١٨\٧\٢٠١١
باشتر وایه
سهعدون يونس دان به
کۆتايى هاتنى خۆى
بنێ.

حەیدەر عەبدولڕەحمان
زۆر جاران لێدوانە زەق و زلەکانى هونەرمەند سەعدون یونس
- لە گۆڤار و
رۆژنامەکاندا دەخوێنمەوە کە چۆن هیرش دەکاتە سەر دراماکارەکانى خۆمان و
تومەتبار کردنیان بە دەستەپاچەییان بەرامبەر بە داهێنان و ناهەموارى
بارى دراماى کوردى وچەندین گلەیى و بناشتى تر ، بە شێوەیەک ئەوەى
نابەڵەد بێت و بێ ئاگا بێت لە بەرهەمەکانى ئەم دواییەى سەعدون یونس
دووش دادەمێنێت لەوەى کە دەبێ ئەو پیاوە چ داهێنەرێک بێت و رێ ى لێ
گیرابێت ؟ ئەگەر کار بکات دەبێ چ موعجیزەیەک دروست بکات و دەیان
پرسیارى تر .. بێ ئەوەى سەعدون یونس ئەوە بە خەڵکى بڵێ کێ هۆکارە بۆ
دروست بوونى ئەو حاڵەتە ناهەموارانەى ئەو لە دراماى کوردى دا باسیان
لێوە دەکات ؟ ئایا سەعدون یونس لە پێشەوەى ئەو کەسانە نیە کە لەم
دواییەدا دراماى کوردییان بێزەوەر کرد ؟ چ لە رووى بە هەدەر بردنى پارو
پولێکى زۆرو و چ لە رووى کرچو کاڵى کارى هونەرى ؟ ئەو لە خۆى ناپرسێ
کوا ئەو زنجیرە درامایەى کە دەزگاى مێرگ بە ملیۆنەها دینار بۆى بەرهەم
هێنا و هیچ کەناڵێک بەهۆى کرچو کاڵى بەرهەمەکە پەخشى نەکرد ، ئەو بە
فرتو فێڵى دووبارە تۆمار کردنەوەى زنجیرەى هەبوو نەبوو بە رەنگاو رەنگى
بە بێ پرسى دەرهێنەرى راستەقینەى بەرهەمەکە بە ملیۆنەها دینارى تر
بەرهەمەکەى تۆمار کردەوە کوا ئەو بەرهەمە لە کوێیە بۆ کەس نەیبینیووە؟
هەر لە چوارچیوەى سیاسەتى خۆ جوینەوەى خۆى سەعدون یونس دراماى
گەڕەکەکەمانى بە شێوەیەکى شێواو تۆمار کردەوە کە نەک هەر نەیتوانى شتێ
بخاتە سەر بەرهەمە کۆنەکەى بەڵکو نرخ و بەهاى بەرهەمە کۆنەکەشى لە دەست
دا، هەموو ئەو شکستانە واى کرد کە سەعدون یونس لە دەرەنجامى دەستە
پاچەیى بەرامبەر بە داهێنان و بازرگانى کردن بە دراماو قەبوڵ نەکردنى
بۆ پەخش کردن لە بەر لاوازى و ئاستى نزمى بەرهەمەکان ، ئەو متمانەیەى
لە دەست دا چ لە لایەن دەزگاکانى بەرهەم هێنان و چ لە لایەن بینەر،
ئیدى ئەوەى بۆ سەعدون یونس مایەوە تەنها فاک وفیک لێدانە تەنها بە
زنجیرە دراماى هەبوو نەبوو کە تاکە دەرفەتێک بوو بۆ سەعدون ئیدى تا
ئەبەد ئەو چانسەى نابێتەوە کە لە هەشتاکانەوە بە خۆیەوە بینى.
لە راستیشدا خۆ سەعدون یونس هیچ پەیوەندییەکى بە کارى دەرهێنانى
دراماوە نیە ، ئەوەى تا ئێستاکەش بە ناوى دەرهێنانەوە کردویەتى چ لە
بوارى شانۆ چ لە بوارى درامادا نەیان توانییووە لە سنوورى تەقلیدیەتێکى
مردوو تێپەڕێنن ، رەنگە بتوانین سەعدون یونس بخەینە پاڵ ئەکتەرى بەڵام
ئەویش لە بازنەیەکى دیارى کراودا ، چونکە لە زۆر لەو رۆڵانەى لە
محەمەدو سێوێ و خاتوو کڵاو زەڕو هەندێ بەرهەمى تردا دیویەتى فەشەلى
هێناوە ، ئەوە جگە لەو درامایانەى کە خۆى دەرى هێناون و سوچێکى بۆ خۆ
نیشاندانى خۆى داناوەو لە هەموو ئەکتەرەکانى تر لاوازتر دەرکەوتووە.
بۆیە هەموو ئەو بەرهەمانەى دوایى کە سەعدون بەرهەمى هێناون و شکستییان
هێنا ، ئەوە دەردەخەن کە سى ساڵى رابوردووى پەناهەندەیى سەعدون و دوورە
پەرێزى لە گۆڕەپانى هونەرى و خۆ خەریک بوونى بە کارو کاسبى لەو
وڵاتانەدا ، سەعدونییان بە تەواوەتى لە دەسەڵاتى هونەریدا چۆڕاندۆتەوە
، بۆ یە ئەو ناتوانێت بۆشایى ئەو روخانە زەقە بە قسەى زل و لێدوانى
قەبەو تۆمەتبار کردنى دراماکارەکان پڕ کاتەوە ، بێدەنگى بۆ ئەو لە نێو
ئەو روخانەدا لە بەدەنگەوە هاتن باشترە ، دەبێ سەعدون یونس بوێرى ئەوەى
هەبێت بەر لە تومەتبار کردنى کەس دان بە کۆتایى هاتنى خۆى بنێت ، ئەو
کۆتایى هاتنەش پرسێکى سروشتییە چونکە مەرج نیە مرۆڤ پاڵەوانى هەموو
زەمەنەکان بێت ، بەڵام ئەوەى ناسروشتییە ئەوەیە کە تۆ بتەوێت لە سەر
بنەمایێکى بۆش و بە تاڵ خەڵک چەواشە بکەیت و ئیدعاى قەیرانى دراماو
گەندەڵى لە دراما بکەیت ، لە کاتێکا خۆت هیچت پێ نەمابێت و هەموو
متمانەیەکت لە دەست دابێ..
dedar_nanakaly@yahoo.com
|