په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٦\٢\٢٠١٣

بەرەو ٨ی مارسێکی تر:

با تەوژمی مارشی ئەمساڵمان کۆمەڵگا بهەژێنێ و دەسەڵات بلەرزێنێ.


لاوژە جەواد      


٨ی مارس لە دوو سەدەی رابردودا ڕۆژی هاتنەمەیدانی ژنان بووە لە بەرامبەر نایەکسانیی و هەڵاواردنی رەگەزیی لە سەرتاسەری جیهاندا، بۆ یەکەم جار لە دووەمین کۆنگرەی جیهانی ژنانی سۆسیالیستی ساڵی ١٩١٠ لە لایەن رابەری سۆسیالیستی ژنان کلارا زتکین ئەو ڕۆژە وەک ڕۆژی جیهانیی ژنان پێشنیار کرا. هەر لە هەمان ساڵدا لە چەند وڵاتێکدا ژنان رژانە شەقامەکان و ناڕەزایی خۆیان دەربڕی بەرامبەر بە نایەکسانیی و بێ مافییان، هەر لەو کاتەوە لە زۆربەی وڵاتان ساڵ لە دوای ساڵ ژنان بە شێوەی جۆراوجۆر یادی ئەو رۆژەیان کردۆتەوە، تا لەساڵی ١٩٧٥ ئەو رۆژە وەک رۆژی ژنان لە نەتەوە یەکگرتوەکان بە فەرمیی ناسرا.


٨ی مارس رۆژی رووبەڕووبونەوەیە دژی هەڵاواردنی رەگەزیی و زەوتکردنی مافە مرۆییەکانی ژنان لە لە کۆمەڵگای پیاوسالاریی و باوکسالاریی هاوچەرخدا. کێشە و گرفتی ژنان بە شێوەی گشتیی ژنبوون و بێبەریی بوونە لە مافی مرۆیی بە تاوانی ژنبوون، بەڵام بە دیارکراوی لە شوێنێک بو شوێنێکی دی جیاوازیی هەیە، بە گشتیی ستەمکاری بێ بەزەیی دژی ژنان لە هەموو لایەک ئەوانەن:

دەسەڵاتی سیاسیی و سیستەمی ئابووریی و کۆمەڵایەتی، دین و دابونەریتی کۆمەڵایەتی هەروا سیستەمی پەروەدە بە تایبەتیی.


لە وڵاتانی باکووری ئەوروپا دەنگیان بەرامبەر نەبوونی کرێی یەکسان هەڵدەبڕن، لە هەندێک وڵاتی باشووری ئەوروپا و ئەوروپای رۆژهەڵات و ئەمەریکا کە دەسەڵاتی کاسۆلیکەکان زاڵە و ژنان مافی منداڵ لەباربردنیان نییە و دژ بەوە دێنە شەقامەکان و دەنگیان بەرزدەکەنەوە، یان ژنانی هاورەگەزباز داوای مافی دایکایەتی و هاوسەرگیریی یاسایی و بەهای هاوڵاتیبوونی یەکسان دەکەن. لە ئەفەریقا خەبات دژی دەستدرێژیی و سێکسیی دەکەن و داوا دەکەن حکومەتەکان پلانێکی رۆشنیان هەبێ بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە. لە هەر وڵاتەو بە پێی پێداویستیی و بێ مافییەکانی ژنان دەنگی نارەزایەتیان بەرزدەکەنەوە و داوای مافە رەواکانی خۆیان دەکەن.


لە کوردستان هەر لە سەرەتای ساڵی (٩٠)ەکانەوە پاش ئەوەی دەسەڵاتی حیزبە میلیشیایە کوردییەکان هاتە کایەوە یەکێک لە بەرهەمە رەسەنەکانیان دیاردەی تیرۆری ژنان و هەڵمەتی توندوتیژیی دژی ژنان بوو، بزووتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان بۆ بەربەرەکانێ دژی بەو دیاردەیە و پاراستن و داکۆکییکردن لە مافەکانی ژنان لەدایک بوو، ژنان خەباتیان دژی ئەو دیاردەیە دەستپێکرد و بەرەنگاری بوونەوە چ ئەوەی کە لە دووتۆی یاسا جێماوەکانی حوکمەتی بەعس پارێزراو بوون چ ئەوانەی کە لە نووکی رمی دابونەریتی کۆنەپەرستیی رۆژانە دەمەزەرد دەکران. لەوانە ناچارکردنی دەسەڵات بۆ گۆڕینی بڕگەی (غسل العار) واتا کوشتن لە ژێر ناوی نامووس لە یاسای سزادانی عێراقی و گۆڕینی یاسای کەسیەتی.


ساڵ لە دوای ساڵ بە پێی ئامارەکان رێژەی توندوتیژیی دژی ژنان، کوشتنی ژنان، دەستبردنی ژنان بۆ خۆکوشتن و خۆسوتاندن، رێژەی خەتەنەکردنی کچان، گەرمبوونی بازاڕی لەشفرۆشیی و جۆرەکانی تر لە هەڵاواردنی رەگەزیی زیادیکرد. لە هەمان کاتدا پێویستییبوونی روبەڕووبونەوە و هاتنەمەیدانی بزووتنەوەی ژنانیش لە پەرەسەندندا بوو. لە ژێر ئەو گوشارانە دەسەڵاتدار لە کوردستان کەوتە دەرکردنی بڕیار و بەڵین و پەیمانی جۆراوجۆر و دامەزراندنی دەزگای دژی توندوتیژیی ژنان و ئەنجومەنی خانمان و.....تاد.


دیارە هەر هەوڵ و تێکۆشانێک بۆ ئەم مەسەلەیە هەنگاوێکی باشە، بەڵام ئەو دامودەزگایانە توانیویانە چی بکەن؟


هەتا ئێستاش ژنان وەک کارتی گوشار لە (سولحی عەشایەریی) بەکاردەهێندرێن و لە بری یاسا هەوێنی چارەی کێشەن، ژنان لە بری خوێن دەدرێن و دەکرێنە قوربانی، حیزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان خۆیان مەکتەبی کۆمەڵایەتیان هەیە و کێشەی ژنان و کوشتنی نامووسیی وەک کێشەیەکی کۆمەڵایەتی سەیردەکەن و لەوێوە چارەسەری دەکەن، بە جودا لەوەی کە سەرۆکەکان نوێنەری تایبەتی خۆیان هەیە بۆ (سولحی عەشایەریی). تەنانەت لە یاسای لێبووردنی گشتییش ئەوە هاتوە کە دەکرێ کێشەی ژنان بە (سولحی عەشایەریی) چارەسەر بکرێ.


هەر لەو ماوەیەشدا پەرلەمانی کوردستان یاسای فرەژنیی پەسند کرد کە ئەمە گەورەترین هێرش بوو بۆ سەر ژنان و مافە رەواکانیان.


هەروەها لە ساڵی ٢٠١١ پەرلەمانی کوردستان یاسای ژمارە ٨ی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانیی دژی ژنان دەنگ پێدا بەڵام ئەم یاسایە تەنیا مەرەکەبی سەر کاغەز بوو نەچووە بواری جێبەجێکردن. هەرچەندە ئەو یاسایە کەموکوڕیی زۆری تێدایە بەڵام ئەگەر جێبەجێبکرێ دەتوانێ بەشێکی کەم لە کێشەکان چارەسەر بکا. من نامەوێ لێرە بێمە سەر وردەکاریی ئەو یاسایە.


بۆچی دەبێ ئەمساڵ توندتر رووبەڕووی حکومەتی هەرێم ببینەوە؟


حکومەتی هەرێم بەرپرسی یەکەمە بەرامبەر توندوتیژیی و کوشتنی ژنان. هەر تاوانێک کە لە کۆمەڵگا روودەدا حکومەت بەرپرسە لێی و دەبێ رێگا و شوێنی گونجاو بدۆزێتەوە بۆ کەمکردنەوە و بنەبڕکردنی.


زۆر جار گوێمان لێدەبێ کە سەرانی حکومەت و دەسەڵاتداران بۆ خۆقوتارکردن و هەڵهاتن لە بەرپرسیاریی، کێشەی ژنان وەک کێشەیەکی کەلتووریی و فەرهەنگیی کۆمەڵگا باس دەکەن، بە رای من ئەوە بەلاڕیدابردن و چەواشەکارییە، باشە کێ بەرپرسە لە ئاستی هۆشیاریی کۆمەڵایەتی؟ کێ بەرپرسە لە سیستەمی کۆمەڵایەتی و دابونەریتی کۆمەڵگا؟ کێ بەرپرسە لە پرۆسەی پەروەردەی پێشکەوتوو؟ دەسڵات یان مەلای مزگەوتەکان؟ سەرەتا من دەمەوێ ئەوە بڵێم کە لەژێر سایەی دەسەڵاتی میلیشیایی و خێڵەکیی کوردی دیاردەی تیرۆری ژنان بوو بە نەریتێکی ئاسایی و بەرچاوی کۆمەڵگا. دەسەڵاتی کوردی بە گشتیی و پارتی بە تایبەتیی دەسەڵاتێکە کە پشتی بە فەرهەنگی خێڵەکیی بەستووە، تا بۆی بکرێ کێشەکان لە دیوەخانی خێڵەکان چارەسەر دەکا و پەروردە و هۆشیاریی کۆمەڵگاش ئەرکی مەلای مزگەوتە. لە هەمان کاتدا دەستی بە کۆنەپەرستیی ئیسلامییەوە گرتوە و هەموو یاساکان بەپێی شەریعەت داڕێژراون و یاسای ئیسلامیی بەڕێوەدەچێ، لە ئیسلامیشدا ژنان پلە دوو و (ناقیس عەقل)ن، دوو ژن بە پیاوێک حساب دەکرێ لە شایەدیی و میراتدا، هەروەها پیاوان بەپێی (ئایەتی ٣٢ لە سورەتی نیساء) بەسەر ژنانیانەوە هەیەو ژنان دەبێ فەرمانی مێردەکانیان جێبەجێ بکەن و ئەگەر لەژێر فەرمانیان نەبن بۆیان هەیە سزایان بدەن. لەولاشەوە هیچ حسابێک بۆ هەست و سۆزی ژنان نەکراوە و پیاوێک بۆی هەیە لە یەک کاتدا چەند ژنێکی هەبێ.


دەسەڵاتی میلیشیایی لە کوردستان بۆ مانەوەی دەسەڵاتی خۆی لە جیاتی ئەوەی پشت بە ئیرادەی خەڵک ببەستێ پشت بە کۆنەپەرستیی و یاسای خێڵەکیی و زەبری چەک دەبەستێ، هەندێک جار دەیەوێ دین بەکاربهێنێ بۆ بەرتەسکردنەوەی ئازادییەکان و و دەمکوت کردن و سەپاندنی دەسەڵاتەکەی. هەروەک ئەوەی کە لە پڕۆژە یاسای پیرۆزییە ئاینییەکان دیتمان.


توانستێکی زۆری خستۆتە بەردەم نوێنەران و قسەکەرانی ئیسلام و رۆژانە لە سەکۆی مزگەوتەکانەوە فتوای خەڵکی ئازادییخواز و یەکسانییخواز دەدەن و هەستی کۆنەپەرستانەی خەڵک هەردەخڕێنن، سەدان جار راستەوخۆ فتوای تێرۆر و رەشەکوژییان داوە بە بێ ئەوەی لێپێچینەوەیان لێبکرێ. هەر بە فتوای مەلاکان لە ساڵی ١٩٩٨ لە بارەگای یەکیەتی بێکارانی هەولێر دوو رابەری خۆشەویستی جەماوەریی لەبەرچاوی پارتی و خەڵکی هەولێر بە فتوای مەلا بەشیر ئەو کارە ئەنجامدرا.


لایەنێکی تر ئەوەیە کە دەسەڵات لە چەند ساڵی رابردودا ویستویەتی بە چەواشکاریی و لەژێر ناوی جۆراوجۆردا رۆژی ٨ی مارس بە لاڕێدا ببا.پار بڕیاریدا کە بیکات بە ڕۆژی جلی کوردی و وەک ڕۆژی جلی نەتەوەیی بیناسێنێت، وەهەروەها لەوەش گاڵتەجارانەتر ئەوەبوو کە داوا لە مەلاکان کرابوو لە سەکۆی مزگەوتەکانەوە باس لە مافی ژنان و خراپی توندوتیژیی دژی ژنان و هیوای شادیی و خۆشیی بکەن بۆ ژنان .


