٤\٢\٢٠١٤
با راستگۆ بین
لەگەڵ دروشمی ''یەکسانیی ژن و پیاو''.

لاوژە ماهیە
دروشمی کۆتاییهێنان بە توندوتیژیی بەرانبەر بە ژنان و بەرزکردنەوەی
دروشمی یەکسانیی نێوان نێر و مێ بۆتە وێردی زمان و زیاتر لە سەد ساڵە
کاغەزی سپی پێ پڕدەکەنەوە، بەڵام زۆربەی جار بێ ناوەرۆک و بێ بنەمایە و
هەڵاوگێڕ بەرز کراوەتەوە.
دروشمی یەکسانیی بۆ ڕاماڵینی چەوسانەوەی ژنانە، بۆ بڕینی پەتی ناوکی
توندوتیژییە، بۆ دابڕانە لەو دۆخە نالەبارەی کە مێژوی کۆمەڵگا بەدیاری
بە ژنانی بەخشیوە، بە کورتیی بڵێم کە ئێمەی ژن هەر لەسەرەتاوە وەک و
کەرەستەی یاری دەستی پیاو دروستکراوین و لە قۆناخە جیاوازەکانی ئەم
مێژووە دڵ ڕەقەدا کراوین بە کێڵگەی پیاوان - پلە دوو - زەعیفە و بە
کورتیی دابونەریت و یاسا کردوینی بە کۆیلەی رەگەزەکەی تر کە ناوی
پیاوەو بەشێکە لە لەشی خۆمان. بێ بەزەییانە هەست و ئارەزووەکانمان
سەرکوت کراوە و بووینە بووکەشووشەی دەستی پیاو بە ئارەزووی خۆی دەتوانێ
ساتوسەودامان پێبکا، (ئەمر و نەهی)مان بەسەردا بسەپێنێت و کۆنتڕۆڵی
ژیانمان بکات، وە ئەگەر بیەوێت دەتوانێ بەس بۆ حەزی خۆی چوار و پێنجمان
وەک سەیارە لە ماڵەوە پارک بکا یان بازرگانی بە لەشمانەوە بکا و هەر
نەبێت بۆ چەند ساتێک بمانکڕێ و... هتد.
بەرەی یەکسانییخواز بۆ گۆڕینی ئەم دۆخە دروشمی یەکسانییان بەرزکردۆتەوە
بۆ گۆڕینی ئەم هەلومەرجە. بە ڕای من کەسانێک دەتوانن خەباتکاری
ڕاستەقینەی ئەم دروشمە بن کە هۆشیار بن بەوەی کە دەبێ تۆزی بەند و
مەرجی کۆنەپەرستیی لەخۆیان ڕاتەکێنن، کۆڵەپشتی کۆت و زنجیری دەست و
پێیان کە بەناوی دابونەریت و پیرۆزی ئاینی و بەهای رەوشتیی مێژو وەک و
دیاری پێی بەخشیون فڕێدابێت. ئەگەر نا ئەو ژن و پیاوانەی کە
جانتاکانیان پڕە لە کۆنەپەرستیی دەتوانن چ قازانجێکیان هەبێت لەم
ڕێگایەدا، کەسانێک دەتوانن دروشمی ئازادی ژن بەرزکەنەوە کە دەستپێکیان
مرۆڤ بێت و خەبات بۆ یەکسانیی واتا جیاکردنەوەی دین لە دەوڵەت و
کارگێڕیی و سەرجەم پەیوەندییەکانی کۆمەڵگا و گۆڕینی یاساکان و
تێکشکاندنی بۆنەی دەرەبەگایەتی و ڕێکخستنەوەی پەروەردە و پرۆسەی خوێندن
لەسەر بنەمایەکی مرۆیی هەنگاوی یەکەمی بێت.
بەرزکردنەوەی دروشمی یەکسانیی وە هەوڵدان بۆ بەدیهێنانی لە کۆمەڵگای
کوردستان وەک تێپەڕاندنی شەمەندەفەڕە بە تولە ڕێگایەکی باریک
لەدارستانێکی چرو پردا. بۆ تێپەڕاندنی ئەم شەمەندەفەڕە ئەگەر هەرجارە
کە گیریکرد بکەوینە سەرو گوێی شەمەندەفەڕەکە وە بەشێکی لێبکەینەوە بۆ
ئەوەی لە هەر کۆسپێک تێپەڕێت، ئەوا هەتا دەگەینە ناوەڕاستی دارستانەکە
دەبێت مەکینەکەشی فرێبدەین و بەکەر ڕایبکێشین. لەو کاتەدا ئاسەوارێک لە
شەمەندەفەڕ نامێنێت. لەڕاستیدا بۆ تێپەڕاندی شەمەندەفەڕ دەبێت ڕێگا
هەموار بکرێت و لق و پۆپی دارەکان فڕێبدرێ و ڕێکبخرێت، چونکە ئامانج
تێپەڕاندنی شەمەندەفەرە نەک پاراستنی لقو پۆی دارەکان و تولە ڕێگاکە.
بۆ تێپەڕاندنی شەمەندەفەڕی یەکسانیی ژن و پیاو بە کۆمەڵگای کوردستاندا
بەهەمان شێوە گرفت و کۆسپی زۆر هەیە، دەیان کۆمپانیا و لقی میللی و
دینیی، خێڵەکیی و بازرگانی سێکسی هەن کە کۆسپ و گرێن لەبەردەم
گەشەکردنی کۆمەڵگا بەگشتی و یەکسانیی ژن و پیاو بەتایبەتی. ئەگەر
لەکاتی تێپەڕاندنی ئەم شەمەندەفەڕە وە گیرکردنی لە بالکۆنی هەر لکێکی
دینیی تۆزێکی لێ هەڵکڕێنین ئەوە لە نیوەی ڕێگا خاسیەت و هەژموونی خۆی
لەدەست دەدا.
یان دەبێت واز لە دروشمی یەکسانیی بهێنین، یان دەبێت ڕێگای بۆ هەموار
بکەین، هەموارکردنی ڕێگاش واتا داتاشینی دابونەریت، یاسای کۆن و هەموو
ئەو سیستەمەی کە ئەمڕۆ لە ئارادایە بۆ هێشتنەوەی کۆیلایەتی ژن. هەروەک
ئاماژەم پێدا ئامانجی سەرەکی و دەستپێکمان بەرزکردنەوەو سەپاندنی
یەکسانییە نەک پاراستن و پارێزگاریکردن لە بیروباوەڕی کۆنەپەرستیی و
دواکەوتوانە کە لێواولێوە لە توندوتیژیی.
دیواری فریوکاریی.
کاتێک بەرژەوەندیان دەکەوێتە هەڵدێرەوە، دیوارێکی ساختەو فریوکارانە
هەڵدەچنن بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان وە دەڵێن ئاخر ئێمە کوردین
دابونەریتی خۆماڵی خۆمان هەیە خەڵکی کوردستان دیندارن و سکۆلاریزم و
عەلمانییەت نامۆیە بە کۆمەڵگای ئێمە، کۆمەڵگای ئێمە تەقەبولی ئەمە
ناکات و ئێمە خاوەن پیرۆزی و بەهای ئەخلاقی و گشتین. لە ڕاستیدا
دروستکردنی ئەم دیوارە سووکایەتی و بێڕێزییە بە هەست و هۆشی خەڵکی
کوردستان وە پێمان دەڵێن فەرهەنگی کورد ڕێژەی نەگۆڕەو خاسیەتی
پێشکەوتنی تێدا نییە. واتا کورد گەمژەو مێشک داخراوە و بەم شێوەیە
دواکەوتویی و جەهالەت دەکەنە بەرگی هەتا هەتایی بۆمان وە زانستی
کۆمەڵایەتی بڤەیە و نابێت لێی بەهرەمەند بین.
کەم نین ژمارەی ئەو بەڕێزانەی خۆیان بە ڕۆشەنبیرو پێشکەوتو یان بگرە
سکۆلار دەزانن، کە لەماوی یەکساڵی ڕابردوو بە دەخالەت، یان بێدەنگ
بوونیان بەرامبەر ڕەشنووسی دەستوری هەرێم و تەئکیدکردنەوە لە سەوابتی
ئیسلامی کە پڕن لە دواکەوتویی، کۆنەپەرستی و نایەکسانیی. بەداخەوە
ئەمانە نەک تەنها ناتوانن وەک ڕۆشەنبیر داینەمۆی ڕەوڕەوەی پێشکەوتن بن،
بەڵکو تەنها کۆمەڵێک خەڵکی پۆپۆلیست، کۆیلەو دەستەمۆی دابونەریتن کە
لەودیوی دیواری ئێمە کوردین و لە گۆمیلکەی جەهالەت پەل دەکوتن و تەنها
فێری نووسین و کۆپی کردن بوون وەک و بازرگانی بەردەرگای حیزبەکان.
ئەمانە تەور بەدەستی شکاندنی شەمەندەفەرەکەن نەک هەموارکەرانی ڕێگا.
هێشتنەوەی ئەم دیوارە لەبەردەم گەشەکردنی کۆمەڵگا درێژەی سیاسەتی بەعس
و دەسەڵاتە دیکتاتۆرە یەک لەدوای یەکەکانە بۆ هێشتنەوەی خەڵک لە
جەهالەت و دواکوتویی.
ئەگەر بنەڕەتی و کۆنکرێت بڕوانینە سەرچاوەکانی توندوتیژیی، دەبینین زۆر
ساویلکانەیە چاوەڕوان بین، ڕەوتە ئیسلامی و ناسیۆنالیستەکان، چارەسەری
کێشەی ژنان بکەن. ئەگەر تیشک بخەینە سەر ئەو ڕێکخراوانەی کە لە پاشکۆی
دەسەڵات و حیزبەکانەوە دروست کراون لە ژێر ناوی داکۆکی لە مافی ژنان و
بەدیهێنانی یەکسانیی، وەکو کۆمپانیای زنجیرەیی لق و کەرتیان بڵاو
بوتەوە، بە ئاشکرا دەردەکەوێت کە زۆربەیان ئامانجیان تەنها پاراستنی
بەرژەوەندی حیزبەکانیانە لە بواری ژناندا. لە ٢٣ ساڵی ڕابردو دەستی
ئەحزابی دەسەڵاتدار ئاواڵە بووەو کەس پێشی پێ نەگرتوون، دەکرا ڕەوشی
ژنان بەرەو باشتر بوون بچێت، بەڵام بەداخەوە دەیان هەزار ژن کوژراون و
بونەتە قوربانی، ئەگەر ڕێژەیی لێکی بدەینەوە، دەبینین ئەم دەسەڵاتەی
ئێستا بە دەیان کەڕەت خراپتر بووە لە دەسەڵاتەکانی پێشو بە نیسبەت
کێشەی ژنانەوە.
تەنها ڕەوتێک دەتوانێت پێشەنگی خەباتی ژنان بێت بۆ چارەسەرکردن
کێشەکانیان و گەڕاندنەوەی ئیرادە و بەهای مرۆییان، کە سەرجەم دەسپێکی،
موقەدەسات، پیرۆزی و بەهای گشتی و ئەخلاقی، لە سەر رێزگرتن لە مرۆڤ
چەقی بەستبێت. بێگومان بە پێی ئەزمونی مێژوی کۆمەڵگای بەشەری، هەمیشە
ڕەوتی چەپ و سوسیالیست بووە بە خەباتی بەردەوام لە بەرانبەر ڕەوتە
مەزهەبی، ناسیۆنالیست، کۆنسەرڤاتیڤ و کۆنخوازییەکاندا لە ململانێدا
بووە، هیچ هەنگاوێکی مۆدێڕن و پێشکەوتوو نییە کە مۆری خەباتی چەپ و
کۆمۆنیستی پێوە نەبێت. هیچ جاریش نەبووە کە ڕەوتە مەزهەبی،
ناسیۆنالیست، کۆنسەرڤاتیڤ و کۆنخوازەکان نەبن بە ڕێگر و کۆسپ
لەبەردەمیان.
ماڵپەڕی
لاوژە ماهیە
|