١٩\١٢\٢٠١٣
بارمتەگرتنی
ھاوڵاتیانی کورد لە رۆژئاوای کوردستان و سوریە سەرکۆنە
دەکەین.
کۆمەڵەی
مافی مرۆڤی کوردستان بارمتەگرتنی ھاوڵاتیانی کورد لە رۆژاوای کوردستان
لە لایەن ھێزە جیھادی و ئیسلامیەکانی سەر بە ئەلقاعیدە بە توندی
شەرمەزار دەکات و ئەو کارە بە پێچەوانەی نرخە مرۆییەکان و ھەر وەھا
پێچەوانەی ھەموو یاسا و بنەماکانی مافەکانی مرۆڤ و کۆنواسیۆنەکانی
ژینێڤ و مافەکانی مرۆڤ دەزانێت.
بە پێی ئەو ھەواڵ و راپۆڕتەکانەی کە بڵاوکراونەتەوە لە لایەن
راگەیەندراوەکان و سازیەکانی مافی مرۆڤ لە سوریە، لە رۆژانی رابردوودا
لانیکەم ٣٠٠ کەس لە دانیشتوانی رۆژاوای کوردستان لە ھەرێمەکانی "جەرابلوس
و عەززازی" نزیک شاری حەڵەب لە گوندی "ئەحرەس" ١٧٠ کەس و لە گوندی "قەعرکەعبەین"
٢٠ کەس و لە گوندی "لدویاو" ١٥ کەس و لە گوندی کیدریش" ٣٠ کەس و لە
گوندی "تل بتال" ٧٠ کەس لە لایەن توندئاژۆ ئیسلامیەکانەوە بە بارمتە
گیراون و رفێندراون.
بە پێی ئەو راپۆرتانە لە نێوان بارمتەکاندا کەسانی بەساڵاچوو و منداڵ و
ژنیش ھەن کە بە توندترین شێوەی مومکین ھەڵسوکەوتیان لەگەڵ دەکەن و بە
وتەی شاھیدەکانی رووداوەکە کەسانی سەر بە سوپای ئازاد و ھێزەکانی
گرێدراوی بەشێک لە پارتە کوردیەکانیش لەو بارمتەگرتنەدا دەستیان ھەبوە.
شایانی باسە ھێزە جیھادی و ئیسلامیەکانی لە چەند ساڵی رابردوودا چەندین
جار کاری دژە مرۆییان ئەنجامداوە و ھاوڵاتیانی کوردیان رفاندوە خەساری
گەورەی گیانی و ماڵیان لێداوان. تەنانەت لە ھێندەک حاڵەتدا بۆ ترساندن
و تۆقاندنی خەڵک ھاوڵاتیانی کوردیان رفاندوە و بە بەرچاوی خەڵکەوە
کۆمەڵکوژیان کردوون و بەپێی پێناسەکانی جیھانی و پێوانەکانی مافی مرۆڤ
ئەو کارە دەکەوێتە خانەی تاوانەکانی شەڕ و ژینوساید. ئەو گرووپە
جیھادیە ئیسلامیانەی گرێدراوی وڵاتە جیرانەکان ترسیان ھەیە لە ھەبوونی
ھەرێمێکی دیموکراتیک لە رۆژاوای کوردستان و ھەبوونی ھەرێمێکی ئاوا لە
دژی بەرژەوەندیە دژە مرۆییەکانی خۆیان دەزانن. ئەو گرووپانە ھاوکات
رێگرن لە چوونی یارمەتیە مرۆییەکانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان و ئەو
بارودۆخە لە قازانجی سیاسەتەکانی دەرەکی و ناوەوەی خۆیان دەزانن و بە
خوڵقاندنی ترس و ئاژاوە و بارمتەگرتن دەیانھەوێ ئارامش و ئاسایش
رۆژاوای کوردستان تێکبدەن.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان بە پێویست دەزانێت ئەو بابەتانەی خوارەوە
وەبیر بێنێتەوە:
بە پێی مادەی ٥ی جاڕنامەی جیھانی مافەکانی مرۆڤ ھیچ کەس نابێت بکەوێتە
بەر ئەشکەنجە و بێڕەحمی و ئازار و موجازاتی نائینسانی و رەفتاری بە
جۆرێک کە ئاستی شەئنی ئینسانی دەبەزێت.
مادە ٩: ھیچ کەس نابێت بکەوێتە بەر راوەدوونان و گرتن و دوورخرانەوەی
خۆسەرانە.
مادە ١٢: ھیچ کەس نابێت لە چوارچێوەی ژیانی تایبەتی و بنەماڵەیی و
شوێنی ژیان و پێوەندیەکانی شەخسی بکەوێتە ژێر دەستێوەردان و موزاحیمەت.
ھەر بەو پێیەش شەرافەت و ئابرووی ھیچکەس نابێت بکەوێتە بەر دەستدرێژی.
ھەمو کەس شایستەی پاراستنی دادوەری و یاساییە لە ھەمبەر دەستێوەردان و
دەستدرێژی.
کەوابوو بارمتەگرتنی دانیشتوانی رۆژاوای کوردستان کارێکی نائینسانی و
دوور لە ھەموو پێوانەکانی مافی مرۆڤە و داوا لە ھەموو کاربەدەستانی
ناوەوە و دەرەوە دەکەین کە ھەرچی زووتر بارمتەکان ئازاد بکەن
بیانگڕێننەوە شوێنی خۆیان.
کونوانسیۆنی ژنێڤ بە روونی عەمەڵیاتەکانی شەڕی لەو بوارانەی خوارەوە
قەدەغە کردوە:
ھێرشکردنە سەر ئەو کەسانەی کە راستەوخۆ لە شەڕدا بەشدار نەبوونە.
ھەروەھا کەسانی چەکدار کە چەکی خۆیان داناوە.
کەسانێک کە بە ھۆی نەخۆشی، برینداری و گرتن و یان ھەر ھۆیەکیتر نەتوانن
شەر بکەن دەبێ لە ھەموو حاڵەت دا بە بی ھەڵاواردن و پێشێلکردنێکی مافە
ئینسانیەکان ھەڵسوکەوتیان لەگەڵ بکرێت.
بە پێی مادەی ٣ی کۆنوانسیۆنی ئەو کارانەی خوارەوە مەمنووع کراون:
خەسارلێدان لە ژیان و گشتی جەستەیی لەوانەش کوشتن بە ھەموو جۆرێک و
بریندارکردن، ھەڵسوکەوتی بێرەحمانە، ئەشکەنجە و ئازار و بارمتەگرتن.
دابەزاندنی حەیسیەتی کەسەکان و لەوانەش تەحقیر و
بچوککردنەوە،مەحکومکردنی بێ دادگایی و بڕیاری دادوەری ھەر بەو پێیەش
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان داوا لە سازی و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ
وەکوو نەتەوە یەکگرتوەکان و ییکیتی ئەوروپا و ھەموو رێکخراوەکانی
جیھانی و ھەرێمی دەکات کە پابەند بن بە ھەموو ئەرکەکانیان لە مەڕ
ئاسایش و سەلامەتی تاک و نەتەوەکان و ھەنگاوی شیاو بنێن بۆ ئازادکردنی
ئەو ھاوڵاتیە کوردانەی بە بارمتە گیراون و کارەک بکەن کە ئەو کردەوە
نامرۆییانە لەلایەن ئەو گرووپانەوە دووبارە نەبێتەوە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان
kmfsverige@gmail.com
|