په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٦\٣\٢٠١٢

    باوکم دەبێتە کوڕم.

ھێمن عـوسمان عەبدوڵا

باوکم خۆشدەوێ و ، وەک ئەو ژیان ناکەم
منداڵ ناخەمەوە و ، پارە پەیدا ناکەم و
سێکس ناکەم ، گۆرەوی لە پێ ناکەم
باوکم خۆشدەوێ و
ژنێک نا ھێنم وەک دایکم بێ

باوکم خۆشدەوێ و خولیامە
منداڵ ببێتەوە و منیش پیر
بچێت بۆ مەکتەب و قەیتانی پێڵاوەکانی بۆ توند بکەم
چۆلەکەیەک بەسەردارێکەوە بنیشێتەوەو بڵێ ئەوەچییە؟
پایسکیلی بۆ بۆبکڕم و خۆی بەدیواردا بکێشێ

سەری منداڵێک بشکێنی و بێنە سەرمان
منیش دەڵێم ، با ئێوارە بگەڕێتەوە
دەیکوژم
دەیکوژم
ئەو سەگبابە
چۆن سەری منداڵی خەڵکی دەشکێنێ ؟

لەجیابوونەوە لەگەڵ دایکی پرسیار بکا
کوا دایکم بۆ لەم سەفەر درێژە نەھاتەوە؟
من وەک ئەوناکەم باوکێکی باش دەبم
ڕاست پێی دەلێم
دایکت لەسەفەرنییە
یان من یان دایکت ھەڵبژێرە
یان کوڕی من یان کوڕی دایکت بە

لەساتە وەختی پێگەیشتنیدا
سەرگۆی مەمکەکانی ڕەق ببێ و بڵێ ئەوەچییە ؟
لەقەراغ چۆمێکەوە بەدیار گۆڤارێکی سێکسییەوە
دەستپەڕ لێبدا و منیش بەسەریدا تێپەڕم
کوڕم !

گەورەبێت و بڵێ ژنم دەوێ ، پارەم دەوێ
ھاوڕێ کچەکانم بۆ خوانێک بانگێشت دەکەم
ھاوڕێی کچ !

پێی دەڵێم
بەیانیان لەماڵ و پاش من ھاتیتە دەر
دەرگاکان کڵۆم مەدە
با خوشکەکانت لەماڵ دەربچن

خولیامە
منداڵی و
گەنجی و
گەورەیی
باوکم ببینم
حیکایەتی بۆ بگێڕمەوە
"گورگانە شەوێ ...گورگانە شەوێ
لەماڵی ئێمەوە دوورەوە کەوێ "

باوکە ئەمشەو نایەمەوە
لەگەڵ ھاوڕێکانم لەدەرەوەین
باشە ، بەڵام
کــوڕم !

دەیخەمە مەکتەب و ، دەڵێم
مامۆستاگیان
ئێسقانەکەی بۆ من و گۆشتەکەی بۆ ئێوە

بڵێ خۆرم بۆ دابگرە
پرسیاربکە...
باران فرمێسکی خودایە ؟
ھەوور تووڕەبوونی ئاسمانە ؟
بەفر پاکیزەیی دایکە ؟

باوکە خۆشمدەوێ و دەمەوێ
کۆرپەی من بیت
ھێندە ھۆگرم بیت بۆ ھەمووشوێن بەدووم بکەوی
باوکە لەحەمای ؟
بەڵێ کوڕم
کێت لەگەڵە
ھیچ کەس کوڕم
باوکە دەنگی دایکم دێت لەگەڵت دووشدەکا ؟
نا کوڕم دایکتم لەگەڵ نییە
باوکە ژاوە ژاوێک لەتەنیشت ھەناسەی تۆوە دێت ؟
ھیچ کەس نییە کوڕم
ئاخر باوکە... !

ئێواریەک وێنەی نائومێدی خۆت
لەناودەریایەک بتبات و
بڵێم
ئەم کوڕەی من یوسف نەبوو
برایشی نەبوو
کێ کوشتی؟


باوکم کوڕی منە
دوایی سەفەرکردن بۆ ماوەیەکی درێژ
ھاتە سەر گۆڕەکەم و ، ووتی
باوکە خۆشمدەوێی و بیرت دەکەم
بەڵام ھەرگیز تەمەنا ناکەم وەک تۆ بژیم.

زستانی ٢٠١٢
hemineabdulla@yahoo.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک