١٨\٥\٢٠١٣
باوکە، لێگەڕێ،
با
ژوورەکەم تاریک دابێ!

گۆران
رەئوف
هاوڕێى ئازیز..
جاران من و تۆ پێکەوە جلمان دەکڕى!
یەکجۆر رەنگمان هەڵدەبژارد!
ئێستا ئەوەندە لەیەک دورین
هەستەکەم ئیتر
جلەکانمان بۆیەکتر نابێت!
من نامەوێت قسەى شاعیرانە بکەم!
حەزناکەم لەخۆرا
ئەم نوسینەش ببێتە شیعر
بەڵام بەڕاستى بیرتدەکەم!
لەوەتەى هەم
تەنها یەک جۆر (با) دەناسم
ئەویش جارجارە هەواى بێتامم بۆ دێنێ!
هەواڵگەلێک...
تا ئەوپەڕى ماندوبونم
تا کوژانەوەى تروسکاییە شەرمنەکانى خەیاڵم
تاکو مەستبونى نائومێدییە توڕەکان!
دەمبات و دواجار یەک زەمەن گاڵتەم پێدەکا!
هاوڕێى شەرمن،
ئیتر من پاڵتۆ شینەکەم لەبەر ناکەم
دەگەڕێم بۆ ڕەشترین ڕەنگ!
بۆ سەوداکرنى قەترانترین بۆن!
ئەو ڕەنگانەى دەچنەوە سەر ڕوناکى
ئەو خەیاڵانەم نزیکن لە پێکەنینەکانى خۆرەوە!
ئەو پێشبینیانەم
کە دڵ بە هاوارەکانى سوتان خۆشدەکەن!
هەمویان بەیەکجارى وندەکەم!
لەهەمویان هەڵدێم و
لەهەمویان ڕادەکەم!
نازەنین،
هاهاهاها... نازەنین!
من ڕەشتربوم
لەو کاتانەى ڕقت لە تەنزەکانم بوو!
کارەساتەکە ئەوەیە
ئێستا هەرچەند هەوڵەدەم ناتوانم
وەک جارانى ڕەقبونم، نەرمبم!
بەداخەوە نازانم تۆ لەکویاى
خەیاڵەکاندا گیرتکردوە؟!
ونبونت مایەى نیگەرانییە،
حەزمەکرد لەم سەردەمى تارکییەدا
تۆ نزیکم بیت..
تا زێدەتر لە شەوە ڕوناکەکان
بەگاڵتەوە، بە بونت پێبکەنم!
باوکە، باوکە!!
پەنجەرەى خەونەکانم ڕۆشن مەکە!
هێشتا شتێک لەهەناومدا پێیخۆشنییە
داهاتوم ڕوناک بێت.
حەزى بە دڵنیابونى مانەوە نییە،
لەبارەى
بەسەرهاتەکانى ئایندەوە!
من لەم رستانەم دەترسێم..
دەترسم بڵێن:
کابرایەکى دەست و پێ سپییە!
یان باسى
شەرمەزارى بێهودەییەکان بکەن!
باوکە،
ئاخر مەگەر، بۆ زەوى ئاسایی نییە،
کەسێک هەیە خۆشى لە ڕوناکى نایە؟!
gorankafka@yahoo.com
|