٦\١٠\٢٠٢١
با
تۆپە ئاگرینەکە ئەوان بسوتێنێ!
- خوێندنەوەیەک بۆ کشانەوەی ئەمریکا لە
ئەفغانستان -

عەبدوڵا ساڵح
جیا لەوەی ئەمریکا چۆن باسی کشانەوەکەی خۆی دەکا لە ئەفغانستان، یا
دروستتر بڵێین شکستەکەی لەوێ، کەگوایە تەنیا پەیوەندی ھەیە بە دەرباز
بوون لە جەنگێکی درێژ خایەنی خوێناوی و بە ھەدەردانی ھەزینەیەکی زۆر،
بەڵام ناکرێ ئەوە لەبەرچاو نەگرین کە ھەر ئەم کشانەوەیە لەناواخنی
خۆیدا سەرئێشەکی زۆر، لانی کەم، بۆ سێ ووڵاتی نەیاری ئەمریکا لە
ناوچەکە دروست دەکا (چین، ڕوسیا و ئێڕان)، بەجۆرێک ناچاریان دەکا
بەگرتنە بەری ڕێبازێکی تایبەت بۆ ھەڵس وکەوت لەگەڵ ھێزێکی توند ڕەوی
ئیسلامی خاوەن ئایدیۆلۆجیایەکی دامەزراو لەسەر بنەمای پشتگیری بزوتنەوە
(جیھادیە) ئیسلامیەکان لەھەرکوێ دنیا ھەبن. واتە ئەمریکا ئەو دەورانەی
کە جۆرێک لە (ئارامی) بەھۆی بوونیەوە لە ئەفغانستان پێکھێنابوو، کۆتایی
پێھێنا.
ئەم بڕیارەی ئەمریکا بۆ چین جۆرێک لە دڵەڕاوکێ پێوە بوولە مەترسی
دووبارە بوونەوەی ئاژاوە لە ھەرێمی شینجیانگ بەھۆی ئەو پەیوەندیە
مێژوویە کۆنەی نێوان تالیبان وئەو ھێزە ئیسلامیانەی لەوێ بەرگری لە
مافی چارەنوسی کەمایەتی ئەیگۆر دەکەن وەک (حیزبی ئیسلامی تورکستانی)١.
ھەر بۆیە چین دەستپێشخەری کرد لە مۆرکردنی پەیماننامەیەک لەگەڵ تالیبان
کە ھیچ لایەک دەست وەرنەدا لەکاروباری ناوخۆیی لایەنەکەی تر. ئەوە جگە
لە بەرژەوەندیە ئابوریەکانی چین لەو ناوچەیە کە ڕەنگە بەھۆی ھاتنی
تالیبان بکەونە مەترسیەوە، شایانی باسە لەنێوان ئەفغانستان و چیندا
سنورێک بە درێژایی ٧٤ کیلۆمەتر ھەیە.
ڕوسیا بە ئاشکرا ڕەخنەی لە کشانەوەی ئەمریکا گرت و وەک ھۆکارێک بۆ
تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی ناوچەکەی لەقەڵەمدا، لەو ڕێڕەوشدا دەستیکرد
بە مانۆڕێکی سەربازی گەورە لەگەڵ سوپای ھەردووک ووڵاتی دراوسێی
ئەفغانستان (تاجیکستان و ئۆزبەگستان) لەنزیک سنورەکانی ئەو دوو ووڵاتە
بە ئەفغانستانەوە ، ئەمەش لەکاتێکدا و لەسەروبەندی کۆنترۆلکردنی
ئەفغانستان لەلایەن تالیبانەوە ، پێشتریش شاندێکی ئەوانی بانگھێشت
کردبوو بۆ مۆسکۆ، جیالەوەش بەشداریکرد لە کۆنگرەیەکدا لەگەڵ ئەمریکا و
چین وپاکستان بۆ گرتنە بەری ھەلوێستێک و یکدەنگیەک لە ئەگەری ھەر
پێشھاتێکی نەخوازراو. نابێ ئەوەشمان بیر بچێ کە ڕوسیا لەھەوڵی
پێکھێنانی بەرەیەک دایە لەنێوان کەمایەتی تاجیک وئۆزبەک و تەیافەی (
ھەزارەی شیعە مەزھەب) بە ھەماھەنگی لەگەڵ ئێران بۆ ڕوبەڕوبونەوەی
تالیبان لەکاتی گرتنەبەری سیاسەتێکی دژ بەبەرژەوەندی ئەوان و ھەوڵی
دەرگیرکردنی تالیبان بەگێچەڵە ناوخۆیەکانیەوە، جگە لەوانەش مەترسی
دووبارە سەرھەڵدانەوەی بزوتنەوە توندڕەوە ئیسلامیەکانی ھەرێمی چیچان
ھۆکارێکی کەیە بۆ ئەو دڵەڕاوکێیەی ڕوسیا.
ئەگەرچی ئێران بەکشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا و پەیمانی ناتۆ لە سنورە
ڕۆژھەڵاتەکەی مایەی خۆشحاڵی بوو بۆی، بەڵام دەکرێ بڵێین لەھەمان کاتدا
تووشی جۆرێک لە شۆکی کرد، ئەویش بەھۆی ئەو ئاڵوگۆڕە خێرا و کتو پڕەی لە
ئەفغانستان ڕویدا وتالیبان توانی، بەر لە کاتی کشانەوەی یەکجاری
ئەمریکا٢، زۆر زوو بچێتە ناو کابول
وئەشرەف غەنی سەرۆکی ئەو ووڵاتە دەرپەڕێنێ ! چونکە ئێران لەو سەرو
بەندەدا سەرگەرمی دەستاو دەستکردنی دەسەڵات بوو لە نێوان ھەردوک سەرۆک
کۆمارداو و نەپەرژابوە ئەوەی خۆی ئامادە بکا بۆ ئەم ئاڵوگۆڕە کتوپڕە!
ئەو پێشتر پلانێکی داڕشتبوو کە ھەردوک لیوای (فاگمیون) کە لە ئەفغانە
شیعەکان پێکی ھێناوە و لیوای (سید الشھداء) کەلە شیعەی عێڕاقن لەسوریا
بکشێنێتەوە بەرەو سنورەکانی ئەفغانستان لەئەگەری ھەر ڕوداوێکی
نەخوازراو بەتایبەت لەگەڵ کەمایەتی (ھەزارە)ی شیعە کە لەسەدا نۆزدەی
دانیشتوانی ئەفغانستان پێکدێنن. ئەمە جگە لە کێشەی ناوچەی بلوجستانی
ئێران کە زوربەیان لە (مەزھەبی سوننەن).
ھیندستانیش یەکێکە لەو ووڵاتانەی زەرەرمەند دەبن لەو کشانەوەیە چونکە
نەیارە مێژوویەکەی کە پاکستانە لەڕێگای دەزگا ئەمنیەکانیەوە بە
سەرەکیترین پێکھێنەران و سەرپەرشتیارکەرانی ئەم بزوتنەوەی تالیبانە
ھەژمار دەکرێ و مەترسی دامەزراندنی ئیمارەتێکی ئیسلامی لەوێ بێشک
ھێزوتوانایەک دەدا بە موسڵمانانی کەشمیر، ئەو ھەرێمەی کە گرفتێکی
مێژوویی بووە بۆ ھیندستان ھەر لەو ڕۆژەی ئەم دوو ووڵاتە لێک جیابونەوە
لە ئۆگۆستی ساڵی ١٩٤٧.
پاکستانیش، ئەگەرچی خۆی زۆر بەنزیک دەزانی لە بزوتنەوەی تالیبان، بەڵام
مەترسی بەھێزبوونی (تالیبانی پاکستان)٣
بە ئیلھام وەرگرتن لە ھاوتا ئەفغانیەکەی دەکرێ دەردی سەریەکی بۆ
بھێنێتە پێش.
بڕیار بوو ، بەگوێرەی ڕێککەوتننامەی دۆحە ، دەوڵەتی ئەفغانستان
بەسەرۆکایەتی ئەشرەف غەنی لەگەڵ تالیبان بکەونە گفتوگۆ بەمەبەستی
ڕێککەوتن لەسەر قۆناغێکی کاتی و پێکھێنانی (دەوڵەتێکی یەکگرتوی
نیشتمانی)، بەڵام ئەو دەستپێشخەریەی تالیبان بۆ دەستبەسرداگرتنی
ئەفغانستان بەو مەبەستە بوو کە ھەموو شکێک بڕەووێنێتەوە لەوەی تالیبان
بە بڕیارێکی ئەمریکی ھاتۆتە سەرکار!
