بایەخدانەوە بە
نووسین و بۆچوونەکانى بیرمەندى سۆسیالیستى کارل مارکس
.

وەرگێرانوئامادەکردنى:
محەمەدى مشیر
دواى
ساڵانێک لە فەرامۆشى دووبارە ژیان و نووسینەکانى بیرمەندى سۆسیالیستى
(کارل مارکس) دەبنەوە مایەى
بایەخدان و پێداچوونەوەى خەڵک.ئەم بایەخدانە
بەڕای
(پیاتریکس بۆفێر)ى بەڕێوەبەرى
مۆزەخانەکەى مارکس
زیاتر لە لایەن
گهنجانەوەیە.جێگەى
ئاماژەیە کە مۆزەخانەکە لەشارى(ترێر)ى وڵاتى ئەڵمانیایەو
دەکەوێتە نزیک سنوورى
ئەو وڵاتە لە گەڵ لۆکسمبۆرگ
. مۆزەخانەکە خودى ئەو
خانووەیە کە مارکس لە
ساڵى 1818 دا تێیدا هاتووەتە دنیا.
بۆفێر لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسى هەواڵى ئەڵمانیا سەبارەت بەو
بایەخدانە دەڵێ:
" شتێکى ژیاندەوە کە لە مێژەوە بەمردوو
ئەژماردەکرا".
ئەو فەیلەسوفەى لە سەربنەماى ئایدیاکانى سیستەمە
سۆسیالیستەکانى پێشوو بنایتنران:
(بۆفێر) تێبینى کردووە کە لە ماوەى ساڵى رابردوودا گەشتى قوتابخانە و
فێرگەکان بۆ ئەم مۆزەخانەیە بە شێوەیەکى بەرچاو زیادى کردووە و لە
مبارەیەوە دەڵێ:"ئەوان بە بایەخ و پەرۆشییەوە باسى لێوەدەکەن بێئەوەى
حوکمى پێشینەى بەسەردابدەن، پێویستە ئەوەش بگوترێ کە لە ماوەى ساڵى
رابردوودا پتر لە 41 هەزار کەس سەردانى
مۆزەخانەکەیان کردووەو لەوانەشدا 12 هەزاریان لە وڵاتى (چین) بوون،
ئەمەش ژمارەیەکى زۆرە لەچاو ماوەکانى پێشتر.
ماڵەکەى مارکس گەواهى گۆڕانکارییەکانى رۆژگار
بوو:
ئەو ماڵە کە لە سەدەى هەژدەهەمدا دروستکرا گۆڕانکارى زۆرى بەخۆوە بینى.
لە ساڵى 1928 دا حزبى سوسیال دیموکرات ماڵەکەى کڕى، بەڵام رژێمى نازى
هەرکە دەسەڵاتى گرتە دەست لە ساڵى 1933 وە تاکو 1945 دەستى بەسەرداگرت.
دواتر حزبى ناوبراو بووەوە خاوەنى ماڵەکە. ئەمڕۆکەش دەزگاى(فریدریک
ئیبێرت) ى سەربەحزبى سوسیال دیموکرات کاروبارى مۆزەخاەکە هەڵدەسوڕێنێ و
نووسین و چۆنیەتى ژیانى کارل مارکس لەو شوێنەدا نمایش دەکات. پێویستە
ئەوەش بزانرێ کە ئەو مۆزەخانەیە لە ساڵى 2005دا دووبارە کرایەوە.
پێویستە لە رەوتە مێژووییەکەیدا سەیرى مارکس
بکرێت:
خاتوو پیاتریس بۆفێر لەو باوەڕەدایە کە پێویستە ئایدیاکانى مارکس لە
رەوتە مێژووییەکەی خۆیاندا سەیربکرێن تاکو لێیان تێبگەین، چونکە بە
بۆچوونى بۆفێر بەشێکى زۆرى ئەو ئایدیانە لە دواى مارکس دا خراپ
بەکارهێنراون و زۆر چەمکیش ساڵ لە دواى ساڵ گۆڕانیان بەسەرداهاتووە.
مارکس و ئەنگڵس لە ساڵى 1848 دا مانیڤستى کۆمۆنیستیان بڵاوکردەوە و
تێیدا تیۆرى خۆیان لەمەڕ حەتمیەتى ململانێى چینایەتى نێوان پڕۆلیتاریا
و بۆرژوازیدا خستەڕوو. بە پێى ئەو تیۆرە بەراییە کۆمۆنیزم واتاى لوتکە
و دەرەنجامى کۆتایى پێشکەوتنى مرۆڤایەتى دەگەیەنێت.
بۆفێر کە سەربارى بەڕێوەبردنى مۆزەخانەکە ئەمینداریەتى سەنتەرى
لێکۆڵینەوەکانى پەیوەست بە مۆزەخانەکەشى لە ئەستۆدایە دەڵێ:" ئەگەرچى
حکومەتە شیوعییە سەرنەکەوتووەکانى سەدەى بیست پێشبینییەکانى مارکس_یان
دووچارى داتەپین کرد، بەڵام بەشێکى زۆرى کارەکانى مارکس پەیوەندى
پتەویان بە ئێستاوە هەیە و مارکس لە بنچینەدا ئەو بیرمەند و تیۆریسیانە
بوو کە توانى جیهان بگۆڕێ ئیدى بەخراپ لە ئایدیاکانى گەیشتبن یا نا".
فەیلەسوفى سەدەى بیستەم:
فەیلەسوفى ئەڵمانى(کارل مارکس) جیهانى بەجێهێشت، بەڵام فەلسەفەو
ئایدیاکانى تا ئێستاش کۆنتڕۆڵى بیرکردنەوەى زۆرانێک لە سیاسەتمەداران و
بیرمەندان و خەڵک بەگشتى دەکەن. گەواهى بۆ مارکس دەدرێ کە رەوتى مێژووى
گۆڕى و مرۆڤایەتى بە ئایدیاکانى دەوڵەمەندکرد.
کامە کەسایەتى لە سەدەى بیستدا کاریگەرییەکى مەزنى بەسەر هزرى جیهانیدا
هەبوو ؟ ئەمە پرسیارێکە چەند مانگێک لەمەوبەر BBC ئاراستەى ژمارەیەک
رۆشنبیرى کردبوو لە وڵاتانى جیاجیاى جیهاندا، لە وەڵامى زۆرینەیاندا
ئەو کەسایەتییە کارل مارکس بوو. ئەو فەیلەسوف و بیرمەند و
ئایدیۆلۆژیستەى هەوڵێکى زۆرى تەرخانکرد بۆ گەڕان بەدواى ئازادى و دادى
کۆمەڵایەتى. مارکس بە ئایدیاکانییەوە کەسێکى ناودارى لێهەڵکەوت کە
زۆرانێک لە سەرتاسەرى جیهاندا هەڵگرى بۆچوون و ئایدیاکانى بوون، هەبوو
لە نێوانیاندا بەو ئایدیایە دڵخۆش و هەشبوو چارەنووسى بە مەرگ و
دوورخستنەوە و شەوەزەنگەکانى زیندانەکان کۆتایى هات، سەربارى ئەمەش
ئایدیاکانى مارکس بۆ ماوەیەکى درێژ بوونە هۆى دابەشبوونى جیهان بە سەر
دوو ئۆردووى دژبەر.
مارکسى سیاسەتوان:
رەنگە لە دایکبوونى مارکسى شۆڕشگێڕ لە شارێکى فرە پارێزکارى
وەکو(ترێر)دا یەکێ لە سوخرەکارییەکانى قەدەربێت. مارکس لە خانەوادەیەکى
جوولەکەدا نەشونماى کرد کە بە هۆى چەوسانەوەى ئایینى ناچارکرابوو ببێتە
پڕۆتستانت. لەوکاتدا باوکى قەدەغەکرا لەوەى چیتر لە رێچکەى دادوەرییدا
درێژە بەکارەکانى بدات. مارکس لە تەمەنى 12 ساڵیدا دەچێتە قۆناغى
ئامادەیى و بە پلەى نایاب ئەو قۆناغە تەواودەکات. ئەو بە دەردەسەرى و
گەڕانى هەمیشە بەدواى شوێنێکى ئارام و ڕاکردن لە راووەدووناندا ژیانى
بەسەربرد. رووى لە هەر شارێک بکردبا باوەشى بۆ دەکرایەوە بەڵام
زۆرجاران دەسەڵاتداران ناچاریان کردووە بەدواى ئاسۆیەکى دیدا
بگەڕێ.دواى ئەوەى لە ساڵى 1841 لە زانکۆى (یاینا) بەڵگەنامەى دکتۆراى
لە فەلسەفە بەدەستهێنا وەک مامۆستایەک پەیوەندى بە زانکۆى (بۆن)
کرد.ماوەى نیشتەجێبوونى لە بەرلین دەرفەتێکى باشى بۆ رەخساند تا ئاشناى
ژمارەیەک خوێندنگەى هزرى ئەو سەردەم ببێت ئەگەرچى ئەوکات فەلسەفەى هیگڵ
برەوى هەبوو، دوابەدواى چوونى بۆ شارى بۆن جەربەزەیى هزرى مارکس لە
بوارى سیاسەتدا دەستیپێکرد، ئەوەبوو رۆژنامەیەکى دامەزراندا کە تێیدا
رەخنەى دەگرت لە بنەما و شێوازى حوکم لە بروسیادا. ئەمەش بووە هۆى
ئەوەى دەسەڵات دەست بەسەر رۆژنامەکەدابگرێ و رەگەزنامەى بروسیاییش لە
مارکس بسێنێتەوە، دەرەنجام لە گەڵ هاوسەرەکەیدا بەرەو پاریس سەرى
هەڵگرت، لەوێدا تادەهات هزرى پاراوتر و دەوڵمەندتر دەبوو سەبارەت بە
رەتکردنەوەى هیگڵیزم. لە ماوەى نیشتەجێبوونى لە پاریس دا پەیوەندى لە
گەڵ هاوڕێى تەمەن و ئایدیۆلۆژیا( فریدریک ئەنگڵس) تۆکمەتربوو، هەر
لەوێشدا پێکڕا نامیلکە ناودارەکەى ((مانیڤستى کۆمۆنیست))یان بڵاوکردەوە.
مرۆڤ و بیرمەندێکى رەوشت بەرز:
ماوەى نێوان 1842 تاکو 1849 بە قۆناغێکى گرنگى ژیانى مارکس
ئەژماردەکرێت، ئەو ماوەیە ماوەى تاراوگە بوو لە بەریتانیا دواى ئەوەى
بە هۆى نووسین و چالاکییە رۆژنامەوانییەکانى، کە وەک هاندانێک بۆ
یاخیبونى چینى کرێکار و هەژران بەسەر قەڵمڕۆى دەسەڵات و چەوساندنەوەى
ئابوورى لەقەڵەم دەدران، لە فەرەنسا و بەلژیک دەرکرابوو. مارکس لەو
ماوەیەدا تاڵییەکانى ژیانى چەشت و ئەگەر (ئەنگڵس) ى هاوڕێى نەبووایە کە
لە خانەوادەیەکى دەوڵەمەندبوو رەنگبوو رەوتى ژیانى بگۆڕێ. لە تاراوگەى
ئارەزوومەندانەى خۆیدا لە بەریتانیا مارکس ئەو کتێبانەى نووسی کە
رێخۆشکەربوون بۆ ئاراستە فەلسەفی و هزرییەکانى کە ئەمڕۆکە ناوى
مارکسیزم هەڵدەگرن. لەو کتێبە گرنگانەش " ململانێى چینایەتى لە فەرەنسا
لە ساڵى 1848ەوە تاکو 1850" هەروەها کتێبى" رەخنە لە ئابوورى سیاسى" کە
لە ساڵى 1859 دا بڵاویکردەوە. لە ساڵى 1867دا بەشى یەکەمى کتێبە
ناودارەکەى ((سەرمایە))ى بڵاوکردەوە، بەڵام دواى کۆچى دوایى لە لایەن (ئەنگڵس)
ى هاوڕێى بەشى دووەمى بڵاوکرایەوە. ئەم دوو هاوڕێیە شانبەشانى نووسین
هەوڵیاندا بزاڤى کرێکارى رێکبخەن، ئەوەبوو " کۆمەڵەى نێودەوڵەتى
کرێکاران"یان دامەزراند کە جەماوەرێکى زۆرى هەبوو لە ژماریەک لە
وڵاتانى ئەمریکا و ئەڵمانیا. ئەم کۆمەڵەیە هەنگاوى دەستپێکى دامەزرانى
ژمارەیەک حزبى چەپى وەکو حزبى سوسیالیستى دیموکراتى ئەڵمانى بوو. مارکس
لە ساڵى 1883 لە لەندەن لەتەمەنى 65 ساڵیدا کۆچى دوایى کرد.
