په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٩\٣\٢٠١٨

بە بەشداریی بەرھەمی سینەماکارانی جیهان فیستیڤاڵی جیهانیی فیلمی فەجر بەڕێوەدەچێ.

 

مەنسوور جیهانی


بە بەشداریی بەرھەمی سینەماکارانی جیھان سی و شەشەمین خولی فیستیڤاڵی جیهانیی فیلمی فەجر لە شاری تارانی پێتەختی ئێران بەڕێوەدەچێ.

لە سەردەمی ١٢٠ ساڵەبوونی سینەمای ئێران، سی و شەشەمین خولی فیستیڤاڵی جیهانیی فیلمی فەجر بە نمایشی کۆمەڵێک فیلم لە سینەماکارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیھان لە کۆمەڵەی پەردیسی سینەمایی "چارسوو" لە شاری تارانی پێتەختی ئێران بەڕێوەدەچێ.

پووستەری سەرەکی سی و شەشەمین خولی فیستیڤاڵی جیهانیی فیلمی فەجر بە کەڵک وەرگرتن لە وێنەیەکی کۆنی پەیوەست بە سەردەمی ھاتنی سینەما بۆ وڵاتی ئێران، پەردەی لەسەر لادرا. ئەم پووستەرە لە لایەنی "عەلی خورشیدفەڕ" گرافیستی ئێرانی دیزاینی بۆ کراوە و لە درێژەی ڕوانینی کەلتووری شووناسەوەیە کە لە پووستەرەکانی دوو خولی پێشووی فیستیڤاڵدا گرینگی پێدرابوو. ئەم خولە لە فیستیڤاڵی جیهانیی فیلمی فەجر لە سەردەمی ١٢٠ ساڵەبوونی ھاتنی سینەما بۆ وڵاتی ئێران بەڕێوەدەچێ و ھەر بەم بۆنەیەوە فیستیڤاڵی جیهانیی فیلمی فەجر بەرنامەیەکی تایبەتی بۆ داڕێژتووە.

"رەزا میرکەریمی" بەڕێوەبەریی سی و شەشەمین فیستیڤاڵی جیهانیی فیلمی فەجر سەبارەت بەم خولەی فیستیڤاڵ گوتی: فیستیڤاڵی جیهانیی فیلمی فەجر، گرینگترین ڕووداوی کەلتووری و ھونەری ئێران لە ئاستی نێودەوڵەتیدایە کە مێژوویەکی سی و شەش ساڵەی ھەیە و لە ڕوانینی نوێی خۆیدا، بەھێزکردنی ھاوکاری و دانووستانەکانی کیشوەری ئاسیا و ناوچەیی، بەدواداچوونی کاریگەرییەکانی ھاوبەشی سینەمایی، پتەوکردنی لایەنە زانستی و پیشەیی سینەمایی و بەشداریی بەرچاو لە ئاستی دیپڵۆماسی فەرھەنگیدا ڕەچاودەگرێ.

گوتیشی: یانەی ٣٠ ھەزار کەسی فیستیڤاڵی جیهانیی فیلمی فەجر و بەشداریی ھۆگرانی سینەمایی، خویندکاران، قوتابیان، بنەماڵەی پیشەیی سینەما و دەزگا ڕاگەیاندنە نەتەوەیی و نێودەوڵەتییەکان پاڵپشتێکی گەورەیە بۆ بەڕێوەبردنی پڕشەنگداری ئەم فیستیڤاڵە و پلانی بەشە جۆراوجۆرەکانی فیستیڤاڵ، ھەواڵی سازدانی ڕووداوێکی ئیستاندارد لە پلەی شیاودا رادەگەیەنێ.

بەڕێوەبەریی سی و شەشەمین فیستیڤاڵی جیهانیی فیلمی فەجر گوتی: فیستیڤاڵی ئەمساڵ، گونجاو لەگەڵ ئامانجی نەتەوەیی، ناوچەیی و نێودەوڵەتی خۆی، کۆمەڵێک بەشی جۆراوجۆری لە خۆگرتووە و لە تەنیشت پێشکەشکردنی ئاسۆیەک لە ژانری جیاوازیی سینەمای جیھان و گرینگیدان بە سینەمای جیهانی ئیسلام، وۆرکشۆپی زانستی جۆراوجۆریش تیایدا بەڕێوەدەچێ.

"ڕەزا میرکەریمی" لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: بە لەبەرچاوگرتنی سەرکەوتن و پێگەی دوو خولی پێشووی فیستیڤاڵ، لە تەنیشت کۆمەڵەی سینەمایی و فیستیڤاڵە جیھانییەکاندا، ئەمساڵ شایەدی پێشنیازی بەربڵاو بۆ بەشداریی لە فیستیڤاڵ بووین. ھەروەھا بە لەبەرچاوگرتنی بەشداریی ژمارەیەکی زۆر لە میوانانی بیانی لەوانە: بەرپرسانی فیستیڤاڵەکان، بڵاوکەرەوە و کڕیارانی فیلم، بە ڕێژەیەکی بەرچاو لە لایەن فیلمسازە ئێرانییەکانەوە بۆ بەشداریی لە بەشە جۆراوجۆرەکان و بە تایبەت بەشی "چاوخشاندنێک بە سینەمای ئێران" یا "نمایشەکانی بازاڕی نێودەوڵەتی" ڕووبەڕوو بووین.

لە ناو دڵی پێتەختی ئێراندا، فیستیڤاڵی جیهانیی فیلمی فەجر رێز لە فیلمە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییە بە کوالیتەکان دەگرێ. ئەم رووداوە ھونەرییە پشتیوانی لە ئاڵووگۆڕییە فەرھەنگییەکان دەکات، دەسکەوتە نوێیەکانی سینەماکاران ھاندەدا و نمایشیان دەکات و ھەروەھا ئەو فیلمانەی کە لە بردنەسەرێی ئاستی ھاوبەشیی ھونەریی لە روانگەی گێڕانەوەی سینەماییدا رێخۆشکەرن، ئاراستەی ھۆگرانی ھونەریی سینەما دەکات.

لە تەنیشت ئەوانەشدا فیستیڤاڵی جیهانیی فیلمی فەجر بەو بەرھەمانەی کە لە گەشەپێدانی پەیامی یەکسانی و ئاشتی جیهانیی و ھەروەھا تەکیزیان خستبێتە سەر تایبەتمەندییە ئەخلاقی و ئینسانییەکان، چاوخشاندن و دیدێکی تایبەتی دەبێ. ھەروەھا فیستیڤاڵ بۆ ناساندنیی فیلمەکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیایی ناوەندیی گرینگییەکی تایبەتی ھەیە و بۆ ئەو بەرھەمانەی کە لە سازکردنیاندا لە پەندە راستەقینەکانی پێغەمبەرانی ئیلاھی، پەیامی ئاشتی و دۆستایتییان وەرگرتبێ، تەرکیزێکی تایبەتیان دەخاتە سەر.

سی و پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی جیهانیی فیلمی فەجر لە رۆژانی ١٩ تا ٢٧ی ئەپرێلی ٢٠١٨ بە بەڕێوەبەریی گشتیی سینەماکاری ئێرانی "رەزا میرکەریمی" و بەشداریی بەرھەم و دادوەران، دەرھێنەران، رۆژنامەنووسان، رخنەگران و میوانانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیھان لە چەندین بەشی جۆراوجۆری پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی، لەوانە: بەشی "سینەمای سەعادەت" واتە بەشی "پێشبڕکێی نێودەوڵەتی" بۆ فیلمە بڵیندە سینەمایی و کورتە فیلمەکان، بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی "جیلوەگاە شەرق" واتە پانۆڕامای سینەمای ئاسیا و وڵاتانی ئیسلامی، بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی "جامی جیھان نەما" واتە فیستیڤاڵی فیستیڤاڵەکان، بەشی دیکۆمێنتاریی "ژێر گەورەکردنەوە"، بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی "نمایشی تایبەت" واتە چاوخشاندنێک بە فیلمە دیکۆمێنتارییەکانی جیھان و ھەروەھا بەشی "دارۆلفۆنوون" واتە "پەیداکردنی بەھرەمەندان"، کۆڕ و کۆبوونەوە زانکۆیی و ڤۆرکشۆپی فێرکاریی لە کۆمەڵەی پەردیسی سینەمایی "چارسوو" لە شاری تاران بەڕێوەدەچێ.

 

بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندنی گشتیی فیستیڤاڵی جیهانیی فیلمی فەجر

 

ماڵپه‌ڕی مه‌نسوور جیهانی

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک