په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

بەبێ مۆنتاژ...!!!


بەشدار عه‌لی  


لەبەر ئەوەى مناڵانى شەهیدان و بەجێماوانى و ئەنفالى ناحیەى رزگارى ئەو هاوینەیان بەبێ ئاوى خواردنەوە بەرێکرد و لەم تەمموزە گەرمەدا چوار جار خۆیان نەشۆرى و لەشارى خەونەکانیش لە هەولێر چوار مەلەوانگەى تیا بوو،هەر مەلەوانگەیەک رۆژانە 2 جار ئاواکەى دەگۆڕدرا . بۆیە ئەو ووتارە بەبێ مۆنتاژ رستەکانى ریز دەکا !


لەبەر ئەوەى زانیومانە (600)قەرەوێلە بۆ نەخۆشخانەیەکى حکومى ئەومەملەکەتەى لاى خۆمان لەسەر گیرفان و بودجەى ساڵانەى ئێمە کڕدراوە،بەڵام دڵتان خۆش نەبێت ! لەسەر داواى بەرپرسێک کە نەخۆشخانەیەکى ئەهلى کردبویەوە هەر شەسەد قەرەوێلە بۆ ئەو پیاوە کاسبە چوو و نەخۆشخانەکەى پێ ئاوەدان کرایەوە و نەبویە قسمەتى مناڵانى هەژار،بۆیە ووشەکانى ئەو بابەتە مۆنتاژ ناکرێت !


لەبەر ئەوەى مناڵى بەرپرسێک لە قوتابخانە لەبەرچاوى مامۆستا و هاوپۆلەکانى بە سەد دۆلاریەک لووتى سڕى و دواتر خستیە ناو تەنەکەى زبڵەکە و مناڵانى ئێمەش دەبێت چاویان لە دووسەدوپەنجایەکى بریمەر بێت و باش دەشزانین ئەو سەد دۆلاریە بەشى هاوپۆلەکانیشى تیایە، بۆیە بەبێ مۆنتاژ قسەتان بۆ دەکەم.
لەبەر ئەوەى بەرێوبەرێکى گشتى ئەو حکومەتەى لاى خۆمان(52)گەڵاى رێکى واتە(5200)$ى لە دەعوەتێکى خزمان و دۆستانى لە شەقڵاوە لەسەر نەسریەى دائیرەکەى کردە وەسڵێک و بۆ مالیەى بەرزکردەوە و ئێمەش ژەمى دەرەوەمان هەر فلافلە ،بۆیە ئەو هەناسەیەى ئەو دێرانەى پێ نوسراوە مۆنتاژ قبوڵ ناکەن.
لەبەر ئەوەى وەزارەتێکى تازە دامەزراو لەیەکەم مانگى دەست بەکاربونیدا (128)ملیون دینارى لە چاککردنەوەى مۆلیدە و (257)ملیونیشى لە چاککردنەوەى سەیارە سەرف کرد بۆیە بەبێ مۆنتاژ قسەتان بۆ دەکەم.


لەبەر ئەوەى چەند فەیلەسوفێکى ترى ئەو وڵاتە کە پلەى بەرێوبەرى گشتیان هەیە،نازانن دوو کەڕت دوو دەکا بە چەند،بەڵام ناویان لەجێگاى محاسب و کارمەند و کادیرى عیلمى وەزارەتەکەیان نووسى و لە جێگاى ئەوان و لەسەرگیرفانى مناڵە هەژار و داماوەکان دوو هەفتە لە تورکیا گوزەراندیان،سەفەر بەرەکەت !


ئەو کۆمەڵە ووشەیە بۆیە مۆنتاژى نەما ،چونکە بەرپرسێک زیاتر لە (40)کەسى لە نوسینگەکەى خۆى وەستاندبوو ،گوایە کاکى بەرپرس کۆبوونەوەى هەیە،بەڵام خۆم بۆ نەگیراو خۆم کرد بە ژوورەوە لەگەڵ خانمێکى ناسک قاوەیان دەخواردەوە،دەک نۆشى گیانتان بێت بەرپرسانى وڵاتەکەم،لەوڵاتێک کە چاودێرى و لێپرسینەوە و بەدواداچوون نەبێت و دز و خاوەن ماڵ لەیەکتر جیانەکرێنەوە،حاڵمان لەمە باشتر نابێت.


لەبەر ئەوەى کارمەندێک لە بازگەى هەولێر-کرکوک کە چاوەڕوان دەکەین ئاسایشى خەڵک بپارێزن،وەکو جەلادێک کەوتە گیانى خێزانى هاورێکەم و خەڵک لەبەر دەستیان دەرهێنا وەکو ئەوەى خێزانى بن لادنیان دەستگیر بوبێ، تەنها لەبەر ئەوەى نەیزانیەوە لە ریز بوەستێت بۆ پیشکنین،بۆیە مۆنتاژکردنى ئەو دێرام پێباش نەبوو.
ئیستا زانیم دەبێت ئەو دێرانە مۆنتاژ بکەم ئەوسا وەکو زۆرێک لە چایچى و فیتەر و شۆفێرى تەکسى و دوکاندار و عەمبار و بازرگانى شار دەبم بە ئەندامى سەندیکاى رۆژنامەنوسان(لەگەڵ رێزى زۆرم بۆ هەموو خاوەن پیشە و کاسبیەک کە ئەوپەڕى جێگاى رێز و شانازین،بەڵام هەر کەسە و شوێنى خۆى)،بەڵام شتەکان هێندە ئاڵۆز کراوون جیاکردنەوەى زەحمەتە،بۆیە مۆنتاژکردنیشى ئاسان نیە.



bashdar_net@yahoo.com