په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٨\١\٢٠٢١

''بایدن''یش جەختی لە یەكێتیی ناو یەكێتیی كردەوە!


ئەرسەلان مەحمود    


بە درێژایی چەند كاتژمێرێك لەڕوماڵی ئاهەنگی دەستبەكار بوونی جوزیف روبینیت بایدن سەرۆكی نوێ و تازە هەڵبژێردراوی ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، لەڕێگەی میدیا بینراوە جیهانی و ناوخۆییەكانەوە بێدابڕان بینەر بووم.

هۆكاری تەرخانكردنی ئەو هەموو ماوە زۆرەو مانەوەنەوەم بەدیار میدیاكانەوە وەك تاكێك بەدیاریكراوی و لەڕاستیدا پتر پەیوەست بوو بەتێگەیشتن لەم دوو خاڵە، یەكەم: زانین و وەرگرتنی زانیاری سەبارەت بەكاریگەری و ڕەنگدانەوەی لێكەوتەكانی مناوەرەو مڕاوەغاتی تا پێش ئەوێڕۆژێی ترامپ وەک سەرۆکی پێشوو بەسەر ئەم وڵاتەوە. دووەم: بەئامانجی زانین و دۆزینەوەی سەرەداوی چییەتی ئەو گۆڕانكاریانەی چاوەڕێ‌ دەكرێ‌ بەتایبەت بەسەر سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكادا بێت، گوێگرتن بوو لەیەكەم گوتاری بایدن وەك سەرۆكی نوێ.

لە ئاهەنگەكەداو لە ماوەی ئەو چەند چركە ساتانەی گوتارەكەی "بایدن"ـدا، وێڕای دوپات و خۆ وێناكردنەوەی ئەو ڕاستینەیەی ئەمریكا دەڵەوتێكی مەزنی دامەزراوەیی و فرە فرهەنگی هەر زۆریش لەپێشە، وەك دەڵێن "ئەمریكا، ئەمریكایەو هەر بەئەمریكاش دەمێنێتەوە"، كەوتنە ڕێ‌ و سەرهەڵدانی ئەو بزوتنەوە پۆپۆلیستی و شەعبەوییەتەی ترامپ'ـیش داڕێژەرو بەبنەمای كردوە لەشەقامی ئەمریكیدا، شڵخی داوەو ئەگەر تێكچوونی ئەو هاوسەنگییە جڤاكی و حزبی و سیاسیە سەدانساڵەییەی ئەم وڵاتە لەداهاتووی دورو نزیكدا بووە بەمەسەلەیەكی حەتمی و نكۆڵی هەڵنەگر.

ئەمە بەڕونی بەوتاری سەرۆكە نوێیەكەوە دیار بوو، بەشە هەرە زۆرەكەی وتاری "بایدن" پێداگری و بەجەخت كردنەوە بوو لەبەیەكەوە كاركردن و پارێزگاری لەیەكێتیی ناو یەكێتیی یەكەی مرۆیی و جڤاكی و ئەوەی پێیدەگوترێ نەتەوەی ئەمریكا، بایدن لەم ڕوانگەیەوە تەنانەت بەدیاریكراوی گوتی: ئەو هەژموونە شەعبەویەی بەرێگەوەیە بەرەو سەر هەڵكشێت، ئەگەر بەریپێنەگیرێ، دواجار دەوڵەتی ئەمریكا وەك دامەزراوەیەكی ڕوت بەتەنها دەهێڵێتەوەو نەتەوەی ئەمریكا دەخات و دوچاری لێكترازان و هەڵوەشانەوەی دەكات.

بێگومان، دیقەتی وردو حەقیقەتی زۆر لەدرکپێکردنەکەی جۆزیف دا ھەیە، ئەمە نەک ھەر بۆ ئەمریکا وەک دەوڵەت و نەتەوەو گەلانی ئەمریکا، لەسەر ئاستە جیھانییەکەش ھەر ڕاستە، سەرھەڵدانی ھزری شەعبەوی و ئەم نەزمە نزمە پۆپۆلیستییەیە لەململانێ و ئیدارەو دەسەڵات و حکومڕانێتی کردندا، بەسەرکردایەتی عەقڵیەتی پەتی و سەرمایەخوازی، خەریکە بەتەواوەتی لەقاوغی خۆی دەردەچێ و دەبێت بەشتێکی سەراپاگیرو جیھانی.

 

ماڵپه‌ڕی ئه‌رسه‌لان مه‌حمود

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک