٤\١\٢٠١٢
باسێک دەربارەی
کۆمەڵکوژی قلەبان.

هۆشیار حسێن
“لە ھێرشەکەدا ژمارەیەکی زۆر لە کۆڵبەرەکان
بریندارببوون، کەچی سوپا رێگای بەو ئامبۆلانس و تیمە پزیشکانەش نەدا،
بۆ ئەوەی بریندارەکان تەداوی و چارەسەر بکەن، بۆیە جگە لە بریندارێک،
ئەوانەی دیکە ھەر ھەموویان بەھۆی برینەکانیانەوە سەرمابردنیی و شەھید
بوون..”.
فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورک لە ھێرشێکدا ٣٦ کۆڵبەری سڤیلی کوردیان
کۆمەڵکوژ کرد، ئەوەش نە یەکەمین و نە دوا ھێرشیان دەبێت لە دژی گەلی
کورد.
ئەنجامدانی ھێرشێکی کتوپڕی نائاسایی، بە گوێرەی کات و شوێن و چۆنیەتی
ئامانجەکە، جیا لە ھێرشەکانی دیکەی پێش خۆی، ئەوا دەبێت باش بزانین
مەبەستەکەی پەیامێکی دیکەیە و دەیانەوێت بە کەسانێکی دیکەی بگەیەنن.
جگە لەوەی ھێرشەکە قوربانی زۆری لێکەوتەوە و ئەوش تاوانێکی دژ بە
مرۆڤایەتییە، لە رووی دیکەش زەنگێکی ئاشکرایە و ھەڕەشە و گەفوگوڕێکە،
کە رەھەندی دوورتر و گرنگتری ھەیە.
دیارە ساڵانێکی دوور و درێژە کاروانچییە کوردەکانی سەر سنووری باکور و
ھەرێمی کوردستان لە ژێر کۆنترۆلی دەوڵەت کاری خۆیان کردووە، ھەمان ئەو
کۆڵبەرانەی کە بوونەتە قوربانیش کاتێ لە گوند دەردەچن، وەک ھەموو جارێک
لە لایەن ئەو بازگەیەی بۆ ئەو مەبەستە دانراوە، کۆڵبەرەکان یەک یەک
دەژمێرن، بۆ ئەوەی لە گەڕانەوەش بزانن ھەموو گەڕاونەتەوە، یان نا، کەچی
کاتی گەڕانەوەیان لە بازگە و کەمینێکدا رێگایان پێنادرێت بگەڕێنەوە نێو
گوند، ناچار دەچن بۆ شوێنێک و چاوەڕوان دەبن.
کاروانی دووەمیش دێت و لای ئەوان دەوستێت و کاروانی سێییەمیش بە ھەمان
شێوە، بەمەش کۆی ژمارەی کاروانچییەکان دەبێتە ٤٨ کەس، کە تەمەنیان لە
نێوان ١٢ و ١٩ ساڵیدان و زۆربەشیان دوو وڵاخیان پێبووە، ئا لەو کاتەدا
فڕۆکەکان ھێرشیان دەکەنە سەر، بۆیە ئەو رووداوە نەک ھەڵە، یان رێکەوت،
بەڵکو بەرنامە بۆ داڕێژراوە.
ئەگەر بمانەوێت راستی رووداوەکە بزانین، پێویستە
ئەم پرسانە بووروژێنین:
١- بە زانیاری و ئاگاداری دەوڵەت و سوپا، ئەو کۆڵبەرانە لە ساڵی ٢٠٠٣
وە کاری کاروانچێتی دەکەن.
٢- ئەو سەربازگەیەی نزیک بە گوند و سەر رێگا، لە ھەموو سەفەرێکدا
پارەیان لێوەردەگرێت.
٣- سەربازانی سوپا لە ھەموو سەفەرێکدا، کۆڵبەر و کاروانچییەکانیان
ژماردووە، لە گەڕانەوەشیان بە ھەمان شێوە. شوێنی کۆمەڵکوژیەکەش تەنیا
یەک کیلۆمەترو نیو لەگوندەکەیان، واتە رەبۆسکی دوورە.
٤- تەنیا کاروانچییەکانن دەتوانن ھەر یەکێکیان لە وڵاخێک زیاتر بێنێت و
ببا.
٥- گەریلاکانی پەکەکە بە تایبەتیش لە دوو ساڵی رابردوودا، بە گرووپی
گەورە جموجۆڵ ناکەن، ھەروەھا ھەر گروپێکیش یەک وڵاخیان لەگەڵە یان نا.
٦- کاتێ کاروانچییەکان لەلایەن سەربازەکانەوە رێگەیان پێدەگیرێت، دەچن
لە شوێنێک کۆدەبنەوە، بەڵام ھەرچی گەریلاکانی پەکەکەن لە رەوشی وادا لە
شوێنێک کۆنابنەوە، بەڵکو پەرت و بڵاو دەبنەوە، نەک بە کۆمەڵ لە شوێنیک
کوببنەوە، تەنانەت لە رێگاشدا مەسافەت دەخەنە نێوان دوو کەسیشەوە.
٧- نزیکەی ٢٠ سەعات بەسەر رووداوەکەدا تێپەڕ بوو،سوپا و حکوومەت قسەیان
کرد.
٨- میدیاکانی تورک بەتەواوی مەسەلەکەیان فەرامۆش کرد، تەنانەت دوای دوو
رۆژ ھەواڵەکەیان بڵاوکردەوە، ھەر ھەمووشیان لەژێر یەک مانشێتدا ئەویش
(دەڵێن گوایا ھەندێک کوژراون) (ھێشتا دیار نییە چەکداری پەکەکەن یان
لایەنگرانیان).
٩- ئەگەر رۆلی roj tv و ئاژانسی فرات نیوز نەبوایە لە زەقکردنەوەی
کارەساتەکە، ئەوا دەوڵەت و سوپا و حکومەت و میدیاکان بە نیازبوون
مەسەلەکە بە داخراوی بھێڵنەوە و پشتگوێی بخەن.
١٠- لە ھێرشەکەدا ژمارەیەکی زۆر لە کۆڵبەرەکان بریندارببوون، کەچی سوپا
رێگای بەو ئەمبۆلانس و تیمە پزیشکانەش نەدا، بۆ ئەوەی بریندارەکان
تەداوی و چارەسەر بکەن، بۆیە جگە لە بریندارێک، ئەوانەی دیکە ھەر
ھەموویان بەھۆی برینەکانیانەوە سەرمابردنیی و شەھید بوون..
١١- دەستەی ئاسایشی میللی تورکیا MGK کە بەرزترین ئۆرگانی دەوڵەتە،
تەنیا دوو رۆژ بەر لە کارەساتەکە کۆبونەوەی ئەنجامدا و بابەتی سەرەکی
رۆژەڤی کۆبوونەوەکەش ( شەر لە دژی تیرۆر بوو).
١٢- لە ھەمووان گرنگتر لەیلا زانا چەند رۆژێک بەر لە کۆمەڵکوژییەکە لە
لێدوانێکدا گووتی، (ئۆتۆنۆمی بەشی مافەکانی گەلی کورد ناکات)، پێویستە
ریفراندۆم ئەنجام بدرێت، گەلی کورد بڕیاری چی بدات، دەبێت ئەوە قەبووڵ
بکرێت، جا چ (ئۆتۆنۆمی، یان فیدرالی، یانیش سەربەخۆیی) بێت.
ماڵپهڕی هۆشیار حوسێن
|