په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٤\١\٢٠١١

بازرگانێک  فێڵ له‌ چه‌ند حیزبێک ده‌کا.

شوان سدیق    

 

سکرتێری بزووتنه‌وه‌ی دیموکراتی گه‌لی کوردستان: ده‌ هه‌زار دۆلارم داوه‌ به‌و بازرگانه‌، که‌ مانگانه‌  هه‌زار دۆلار قازانجم بداتێ، به‌ڵام پاره‌که‌ی خوارد.
سه‌رچاوه‌یه‌ک له‌ بزووتنه‌وه‌ی دیموکراتخوازانی کوردستان: ئه‌و بازرگانه‌ پێنج ده‌فته‌ر دۆلاری حیزب و که‌سوکاری جێگری سکرتێری حیزبی خواردووه.


بازرگانێکی خەڵکی رۆژئاوای کوردستان، بەناوی قازانج پێدان "فێڵ" لە چەند بەرپرسێکی حیزبی و کەسوکاریان دەکات و زیاتر لە ٦٠ ھەزار دۆلاریان لێ وەردەگرێت، بەڵام نەک سودیان پێنادات بەڵکو ئەو پارەیەشی وەری گرتووە، ایگەرێنێتەوە بۆ یان.

ھاوڵاتییەکی خەڵکی کوردستانی رۆژئاوا، بە مەبەستی کاری بازرگانی لە کوردستان، لەبەرامبەر قازانج وەگرتن، پارە لە چەند کەسێک وەردەگرێ و دواتر نایانداتەوە. لە نێو ئەو کەسانەش سکرتێری حیزب و براو خاڵۆزای جێگری سکرتێری حیزبیشی تێدایە.

یەکێک لەو کەسایەتیانە (خدر رووسی سکرتێری گشتی بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان)ە، کە ئەو بڕە پارەیەکی لەلایەن ئەو بازرگانەوە خوراوە، لەو بارەوە (خدر روسی). راگەیاند "دوای ئەوەی گفتوگۆمان کرد لەسەر دیاریکردنی مەبلەغە دۆلارەکە، لەگەڵ ئەو پیاوە بازرگانە، بڕیارمدا (١٠)ھەزار دۆلای پێ بدەم، بەڵام لەبەرانبەر ئەو (١٠) ھەزار دۆلارەی کەپێم دابوو، مەرجمان ئەوەبوو، کە مانگانە (١٠٠٠) دۆلارم وەک قازانج پێبدات، چونکە من بەخێری خۆم پارەم نەداوە بەوپیاوە، تەنیا بۆ قازانج وەرگرتن نەبێت"، ناو برا ئەوەشی گوت "پێشتر ئەو کابرام زۆر نەدەناسی ئەوەی وایکرد پارەی پێبدەم زیاتر عەتف و خۆش باوەڕی خۆم بوو، ئەگەرنا من ئەو کابرا بازرگانەم پێشتر نەناسیوە".

ھەر بەپێی زانیارییەکان، ئەو بازرگانە ٥ دەفتەر دۆلاری لە بزووتنەوەی دیموکراتخوازانی کوردستان و چەند کەسێکی نزیک لە جێگری سکرتێری ئەو بزووتنەوەیە وەرگرتووە. سەرچاوەیەک لە بزووتنەوەی دیموکراتخوازانی کوردستان، راگەیاند "ئەو بازرگانە پێنج دەفتەر دۆلاری لە برادەرانی ئێمە وەرگرتووە، ئەو پارەیەش زۆرینەی ھی چەند کەسێکە، کە زیاتر پەیوەندی و خزمایەتیان لەگەڵ جێگری سکرتێری حیزب ھەبووە"، ھەمان سەرچاوە ئەوەشی ئاشکرا کرد "کە پارەکە دوو دەفتەر (٢٠ ھەزار دۆلار) ھی برایەکی جێگری سکرتێری حیزبە و (١٠ ھەزار دۆلار)ی ھی کوڕە خاڵێکی تری جێگری سکرتێری حیزبە. وەک باسیکرد ئەو بازرگانە پارەی حیزبیشی بردووە، کە تەنیا (٥)ھەزار دۆلارێک بووە".

(ب، ب)ی تەمەن (٤١) ساڵ، ئەو بازرگانەی کە خەڵکی، رۆژئاوای کوردستانی وڵاتی سوریایە و ماوەیەک لە ھەولێر نیشتەجێبووە، بەڵام دواتر دەچێتە شاری سلێمانی نیشتەجێدەبێت. ئاشنایەتی (ب، ب)ی بازرگان، لەگەڵ ئەو بەرپرسە حیزبییانە دەگەڕێتەوە، بۆ چەند ساڵێک بەر لە ئێستا وەک سکرتێری بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان، ئاماژەی بۆ دەکات، کاتێک ئەو (ب، ب)ی ناسیوە، وەک ھاوڵاتییەک، لە رێگای چەند کەسێکی تر ئەوەی ناسیوە."پێشتر ئەو برادەرەم ھەر نە ناسیوە، بەڵام دواتر لە رێگای چەند کەسێکەوە ناسیم وتی پێویستم بە پارەیە بۆ کاروباری بازرگانی لەبەرامبەریشسدا قازانجت پێدەدەم منیش رازیبووم، ئەو مەبلەغە دۆلارەم پێدا".

ئەو سکرتێرەی گشتی بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان، روونیشکردەوە "دوای ئەو ھەموو و مەرجە، کە بڕیار وابوو مانگانە (١٠) وەرەقەم پێبدات، بەڵام تەنیا دوو مانگ پارەکەی داپێم دواتر ھەر نەمزانی چی بەسەر ھات، برادەرانی حیزب چەند جارێک لە سلێمانی بینیبوویان دەیانگوت باخۆمان دەسگیری بکەین، من نەم دەھێشت پێم عەیب بوو چونکە دەموت با پۆلیس دەسگیری بکات".

بەگوتەی ئەو بەرپرسەی بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان، ئەو بازرگانەی کە "فێڵ"ی لێ کردوون، ماوەی مانگێکە لەلایەن پۆلیسەوە لە شاری کۆیە دەسگیرکراوە، خدر رووسی سکرتێری ئەو بزووتنەوەیە گوتی "تەنیا ئەوەم دەوێ پارەکەم بۆ بگەڕێنێـتەوە"، سەرچاوەکەی بزوتنەوەی دیموکراتخوازانی کوردستان، ئەویش رایگەیاند "ئەو کەسانەی کە پارەیان خورادوە، ھیچ دووژمندارییەکیان لەگەڵ ئەو بازرگانە نییە، تەنیا ئەوە نەبێت، کە پارەکەیان بۆ بگەڕێنێـتەوە".

لە ‌رووی یاساییەوە ئەو جۆرە پارەخوادن و تاوانە دەچنە خانەی فێڵکردنەوە، لەو بارەیەوە ئەیاد ئیسماعیل کاکەی سەرۆکی لقی ھەولێری سەندیکای پارێزەرانی کوردستان، گوتی "بەپێی یاسای سزادانی عێراقی ئەو جۆرە تاوانە فێلکردن و ماددەیەکی یاسایی ھەیە، بەناوی "احتیال" کە تۆمەتبار بەدەرچوو لەیاسا و گواستنەوەی سیقەی خەڵک بۆ بەرژەوەندی خۆی تۆمەتبارە، ئەوکەسەی فرتوفێڵی لێ کراوە، دەتوانێت سکاڵا تۆمار بکات، دادگای لێکۆڵینەوەش ئیفادە وەردەگرێ و دواتر رەوانەی دادگای کەتن دەکرێت، کە سزای لە پێنج ساڵ کەمترە، ئەگەر ئەو کەسەی فرت و فێڵی کردووە، یەکەم جاری بێ و خێزان و منداڵی ھەبێت، ھەرچەندە دوا بڕیار بۆ حاکمەکە دەگەرێتەوە، بەڵام سزاکەی کەمترە، رەنگە ٦ مانگ تا ساڵێک بەند بکرێت، لەگەڵ ئەوەش کەسی مافخوراو پێویستە پارەکەی بۆ بگەڕێنرێتەوە"، سەرۆکی لقی ھەولێری سەندیکای پارێزەرانی کوردستان ئەوەک خۆی ئاماژەی بۆکرد "ئەگەر کەسی تۆمەتبار خەڵکی دەرەوەی کوردستان بێ و پیشەی بازرگانی بۆ کاری ساختە بەکار ھێنابێت، ئەوا سزاکەی زیاتر دەبێت".

لە دوای راپەڕینەوە زۆرێک لە سەرکردەی حیزبە سیاسییە کوردستانییەکان، سەرقاڵن بەکاروباری بازرگانی ھەریەکە لە پارتی و یەکێتـی لە ئێستادا، خاوەن گەورەترین کۆمپانیا و ھێڵە بازرگانییەکانن لە کوردستان، وەک چۆن کۆمپانیای نۆکان لە سلێمانی کۆمپانیایەکی تایبەتە بە کەرتی وەبەرھێنان و بوارە جۆربەجۆرەکانی بازرگانی لە کوردستان و عێراق، بە ھەمان شێوە کۆمپانیای وەبەرھێنانی پارتی ھاوشێوەی کۆمپانیای نۆکانە لە دھۆک و ھەولێر، کاری بارزگانی دەکات. زۆرجاریش کێشەوگرفتیان بۆ دروست بووە، کە لە ماڵپەڕ و ئۆرگانەکانی راگەیاندنەکان، کێشەکانیان زەق کراوەتەوە".

خدر قادر، کە بە مام خدر ناسراوە، دوای ئەوەی لە ساڵانی (١٩٧٢) بۆ ماوەی ساڵێک سەردانی وڵاتی رووسیای کردووە، لەو کاتەوە، ناز ناوی (خدر روسی) ھەڵگرتووە. دەربارەی کاری بازرگانی بەرپرسە سیاسییەکان لە کوردستان، ئەو نایشارێتەوە کە خەریکە سیاسیەت و بازرگانی تێکەڵ بە یەک ببێت. خدر رووسی ماوەی چەند ساڵێکە سکرتێری بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستانە، لە ساڵی (١٩٩٥) لە حیزبی شیوعی جیا بۆتەوە. وەک خۆی گوتی "من خۆم کابرایەکی فەلاحم و لە دەشت و دەر خەریکی کاری ئاژەڵداریم، بەڵام ئێستا سیاسیەت و بازرگانی خەریکە وای لێ بێت جیانەکرێتەوە چونکە ھەندێک لە بەرپرسەکان خەریکی کاورباری بازرگانین".

 

ماڵپه‌ڕی شوان سدیق