په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٣\٩\٢٠٢٤

بارانی پایزیی خۆشەویستیت پێشکەش کەژاڵی خۆشەویستم.


ئەرسەلان مەحمود    


لەم دەروازەی پایزەدا، یەکەم بارانت بۆ دەکەمە هۆنراوەیەکی وەک خۆت نەرم و نیان، دڵۆپەکانی وەک پیتی ئاڵتوونی لەسەر لاپەڕەی شەقامەکان خۆیان نمایش بکەن و بنووسنەوە، چیرۆکێکت بۆ بگێڕنەوە وەک نێوانی ئێمە پڕ بێت لەخۆشەویستی هەر وەک ئەو خۆشەویستییە ئەزەلییەی لە نێوان ئاسمان و زەویدا بەردەوامی هەیە.

پایزیت، ئەو وەرزەیە کە تیایدا کات خۆی لە ئاوێنەی گەڵا ئاڵتوونییەکاندا دەبینێتەوەو هەناسەی ژیانی نوێیان بە بەردا دەکات، لەم وەرزەدا وەک درەختەکان بۆت دەبمە شاعیر و بە زمانی ڕەنگ، جوانترینی قەسیدەکان'ت بۆ دەهۆنمەوە.

وەک باران، ئەو مۆسیقارە شێتەی کە بە پەنجە نەرمەکانی سیمفۆنیای ژیان لەسەر پیانۆی سروشت دەژەنێت و هەر دڵۆپێکی نۆتەیەکە لە ئاوازێکی هەتاهەتایی، بەم ریتمە گۆرانییەکت بۆ دەچرم کە تەنها دڵە عاشقەکان بتوانن لێی تێبگەن.

لەم پایزییەدا، کات خۆی لە ناو بۆنی خاک و گەڵای وشکدا دەشارێتەوە، هەر وەک ئەم ئێوارەت ببینە چۆن خۆر لە پشت پەردەی هەورە خەمگینەکانەوە خۆی شاردوەتەوە و ئەم ناوەی کردوەتە تابلۆیەکی زیندوو، نایەوێت تێپەڕێت، ئاوا ڕەنگەکانت بۆ تێکەڵ بە یەکتر دەکەم و چیرۆکی ئەو خۆشەویستییەت بۆ دەگێڕنەوە کە لە نێوان تارک و ڕوونیدا هەیە.

ببینە باران چۆن لەم وەرزەدا دەبێتە فڵچەی هونەرمەندێک کە وێنەی یادەوەرییەکان لەسەر شووشەی پەنجەرەکان دەکێشێت، ببینە چۆن هەر دڵۆپێک وەک چرکە لە کاتژمێری ژیان، بە هێواشی بەسەر ڕووی شووشەکاندا دەخزێت و چیرۆکی ئەو ساتانە دەگێڕێتەوە کە پێکەوە خۆش و ناخۆش بەسەرمان برد.

پایز، وەرزی ئەو کاتەیە کە خۆشەویستی پێدەگات و دەبێتە بەرێکی شیرین، وەک ئەو هەستەی کە لە نێوان من و تۆدا هەیە، پایز خۆشەویستییەکە لە نێوان کۆتایی و سەرەتادا، کۆتایی گەرما و سەرەتای فێنکی، کۆتایی گەشەکردن و سەرەتای پشوودان.

پایز و باران وەک دوو دڵداری کۆن، چیرۆکی ئەو خۆشەویستییە دەگێڕنەوە کە لە نێوان من و تۆدا هەیە، خۆشەویستییەک کە وەک گەڵای پایز، هەر ساڵ ڕەنگێکی نوێ بە خۆیەوە دەبینێت، بەڵام هەرگیز ناوەرۆکی ناگۆڕێت، وەک باران، هەندێک جار بە خوڕ دەبارێت و هەندێک جاریش نمە نمە، بەڵام هەمیشە ژیان دەبەخشێت و بەردەوام دەبێت.

با ئەم ساڵڕۆژە، وەک پایزێکی نوێ بێت لە ژیانماندا، پایزێک کە تیایدا خۆشەویستیمان وەک گەڵای ڕەنگاوڕەنگ، جوانتر و پڕمانا تر دەبێت، با بارانی خۆشەویستی بە بەردەوامی لە ژیانماندا ببارێت و هەموو وشکەساڵییەک تەڕ بکات.

ساڵرۆژی لە دایکبوونت پیرۆز بێت، کەژاڵی خۆشەویستم.

 

ماڵپه‌ڕی ئه‌رسه‌لان مه‌حمود

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک