په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٢\٨\٢٠١٠

باویلکەکان و گوڵە نێرگزەکان.

نووسینی: توفێق موشیرپەناهی


وەرگێڕ: فەرشید شەریفی

پێشکەشە بە فەتانە وەلیدی(نووسەر).


لە نووسینەوەو دووبارە زیندوو کردنەوەی ئەم ڕووداوانە، چ شتێکت دەست ئەکەوێت؟ ئەنووسی و ئەگری. ئەگریت و ئەچیتە سۆراخی نووسینەوە. ئازاری خۆت ئەدەی، فشار بۆ مێشکت دەبەیت، چ فەرقێک دەکات؟ داخۆ چ شتێک دەگۆڕِدرێت؟ وا وتمان هەموو ئەم ڕِووداوانەشت نووسی،کێ بایەخ بە قسەکانت دەدا؟خەڵکی تەنها هەربە تەنگ و چەڵەمەکانی ژیانی ڕِۆژانەی خۆیاندا دەگەن. بە ناو شاردا پیاسەدەکەیت و لەگەڵ خۆتا قسەدەکەیت. دەڵیێ دەبێ خەڵک بێتەوە بیریان. دەبێ تەپ و تۆزی ئەم فەرامۆشی‌یە، پاک بکرێتەوە.دەچیتە سۆراخی بەساڵاچوەکانەوە، دەبێ کەسێک پەیدابێت و شایەدی بدات.کاتێ کە قسەدەکەیت،هیچ کەسێک لات لێ ناکاتەوە.هەندێ جار سەرێکت بۆ دەلەقێننەوە، جگەرەیەکت ئاراستەدەکەن و،ئەگەر بازاریان خراپ و بێ کڕِیاربێت،ڕِات دەگرن گۆرانییان بۆ بڵێی.لەم دوایانەدا، بە چاوانی خۆت، پێکەنین و ئاماژەکانی ئەوانت بینی کە بە قامکەکانیان، پیشانی یەکتریان دەدایت.


ــ ‌کچەکە بەتەواوەتی شێت بوە...!!
ــ دەبێ حۆڵ و شێتیش بێت،بە تاق و تەنها لە ماڵێکدا لەگەڵ خودی خۆیدا قسەبکات... بە گوێکانت بیستت و لە خۆشیاندا لە پێستی خۆتدا جێگەت نەدەبوەوە.جگەرەکەت بە چەندمژێکی گەورە تەواو دەکردو، بە دەوری حەوشەی ماڵەکەتدا پەڕ ِو باڵت بڵاو دەکردەوەو،دەستت دەکرد بەسەماو گۆرانی چڕِین.لە پلیکانەکانەوە ڕِاتدەکرد،کە هەرچی زووتر ئەم هەواڵە بەدایکت بدەیت. لە پشت دەرگا داخراوەکەی کۆتایی ڕِاڕِەوەکە دادەنیشتی:
ــ دایە تۆش گوێت لێ بوو؟ گوێت لێ بوو خەڵک لە پشت سەرمەوەچی دەڵێن؟ شێتی بۆگەن،... سەما کەر،... دایک پۆڵازەر،... جنۆکە،....


دەستت دەکردبە گریان. باش بگری. گریان ڕِۆحی ئینسان ئاسوودە دەکات.بەڵام جگە لە خۆت کەسی دیکە فرمێسکەکانی نەدەبینیت.جگە لە خۆت لە ئاوێنە باڵانوماکەتدا. تووڕِە دەبوویت و هاوارت دەکرد.


ــ ئەم خەڵکە لە جوولەکەکانیش کەمترن.


مەگەر لە بیرت چۆتەوە کە هەر ئەم خەڵکە لە ناوشاردا لە دەوری ‌یەک کۆ بوونەوە و هەرچی بەڵای ئەم هاوینە لەعنەتی‌یەیان خستە ئەستۆی جوولەکەکان! ئەگەر لە ئاسمان بەردێک بکەوتایەتە خوارەوە، ئەگەر هەورە تریشقە جێگایەکی بسووتانایە،شاڵاوی چۆلەکەکانی«ساڵی بارانەکە1»،کوشتاری نەخۆشی وەبا،... هەموویان بە تاوان و خەتای جوولەکەکان دەزانی.دەسا بوێرە قسەبکە. پێ داگرەو بەم خەڵکە بڵێ.بگری و بنووسە. بنووسە دەستەکانی پوورت سپی بوون. لە بەفری ئاویەریش سپی تربوون. چاوەکانی دایکت قاوەیی بوون، وەک ئەوەی دووقەترە تەزووی کارەبا، پەڕیـبێتە ڕوخساری، دەدرەوشانەوە. بەڵام چاوەکانی باوکت هەمیشە سوور و مەست بوون، وتت بەدەست خۆم نیە، بەیانی کە لە خەو هەڵدەستم، پەرداخێک شیر دەخۆم و دەکەومە پیاسەکردن بە چواردەوری ماڵە کەدا. خەتای ئەم خانوەیە. ئەم حەوشەیە و چۆلەکەکانی سەر درەختەکە، باران و پەلکە زێڕینەیەک کەساڵانێکی زۆرە نەڕەویونەتەوە لە گۆشەی ئاوێنە باڵانوماکەدا.خەتای ئەم هاوینانەیە. گوڵەنێرگزەکان و باویلکەکانیان داخۆ ئەوان دەڕۆن تەفرو توونابن و منیش لاڵ بم و قسەنەکەم؟ ڕەنگە هەم دیسان بتەوێت چیرۆکی ئەو شەوەم بۆ بگێڕیتەوە.وتت:چەخماخە ئاسا بوو.لە قاوەڵتی شێوێکدا، کە لەگەڵ باوکتدا دەعوەت کرابووی، لە گەڵیدا ئاشنا بووی.هەر ئەوە بوو کە کەمتر لە نیوەی ڕِۆژێک قسەو باسی لە نێو شاردا دەنگی دایەوە.باڵابەرز،جل و بەرگێکی زەیتوونی لە بەرداو، برۆکانی ڕەش کێشرابوون.قسەتان کرد، کەم و کورت و بەپەلە خوازبینی کردی. بە تەواوەتی شڵەژابووی. لەبەر ئەوەی تا ئەوکاتە داواکارت نەبوە. پوورت دەیوت:دەرگاکەی ماڵی خۆشکم پاژنەی پێوەنەماوە، لەبەر خوازبینی نێرگز.هێشتا نەببوە نیوە شەو،لەگەرماگەرمی میوانداری‌یەکەدا بەر لەوەی تۆ وەڵامی هیچت دابێتەوە،باوکت هەر بەو پێکەنینە بەرز و مەستانەیەوە وتبووی:


ــ کچ بە خەڵکی غەریب نادەم،تەنانەت بە پیاوێکیش کەیەکەم فڕۆکەی هێنابێتە ئەم شارە. لەگەڵ باوکتدا میوانی‌یەکەتان بەجێهێشت و گەڕانەوە بۆماڵەوە. باوکت بە لەتر لێدانەوە هەر بەجل و بەرگ و پێڵاوی میوانی‌یەکەیەوە چوە سەر قەرەوێڵەی خەوەکەی. تۆش لە هەیوانەکە دانیشتی و چاوت بڕیبوو لە ئاسمان. ڕەنگە بە دوای ئەستێرەکەتدا ئەگەڕای. لە حەوشەکەوە دەنگی خشەیەکت بیست، پێت وابوو دیسان دەنگی دایکتە لە کۆتایی ژووری ڕاڕِوەکەوە دێت. بەڵام دەنگەکە، تپەی باران بارین بوو. حەوشەکە سپی بووەوەو دەبریسکایەوە. هەستایت و بە حەوشەکەدا ڕاتکرد. لە ئاسمانەوە باویلکە و گوڵە نێرگز دەبارین. لە ژێر بارانی باویلکەکان و گوڵەنێرگزەکاندا دەستت کرد بە سووڕانەوە بەدەوری حەوشەکەدا. سووڕایتەوە. سەمات کرد، سەمات کرد تا کەناری حەوزەکەو بوورایتەوە. بەیانی زوو، هەر ئەو پیرەمێردەی شیری بۆ دەهێنای، خەبەری کردیتەوە. ڕاتکرد کە هەواڵ بدەیت بە دایکت، حۆل و خووسابووی، دەست و قاچت دەلەرزی. گەڕایتەوە بۆ کۆڵان و یەکەم کەسێک کەتووشی بوویت، بە سەر هاتی دوێنێ شەوت بۆ گێڕایەوە. پیاو بوو یان ژن؟ دایە قاقای پێکەنین.بەدەنگی بەرز پێکەنی و دوور کەوتەوە. لە ناو شاریشدا خەڵک بەبەرزی پێ‌دەکەنین. پێت داگرت،ڕاتکرد،ملیوانەکەیانت ڕاکێشا تاکووبێن بەچاوی خۆیان ببینن درۆ ناکەیت کە دوێنێ شەو تابەیانی سەماتکردوە. پیرەمێردە شیر فرۆشەکە ئامادەیە شایەدی بدات.گەڕایتەوە و لە بەرانبەر ئاوێنە گەورەکەتدا،دانیشتی.تەواوی دەم و چاوی ئارەق لێ نیشتووت سوور هەڵگەڕا بوو. گۆناکانت گڕیان گرتبوو،بە تووڕەیی‌یەوە هاوارت کرد...


ــ ‌ئەم خەڵکە لە جوولەکەکانیش کەمترن.


دەستت کرد بەگریان.باش بگری، گریان ڕۆحی ئینسان ئاسوودە دەکات.هەورەکانیش زوو زوو دەگرین.دەتهەوێ خەفەبم؟ لاڵ بم و قسەیەک نەکەم؟ مەگەر ئینسانەکان شێعرناڵێن بۆ خەمەکانیان؟باڵندەکان گۆرانی‌یەکانیان ناچڕن؟مەگەر ساڵانێکی زۆر نییە کە دەنگی ئەم پیرە مێردە شیر فرۆشە، لە ناو کۆڵانە تەنگ و باریکەکانی قەتارچیانەوە دەبیستن؟ بۆچی نەنووسم؟ بۆ چی قسەنەکەم؟ چاوەڕوانی چیم؟ ماڵەکە پڕ بوە لە تاڵی جاڵجاڵۆکەکان. جاڵجاڵۆکە ورد و درشتەکان،هێدی هێدی تاڵ دەچنن و دێنە پێشەوە.دەزانم هێندە هێزم تیاماوە کە بەیانی‌یەکی زوو، پاش خواردنەوەی پەرداخێک شیر،دانیشم و تەواوی ئەم ڕووداوانە بنووسم. دەزانم ناگاتە دوای نیوەڕۆ،دوای بارانێکی درێژخایەن،لە ژێر تاقی کۆلکە زێڕینەوە دەمرم.ساڵانێکی زۆر هەر خۆم وتم و هەر خۆم بیستم، بەڵام هیچ کەس وەڵامی نەدامەوە. هیچ کەس نەهات بە هانامەوە.تەنانەت ئەو رۆژانەش کە نەخۆش دەکەوتم و تاوی گەرم خەریک بوو دەیسووتاندم،هیچ کەس دەرگای ئەم ماڵەی نەکردەوە.یەک دوو جار لە ژووری کۆتایی ڕاڕەوەکە گوێم لە دەنگی دایکم بوو،بەڵام جگە لە دەرگا داخراوەکەی،کە تاڵە ناسکەکانی جاڵجاڵۆکەکان دایانپۆشیبوو،هەروەها فڕینی بەکۆمەڵی باویلکەکانی ناو ژوورەکە و، باقە نێرگزە وشکەکانی پشتی پەنجەرەکە، هیچ هەواڵێک نەبوو. دەبێ هەموو ئەم شتانە بنووسم.دەبوایە بە پوورم بوتایە کەچەند قسەکانی ڕاست بوون. نەک هەر وێکچوون، بگرە لەگەڵ دایکم جیاوازیمان نەبوو. دەبوایە قژە سوورەکانی ئەو ژنە جوولەکەیەم هێندە ڕابکێشایە کە هەموو جوولەکەکانی«پردی مووسایی‌یەکان2»ی شەقامی سیرووس، دەنگی قیژەیان ببیستایە.ئەمڕۆ سەرلە بەیانی خشپەخشپی بەکۆمەڵی جاڵجاڵۆکەکان خەبەریان کردمەوە.جاڵجاڵۆکەکان هەموو بەشەکانی لەشمیان تەنیوە، بەر لەوەی پەرداخە شیرەکەم بخۆمەوە، دێنەوەبیرم.لە خۆم دەترسم، بڕوام بە زمان و چاوەکانی خۆم نیە. دەمەوێ بکێشم بە ناوەڕاستی ئەم ئاوێنەیەداو، وردوخاشی بکەم.بەڵام دەبێ سەرەتا جاڵجاڵۆکەکانی ماڵەکە،لە ژێر پێمدا بپلیشێنمەوە و پاشان بۆ ئێشی ئێسقانەکانی دایکم دەرمانی گیایی بکڕم و بیبەمە سەرکانی یەک کە ئاوەکەی گەرمە.دایکم لە بەر ئازاری ئیسقانەکانی هەمیشە گلەیی لەباوکم دەکرد.


