په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٥\٩\٢٠١٤

با وانەی ئەمەکداریی لە (هاچیكۆ - ئەو سەگەی بووە ئەفسانەی وڵاتی یابان) فێربین!


سالار مامەکەریم    


ئەمەکداریی جۆرێكە لە ئەدگارە جوان و بەرزەكان، سەرچاوەكەی خۆشەویستی و دڵسۆزیە لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی تر لە مرۆڤەوە بۆ ئاژەڵ و بەپێچەوانەشەوە، زۆربەمان لە ژیانی منداڵایدا كە هێشتا هەست و هۆشیاریمان گەشەی نەكردووە. كە ئاژەڵێك یان پەلەوەرێك بەخێودەكەین و تاماوەیەكی زۆر لەگەڵیدا دەبین، بەڵام كاتێك یەكێك دێت و دەیەوێت سەری ئاژەڵەكە یان پەلەوەرەكە ببڕێت، زۆرمان پێناخۆش دەبێت و دەست بە گریان دەكەین و ڕكە دەگرین و ئەو ناوە هەمووی بە هات و هاوار بێزار دەكەین. ئەم ئەمەکدارییەمان ڕەفتارێكی سەرەتایی جوانە، ئەگەر هاتوو لەسەری بەردەوام بین و پەرەی پێبدەین ئەوا دەبینە مرۆڤێكی سوwدبەخش و بێ‌ زیان بۆ كۆمەڵگا.


ئەمەکداریی نە بە پارە و پول دەكڕدرێت، نە بە هێز و زۆرداری بەدەست دەهێنرێت. ئەمەکداریی تەنیا بە ڕەفتاری بەرز و جوان و باش دەتوانرێت بەدەست بهێنرێت.


ئەمەکدارەکان هەمیشە ناویان لەسەر زارانە و چونكە رەفتارە جوانەكانیان وایان لە خەڵك كردووە كەوا هەمیشە باسیان بكەن.


زۆر بەسەرهات و سەرگوزەشتە و چیرۆكی كاریگەر لەسەر ئەمەکداریی هەنە، یەكێك لەو بەسەرهاتە تاسێنەرانە كەوا بووتە هێمای ئەمەکداریی لە جیهاندا چیرۆكی ئەو سەگەیە كە دوای مردنی خاوەنەكەی هەر ئەمەکدار بوو بەرامبەری!


هاچیكۆ ئەو سەگە بە ئەمەکەی (هیدە سابور و ئۆینۆ) بوو كە مامۆستایەكی زانكۆی پرۆفیسۆر لە بەشی كشتوكاڵی زانكۆی تۆكیۆ بوو، هەر كاتێك ئەو مامۆستایە دەچووە سەر كارەكەی سەگەكە تاكو وێستگەی شەمەندەفەر لەگەڵیدا بەڕێدەكەوت. ئەو كاتەی مامۆستا پرۆفیسۆرەكە لە كار دەگەڕایەوە دەیبینی هاچیكۆ لەبەر دەرگای وێستگەكە چاوەڕوانی دەكات. لەگەڵ تێپەڕبوونی ڕۆژگاردا وەستانی ئەو سەگە بۆ چاوەڕوانی خاوەنەكەی ببووە دیمەنێكی ڕۆژانە بۆ هۆگربوونی گەشتیار و سەرنشینانی هەمیشەیی وێستگەی شیبویا... ماوەیەكی زۆر لەم چاوەڕوانیەدا بوو.. بەڵام خاوەنەكەی نەگەڕایەوە... ئەم ڕەوشە بەردەوام بوو تاكو ڕۆژە خەمبارەكە، ئەو ڕۆژەی هاچیكۆ لەبەر دەرگای وێستگەكە وەكو جاران چاوەڕوانی خاوەنكەی دەكرد.. بەڵام پرۆفیسۆر هەتا هەتایە نەگەڕایەوە... چونكە لەم ڕۆژە شوومەدا لە ساڵی ١٩٢٥ لە كاتی كاركردندا بە هۆی خوێنبەربوونی مێشك گیانی لەدەستدا... بەم شێوەیە هاچیكۆ ماوەیەكی زۆر چاوەڕوان بوو، خەڵك زۆر هەوڵیان دا لەم شوێنە دووری كەنەوە، بەڵام هیچ سوودی نەبوو، سەگەكە شوێنەكەی بەجێ‌ نەدەهێشت. وەكو جاران بەردەوام چاوەڕوان بوو... نە ڕۆژێك، نە هەفتەیەك، نە مانگێك بەڵكو دە ساڵی ڕەبەق لەم چاوەڕوانیەدابوو، ئەو خەڵكانەی بەوێدا ڕەت دەبوون بە چاوێكی خەمباریەوە سەیریان دەكرد. خەڵك كە ئەو دیمەنەی سەگەكەیان لەبەر دەرگای وێستگەكە دەبینی هەستێكی ئاوێتە بوو لە سەرسامی و بەزەیی لەناخیاندا دەوروژێنرا، هەندێك سەری داخ و پەژارەیان بۆ دەلەقاند، هەندێكی دیكە چەند فرمێسكێكی بە سۆزیان بۆی دەڕژاند، هەبوو خواردن و ئاوی دەدایێ‌، لەگەڵ تێپەڕبوونی ڕۆژگاردا هاچیكۆ بووە ئەفسانەیەكی زیندووی یابان، بە تایبەتی پاش ئەوەی ڕۆژنامەكان چیرۆكەكەیان نووسیەوە، تا گەیشتە ئەو ڕادەیەی مامۆستاكان لە فێرگەكاندا باسی ئەمەکدارییە سەرسوڕێنەرەكەی ئەو سەگەیان دەكرد و ئامۆژگاری خوێندەوانەكانیان دەكرد كەوا بۆ نیشتمان ئەمەکدار بن وەك چۆن هاچیكۆ بۆ خاوەنەكەی ئەمەکدار بوو. لەساڵی ١٩٣٤ پەیكەرتاشێكی یابان پەیكەرێكی لە برۆنز بۆ هاچیكۆ دروستكرد، لە ئاهەنگێكی گەورەدا بە ئامادەبوونی هاچیكۆوە پەیكەرەكە بەرامبەر وێستگەی شەمەنەدەفەرەكە دانرا. پاش ئەمە دوای ساڵێك لە ساڵی ١٩٣٥ لە یەكێك لە شەقامەكانی شاری شیبویا كەلاكی هاچیكۆ بە مردوویی بینرا. بە چاودێری و ڕێزێكی زۆرەوە لاشەكەیان مۆمیاكرد، هەنووكە لە مۆزەخانەی نیشتمانی بۆ زانستەكان لە ئۆینۆ، تۆكیۆیە.

 

 

salarmamakerim@gmail.com

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک