په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٧\٧\٢٠٢٢

    باغەوان.

دارا خونچە

لەوەتەی هەم

     - ئەندێشەیی یان کردەیی -

     کار و پیشەم باغدارییە..

دارودەوەن.. گوڵوگوڵزار.. مێرگ و چیمەن

        تەنانەت دڕیی و دڕکەزیی..

        ئەو گژوگیانەش کە مرۆڤ دەگەزن

                              خڕیان منیان خۆشگەرەکە!

لێ هاوپیشە هاوچینەکانم

             لە بن دەستی کارامەییم ئابڕووی کار دەبەن..

    هەردەم

    وە تیغ و تیری فەرهەنگی

                             نێرەوزیی

                     خودایزمیی

                     سەرمایەدزیی

                        دەمڕووشێنن.. بریندارم دەکەن..

    ئەوان وە رەوای نازانن

    یەک درۆپە ئارەقەش چیە

        لە پێناو شکاندنی تێنیەتیی یەک گوڵ بڕێژن..

    ئەوان گەرەکیانە وەسەر جەستەمدا تێپەڕن

        هەمیشە بەندەواری

                  یەک پارووی چەورتری کۆیلایەتین.

ئەوانەی سەرێش

             کە

             جەنگ لەسەر ستێرکان بەرپادەکەن؛

             هەر مێرخوزاران دەشێلن

             هەر جوانییەکان دەگەچرێنن

             هەر فەرمانان دەترەکێن

             هەر ستەمان دەفیڕکێنن

             رێز لە گوڵ و هەرچی کەسکاییە ناگرن..

                  گەرەکیانە نەک ئارەقە

                           بەڵکە خوێنیشم بڕێژن!

ئیدی لەمێژە

     ئەمن باغەوانەکی سەروەخۆ و ئازادم

     پەیوەندیی خۆشەویستییم تەنێ دەگەڵ

         تەڕایی و بۆنوبەرامە و جوانییەکانی

         ئەندامە خۆڕسکەکانی

         نێو باغ و باخچە و لیرەوارەکانەوە هەیە!

 

سەرەتای تەمووزی ٢٠٢٢ - لەندەن

ماڵپه‌ڕی دارا خونچە

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک