په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٩\٥\٢٠١٤

بارزانی رێک وە بەرەواژییەوە لەباربەری سەربەخۆییە!


دارا خونچە       


هەگەر وە کورتیی وەگەڕێینە سەر مێژووی دەسەڵاتداریی کوردان ئەوە راستییەکی بەرچاوە کە چەندین سەتە پێش پەیدابوونی ئیسلام کوردان دەسەڵاتی سەربەخۆیی خۆیان لە دەست دا، لێ کە ئیسلام هات و سەرلەبەری کوردستانی خستە بن هەژموونی داگیرکاریی خۆی ئیدی نەک هەر دەسەڵاتی سەربەخۆیی بووە خەون و ئەندێشەیەکی گەورۆنە لە کن کوردان بەڵکە زمان و فەرهەنگی نەتەوەیی و تێکڕای بوونی نەتەوەییشیان دووچاری هەڵوەشانەوە و پووکانەوە و لەنێوچون هاتن و زێدەکەشیان لە نێوان ناکۆکیی و ململانێی خەڵافەتەکان و ویلایەتەکان و ئیپراتۆریەتەکان و دەسەڵاتە جۆروەجۆرە ئیسلامییەکان کوت کوت و بەش بەش کرا.

لە پاش ئەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانییەکانیش وەک دوا دەسەڵاتی رامیاریی و گشتگیری ئیسلامیی لە سەرزەمینی ئیسلامدا وە یەکجاریی گۆڕوەگۆڕ بوو.. سەردەمی دروستبوونی دەوڵەتی نەتەوەیی و نیشتیمانیی لە دەڤەرەکەدا هاتە ئارا.. کوردان لەوان کاتاندا هێندە وە سەختی ئالوودەی فەرهەنگ و نەریتی ئیسلام ببوون وەک ئەوەی دەردەکی فرە کوشندەیان گرتبی لە هەردوو رووی نەتەوەیی و نیشتیمانییەوە تەواو پەڕپووت و لاواز ببوون.. هەر ئەوەش بووە کاریگەرترین هۆ کە کوردان لە کاروانی گەلان وەپاش بکەون و نەکارن هاوتەریبی زۆربەی میللەتانی دەڤەرەکە قۆناغە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکەیان ببڕن و سەربەخۆیی خۆیان وەچنگ بخەن.

لەوەش خراپتر ئەوە بوو؛ هەر وە هۆی کاردانەوە نەرێنییەکانی ئەو فەرهەنگ و نەریتە ئیسلامییە لەسەر کوردان بزاڤە نەتەوەیی و نیشتیمانییە رەگەزپەرستییەکانی میللەتانی دەوروبەر توانیان زۆربەی زۆری هێزە خێڵەکیی و ناوچەگەرییەکانی کوردان وەک چەکداری خۆفرۆش بکەنە داردەستی خۆیان و لە شەڕی دوژمنەکانیان و خودی کوردان خۆشیان وەکاریانببەن.

نیو سەتە پترە جوولانەوە چەکدرارییەکەی بنەماڵەی بارزانییەکان (وە سەرکەتن و شکستەکانیەوە) وەسەر بزاڤی رزگارییخوازی کورداندا زاڵە، ئەو جوولانەوەیە پەیوەندییەکی فرە فرە کەمی وە ئامانجی نەهێشتنی ستەمی نەتەوایەیی و نیشتیمانییەوە هەبووە.. هەر رێک درێژکراوەی ئەو پێشینە فەرهەنگییە دینیی و خێڵکەییە بووە کە لە نێو کوردان برەوی هەبوو و پێشتر جوولانەوە چەکدارییە خێڵەکییەکان لەسەر بنچینەیدا چێ ببوون وەک جوولانەوەکانی (سمایلخانی شکاک و شێخ مەحموودی بەرزنجیی و شێخ سەعیدی پیران و ئەوانی دیکە).. تەنانەت ئەو پابەستەیی و بندەستەییەی تا هەنووکەی حیزبەکانیش کە (یەکێتیی و گۆڕان) بەکرێگیرای جەمسەری ئێرانن و (پارتی و یەکگرتوو) بەکرێگیرای جەمسەری تورکیان هەر پەیوەست و گرێدرای ئەو پێشینە فەرهەنگییەیە!

جا ئێستا کە بارزانی هەر لە بن رۆشنایی ئەو فەرهەنگە خێڵەکییە وە دین رووپۆشکرایە دایە و وە پاڵپشتیی هەژموونی وەهێزی جەمسەری تورکیا لە ترۆپکی دەسەڵاتە چەتەگەرییەکی باشووری نیشتیمان خۆی داسەپاندییە و ماوە ماوە لە سەربەخۆیی کوردستان و راپرسیی دەدوێ.. ئەوە تەنێ لەبەرئەوەیە کە هەست دەکا ئێستا وە پێی سەردەمەکە کوردان نەک هەر لە باشوور بەڵکە لە تێکڕای پارچەکانی دیکەی نیشتیمانیش فرە لە جاران هۆشیارترن و خەریکە بزاڤەکی گەورەی سەربەخۆخوازیی تێیاندا گەشە دەکا.. جا دەیەوێ لە پێناو پاراستنی دەسەڵاتە تەسکە بنەماڵەیی و گەندەڵەکەی خۆی لەمپەر و رێگریی چێ بکا تا ئەو دۆزی سەربەخۆییەی کوردستان هێندە وە زوویی پەرەنەستینی و وە ئاسانیی ئامانج نەپێکی.. هەگەر نا ئەوە هەر زوو رۆژی لێ ئاوا دەبی و کۆتایی وە دەسەڵاتە رەش و چەوسێنەرەکەی دێ.

هیچ کەسەک نییە هەگەر تەنێ یەک قیچ هەستی نەتەوەیی و مرۆیی هەبی پێی خۆش نەبی و پێی چاک نەبی کوردستان وە تێکڕای پارچەکانیەوە سەربەخۆیی خۆی وەدەستبهینی بەڵکە خەباتیشی لە پێناودا دەکا جا هەگەر ئەو سەربەخۆییە لە لایەن کەسەکی وەک بارزانی یان هەر کەسەکی دیکەشەوە سەرپەرشتیی بکرێ.. چونکە چارەسەرنەکردنی ستەمی نەتەوەیی و نیشتیمانیی رێگرەکی هێندە گەورۆنەیە لە پێش پێشڤەچوونە ئەرێنییە کۆمەڵاتییەکان و ویست و خواستە ئازادییخوازیی و یەکسانییخوازییەکان و سەرلەبەری ژیان و گوزەرانی مرۆڤەکان هەرگیز لەو سەردەمەدا (کە دەرفەتی ئەوەی تێدا هەیە تێکڕای میللەتان و مرۆڤەکان وە یەکسانیی و ئازادیی و ئاسوودەیی بژین) هیچ هیچ بڕوبیانووەک هەڵناگری.. لێ بارزانی لەبەرئەوەی کەسەکی خێڵەکیی هێندە نەزان و هێندە سەرکوتگەر و گەندەڵکار و ستەمگەرە هەرگیز ئەوەی لێناوەشێتەوە تا سەرپەرشتیی بزاڤی سەرخۆیی کوردستان بگریتە ئەستۆی خۆی.. ئاخەر بارزانی هیچ تشتەک نەما لە دژی بوون و مان و ئامانجەکانی میللەتەکەی خۆی تاقی نەکاتەوە:

- کێ هەیە ئەوە نەزانی کەسەکی وەک بارزانی وە هۆی جێگرتنەوەی بابی وەک سەرۆکی جوولانەوەیەکی خێڵەکییانەی چەکداریی وە تۆبزیی خۆی وەسەر ئەو میللەتە داسەپاندییە؟!
- کێ هەیە ئەوە نەزانی بارزانی چەخماخە و بلێسەی ئاوری شەڕی ٢٠ ساڵەی نێوخۆی شار و شاخ (١٩٧٨ - ١٩٩٨) بووە؟!
- کێ هەیە ئەوە نەزانی هەگەر دەسەڵاتی دیکتاتۆریی عێراق نەرمییەکی بنواندبا و بەشی بارزانی لە دەسەڵاتەکەی بدابا ئەوە دەبووە دڵسۆزترین کەسی دەسەڵاتی رەگەزپەرستی (عروبە)ی عێراقی تەنانەت ئەو کاتەی وە شێوەی سەرۆکەکی چەکدارە خۆفرۆشەکانیش دانوسانیان دەگەڵ کرد فرە وە ئاسانیی (خیانەت)ی ٣١ی ئابی ١٩٩٦ی وەسەر ئەو میللەتەدا هینا؟!
- کێ هەیە ئەوە نەزانی لەوەتەی بارزانی هەیە سەرەڕای ئەوەی بەوپەڕی توندیی و تا رادەی شەڕ دژ وە خەبات و تێکۆشانی کوردانی پارچەکانی دیکە راوەستایە هەردەم بەکرێگرای یەکەک لە دەسەڵاتە داگیرکەرەکانی کوردستان بووە و لە خزمەتی بەرژەوەندییەکانی ئەوان ملی میللەتەکەی خۆی گردەبڕ شکاندییە؟!
- کێ هەیە ئەوە نەزانی بارزانی لە ساڵی (١٩٩١)وە زۆربەی زۆری سامانی ئەو میللەتە نەدارەی لەسەر خۆی و بنەماڵەکەی و دەستوپێوەندەکانی خۆی دابەش دەکا و خەڵکی لە نێو گەندەڵیی و برسیێتیی و نەبوونی لایەنی کەمی ئازادیی و نەبوونی سادەترین و سەرتاییترین مافەکانی مرۆڤ و توندوتیژییەکانی دژ وە ژنان و نەبوونی ئاسیش و ئارامیی نوقم کردییە!؟
کێ هەیە ئەوە نەزانی بارزانی... و... هتد.


ئیدی کە ئەوە کار و کردەوەکانی بی.. داخۆ دەبی چ ساویلکەیەک باوەڕ بەوە بهینی کە بارزانی لە دووی سەربەخۆیی کوردستانەوەیە! لە راستییدا کە تاکی کورد هەست دەکا بارزانی سەرۆکی وڵاتەکەیەتی گوڕ گوڕ ئارەقەی شەرمەزاریی هەڵدەڕێژی!

خۆ هەگەر بەرژەوەندییە مادییەکان و چاوتێبڕین لە سامانی زۆروزەوەندی سەرئاخ و بنئاخی کوردستانیش لە لایەن تورکیا و ئەمەریکا و ئەوروپاوە جۆرەک لە سەربەخۆیی کوردستانی گەرەک بی و پێویستیان بەوە هەبی کوردستان وەک پێگەیەکی ستراتیژیی ململانێیە رامیارییەکانیان لە دەڤەرەکە وەکارببەن ئەوە بێ هیچ گومان و نیگەرانییەک دەکارن بارزانی وەک باشترین پۆلیسی ملکەچ تاو بدەن و ویست و خواستە دژەمرۆییەکانی خۆیانی پێ جێبەجێ بکەن! هەڵبەتە ئەو جۆر و شێوە سەربەخۆییەش چەندین کێشەی فرە ئاڵۆزی لێ وەپاش دەکەوی.. لەوانەش:

کێشەی هینانە ئارای (کۆنفیدراڵیی) وەک چارەسەرکی فرە پووچ و بێ واتا کە فرتوفێڵەکی سیاسەتبازانەیە دژ وە خواستی راشکاوانەی نەتەوە و نیشتیمانەکان.
کێشەی لەدەستدانی یەک لەسەر سێی ئاخی باشوور کە حکومەتی رەگەزپەرست و ئیسلامیی شیعەگەریی عێراق داگیری کردییە و رەنگە شەڕ و ئاژاوەی گەورەشی لەسەر دروست بکەن و خەڵکی دەڤەرەکە پتر تووشی کارەسات و نەهامەتیی بکەن.
کێشەی وەگژیەکوەنانی حیزب و هێزەکانی پارچەکانی کوردستان کە فرە لەگینە شەڕی دورودرێژی نێوخۆی لێ بەرپا ببی و گورزەکی فرە فرە کوشندە لە خەبات و تێکۆشانی رزگارییخوازیی کوردان بوەشێنی و دۆزی سەربەخۆیی نەتەوەیی و نیشتمانیی وە دەیان ساڵی دیکە لە جێی خۆیدا بخولێنتەوە یان تا دۆزەکە وە دوا ئانجەکانی خۆی دەگا کوردستان وە تەوایی دابدۆشن و ئیدی میللەتەکی بێ بەرهەم و بێ توانا و لاوازی لێ وەجیبهێڵن!
کێشەی لەخۆباییبوونی بارزانی و پتر وەخێڵکەییکردنی کۆمەڵ و خەستکردنەوەی دەسەڵاتە دیکتاتۆرییەکەی و پتر لەبنپێنانی ماف و ئازادییەکانی چین و توێژە نەدار و کرێکارییەکان و مەترسیی پاڵدانی وڵات بەرەو هەڵگیرساندنی شەڕ و کارەساتی جۆروەجۆر و لێواری مەرگ.

کێشەی... و... هتد.

سەرەڕای هەموو ئەوانەش هەروەک گۆتم هەر کەسەک خوازیاری کۆتاییپێهینانی ستەمی نەتەوەییە.. لێ بارزانی هەرگیز ئەوە نییە لەو بارەوە تەنانەت یەک بەرد بخاتە سەر یەک بەرد بەڵکە چەندەی لە دەستی بێ کۆشش دەکا ئەو بناغەیەش هەڵبتەکێنی کە خەریکە ئازادییخوازان دایدەڕێژن.. ئەوەش تەنێ لەبەرئەوەیە کە بارزانی هەرگیز ئامادە نییە وە هۆی ئەو ملیاران دۆلارەی دەستی وەسەر داگرتییە و وە هۆی ئەو هەموو تاوانانەی ئەنجامی دانە لە نێو دەسەڵاتی سەربەخۆیی کوردستان کە وە واتای وشە سەربەخۆیی بی بدرێتە دادگایەکی رەوا و لە لایەن میللەتەوە سزا بدرێ.. هومێدەوارم وە هەڵەدا چووبم.. لێ ئەوەی ئێستا دەیبینم هەر ئەوەیە کە لێی دوام و رێم وە خۆم نەدایە فێڵ لە مەژیی و یادەوەرییەکانم بکەم.


١٩\٥\٢٠١٤
ماڵپه‌ڕی دارا خونچە

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک