بەئاگاهاتنەوەى
دێوەزمەکە دواى دۆخى سڕبوون !

کاروان نەجمەدین
ئەو دێوەزمەیەى کە لە دوو مانگ و چەندڕۆژى ڕابردوودا لەهەوڵى
چڕوپڕدابوو بۆ خنکاندنى ئازادى،هەمووڕۆژە لە فرسەتێک دەگەڕا تا
دواگورزى یەکلاکەرەوە لە ئازادى ڕادەربڕین بوەشێنێت لەشکرکێشى حکومەتى
تورکیا نەبو بۆسەرسنورەکان ، یان هەڕەشەى حکومەتە داگیرکەرەکان و
مەرامى دەوڵەتانى ناوچەکە لەکوردستان .
بەڵکو هەوڵو هەنگاوەکانى پەڕلەمانى کوردستان بوو بۆسەپاندنى یاسایەک
بەسەرخەڵکى کوردستاندا کەتروسکاییەک بۆ ئازادیەکانى خەڵک ناهێڵێتەوە ،
تا ئەوجێگایەى لەڕوانەگەى دیفاع لە ئازادى ڕادەربڕینەوە تەماشاى بکەین
یاسایەکە بەقازانجى بەرەى کۆنەپەرستى کۆمەڵگا و قەڵغانى بیرى
تایەفەگەریە ، یاساى دڵخوازى ئەولایەنانەیە کە ئەو ئاستەنگ و ڕێگرى و
پێشێلکاریانەى ڕوبەڕوى ڕۆژنامە و ڕۆژنامەنووسان هەیە و دەکرێت بەکەم
دەزانن و لە هەوڵى نەخشەسازی و بەیاسایى کردنەوەى خنکاندنى ئازادى
ڕادەربڕیندان .
دواى ئەوەى
سەندیکاى ڕۆژنامەنووسان لە بەجێهێنانى واجبەکەیدا سەرباز ئاسا کارى خۆى
بەجێگەیاند و هیچ نهێنیەکى پشتى پەردەى نەهێشتەوە و پڕۆژەیاسایەکى دژى
ئازادى خستە بەردەم پەڕلەمان ، لەیەکەمین ڕۆژەکانى گفتوگۆى ناو هۆڵى
پەڕلەمانەوە دێوەزمەیەک کەوتە هەڕەشەکردن لە زمان وقەڵەمى
ڕۆژنامەنووسان کە خودى پەڕلەمان بوو ، خۆشبەختانە بەوجۆرە سەرکوتکردنى
ئازادى کە پەرلەمان و سەندیکا ویستى نەیانتوانى بە ئاسانى
بۆیانبچێتەسەر چونکە لەسەرەتایترین ڕۆژەکانى سەرهەڵدانى پڕۆژەکەى
سەندیکا و هەوڵەکانى پەڕلەمان کەوتنە بەر لێشاوى ناڕەزایەتیەکانى
ئازادیخوازانى کوردستان .
بەهاتنى پشوى زستانەى پەرلەمان کە ئەو دوومانگەیە شانۆى سیاسى دوردەبێت
لە نمایشکردنەوەى هەمان ئەو سیناریۆیانەى لەکوردستان بەردەوامیان هەیە
و لەژێرناوى پەرلەمان و حکومەتدا دوکەڵ دەکاتە چاوى خەڵکو بە
هەراوهوریاى ناسیۆنالستى خەریکى ئاخنینى گوێچکەى خەڵکن ، دەورەى پشوى
ئەم زستانەى پەرلەمانى کوردستان جیاوازیەکى تایبەتى هەیە ، ئەویش پشوە
بەدیار دواین هەناسەى ئازادى ڕادەربڕینەوە کە لە چوارچێوەى
پڕۆژەیاسایەکدا لەبەردەم دوژمنانى ئازادیدا کەلەپچە کراوە ، سەرەڕاى
ئەوەى کە لەبەرانبەر هەوڵو هەناگاوەکانى پەڕلەماندا بۆ سەرکوتى ئازادى
ڕیزێکى فراوان لە کۆمۆنیستەکان و ئازادیخوازانى کوردستان هاتنەمەیدان و
پیشانیاندا کە ئازادى لەکوردستان خاوەنى هەیەو خنکاندنى بە
دامەزراوەکانى دەسەڵات لەژێرناوى "سەندیکا" و" پەرلەماندا" کارێکى
ئاسان نیە ، بەڵام بە سڕبونى ئەودێوەزمەیەى کە بەسەردڵى ئازادیەوە
وەستاوە ، بە پشوى ئەودەستەبەرزانەى کە مێژویەکە بۆ لەسێدارەدانى
ئازادى بەرزکراونەتەوە ، بزوتنەوەى ئازادیخوازى و بەرپەرچدەرەوەى هێرشى
دژى ئازادیش خەریکە پشو بەخۆى دەدات و چاوەڕوانى دەستبەکاربونەوەى
پرۆسەى لەسێدارەدانى ئازادیى ڕادەربڕینە ، کە بەبڕواى من لەتوانای و
بەرەوپێشچونى هەوڵى بەرەى ئازادیخوازى کوردستان بۆ دیفاع لە ئازادیى
ڕادەربڕین و بەشکست هێنانى نەخشەیەک کە ئەحزابى دەسەڵاتدارى کوردستان و
پەرلەمانەکەیان بەدەستیانەوەیە بۆ بەرتەسکردنەوەى ئەو( ئاوەڵایى)
ئازادیەى لە کوردستاندا بەدەستهاتوە کەمدەکاتەوە، وە پێویستە ئەوڕەوتەى
لە یەکەمین ڕۆژەکانى سەرهەڵدانى باسى بەیاسایکردنەوەى سەرکوتى ئازادیى
ڕادەربڕین دەنگى (نا)ى بۆ پڕۆژەویاساکەیان بەرزکردەوە و (بەڵێ)ى بە
ئازادى بێ قەیدوشەرت ڕاگەیاند بەسڕبونى وەرزى دێوەزمەى سەردڵى ئازادى
سست نەبێت و چاوەڕوان دانەنیشێت تا پەرلەمان دەست دەکاتەوە بە(کارى
ڕۆتین)ى خۆى ،چونکە هەمووئەو تەجروبانەى خەڵکى کوردستان هەیانە لەگەڵ
ئەو پەرلەمانە شاهیدى ئەوەن کە ڕۆژێک لەڕۆژان بڕیارێکى ئەوپەرلەمانە
نەک بەقازانجى ئازادى نەبوە بەڵکو ڕاستەوخۆ دژایەتى خۆى ڕاگەیاندوە
لەبەرامبەر ئازادیدا ، باشترین نمونەش دەنگى بەرزى پەرلەمانبوو بە
داخستى ڕۆژنامەکان ئەگەر بانگەشە بۆ مانگرتنو ڕێپێوان بکەن کە ئەوان بە
توندوتیژى ناوى دەبەن، وە ئەوانەش سەرەتایترین ئازادیەکانى خەڵکن ،
ئەمە بێجگە لەوەى کە بە سڕبونى پەرلەمان کۆمەڵگا لە هەندێک لەو
دڵەڕاوکێیانە نەجاتى دەبێت کە هەمووڕۆژە پەڕلەمان دەیانکات بەنسیبى
خەڵکوو زەوتکردنى مافو ئازادیەکانیان ، ئێستاش لەپەیوەند بە سەپاندنى
یاساى دژى ڕۆژنامەگەرى دەبێت ئەوە بزانین کە ئەم دەورەیە تەواو دەبێت و
جارێکى دیکە ئازادى بەنیوەگیانەوە فڕێدەدەنە ناو ساحەى پەرلەمانێکەوە
کە تائێستا دەستى لە بینەقاقایدایە ، هەمان شێوەى بەرلە پشوو دەکەونەوە
شەنو کەو کردنى تا هەناسەى لێدەبڕن .
بۆیە هەمووپیشبینیەکان لە بەرانبەر کارکردى پەڕلەماندا ئەمڕۆ
لەهەمووکات زیاتر پێویستى بەهێزکردن و یەکڕیزى و هاتنەمەیدانى سەراسەرى
ئەوبەرەیەمان بۆ دوپاتدەکاتەوە کە لەبەرانبەر بەیاسایکردنى سەرکوتى
ئازادیدا دەورونەخشى جدى هەبوەو هەیە ، لەڕیزى پێشەوەیاندا
کۆمۆنیستەکان و ئەو ئازادیخوازانەى کە لەبەرانبەر نەخشەکەى سەندیکاى
ڕۆژنامەنووسان" و "پەرلەماندا" پەیگیرانە هاتنە مەیدان و سەرباى ئەوەى
پەڕلەمان سەر بەچى بەرەیەکەو گوێنەگرتنى بۆناڕەزایەتیەکانى خەڵک بەڵام
پیشانیاندا کە ئەوپاروەقورسە ئاسان بە قوڕگى پەڕلەمان و دەسەڵاتدارانى
کوردستاندا ناچێتەخوارەوە ، ئێستاش بەر لەبەئاگاهاتنەوى پەرلەمان لە
دۆخە سڕەکەى پێویستە ئەوبەرەیە خۆى ئامادەبکات بۆ بەرگرتن لە ئەگەرى
سەپاندنى ئەویاسا کۆنەپەرستانەیەى کە لە ماوەى داهاتودا پەرلەمان
دەیهێنێتەوەناو هۆڵەکەیان و جاریکى دیکە ئازادى دەسپێرن بە بەرزونزمى
ئەودەستانەى لە ئەنجامى پرۆسەیەکى قۆرخکردنى دەسەڵاتو ڕێکەوتنى
دوولایەنى سیاسى دژبەخواستەکانى خەڵک لە هۆڵێکدا کۆکراونەتەوە.
|