۆمکردوونەتەوەو خستوومەتە پریاسکەى ئەم دڵە بچکۆلەیەمەوە
ئیتر چ کینێک جێگەى ئەو حەزە نامورادانەى تیا جێدەبێتەوە کەمن بیکەمە ناونیشانى مەنزڵگەم
گەرچى سۆراخ لەبوونم دەکەم کەناتوانم پێناسەیەک بۆ ژیان بکەم..
منیش هێندەى ئەو پاسارییانەى گەڕەک وام کەئێوە بەردم تێدەگرن و لە فیردەوس و سەربانى هەورەکانەوە فڕێم دەدەنە خوارەوەو هەموو جەستەم تێکەڵ بەڕِیوایەتى بێهۆشی دەبێت..
نازانم پەنجەکانى خۆمە دەیەوێت دڵە بووکەشوشەییەکەم بکاتە ئەو جەنگاوەرە بێ بەزەییەى کە هیچ کاتێک بەزەیى بەبچوکترین حۆریشدا نایەتەوە یان ...........
بەڵام ... هەرگیز نابمە ئەو .. نا
کە بەبیرى ئەوەدا هاتووم ڕۆژ هێندەى نەفەسى جگەرەیەک درێژەو شەویش پڕیەتى لەبیرکردنەوەى چوار دیوار
ئیدى بۆ خۆم بترازێنمە ناو پەرتوکى شێتیمەوە !؟
منێک کە تەنها بەخەراباتى خەونێکەوەم
لەکاتى پێهەڵهێنانمدا گوزەر لەبوونى خۆم دەکەم
هیچ کات ئەمەلم بەڕێگە درز تێبردووەکانى ژیان نەبووەو نە بە پێکەنینێک کە تەنها جارێک وەک مرۆڤێکى ڕوو داپۆشراو بەکارى بهێنم
یاخود وەک ماسکێک لەدوور خەیاڵدانى خەیاڵم بەرامبەر بەڕۆحى مرۆڤێک بەکارى بێنم و ئەوەندەى بەهیواى ناوى خۆم بووم تابیکەمە سیرامیک بۆ هاوڕی َو هاودەمەکانم
بەئاواتى ئەوەوە نەبووم کە بیکەمە پەیکەرتاشێک تا دڵى ئێوەى پێ شەقار شەقار بکەم
نازانم شێوەى ئەو گریانەتان بۆ بدرکێنم کە لە پاڕانەوەدا بەرامبەر بەئێوە بەکاردێت
نازانم منم دەمەوێت هەڵگرى پێناسەیەک بم کە خۆمى تیا لەبیر بکەم ...نا هەرگیز .. نا ... نامەوێت ..
چیدى من هەر ئەو مرۆڤەم کە تا مردن بەئازارەوە دەناڵێنم و چاوە کانم پڕن لەفرمێسکى قەتیسماو
وەک ئەبەدیترین کەس کە ناتوانێت تادوا ساتەکانى ژیان هەڵوەداى گریانێک بێت کە لە زارییەوە بۆ نەویستن ئاخ هەڵبکێشێت
بەڵام ئەمەشیان نامباتەوە بۆ ئەو ڕێگانەى سەردەمێک پێیان دەوتم: (دییە)
ئیدى هیچ جوانییەک نەماوە بۆ پێناسە کردن بۆ ووتنەوە ..
من هەر ئەو بەشەریەتەى پێش وەختى توڕەبوونم کەناتوانم
دەست بنێمە بینا قاقاى سێبەرى هەناسە خوساوەکانى دواى باران
من هەر بەو بیرکردنەوەیەى پێشوومەوە لەتۆو فیردەوسى خۆشەویستیتان دەڕوانم کە چواردەورتان لەشەوى تاریکیدا پڕە لەگوڵە ئەستێرە
گەرچى ئێستا بوومەتە ئەو لێزمەیەى پێش لەدەرگادان قاپیم لەڕوودا دادەخرێت ..
گەرچى شەوان بەناوى خۆمەوە ترسم لێدەردەکرێ
کەچى هەر ئەو پاسارییانە دەردەچن کە بەمنداڵى دەیانترساندم و دواتر لەئامێزى دایکمدا بە ژەمێک فرمێسکەوە دەحەوامەوە
چیدى بێهیوانیم لەبوونم
ئێوەى ئەزیزو هەمیشە لەیاد نەچووى (دیار)ى جاران منم
بەڵام ئێستا (دیار) بارانە ..
گەرچى زەمەن بێهیواییەکانمى کردووەتە ئەرشیفێک و
سات لەدواى سات پیشانم دەدەتەوە وەک یەکەم وێنەى
منداڵى کە بۆ ناسنامەکى بێناونیشان پێیانگرتم بەگریانەوە
ئێستاش هەر بێهیوا نیم لەدۆڕان
چونکە زەمەن ئاوەها فێرى کردووین نەک جارێک و ئیتر بەس بێت، بەڵکو واى هانداوین کە هەموو ئاوەڕدانەوەیەک لەسێبەرى خۆماندا مردن بەجاوى خۆمان ببینین بێ هەڵخلیسکان لێى ..
بۆیە تکام بۆتان ئەوەیە کە هەندێک کەس ئەم ئیمەیڵەم deyar_mahamad بەناوى خۆمەوە بەکاردەهێنن، هیچ وەڵامێک لەئیمەیڵى deyar_mahamad ەوە بڵاو نەکەنەوە گەر ناوى خۆشمى لێنوسرابێت ، سوپاستان دەکەم چونکە ئەوە من نیم و تەنها بڵاو کراوەکانم بەم ئەدرەس ئیمەیڵە بڵاودەکەمەوە (Baran) ..
لەگەڵ ڕێزو خۆشەویستیم بۆ سەرجەم هاوڕێیان و ماڵپەڕە کوردییەکان .
تێبینى: ئەو هۆنراوەیەى بەناوى ( خەندەى ئەوین ) بڵاوبووەتەوە هۆنراوەى منە،بەڵام بەداخەوە کە بەو شێوەیە شێوێنراوە، ئەمەش ناونیشانى هۆنراوەکەمە ( تادۆران لەبێدەنگى وتن ).

 


2/2/2008