ئەمساڵیش وا بڕیار بوو کە کۆنفرانسێک لە ٥و٦ی مارس بەڕێوە بچێ، لەو کۆنفرانسە وەزارەتی ئەوقاف بە هاوکاریی و هەماهەنگیی لەگەڵ هەر یەک لە (لێژنەی ئەوقاف ‌و کاروباری ئاینیی لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان)، (یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی) و (کۆڕبەندی هزری ئیسلامیی) لەگەڵ (ئەنجومەنی باڵای خانمان) ئەنجامبدرێ. بە بەژداریی مەلا بشیر کە سەرۆکی لیژنەی ئەوقافی پەرلەمانی کوردستانە. بە پێی هەواڵێکی دەزگای وارڤین کە لە ڕۆژی ١٥ی شوبات بڵاوبۆتەوە ئەو سیمینارە دواخراوە، ئەوەش بە دوای ناڕەزایەتییەکی زۆری چالاکوانانی ژنان دێ بەو مەسەلەیە. بەڵام ئەو سیمینارە لە کات و ساتێکی تردا بەڕێوەدەچێت و بە پێی هەواڵەکە پەیوەندیی بە ٨ی مارسەوە نییە. ئەگەر لەو رۆژەش ئەنجام نەدرێ دەبێ بزووتنەوەی ژنان لە کوردستان رێگریی لەو جۆرە کۆبوونەوە و سیمینارانە بکا کە مەلا و نوێنەرانی کۆنەپەرستیی بە هاوکاریی ئەنجومەنی خانمان لە ژوورێکی داخراودا دانیشن و پرسی ژنان تاوتوێ بکەن. مەلا بەشیر کە فتوادەری دژ بە رێکخراوی سەربەخۆی ئافرەتان بوو لە هەولێر ساڵی ١٩٩٨ نابێ ببێتە قسەکەری مافە رەواکانی ژنان. لە لایەکیترەوە ئەوەمان بیرنەچێ پڕۆژە یاسای پیرۆزییەکان بە سەرۆکایەتی مەلا بەشیر و وەک داڕێژەری سەرەکیی کە درابوو بە پەرلەمانی کوردستان، ئەو پڕۆژە یاسایە هەموو ئازادییەکانی بەرتەسک دەکردەوە و بزووتنەوەی ژنانیش بێبەش نەدەبوون لەو یاسایە لەو چوارچێوەدا ژنان بۆیان نەبوو داوای هیچ جۆر لە مافەکانی خۆیان بکەن لەبەر ئەوەی پیرۆزییەکانی دەشکاند و دژ بە یاساکانی ئیسلام بوو. بە رای من ئەوە پاشەکشەیەکی زۆر گەورەی بزووتنەوەی ژنانە ئەگەر رێگە بدەن کە ئەنجومەنی خانمان کە دروستکەری دەسەڵاتە و تەنیا بۆ چەواشەکردنی خەباتی ژنانە لەگەڵ نوێنەرانی کۆنەپەرستیی کۆمەڵگا کۆبوونەوە لەسەر مەسەلەی ژنان بکەن.

ڕۆژی ٨ی مارس و خەباتی رەوای ژنان بۆ ئازادیی و یەکسانیی پەیوەندیی بە هیچ نەتەوە و ئاینێکەوە نییە و بەڵکو وەستانەوەیە لە دژی هەموو یاسا و عورف و دابە دینیی و کۆنە پەرستییەکان.


ئازادییخوازان و یەکسانییخوازان..


با ٨ی مارسی ئەمساڵ رێکخراوتر و یەکگرتووتر بێینە مەیدان و رووبەڕووی دەسەڵاتی کۆنەپەرست و خێڵەکیی ببینەوە لە کوردستان، با هاوار و گوشارەکانمان بەرزتر بکەین و داوای مافە رەواکانی خۆمان بکەین. با رێگە نەدەین سەرۆکی هەرێم چیتر لە رێگەی قسە و پەیمانی بریقەدار رق و تووڕەییمان ئارام بکاتەوە و ئەنجومەنی لە چەشنی ئەنجومەنی خانمان بەرامبەرمان دروست بکا. با ناچاریان بکەین بەوەی کە بە کردار بیسەلمێنن کە پارێزەری مافەکانی ژنانن. با ناچاریان بکەین کە نووسینگە کۆمەڵایەتیەکانیان هەڵبوەشێننەوە و لە رێگەی یاسا کێشەکان چارەسەر بکرێن، یاسا سەروەر و بێلایەنانە کارەکانی خۆی بکا بە بێ دەستێوەردانی حیزبی و خێڵەکیی.


دەبێ دەستبەجێ داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری فرەژنە بین، داوای جودایی دین لە دەوڵەت بکەین و دەستی کۆنەپەرستیی بەسەر کۆمەڵگا کورت بکەینەوە.


یەکسانییخوازان، تەنیا بە گوشاری خۆمان دەتوانین مافە رەواکانمان بسەپێنین. بە چاوەڕوانیی لە دەسەڵات رۆژ بە رۆژ بارودۆخی ژنان بەرەو خراپتر دەڕوا، کچانی زیاتر خەتەنە دەکرێن. ژنانی زیاتر تیرۆر دەکرێن و ناچار بە خۆکوشتن دەکرێن. لاشەی ژنان زیاتر ئاژەڵی کێوی دەیخوا. ئیتر درەنگە با خۆمان رێکخراو بکەین و بەرەنگاریی دەسەڵاتی کۆنەپەرستیی خێڵەکیی ببینەوە. من پێموایە تەنیا لەو رێگایەوە دەتوانین مافە رەواکانی خۆمان بسەپێنین.
 


lawzha@yahoo.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک