بە بێدەنگی
بۆتدەدوێم .

کهژاڵ ئیبراهیم خدر
1
ئەگەر یەکێ لێم بپرسێ
شعر بۆچاوی کێ دەڵێ ى
کەمانچەی دڵە شەیداکەت
بەچ ئاوازێ لێدەدەیت
چی پێ بڵێم کەمن هێشتا
نازانم بۆ خۆشم دەوێیت
کەمن هێشتا دەتپەرستم و
نازانم چیت ، نازانم کێیت
2
دەستێکم بدەیە، دەستێکم بۆتۆ
چاوێکتم بدەیە،چاوێکم بۆتۆ
لێوێکتم بدەیە، لێوێکم بۆتۆ
بادڵنیابم بەشێکی لەمن
بەشێکم لەتۆ
3
تۆ حەزت لەرەنگی زەردە
منیش هەروا
ئەو ساتەی کە خۆشم ویستی
کازیوەی بەیانیەک
هەردووکمانی لە ئامێزنا
4
کە باوکم مرد
دایکم بەرگی رەشی پۆشی
منی مناڵ
زۆر رقم لە رەنگی رەش بوو
کاتێ رەشی چاوانتم دی
هێندە شەیدای رەنگی رەشبووم
بەقەد رەشی چاوەکانت و
روخساری تۆ
وەکوو شەوە زەنگێکی رەش
تێکەڵ بەشەوقی مانگی تۆ
لەچاوانما بوون بە تابلۆ
5
دەڵێن داری چنار بەرناگرێ
باڵای تۆ چنارە و
چەندان ساڵە دەمی من
هەنگوین و بەرسیلەی لێدەدزێ
6
دەمەوێ دوای مردنم
لەنێو باوەشی تۆدا بمنێژن
چونکە بەهەشتێک نییە
لەباوەشی تۆ ئاسوودە تربێ و
دۆزەخێک نییە
وەک ئاگری خۆشەویستیت بمسوتێنێ
7
مانگ لەو بەرزاییەوە
دڵداری لەگەڵ شەپۆلەکان دەکا و
ئاو بەدەم رێگەوە
ماچی بەردەکان دەکا
من لە ژێر لێفەکەمەوە
بیر لەچاوەکانی تۆ دەکەمەوە
8
لەبەردەمتا
هێشتا هەر لە منداڵ دەچم
وەکوو شەوانی جەژن
یادگاریەکانت لای خۆم دەخەوێنم
بەیانیان گیرفانەکانم پڕ دەکەم
لە نوقڵی لێوت
9
دەزانی چەند رقم لەو سەرپۆشەیە
چونکە ئەو
رێگرە لەنێوان سەمای
پەنجەکانی تۆ و تاڵەکانی
قژی من
10
لەمناڵێکی نێرگز فرۆش دەچی
کەبەلاما تێ دەپەڕی
ئەم وەرزە دەبێ به بەهار
11
کەمن هێشتا لەبەردەمتا
ببم بەئاو
تۆش بۆ من ببە بەهەتاو
بمکە بەهەڵم
باهەردووکمان لە هەورێکا
کۆبینەوە
لەیەکتری جیا ئەبینەوە
12
کەئەتبینم
لەشووشەیەک گوڵاو دەچیت
بەسەرسەر و قژما دەپرژێت
بۆیە هەمیشە
بۆنی تۆم لێدێت
13
لەبەردەمتا مێروولەیەکی بچووکم
ئەگەر دەرگا و پەنجەرەش دابخەی
لەدرزێکەوە دێمە دڵتەوە
14
من سوێند دەخۆم
هەرگیز ئاگرت نەبینیووە
بۆیە هەست بەسووتانی رۆحم
ناکەیت
15
دەکرێ تۆ هەموو شتێ بی
من هیچ
دەکرێ من هەموو شتێ بم
بەڵام دەبێ لە تۆ بچووک
تر بم ؟!
Kazhal_3@hotmail.com
|