ژنێکی ڕەش پۆش ساڵانێکی زۆرە بۆنی باران، بۆنی باویلکە؛ بۆنی گولەنێرگز و بۆنی ڕیقنەی لێ دێت. دەزانێ تا دەرکەوتنی پەلکە زێڕینەی پاش نیوەڕۆ دەرفەتێکی زۆری نیە.قژەکانی تەواو تەڕ بوون لە ژێرباراندا.چاوە قاوەیی‌یەکانی لە دوای شاڵاوی چۆلەکەکان بۆ شار، لە پاش سێ بارانی درێژخایەن،لە دوای ساڵانێک لەو مێردەزمانەی (کابووس) کە قەڵەمڕەوی خەونەکانیان داگیرکردووە،دەدرەوشێنەوە.دایکم عادەتی وابوو قژەکانم دوو پەلکە بکا و هەرپەلکەکیان بە قژبەندێکی (نەواری ئاوریشمی) سوور و زەردەوە گزی بدا.باوکم بەخشەخشی کەوشەتازەکانیەوە ئاوێنەیەکی گەورەی بۆ کڕیبووم،بە ڕاکێش ڕاکێش و بە پارێزێکی زۆرەوە بە دیواری ژوورەکەمدا هەڵیواسی.


پوورم سوور بوو لە سەر ئەوە کە، کەم لە باوکم دەچم. پوورم ئێستا لە شوێنێکی خۆش لای فریشتەکانەو باوکیشم لە ئامێزی ژنە قژ سوورە جوولەکەکە دایە. چەند ساڵ لەمەو بەربوو؟ بیست ساڵ، بیست و سێ ساڵ،چ فەرقێکی هەیە؟ لە ئاسمانەوە گەرما دەباری و دەیسووتاند.پاش نیوەڕوان،کە هەوا فێنکتر دەبوو،دایکم سفرە و کەلوپەلی چای خواردنەوەی لە هەیوانەکەدا بڵاو دەکردەوە.باوکم بە شووتی‌یەکەی بن هەنگڵیەوە لە حەوشەکەدا دەسووڕایەوە و بەدەنگە گڕەکەیەوە چۆلەکەکانی دەترساندو هاواری دەکرد: هەموو نەگبەتی و بەڵای ئەم شارە،لەبەر بوونی جوولەکەکانە.کڕین و فرۆشتن و مامەڵەکردن لەگەڵ جوولەکەدا گوناهێکی گەورەی هەیە... ئەمڕۆش یەکێک لە کچەکانیان پەنای بردبوو بۆ تەکیەی «حاجی سەی جەلال»...


دەستی دەکرد بە پێکەنین. ڕوومەتی لە بەر زۆر پێکەنین وەک شووتی سوور دەبوو. دایکم بۆ هەزارەمین جار دەستی دەکرد بەگلەیی کردن.باوکیشم بێ ئەوەی گوێ بداتە گلەیی‌یەکانی دایکم،خۆی بە قاش کردنی شووتی‌یەکەوە سەرگەرم دەکرد.دایکیشم هەڵدەستاو تووڕە دەبوو.ڕۆژێکیان سەر لە بەیانی،بەهاوار و هەراهەرای باوکم لە خەو ڕاپەڕیم.


ــ ئێسقان ئێشە و هەزار نەخۆشی و ژاری مار لە سەرت بدات و لە دەستت ڕزگارمان بێت...! هەر بەو هاوارهاوارەوە دەرگای حەوشەکەی دا بەیەکدا و چووە دەرەوە. دایکیشم هەر بە هەنسکە هەنسکی گریانەوە کەل و پەلەکانی کۆکردەوەو بە کێشەکێش بردی بۆ ژووری خوارووی راِڕەوەکە و،دەرگاکەشی لە سەرخۆی داخست.جار جار لە بەرخاتری گریان و پاڕانەوەی پوورم دەهاتە پشت پەنجەرەکە و شتێکی دەخواردو داوای چەپکێک گوڵە نێرگزی دەکردو، هەمیشە بە پوورمی دەوت:
ــ قژەکانی نێرگزم بچنەوە!


نزیک بە دوانیوەڕۆیەکی یەکێک لە دوایین ڕۆژەکانی هاوین، لەبەرچاوی حەپەساوی خەڵکی شاردا دارو بەرد و هەموو دنیا پڕبوو لە چۆلەکە.وەک بڵیێ لە ئاسمانەوە باریبوون. پۆل پۆل چۆلەکە هێرشیان برد بوو بۆ لقی دارەکان،ژێربنەبانی داری ماڵەکان، پشتی پەنجەرەکان و ژێرشیروانی بینا سپی‌یەکەی«دوخانیات».دەنگی قەرە باڵغ و باڵە فڕەی چۆلەکەکان.خەویان لە خەڵکی شار تێکدابوو. نیوەشەو تازە چاوم چووبوە خەو، بەدەنگی ترسناکی هەورەکان خەبەرم بوەوە. باوکم لە ناوەڕاستی ڕاڕەوەکەدا،کاسەیەک ئاوی دەخواردەوە، دایکیشم یەک لە دوای ‌یەک دەکۆکی. باوکم سەیری کردم و وتی:


ــ بڕۆ بخەوە، هەورە تریشقە هیچ مەترسی‌یەکی نیە....!


بەیانی زوو بە دەنگی باران خەبەرم بوەوە، باران ماوەیەکی دوور و درێژ دایکردبوو. ئاسمان بۆرانی دەکرد و لە چاوترووکاندنێکدا زەوی پڕ دەبوو لە تەرزەیەکی ورد و سپی و ئاوی بارانیش لەهەموو لایەکەوە،بەڕێ دەکەوت بەرەولای خوارووی شار. دەمەو ئێوارە، باران بڕایەوە. ئاسمان ساوا بوو، پەلکەزیڕینە دەرکەوت.کۆکەکۆکی دایکیشم تەواو بوو بوو. دایکم لە ژووری کۆتایی ڕاڕەِوەکەدا،لە ژێر تاقی پەلکەزێڕینەکەدا مردبوو. باوکم بە چاوە هەمیشە سوور و مەستەکانی‌یەوە لەگەڵ دایکمدا، لەگەڵ پوورمدا، لەگەڵ مندا درۆی دەکرد.نەدایکمی برد بۆ سەرکانی ئاوی گەرم و نەدەرمانی گیایی بۆ کڕی. دایکم ڕۆژ لەدوای رۆژ وەک هەورەکانی ئاسمان سووک و سووکتر دەبوو. باران دڵۆپ دڵۆپ دایکرد. پاش تەواو بوونی باران، بۆگەنی چۆلەکە مردوەکان شاری پڕ کرد بوو. خەڵکی بەهەر چیەک کە بەردەستیان کەوتبوو، کەوتنەگیانی لاشەی‌بچکووکی چۆلەکە مردوەکان. لاشەمردوەکانیان لە جێگایەکدا کۆ دەکردەوەو فڕێَیان دەدانە ناو سێڵاوی بارانەکەوە. سێ شەوو ڕۆژی تەواو کۆڵانەکانی شار، بۆنی ڕیقنەی پیسی چۆلەکەیان دەدا.


لە چلەی دایکمدا، باوکم لەگەڵ ژنێکدا کە قیافەی هەردووکیان لە قەلەڕەشەکە دەچوو وجل و بەرگی ڕەشیان پۆشیبوو، دەرگای ژووری کۆتایی راِڕەِوەکەیان شکاند. کەل و پەلەکانی دایکمیان فڕێ دایە ناو حەوشە کەو پاشان لەگەڵ خۆیاندا بردیان. ژوورەکە پڕ بوو لە باویلکەو و گوڵە نێرگزی وشک. باوکم بەرەو لای من گەڕایەوەو، وتی:


ـــ خێرا کەل و پەلت کۆبکەرەوەو بۆماوەیەک دەتبەمە لای پوورت. سێ مانگ لە ماڵی پوورم مامەوە. باوکم ڕۆیشت و سەیری پشت سەریشی نەکرد. پوورم پێی لەسەر ئەوە دا دەگرت کە هەموو شتێکم لە دایکم دەکات. لە ئاوێنەکەدا داڵغە بە کچێکەوە لێ‌دەدەم کە بە چاوە ورد و قاوەیی‌یەکانی و ڕەنگە پەڕیوەکەیەوە، بە لەپی دەستی خەریکی پاک کردنەوەی پەلکە زێڕینەی ئاوێنەکەیەو، شێوەشی هەر لە دایکی دەکات. ڕۆژێکیان پوورم وتی:
ــ نێرگزگیان! تۆ چەند بۆنی خۆشکەکەم دەدەیت!


پوورم بە چاوانی ڕوون و فرمێسک‌ئاوی‌یەوە، نوێژ و دۆعای ئەخوێند. شەوانی هەینی، ئەڕۆیشتین بۆ «شێخ عەبدوڵڵای کۆسەی تایلە1» بۆ سەر گۆڕی دایکم. سێ مانگ زووتێپەڕی، هێندەی سێ جار چاوترووکاندن لە ڕۆژانی پاییزدا! لە پشت باویلکەکان، شەمدانی‌یەکان و لالە عەباسی‌یەکان، لە ژێر زەویدا، لە تەنیشت گۆزەی ترشی و مرەباکاندا،بیبارە سوور و سەوزە لەبەن کێشراوەکان، لە پشت سێبەرەفێنکەکانی ژوورەکە،وێنەکان و ئاوێنەکان، لە پشت فرمێسکە ڕوونەکانی پوورم لەگەڵ پیرە مێرد و پیرێژنە هەژارەکاندا،نەخۆشەکان و هەتیوەکان و مردوەکان و،لە ناو دۆعاکانی پوورم لەگەڵ خودا... چەند زوو تێپەڕی.باوکم بەخشەخشی پێڵاوەتازەکان و دەنگە گڕەکەیەوە، کە چۆلەکەکانی دەترساند و ماڵەکەشی دەلەراندەوە، بە دوامدا هات. سمێڵەڕەشەکانی لوول کردبوو. لەگەڵ پوورمدا هەواڵ پرسی کرد و دەستمی گرت و ماڵئاواییمان کرد. چاوەکانی پوورم، وەک بڵێی ئاویان بەسەر ئاگردا ڕژاندبێ وایان لێهاتبوو.لە کۆڵانەباریکەکانی قەتارچیانەوە بەرەو لای ساختمانە بەرزو سپی‌یەکەی «دوخانیات» بەڕێ کەوتین و لە نێوان بلیت فرۆشەکان و باربەرەکان و شاگرد شۆفێرەکانی گاراجی شەقامی سیرووسەوە،چووین بەرەو گەڕەکی«جاڕمووساییەکان4». لەگەڕەکی جوولەکەکاندا لەبەر دەرگایەکی گەورەی چێوین ڕاوەستاین.باوکم دەرگاکەی کردەوە. بایەکی فێنک لە ڕاڕەوە تاریکەکەوە لەدەم و چاومانی دەدا. لە ناو حەوشەکەدا بە تەختەو حەسیر کەپرێکی گەورەیان دروست کردبوو.


ــ باوکە ئەمە چیە؟
ــ هەرزاڵ 5 ...
ــ چی؟!
ــ لەبەر خاتری باران بارین دروستی دەکەن....


بە دەوری حەوزێکی وشک و بێ ئاودا سووڕاینەوە و لە پلیکانە خشتی‌یەکانەوە چووینە ناو «پاگەردێکی»تاریکەوە.پاگەردەکە بۆنی پیسی عارەقی لەش و شیری داخی دەدا.دڵم توند توند لێی ئەدا. تەواوی لەشم خووسابوو لە عارەقدا، باوکم سەیری کردم:


ــ نێرگز لە حەوشەکەدا چاوەڕێ بە، لەگەڵ مناڵەکاندا بۆ خۆت یاری بکە!دڕدۆنگ بووم. یەکەیەکە لە پلیکانەکانەوە چوومە خوارەوە. لە گۆشەی حەوشەکەدا،کچ و کوڕێکی لاواز بە پەنجەرە ڕەش و نزمەکەی ژێرزەمینەکەوە نووسابوون.دەنگی پێکەنینی باوکم بەرز بوەوە. ترس کچەکەی داگرت. کوڕەکەسەری بەرزکردەوە:
ــ دێی یاری بکەین؟
ــ چ یاری یەک؟
ــ تۆ دەبی بەشیر فرۆشی گەڕەک و ئێمەش دوات دەکەوین.‍
ــ نایزانم!
ــ فێرت دەکەین، ئاسانە.
ــ دەنگی پێکەنینی ژنێک بەرز بوەوە. ترس چاوەکانی کوڕەکەی داگرت. کچەکە دەستێکی هێنا بەقژە سوور و فڕفڕی‌یەکانیەوە.ئێمەش لە ناو تەمدا بەدوای یەکدا قەتارمان بەستبوو،وەک شەمەندەفەر و هاوارمان ئەکرد:
ــ هۆشیر فرۆش تۆ لە کوێی؟


دەنگەکەمان لە حەوشە چۆڵەکەدا، دەنگی دەدایەوە... دەترسام.


ــ هۆشیر فرۆش مانگا کەت لە کوێ‌یە؟


وازم لە شەمەندەفەرەکە هێنا. کوڕەکە دەنگەکەی بڕی. کچەکە هاتە بەردەمم. تاقەتی یاری کردنم نەبوو.لە ترساندا دەلەرزام. کوڕەکە وتی: باوکت لە کوێیە؟پەنجەرەی ژوورەکەم پیشان دا.


ــ لەو سەرەوەیە...
ــ کچەکە پێکەنی...!!
ــ ئەوە شیر فرۆشی گەڕەکە!
کوڕەکە یەخەی گرتم:
ــ ئەوە باوکی ئێمەیە!


شەقێکم لە کوڕەکە داو، ڕامکردە ناو پاگەردە تاریکەکەوە. باوکم پاڵی دابوو بە دیوارێکەوە و جگەرەی دەکێشا.ڕووناکایی‌یەکی کەم،لە خشتی پاگەردەکەوە کەوتبوو.سەیرێکی ناو ژوورەکەم کرد.ژنێکی قەڵەو،لە پاڵ چرایەکی سێ فتێڵەییدا،دانیشتبوو.لە سەر چراکە مەنجەڵێک شیری داخ دەکوڵا.ژنەکە تەوێڵی ئارەق لێ‌نیشتووی بە گۆشەی داوێنە کورت و سەوزەکەی پاک کردەوە. قژە سوورو فڕفڕی‌یەکانی دەدرەوشانەوە:


ــ ئەمەیە کچەکەت؟!


باوکم بێ دەنگ بوو. کنە جگەرەکەی لە ژێر پێدا پلیشانەوە.


ــ بڕۆین!


دەستمی گرت و لە پلیکانەکانەوە چووینە خوارەوە. دەنگی گریان و دۆعا و نفرینی ژنەکە لە پشت سەرمانەوە بەرز بوەوە.حەوشەکە سارد و چۆڵ بوو. کچ و کوڕِێکی لاواز لە پشت شووشە دووکەڵ گرتوەکانی ژێرزەمینەکەوە سەیریان دەکردین. لە دەرگای حەوشەوە هاتینە دەرەوە. پاش سێ مانگ گەڕاینەوە بۆ ماڵەوە. دەمزانی کە لە ژووری کۆتایی ڕڕِوەکەدا، باویلکەکان و گوڵەنێرگزەکان چاوەڕێمن، چا‌ـــ وە‌ ـــ ڕـــ ێـ ـــ مـ ـــ ن...
________________________________________
سەرچاوە: بلوطها در شب - توفیق مشیرپناهی– نشر بیان ازادی تهران - سال 1378ه.ش.


پەراوێزەکان:
1- ئاماژەیە بەلێزمە بارانێک کە ئێستاکەش لە زەینی خەڵکی داماوەتەوە.
2- گەڕەکی کەمینە مەزهەبی‌یەکانی شاری سنە.
3- قەبرستانێکی شاری سنە.
4- گەڕەکێکی دیکەی کەمینە مەزهەبی‌یەکانی سنە
5- بنەماڵە جوولەکەکانی سنە،لە ساڵانی بێ بارانیدا کەپر گەلێکیان لە حەوشەی ماڵدا دروست دەکرد و لەو کەپرانەدا،بەچا و شەربەت و چێشتی ‌نەزری،میوانداری خەڵکییان دەکرد و بە دیار بارینی بارانەوە دادەنیشتن.


تێبینی: ئەم چیرۆکە ساڵی 1378/1999 وەرگێڕدراوەتەوە و هەر هەمان ساڵ درابوویە دەست بەڕێز تۆفێق موشیر پەناهی کە لە گۆڤاری ڕاماندا بڵاوی بکاتەوە کە بە داخەوە بە ناوی خۆیان و لە ژمارە 44 ی ئەو گۆڤارەدا بڵاو کرایەوە و بڕیار و ابوو لە ژمارەی داهاتوویدا ئەو هەڵەیە ڕاست بکرێتەوە کە بە داخەوە هەر نەکرا.

ماڵپه‌ڕی فه‌رشید شه‌ریفی