١٢\٩\٢٠١٦
''باخەکەی
باوکم'' لە فیستیڤاڵی فیلمی
''کامێڕای عەرەبی''
رۆتێردام نمایش دەکرێ.
مەنسوور جیهانی
کورتە
فیلمی "باخەکەی باوکم" لە نووسین و دەرهێنانی "شوان عەتووف" لە
فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "کامێڕای عەرەبی" رۆتێردام نمایش دەکرێ.
کورتە فیلمی "باخەکەی باوکم" لە نووسین و دەرهێنانی سینەماکاری کورد "شوان
عەتووف" بە تیشک خستنەسەر شێعرێکی "مەولانا جەلالەدین ڕۆمی" لە نوێترین
بەشداریی نێودەوڵەتیی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکی "کورتە فیلمەکان"
لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "کامێڕای عەڕەبی" رۆتێردام لە وڵاتی
هۆڵەندا دەچێتە سەر پەردەی سینەماکان.
ئەم فیستیڤاڵە بە نمایشی کۆمەڵێک فیلم لە سینەماکارانی وڵاتانی
جۆراوجۆری جیهان لە چەندین بەشی پێشیڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی لە رۆژانی
٢٩ی ئەیلوول تا ٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٦ لە شاری رۆتێردام لە وڵاتی
هۆڵەندا بەڕێوەدەچێ.
"باخەکەی باوکم" کە بە سپۆنسەریی سەرەکیی هۆتێل "ڕامادا" لە شاری
سلێمانی لە هەرێمی کوردستان سازکراوە و لە ڕێگای کۆمپانیای "ئای لۆڤ
فیلم" لە ئاستی جیهاندا بڵاودەکرێتەوە، لە یەکەمین بەشداریی نێودەوڵەتی
خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی کورتە فیلمەکانی "گۆڵفی مۆهر" لە
میانەی دوازدەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی دوبەی لە وڵاتی
ئیماڕات و هەروەها لە درێژەی بەشدارییە جیهانییەکانی خۆیدا لە بەشی
پێشبڕکێی سەرەکیی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورتە فیلمی "کۆتایی تەکساس" لە
ویلایەتی تەکساس لە وڵاتی ئەمەریکا نمایشکرا.
ئەم فیستیڤاڵە یەکێکە لەو فیستیڤاڵانەی جیهانی کە کورتە فیلمە
سەرکەوتووەکان بە ڕێوڕەسمی خەڵاتە سینەماییەکانی ئاکادیمیای ئۆسکار
دەناسێنێ.
ئەم فیلمە کوردییە ١٣ خولەکییە لە درێژەی بەشدارییە نێودەوڵەتییەکانی
خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی مۆنتاژ لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی
"قووڵایی گۆڕەپان" لە ویلایەتی دیلەوێر لە وڵاتی ئەمەریکا نمایشکرا.
ستافی ئامادەکردنیی کورتە فیلمى "باخەکەى باوکم" بریتین لە:
نووسین و دەرهێنان: شوان عەتووف، نواندن: شانۆ عومەر، کامەران مەنسوور،
بەهائەدین عزەبانى و شاڵاو جەمال، فۆتۆ گرافەر: هەرێم جەمال،
بەڕێوەبەریی بەرهەم: ئازاد پێنجوێنى، ڕووناکى: دانا جەمال، دەنگ:
کاسیان عەلى، بەڕێوەبەریی ڕاگەیاندنی گشتیی: مەنسوور جیهانى،
بەڕێوەبەریی وێنەگرتن: هەردى سەلامى، مونتاژ و پاش بەرهەمهێنان (ئاى
لۆڤ فیلم): دانەر عومەر، یاریدەدەریى دەرهێنەر: ئەژین کاوە و بڕیار
بەختیار، بەرهەمهێنەر: شوان عەتووف و نزار سەلامى، کۆمپانیاى جێی بەجێی
کار: گرافیکا بلو، کۆمپانیاى دابەشکردن: ئاى لۆڤ فیلم و سپۆنسەریى
سەرەکیى: هۆتێل ڕامادا.
بەڕێوەبەرایەتیی ڕاگەیاندنی گشتیی کورتە فیلمی
''باخەکەی باوکم''
ماڵپهڕی مهنسوور جیهانی
|