ئەمریکا بەو کشانەوەی لە ئەفغانستان لەلایەک شکستی خۆی سەلماند و بووە
جێگای ڕەخنەی توندی ھاوپەیمانەکانی، بەڵام لەلایەکی ترەوە تۆپێکی
ئاگرینی فڕێدایە ناوچەکە بەمەبەستی سوتاندنی دەست وپەنجەی نەیارەکانی
ھەروەھا وەشاندنی گورزێکی سیاسی ئابوری لێیان.
ئەوی لێرەدا پێوستە فۆکۆسی بکرێتە سەرو ڕوونتر بێتەوە، سیاسەتەکانی
ئەمریکاو ھاوپەیمانەکانیەتی کە ھیچ کات و لە ھیچ کوێ ئەم دنیایە
بەمەبستی ئارامی وئاسایش وخۆژبژێوی ئەو وڵاتانە نەبووە کە بەجۆرێک لە
جۆرەکان داگیری کردون وەک عێڕاق و ئەفغانستان، یا خستونیەتە ژێر
ھەژمونی خۆیەوە، وەک ووڵاتانی میسر وئوردن و مەغریب و ..... ئەوەتا یا
دەسەڵاتێکی تایفی ئیسلامی وقەومی وەک عێڕاقی تیادا بەرقەرار کردوە یا
دڕندەیەکی وەک تالیبانی نیشتەجێ کردوە تیایدا وەیا دیکتاتۆرێکی وەک
عەبدولفەتاح سیسی میسر.
جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش وژنانی ئازادیخواز و بەرەی پێشکەوتوخوازی
ئەو ووڵاتانە پێویستە ئەو ڕاستیە بزانن کە ئەم دوو بەرە کۆنەپەرستە، چ
ئەمریکا ودەوڵەتە ھاوپەیمانەکانی بە دەوڵەتە نەیارەکانیشیانەوە، لەگەڵ
تالیبان، چ لە شەڕو کوشتاریاندا و چ لە ئاشتیاندا جگە لە ماڵوێرانی بۆ
خەڵکی کرێکار وزەحمەتکێشی ئەو ووڵاتانە ناکرێ چاوەڕێی ھیچی تریان
لێبکرێ، ھەربۆیە لەبەرامبەردا دەبێ بە یەکڕیزی خەباتی خۆیان ئەم
سیاسەتانە پوچەڵ بکەنەوە و بەڕویانەوە بوەستن بەمەبەستی ھێنانە کایەی
دەسەڵاتی شۆڕشگێرانەی خۆیان بەرە و پێکھێنانی کۆمەڵگایەکی ئاسودەو
ئازاد و یەکسان. دواجار ئەو ئاگرەی بۆ یەکترھەڵیان ئایساندوە تەنیا
بەرۆکی خۆیان بگرێتەوە.
__________________________________________________
١-
حیزبی ئیسلامی تورکستانی، ڕێکخراوێکی جوداخوازی چەکدارە لەنێو
ئیگۆرەکاندا لە باکوری ڕۆژئاوای چین داوای پێکهێنانی دەوڵەتێکی ئیسلامی
دەکا لە هەرێمی شینجیانگ. (ویکیبیدیا).
٢-
ئەمریکا شەوی ٣٠\٣١ی
ئۆگەستی ٢٠٢١ کاتژمێر ١٢ی شەو پەیمانی خۆی لەگەڵ تالیبان بەجێ هێنا و
دوا سەربازی خۆی لەو ووڵاتە کشاندەوە.
٣-
بزوتنەوەیەکی توندڕەوی پاکستانیە ئامانجەکەی پیادەکردنی تەواوی
یاساکانی شەریعەتی ئیسلامە لەو ووڵاتە و هەوڵی وەدەرنانی هێزەکانی
پەیماننامەی (ناتۆ)یە، بۆ ئەو مەبەستەش چەندین ڕوبەروبونەوەی سەربازی
لەنێوان سوپای پاکستان و ئەواندا ڕویداوە.
a_salih11@hotmail.com
|