په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٩\٥\٢٠١٩

باشترین هاوڕێ.

وەرگێڕانی: محەمەد بەرزی


منداڵە خۆشەویستەکان: دیلان و دانادوو هاوڕیێ گیانی بە گیانی یەکتریی بوون، هــەردووکیان پێکەوە بــە ناوچەیەکی لماوی چۆڵدا دەڕۆیشتن. پاش دەمەقاڵێیەک، لە یەک زویر بوون و دیلان هەتا توانی زللەیەکی زۆر قایمی لە دانا سرەواند. جا لەگەڵ ئەوەشدا جێگای زللەکەی دەکزایەوە و زۆر ئازاری هەبوو، بەڵام دانا بێدەنگبوو، هیچ کاردانەوەیەکیشی بەرامبەر بە دیلان نەبوو ، تەنها لەسەر لمەکەی بەردەمیان بە گەورەیی نووسی: (ئەمڕۆ خۆشەویسترین هاوڕێم زللەیەکی زۆر قایمی لێدام). پاشان لە ڕۆیشتندا بەردەوامبوون تا گەیشتنە کەناری ئاوێکی زۆر قوڵی لە خوڕ ، هەردووکیان بڕیاریاندا تۆزێک مەلەی تێدا بکەن. دانا لە ناوەڕاستی ئاوەکەدا قاچەکانی لە چەند ڕەگێک گیرا و شڵپەشڵپ خەریکبوو بخنکێت . کاتێک دیلان ئەوەی بینی گورج چوو بە هانای داناوە و ئازایــانــە لـــە خنکاندن ومـردن ڕزگاریکرد . پاش ئەوەی دانا بە هۆشی خۆیدا هاتەوە، زۆر سوپاسی دیلانی کرد و ئنجا چوو لەسەربەردێکی گەورەی کەناری ئاوەکە بە جوانی نووسی: (ئەمڕۆ خۆشەویسترین هاوڕێم لە مردن ڕزگاریکردم).


دیلان کە ئەوەی بینی زۆر سەری لە هاوڕیێ کەی سوڕما ، بۆیە ڕوویکردە دانا و وتی: (باشە ئەوە بۆچی یەکەمجار، کە زللەکەم لێدای لەسەر لمەکە نووسیت، کەچی ئێستا لەسەر ئەو بەردەگەورەیە دەنووسیت؟). داناش لە وەڵامدا وتی: (دیلان گیان ،کاتێک کەسێک ئازارمان دەدات، ئەوا پێویستە لەسەر لـم بینووسینەوە، چونکە شەپۆل و شنەی هەوای لێبوردن، زۆر زوو دەیسڕێتەوە و هیچ ئاسەوارێکی ناهێڵێت، بەڵام کاتێک کەسێک چاکەیەکمان لەگەڵدا دەکات، ئەوا پێویستە لەسەر بەرد بینووسینەوە، چونکە شەپۆل و تەوژمی زریان و باوبۆران چەند بەهێزیش بن، ئەوا مەحاڵە بتوانن بیکوژێننەوە و هەمیشە وەک خۆی بە جوانی و پاکی لە ناخماندا دەمێنێتەوە).


دیلان بەو وەڵامە جوانەی دانا زۆر شەرمەزار بوو، بۆیە گورج چوو دەستیکردە ملی دانا و داوی لێبوردنی لێکرد و وتی: سوپاس بۆ تۆی خۆشەویست، کە ئەمڕۆ فێری وانەیەکی ئێجگار بەنرخ و جوانتکردم.
 


پیاوێک بە چراوە.

 


منداڵە زیرەکەکان : ڕۆژێک لە ڕۆژان لە گوندێکی پچکۆلەی ئاوەداندا، پیاوێک بە تەنها دەژیا ، بەڵام بە داخەوە ئەم پیاوە نەیدەتوانی هیچ شتێک ببینێت ، چونکە هەردوو چــاوەکــانی کـوێـربـوون. جا هەر کاتێک بەشەو بهاتایەتە دەرەوە، چرایەکی ڕووناکی لەگەڵ خۆیدا دەگێڕا.

شەوێکیان ، کە زۆر تاریکبوو لە میوانی خێزانێک دەگەڕایەوە بۆ ماڵی خۆیان، بە لای چەند گەنجێکدا تێپەڕی . کاتێک گەنجەکان چراکەیان بە دەست ئەم پیاوە نابینایەوە بینی، کەوتنە پێکەنیین و گاڵتە پێکردن پێی. یەکێکیان وتی: (ئەرێ مامە گیان ، خۆ تۆ لای خۆت کوێریت و هیچ نابینێت، جا توخوا پێم ناڵێیت ئەو چرایەت بۆ هەڵگرتووە؟). پیاوەکەش لە وەڵامدا وتی: (بەڵی ڕاستە من کوێرم و هیچ شتێک نابینم، بەڵام ئەوی ڕاستی بێت، ئەم چرا ڕووناکەم بۆ کەسانی بێ ئاگاو و نەزانی وەک تۆ هەڵگرتووە، کە لەوانەیە بە دوو چاوی ساخەوە کەسێکی نابینای وەک من نەبینی و خۆتم پێدا بکێشیت و تووشی زیان و ئازارم بکەیت، جا ئێستا تێگەیشتیت بــۆچــی ئـــەم چــرایــەم هــەڵــگرتووە؟).

پیاوە نابیناکە بەم وەڵامە زۆر جوانەی ، هەموو گەنجەکانی تەریقکردەوە و دەستبەجێ چوون داوای لێبوردنییان لێکرد.


جا منداڵە ئازیزەکان: پەندی ئەم چیرۆکە لە وەدایە، ئێمە نابێ بەر لە تێگەیشتنی ڕاستییەکان بڕیاربدەین. بۆیە پێویستە فێربین بە دواداچوون بۆ ڕاستییەکان بکەین و ئنجا بڕیاری خۆمان بدەین.
____________________________________________
تێبینی: ئەم چیرۆکانە لە ئینگلیزییەوە کراون بە کوردی و ناوی نووسەریان لەسەر نییە.
 

 

mkbarzy@hotmail.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک