په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٧\٣\٢٠٢٦

بازاڕی بێدەنگەکان لە جەنگی ئەمەریکا-ئیسڕائیل و ئێراندا.


ئەرسەلان مەحمود      


جەنگ لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، پێدەنێتە هەفتەی سێیەم. فڕۆکە ئەمەریکی و ئیسرائیلییەکان ئێران دەکوتن، مووشەکی ئێرانیش ئیسڕائیل و بنکەکانی ئەمەریکا و کەشتییەکانی کەنداو، جیهان تەماشا دەکات. بەڵام تەماشا لەم جەنگەدا کردەیەکی بەدەر نییە، بۆ هەندێک لایەن، بێدەنگییەکە خۆی لە خۆدا ستراتیژیکە. جەنگەکە دوو لایەن نییە، ئەمەریکا - ئیسرائیل لایەک و ئێران لاکەی تریەتی، بەڵام سێیەم و چوارەم و پێنجەم لایەنیشی هەن - ڕووسیا، چین و ئەوروپا، هەریەکەیان جیاوازتر سودبەری جەنگەکەن.

ڕووسیا - جەنگی ئەوانی دیکە و نەوتی خۆمان.


مۆسکۆ، نیگەرانە. لە بەیاننامەیەکدا، جەنگەکە بە کردەوەی سەربازی دژ بە دەوڵەتێکی سەربەخۆ ناودێر دەکات. بەڵام لە پشت ئەمەوە، پووتن بەخۆشحاڵییەکەوە بەدواداچوون بۆ هەواڵەکان دەکات. بۆچی؟ چونکە هەر کردەیەک ناسەقامگیری لە تەنگەی هورمزدا زیادبکات، نرخی نەوت بەرز دەکاتەوە. ڕووسیا یەکێک لە گەورەترین هەناردەکارانی نەوتی جیهانە. بەردەوامبوونی جەنگ واتە زیادبوونی داهاتی کرملین، لە کاتێکدا ئابووریەکەی لەژێر گوشاری ڕۆژئاوادایە و سوپاکەی لە ئۆکرانیا خەریکە جەنگە.

هەڵبەتە بەرژەوەندیی ڕووسیا تەنها لە نرخی نەوتدا نییە. ئەمەریکا بە درێژایی ماوەی جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا، زانیاری داوەتە ئۆکرانیا بۆ بە ئامانجگرتنی ڕووسیا، تەنانەت هەندێجار نزیک شوێنەکانی نیشتەجێبوونی خودی پووتن. ئێستا ڕووسیا هەمان ئەو کارە بەرامبەر بە ئەمەریکا دەکات: زانیاری لەسەر شوێنی کەشتیی و فڕۆکەکانی ئەمەریکا لە خەلیج بە ئێران دەدات. ئەمە تۆڵەسەندنەوەیەکی ستراتیژییە، بەبێ ئەوەی سەربازێکی ڕووسی تەققەی تێدا بکات. هەروەها تەقاندنی هەر مووشەکێکی ئەمەریکی لە ئێراندا، واتە کەمبوونەوەی چەکەکانی ئەمەریکا لە هەموو جیهاندا، ئەوە بۆ ڕووسیا لە ئۆکرانیا، هەواڵێکی خۆشە.

چین، تاقیگەی زیندووی سەربازی لە ئێران.


پەکین، داوای ڕاگرتنی تاکلایەنەی ئۆپەرەیشنەکان و بانگەشەی ڕێزگرتن لە سەروەریی ئێران دەکات. بەڵام لە ڕاستیدا، هەڵسەنگاندنێکی سەروتری هەیە. ئەم جەنگە بۆ پەکین بەبێ تێجوویەکی ماددی تاقیگەیەکی زیندووی سەربازییە و تێیدا دەتوانێ ئاستی چەکەکانی بەرامبەر هێزی سەربازی ئەمەریکا ببینێت. ڕادارە پێشکەوتووەکانی بۆ ئێران هاوردە کردووە، سیستەمی ناڤبەری BeiDou ـی چینی لە جێی GPS ـی ئەمەریکایی دانراوە، مووشەکە دژە کەشتییەکانی هەروەتر، هەمووی ئێستا لە مەیدانی ڕاستەقینەدا تاقیدەکرێنەوە. هەمانکات، ناتوانێ بە ئاشکرا لە پشت ئێرانەوە بوەستێ. شی جینپینگ چاوی لەسەر کۆبوونەوەکەیەتی لەگەڵ ترامپ لە پەکین، پەیوەندیی بازرگانی چین لەگەڵ ئەمەریکا سەدان میلیارد دۆلار زیاترە لە بەرژەوەندییەکانی لەگەڵ ئێران. ئەگەر چین ببێتە لایەنگری ئاشکرای ئێران، مەترسی سەرهەڵدانی جەنگی بازرگانی تازە لەگەڵ ئەمەریکا دەهێنێتە ڕۆژەڤەوە. بۆیە یارمەتی نهێنی بژاردە کردوە، بە ئاشکرا بێلایەن ماوەتەوە.

هەڵبەتە خاڵێکی قووڵتریش هەیە: چین نزیکەی ١٣ لە سەدی نەوتی ڕێگەی دەریایی لە ئێرانەوە بۆ دێت. داخرانی تەنگەی هورمز بەڕوویدا ڕاستەوخۆ لە وزەی چین دەدا. بێدەنگیی چین بێدەنگیی واتادارە نەک ڕازیبوونی - بێدەنگیی خەمڵێنراوی نرخ و سوودە: نرخی ڕاستەوخۆ باجەکەی بەرزە، بەڵام بەردەوامبوونی جەنگ بەبێ بەشداری ڕاستەوخۆ، خەرجییەکەی کەمترە.

ئەوروپا و نەتەوە یەکگرتووەکان: شکستی دامەزراوەکان.


ئەگەر بێدەنگیی ڕووسیا و چین خەمڵێنراوبن، بێدەنگیی ئەوروپا شەرمەزارییە. لە سەرەتای ئەم جەنگەوە، سەرکردەکانی ئەوروپا گوێچکە و چاویان لەم دۆخە داخستووە، نە ئامادە و نە ڕاوێژکارن تێیدا. ئەمەریکا ئۆپەرەیشنە سەربازییەکەی دەستپێکرد، بێئەوەی ڕاوێژ بە بریتانیا و هاوپەیمانانی ئەوروپایی بکات، تەنها چاوەڕوانیی بەکارهێنانی بنکەکانیان و پشتیوانیی سیاسییان بوو.

زۆرینەی شارەزایانی یاسای نێودەوڵەتی هاوڕا و کۆکن لەسەر ئەوەی ئەم جەنگە یاسایی نییە. هیچ سەرکردەیەکی ئەوروپایی ناتوانێ بڵێت یاسایییە. بەڵام هیچکامیشیان ئازایەتی ئەوەیان تێدا نییە بە ئاشکرا بڵێن نایاسایییە. بۆچی؟ ئۆکرانیا وڵامەکەیە. بریتانیا و ئەوروپا دژ بە ڕووسیادا پێویستیان بە پشتیوانیی ئەمەریکا هەیە، ئەگەر بە ئاشکرا دژ بە ترامپ بوەستنەوە لەسەر ئێران، ئەو پشتیوانییە دەکەوێتە مەترسییەوە. هەر بۆیە هەوڵدەدەن هەردوو لایەنی سکەکە بپارێزن، هەم ڕەخنە لە ئێران دەگرن و هەم داوای ئارامکردنەوەی دۆخەکە لە ئەمەریکا دەکەن، ئەم هەڵوێستە هیچ کەسێکی لێرە و لەوێ دڵخۆش نەکردووە.

دابەشبوونی ناوخۆیی هەر لە یەکەم ڕۆژەوە دیار بوو. ئیسپانیا ئاشکرا وتوویەتی: ئەم ئۆپەرەیشنە پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکانە. ئەڵمانیا دەڵێت: ئێران ڕێژیمێکی تیرۆریستییە. هۆڵەندا شتێکی تر دەڵێت: یاسای نێودەوڵەتی چوارچێوەیەکی بۆ تێگە و لێکدانەوەی ئەم بارودۆخە نییە و پێویستە ڕیالیست بین. بەلجیکا دەڵێت: سروشتە نایاسایییەکەی پێویستە لە بەرامبەر بنەمای ڕاستییەکەدا هەڵسەنگێنرێ. ئەرێ ئەمە هەر هەمان ئەو بریتانیا و ئەوروپایەن بانگەشەی نیزامی بنەمایی یاسای دەکەن؟

نەتەوە یەکگرتووەکان هەمان شکستی لوتکەیی دەنوێنێ. ڕووسیا و چین داوای دانیشتنی فریاکەوتنی ئەنجوومەنی ئاسایشیان کرد. دانیشتنەکە ئەنجامدرا، قسەکان کران، بەڵام هیچ نەگۆڕا. بۆچی؟ لەبەرئەوەی ئەمەریکا، وەک ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایش، مافی ڤیتۆی هەیە. ئەو هێزەی جەنگ دەکات هەمان ئەو هێزەیە دەتوانێ هەر بڕیارێک لە بەرژەوەندیدا نەبێت بلۆک بکات. ئەمە نوکتەیەکی سادە نییە، ئەمە شکستی دامەزراوەییە. ئەو دامەزراوەیەی قەرار بوو ئاشتیی جیهانی بپارێزێت، خۆی بووەتە ئامرازی یاسایی بۆ ئاسایی قبوڵ کردنی جەنگ و بێدەنگبوون لە بەرامبەریدا.

ئەوەی لە جەنگەدا جێگە و پێگەیەکی سودبینی دیاری نییە، خەڵکی ئێران و گەلانی ناوچەکەن. ئەو خەڵکانەی ساڵەهای ساڵە دژبەری ڕێژیمە سەرکوتکار و ناوەندگەراکانی وەک ئێرانی ئیسلامی و ناوچەکەن. ئەو خەڵکانەی نەتەوە یەکگرتووەکان ناتوانن چیان بۆ بکەن، ئەو خەڵکانەی هیوابڕاو بوون لە ڕووسیا و چین. ئەو خەڵکانەی چاوەڕوانی بنەمای بابەتی و یاسایان لە ئەوروپا و بریتانیا هەبوو، بەڵام خۆیشیان نەیانزانی لەسەر کام بنەما بوەستن.

ئەم جەنگە لە ڕاستیدا تەنها جەنگی ئەمەریکا و ئێران نییە. ئەمە تاقیگەیەکی دەقیقە بۆ ئەو نیزامە نێودەوڵەتییەی دوای جەنگی دووەمی جیهانیی دروستکراوە. ئێستا لە جێگەی خۆیدایەتی پێکەوە پرسیارێک لە خۆمان بکەین: ئەگەر یاسای نێودەوڵەتی تەنها کاتێ جێبەجێ دەکرێ لە بەرژەوەندی بەهێزەکانە، ئایا ئەوە یاساییە یان تەنها ئامرازی دەسەڵاتە؟ وڵامەکە زۆر قووڵ و قورس نییە، ڕێک لە پرسیارەکە خۆیدایە.

 

ماڵپه‌ڕی ئه‌رسه‌لان مه‌حمود

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک