١٨\٣\٢٠١٣
بازرگانێتی بە
بریندارەکانی چەکی کیمیاییەوە رسوایی و شەرمە.

جیهاد محەمەد
لە ماوەی چەند هەفتەی پێشوودا بابەتێکم لەسەر قایمقامەکەی چەمچەماڵ
نووسی کە دەڵێ: شەش کەس بە هۆی کەمتەرخەمی پزیشکەکانەوە گیانیان
لەدەستداوە، بەڵام ئەم بێ دەنگیی لێکردوە، چونکە دیارە هیچ کەس لەو شەش
کەسە نە خزمی قایمقام بوون، نە دۆست و ناسیاوی بوون، کەچی لەسەر
دواکەوتنی بەدەنگەوەچوونی نەخۆشێک کە پێدەچێ خزمی بێ یان دۆست و
ناسیاوی بێ یان سەر بە خێڵەکەی بێ پزیشکێک دەداتە بەر بۆکس و سەروچاوی
دەشکێنێ. بە بەراوردێک ئەم بابەتەم نووسی لە نێوان ئەو قایمقامەی
چەمچەماڵ و قایمقامێکی ئەو شارەی کە تیایدا دەژیم لە نەرویج، کە چۆن بە
دڵێکی فراوان و بەوپەڕی سۆز و ڕێزەوە لە کاتی پشووی هەفاتەنی خۆیدا
پێشوازیلێکردم بۆ کارێکی (ناوەندی چاک) و خزمەتێک بە شارۆچەکەی هەڵەبجە
و کەیسی کیمیابارانی ئەو شارە خۆشەویستەو، داواکەی لێوەرگرتم و
پەیمانیشی دا کە بۆم بگەیەنێتە کاربەدەستانی سەروو خۆیەوە ئەگەر خۆی
بۆی جێبەجێ نەکرا.
لەم نووسینەشمدا دەمەوێ بەراوردێک بکەم لە نێوان هەڵوێستی قایمقامی
ئێستای شارۆچکەی هەڵەبجەدا و هەڵوێستی عەقیدی فڕۆکەوان (ئایدن مستەفە
حەمید)دا.
بە گوێرەی هەواڵەکان، قایمقامی ئەو شارە
بریندارە تاوانڵێکراوە پەیمان دەدات بە ٢ برینداری چەکی کیمیایی کە لە
تاو ئازار و ناڵەی ٢٥ ساڵ بەدەست برینەکانیانەوە دەیانەوێ خۆیان
بگەیەننە (نوری مالکی) بۆ ئەوەی چارەسەری برینەکانیان بکات، هەڵبەت
دوای ئەوەی کە دەیان جار داوایان پێشکەشکردوە چ لە رێگەی خۆیانەوە و چ
لە رێگەی رێکخراوەکانی مەدەنییەوە بۆ قایمقام و حکومەتی هەرێم کە
چارەسەرێکیان بۆ بکەن، بەڵام ئاوڕێیان لێنەداونەتەوە و وەڵامیان
نەداونەتەوە. کەچی لە کاتێکدا کە پێیانزانی ئەم بریندارانە هانا بۆ
نوری مالکی دەبن، خێرا دەچن و پەیمانیان دەدنێ کە نەچن بۆ لای ئەو (دوژمنە)
و خۆیان چارەسەریان دەکەن!
بۆچی جەنابی قایمقام، زووتر بۆ ئەم هەستەت
نەبوو بەرامبەریان؟ بۆچی چاوت بریندارانی چەکی کیمیایی نابینێ؟ بۆچی
گوێت کەڕە و گوێت لە ناڵەی بریندارانی چەکی کیمیایی ئەو شارە نییە کە
کاتێک جەنابت بوویە قایمقام و مەلا کۆنەپەرستەکانی هەڵەبجە بە ناوی
ئەوەی کە تۆ موسڵمان نیی و کاکەیی، لە مزگەوتەکانەوە رایاندەگەیاند کە
نابێ کاکەییەک بکرێتە قایمقام، بەڵام دەیان و سەدان و هەزاران لە خەڵکی
هەڵەبجەی بریندار دەنگیان بە تۆ دا و دژی کۆنەپەرستیی بوون لە و شارە
شارستانییەی کە سەردەمانێک ناونرابوو مۆنتیکارلۆی کوردستان. هەموو
وەفاکەت ئەمەیە بۆ برینداران کە بۆ بازرگانێتی و خۆنواندنی خۆت نەبێ
لای سەرۆکی حکومەتەکەت کە دەیان پەیمانی درۆی دا بە هەڵەبجەییەکان و
هیچی جێبجی نەکرد، بریندارەکانی هەڵەبجەت بیرناکەوێتەوە!. ئەی ئەم دوو
بریندارە کە ئەمڕۆ پەیمانییان پێدەدەی بە مەرجێک نەچن بۆ لای نوری
مالکی خۆت دەیانێری بۆ چارەسەر هەمان دوو بریندار نیین لەو دەیان
بریندارەی کە ساڵانە بەدەم ئازارەوە گیان لەدەستدەدەن؟
مەخابن کە قایمقامی وەک تۆ، لەسەر کەیسی هەڵەبجە بانگهێشتی لە
ئەمەریکاوە بۆ دێ، ئەم گەشتوگوزار و بانگهێشتانەتان پێ حەرام بێ، لەسەر
حسابی بازرگانێتیکردن بە بریندارن و ژەهربارانکردنی ئەو شارەوە ساڵانە
بۆ ئەم وڵات و ئەو وڵات دەڕۆن و بریندارانی چەکی کیمیایی وەک (بەهمەن
عومەر و چیمەن عەلی) دەبێت بەدەم برینەکانیانەوە گیان لەدەستبدەن. ئەم
نادادپەروەریی و بێ باکیی و خەمساردییەتان کردوە بە خەسڵەتێکی ئاسایی
رۆژانەتان.
مەخابن کەسی وەک تۆ بێ باک و خەمسارد دەکرێت بە قایمقامی ئەو شارە و
پیاوێکی سەربەزری بە هەڵوێستی وەک (ئایدن مستەفا حەمید) کە رەتیکردەوە
سەرۆکایەتی ئەو تیمە فرۆکەیە بکا کە هەستان بە ژەهربارنکردنی هەڵەبجە و
لەسەر ئەو هەڵوێستە جوامێرانەیی لە سیدارەدرا. بەڵام تاوانبار (تاریق
ڕەمەزان) لە جیاتی (ئایدن مستەفا) بەو کارە هەستا و سەرۆکایەتی تیمی
فرۆکەوانی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەی کرد. ئایدن مستەفا حەمید
لەبیردەکرێ و ناوی ناهێنرێ لای تۆی قایمقام و حکومەتەکەتەوە، بەڵام
تاریق ڕەمەزان بە ئەمری جەلال تاڵەبانی سکرتێری حیزبەکەی تۆ ئازاد
دەکرێ و دەفرۆشرێتەوە بە دەستگا موخابەراتییەکانی بەریتانیا، ئەمەیە
هەڵوێستی دزێوی ئێوە بەرامبەر بە گەل و نیشتیمان.
من وەک هاوڵاتیەکی کورد، وەک مرۆڤێک، وەک کەسێک کە هەمیشە لەسەر کەیسی
جینۆسایدی گەلەکەمان کار دەکەم و ئیدانەی دەکەم و لە خەمی ئەوەدام گەلی
کورد بگاتە ئاستێک کە دڵنیابێ جارێکیتر تاوانی وای بەرامبەر نەکرێ، بە
توندیی ئیدانەی ئەو هەڵوێستەی تۆی قایمقام و حکومەتی هەرێمی کوردستان
دەکەم و شەرمەزاریی و رسوایی بۆ هەموو ئەوانەی بازرگانێتی بە
هەڵەبجەییەکانەوە دەکەن.
ماڵپهڕی جیهاد محهمهد کهریم
|