سەرلەنوێ خوێندنەوەى هزرى مارکس:
دواى تێپەڕینى چەندین دەیە بەسەر کۆچى مارکس (فۆکۆیاما)ى بیرمەند کتێبە
ناودارەکەى خۆى نووسی کە تێیدا هۆشدارى دا بە کۆتایى هاتنى جیهان، گەلێ
کەس پێى وابوو ئەو کتێبە پەیامێکە ئاراستەى هزرى مارکس کراوە.ستووندە
بنەڕەتییەکانى تیۆرەکەى فۆکۆیاما بریتین لە گریمانەى کۆتایى هاتن بە
ئایدیۆلۆژیا و سەرکەوتنى هزرى لیبڕاڵ، بەڵام چەندین بیرمەند و
فەیلەسوفى دیکە وەڵامى ئەو تیۆرەیان دایەوە لەوانەش (جاک درێدا)
کتێبێکى بەناونیشانى {پێکهاتەکانى مارکس}نووسى کە تێدا باس لەوە دەکات
کە مارکسى ستالینى کە بووە نموونەیەکى سۆڤیەتى بیرۆکراسى کۆتایى پێهات
و لەناوچوو، بەڵام مارکسى فەیلەسوف و بیرمەند هێشتا زیندووە و لە
نێوانماندایە.
سەرمایەى کارل مارکس لە سەر شانۆدا:
لە بوارى شانۆدا تیمى (ریمینى پرۆتۆکۆل) ناسراوە بە داهێنانەکانى و
تازەترین داهێنانى ئەو تیمەش نمایشکردنى بەشى یەکەمى کتێبى سەرمایەى
مارکس بوو لە سەر تەختەى شانۆى شارى دۆسلدۆرف، بە شێوەیەک کە متمانەى
کردبووە سەر تازەپێگەیشتووانى بوارى شانۆ و بەشدارکردنى جەماوەر لە
دروستکردنى رووداوەکاندا.ئەو تیمە شانۆکارە جۆرێکى تازەى نمایشى شانۆیى
داهێنا بە جۆرێک دیمەنى شانۆى ئەڵمانى دەوڵەمەندترکرد و پێشتریش لە سەر
داهێنانەکانى لە بوارى شانۆدا چەندین جار رێزیان گرتووە بەوەى کە
شانۆگەرییەکانى لە ژێر رێنمایى هەردوو دەرهێنەر (هیڵدگارد هاوگ) و (دانیال
فیتزل) لە رێگەى ئەکتەرى تازەپێگەیشتووەوە نمایش دەکات. هەروەک لە
پێشدا ئاماژەى بۆکرا دوایین داهێنانى ئەو تیمە شانۆگەریەکى تازەیە
بەناوى" کارل مارکس: سەرمایە / بەشى یەکەم" ئەم شانۆگەرییە لە بارەى
تێکستەوە تازە نییە، بەڵکو لە رووى پێشکەشکردنەوە جیاوازى لە گەڵ
شێوازى تەقلیدى باو هەیە، رەنگە سەرنج راکێش لەم کارەدا ئەوە بێت کە
جەماوەر لە دروستکردنى رووداوەکانى بەشدارە لە رێگەى دابەشکردنى
کتێبەکە بە سەریاندا تا بیخوێننەوە و ڕاى خۆیانى لە سەر بدەن.
بەڕێوەبەرى شانۆى دۆسلدۆرف خاتوو( ئەمیلى نیرمایەر) کە دەرهێنەرێکى
شانۆیى ناسراوە لە ئەڵمانیادا پێیوایە ئەو شانۆگەریە ئەو شتانە
دەخاتەڕوو کە ئێستا جێ بایەخى کۆمەڵگەن، بەڵام مێژوونووسى ئابوورى (تۆماس
کاتشینسکى) کە کتێبەکەى مارکسى بڵاوکردۆتەوە بە زمانى ژمارەکان باس لە
دەقى شانۆگەرییەکە دەکات و دەڵێ:"بەشى یەکەمى چاپى ئەڵمانى کتێبى
سەرمایە 25 فەسڵە یانکو 750 لاپەڕەیە، بۆ ئەمەش تەنها 100 خولەکمان
بەدەستە تاکو نمایشى بکەین، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە هەر 4 خولەک بۆ
فەسڵێک یان هەر خولەکێک بۆ حەفت لاپەڕەو نیوى کتێبەکە تەرخانکراوە،
بەڵام لە رووى ناوەڕۆکەوە شانۆگەرییەکە باس لە یاساکانى بەرهەمهێنانى
سەرمایەدارى و ئاڵوگۆڕى کاڵاکان دەکات". دەشێ بگوترێ کە تیمى ناوبراو
لە رێگەى کارەکانییەوە ژیانى وەبەر بەرهەمەکانى مارکس هێناوە و
ماددەیەکى تازەى خستە وارى ئەو مشتومڕەى ئێستاکە لەبارەى کار و سەرمایە
و بەختەوەرى و جیهانیبوون لە ئارادایە.
*سەرچاوە:
ئینتەرنێت
|