په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١١\٧\٢٠١٤

باشووری کوردستان لە بەرانبەر بڕیارێکی چارەنووسساز دایە.

عارف عەزیزی     

 

وەک هەموو لایەک ئاگادارە، سەر دێڕی ڕۆژنامە، گۆڤار، مێدیا و تەلەفیزیونە جیهانییەکان هەر جارە و سەرقاڵی باس و ڕووداوێکی گرنگی جیهانین و ڕۆژنامە و گۆڤارەکانیان بەو هەواڵە گرنگانە دەڕازرێنەوە و بۆ ماوەیەک ئەو ڕووداوە بە شێوەی جۆراوجۆر و سەرنج ڕاکێش باسی لێوە دەکرێ. سەردێڕی ئەمجارەی ڕۆژنامە و گۆڤارە جیهانییەکان، میزگرد و هەواڵە تەلەفیزیون و مێدیا جۆراوجۆرەکانی جیهانباسێکی گرنگی دیکەیە، کە ئەو باسەش مەسەلەی کورد و ڕاپرسی گشتی و ڕاگەیاندنی حوکومەت و سەربەخۆیی کوردستانە، کە بە شێوەیەکی بەربڵاو لە جیهاندا بڵاو بووەتەوە و لەسەر زاری خەڵکە و باسی لێوە دەکرێ. هەر چەن کە ئەمە خاڵێکی یەکجار گرنگ و باسێکی چارەنووسساز و جیدییە، بەڵام بەداخەوە لای بەشێک لە حیزب و ڕێکخراوە کوردییەکان و سەرکردەکانی باشووری کوردستان نەک هەر ئەهەمێتی پێ نادرێ، بگرە لە ڕێگای ڕۆژنامە و مێدیاکانیشیانەوە دژایەتی ئەو هەلە مێژوویە دەکەن و لەگەڵ ڕۆژنامەکانی سەر بەئیتلاعاتی ئێران و ڕۆژنامە و مێدیا عەرەبییەکانەوە ناڕازی بوونی خۆیان بۆ پێک هێنانی ڕاپرسی گشتی و سەربەخۆیی کوردستان دەردەبڕن و پاڵپشتی و وەفاداری خۆیان بۆ دوژمنان و داگیرکەرانی کوردستان نوێ و دووپات دەکەنەوە.


ئەگەر بە وردی چاو لە نووسین و قسەکانی بەشێک لە کاربەدەستانی باشووری کوردستان و هەروەها نووسین و قسەکانی ڕۆژنامەنووسە بیانییەکان بکەین و پێکەوە هەڵیان سەنگێنین، بە باشی بۆمان دەردەکەوێ کە بە درێژایی مێژوو دوژمنانی گەلی کورد نەیانتوانیوە کورد بە چۆکدا بهێنن. بەڵام بە داخەوە مێژوو ئەوەی ئیپات کردووە گەلی کورد بەردەوام دووچاری ئەم جۆرە کێشانە بووە و هەمیشە دیل و زەلیلی دەستی جاش و خۆفرۆش و کێشە و دوو بەرەکێ نێو خۆیییەکان بووە و ئەوەش وایکردووە کە نەتەوەیەکی ٤٠ ملوێنی تا ئێستا نەیتوانی بێ لە ژێر چنگی داگیرکەراندا خۆی ڕزگارکا و خاوەنی ئاڵا و زمان و وڵاتێکی سەربەخۆ بێت.


ئەمڕۆ لە جیهاندا بۆچوونی جۆراوجۆر سەبارەت بە سەربەخۆیی کورد و کوردستان دروست بووە،کۆمەڵێ ڕۆژنامە نووس و ڕۆشنبیرانی جیهان پێیانوایە کێشە لەسەر ڕییئەم پرسەیەدا دروست دەبێ، بە تایبەت کە ئەمەریکا لەگەڵ ئەم هەنگاوەدا نییە و لە ناوچەکەشدا جگە لە ئیسرائیل وڵاتێکی دیکەبەڕەسمی پشتیوانی خۆی دەرنابڕێ. بۆچوونێکی دیکەش هەیە کە نابێ دڵ بە تورکیا خۆش بکرێ، چوونکەتورکیا بەهۆی بوونی کێشەی کوردە لە وڵاتەکەیدا ناتوانێت بە ئاشکرا پشتیوانی لەو کارە بکات، هەرچەندە کە تورکیا لەوانەیە هۆکاری خۆی هەبێ بۆ پشتیوانیکردن لە پرسەکە بەڵام بەتەواوی جێگای باوەڕ نابێ.


لە لایەکی دیکەوە رۆژنامەی "نیویۆرک تایمز"لە وتارێکدا باسی لەوە کردووە کە کورد لە پەیوەندی لەگەڵ سەربەخۆیی کوردستاندا رووبەڕووی کێشە و گرفتێکی زۆر دەبێتەوە. لە بڕگەیەکی دیکەی ڕۆژنامەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە کە ئەمەریکا لە ئێستادا تەنیا یەکگرتوویی خاکی عێراقی بەلاوە گرنگە و پشتیوانی خۆی لە سەربەخۆیی کوردستان دەرنابڕێ، تەنانەت لەوپەیوەندییەدا داواشی لە سەرکردەکانی کورد کردووە کە کار بۆ یەکپارچەیی خاکی عێراق بکەن و دەست لەو خەونە لەمێژینەیەی خۆیان هەڵبگرن و ئەو ڕاپرسییە دوابخەن بۆ کاتێکی گونجاوی دیکە.


هەر لە پەیوەندی لەگەڵ ڕاپرسی گشتی و سەربەخۆیی کوردستاندا، ئێرانیش بۆچوونی خۆی هەیە. هاوکاری وەزیری دەرەوەی ئێران "ئەمیر عەبدوڵڵاهیان" ڕایگەیاندووە کە دەوڵەتی كوردی خەونی "بەنیامین نەتەنیاهۆ" سەرۆک وەزیرانی "ئیسرائیل"ە ئەو هەنگاوە بە قازانجی سەهیۆنییەکانە و ئێران بە هیچ جۆرێک ڕێگانادا ئەو خەونە بێتەدی.


ئەم جۆرە قسە و قسەڵۆک و باسانە تەنیا تێڕوانین و بۆچوونی لایەن و کەسانێکن کە لە دەرەوەی کارەکەن و ئەم پرسەش پرسی کوردە و هەنگاوێکی چارەنووسسازە و تەنیا پەیوەندی بە خەڵکی کورد و دانیشتووانی هەرێمی کوردستانەوە هەیە. بە بۆچوونی من هەرێمی کوردستان نابێ ئەم هەلە زێڕینە لە دەستی خۆیان بدا و ئەو هەڵانەی کە لە مێژووی گەلەکەماندا ڕوویان داوە نابێ دووپاتی بکەنەوە، بۆیە دڵنیام ئەمڕۆ بێ و ساڵێکی دی و دەیانیتریش کورد هەر ڕووبەڕووی ئەم بڕیارە دەبێتەوە و بۆ خۆشی دەبێ بڕیاری لە سەر بدات.


ماڵپه‌ڕی عارف عه‌زیزی

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک