په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٦\٣\٢٠١٣

بە بێ ئازادیی ژنان، هیچ مرۆڤێک لە جیهاندا بە ئازادیی ناژی!

عوسمان رەحمانی     

با پێکەوە بە پێشوازی ٨ی مارس رۆژی هاوپشتیی ژنانی جیهان بچین!
ئازادیی و رزگاری بەشەریەت لە گرەوی ئازادیی ژنان داێە!
تا ژن ئازاد و سەربەخۆ نەبێ، جیهان ڕووی ئاشتی و ئازادی بە خۆێەوە نابینێ!


توندوتیژیی و کوشتاری ژنان بەرهەمی سیستەمی سەرمایەداریە. ئەم سیستەمە لە سەر بنەمای پیاوسالاریی و مڵکاێەتی تایبەت دامەزراوە. حەز و خواستە جنسی و ئابوریەکانی پیاوان کراوەتە یاسا و نەریت و کولتوری زاڵ بە سەر کۆمەڵگادا. ئەم سیستەمە بە پاڵپشتی دەوڵت و دین هەم پاساو کراوە و هەم سەپێندراوە. ژن لەم سیستەمەدا کۆیلە و کالاێەکی جنسیە و بەشێکە لە ماڵ و مڵکی پیاو. بەم شێوەیە لە پێناو خواستە جسنی و دەسەڵاتی ئابوری پیاواندا بەشێک لە عەقڵ و توانایی و مەعریفەی کۆمەڵگای بەشەری کراوەتە قوربانی و بی کەڵک کراوە. توندوتیژی و کوشتار لە دژی ژنان تەنها تەنها لەش و جەستە و باری حقوقی ژن نیە، بەڵکو کوشتن و نابود کردنی بەشێکی گرنگ و کارسازی عەقڵ و شعور و لێوەشاوەییەکانی کۆمەڵگای ئینسانیە! بەشێک لە توانایی فکری و ئەخلاقی و ئینسانی و ئابوری و مەعریفیەکانی بەشەریەت لە زیندانی جەهالەتی سەرماێەداری و نێرسالاریی دینی داێە. بەشێک لە لێوەشاوەییەکان و تواناییەکان و بیردۆزەکان و دانشەکانی کۆمەڵگای بەشەری تەنها لە بەر بەرژەوەندی کەمایەتیەکی سەرماێەدار بێ کەڵک و هەرز کراوە.


کە واێە، ئازادی ژن بە هەمان شیوە تەنها جەستە و لەش و باری حقوقی ژن ناگرێتەوە، بەڵکو ئازادی بەشەریەت و کۆمەڵگای مرۆییشی پێوە گرێ دراوە! ئەمڕۆ کۆمەڵگای بەشەری بە هۆی دەسەڵاتی یەک لایەنەی پیاوسالاریی دینی و ناسیونالیستی، بە هۆی حاکمیەتی عەقڵیەتی پیاوانە و کۆنەپەرەستانەی پیاوسالارییەوە لە ناو خوێن و شەڕ و کوشتار و ناعەدالەتی و دەربەدەریدا دەگفەوزێت و دەناڵێنێت. بە دڵنیاییەوە بە بێ ئازاد بونی ژنان و وەگەڕ کەوتنی تواناییە فکری و عەقڵیەکانی ژن، کۆمەڵگای مرۆیی قەت ڕوی خۆشی و ئاشتی و ئازادی بە خۆێەوە نابینێ.


جیاواز لەوەیکە بە پاڵپشتی دینەکان و خوداکان و عەقڵیەتی نێرسالاری کە هەمان یاساکانی دارستانە، بەشێک لە شعور و عەقڵ و لێوەشاوەیی کۆمەڵگا کە ژنان پێکی دێنن لەکار خراوە و سەرکوت دەکرێ. لە هەمان کاتدا سەرماێە و سامان و تواناییەکی یەکجار زۆری کۆمەڵگای بەشەری کە دەتوانی هەمو جیهانی مرۆییمان لە برسیەتی و هەژاری و دواکەوتویی و نەخۆشی و نەخوێندەواری رزگار بکات، سەرفی کونترۆڵ کردن و سەرکوتی هەمان نیوەی کۆمەڵگا دەکرێ کە ژنانن. سەرفی داڕشتن و نوسینەوەی یاسا نێرسالاری و سەرماێەداریەکان دەکرێ کە مرۆڤ و مرۆڤاێەتیان نابود کردوە، سەرفی پاراستنی دەسەڵاتی نێرینە، سەرکوتی ژنان، پاراستنن و بوڕێوەچونی ئەو یاسانە، سەرفی ناوەندەکانی بەرهەم هێنەرەوەی پیاوسلاری دەکرێ، سەرفی مەلا و شێخ و کتێبە بە ناو ئاسمانیەکان دەکرێ کە هەمو بۆ دەمکوت و سەرکوتی ژنانە و بێجگە لە بەدبەختی و شەڕ و ماڵوێرانی هیچ بەرهەمێکیان نەبوە، سەرفی هەڵخراندنی ڕقی پیاوانە و ناموس پەرەستی دەکرێ بۆ کوشتاری ژنان.


ئەم عەقڵیەت و بیر و باوەڕە نێرسلاریی و سەرماێەداریە بە تەواوی کۆمەڵگای بەشەری سەقەت و خاپوور و خوێناویی کردوە و ژیانی لە خودی پیاویش تاڵ کردوە. هەر بۆێە دەبێ دان بنێین بەم راستیە دا کە بە بێ ئازادی و سەربەخۆیی ژنان وەک ئینسان و تاکی خاوەن مافی یەکسان لەگەڵ پیاوان و بە بێ وەگەڕ کەوتنی لێوەشاوەییە مرۆییەکانیان، بە بێ وەگەڕ کەوتنی عەقڵ و هزر و تواناییەکانی ژنان، کۆمەڵگای بەشەری قەت لەم شەڕ و کوشتار و ناعەدالەتیانە ررزگاری نابێ.


ژنانی کورد دەبێ ئەم ڕاستیە بزانن کە بە سەربەخۆ بونی کوردستانیش نەک هەر ڕزگاریان نابێ، بەڵکە دەبێ باجی دەوڵەتێکی دیکەی پیاوسالار و سەرماێەداری بدەن. نەک هەر هیچ دەردێکیان چارەسەر نابێ، بەڵکو دەوڵەتێکی دیکەی ژن کوژ و دژی ئینسان و پیاوسالار بەم دەوڵەتانەی ئێستا زیاد دەبێت کە رۆژانە ژن دەکوژن و وەک کالای سێکسی و جنسی لە بازاڕەکانی کڕێن و فرۆشتن دا، چی لە ڕێگای زەواجی دینیەوە کە هەمان کڕین و فرۆشتنە و چی بە ناوی ئازادی لە وڵاتانی سکۆلار کە وەک بوکە شوشەی جل و بەرگ فرۆشتن و وێنە و فلیمی سێکسی و کالای سێکسی تیجارەت و سات و سەوداێان پێوە دەکرێ. کوردستانی عێراق نمونەی حاشا هەڵنەگری ئەم راستیەێە. لە ماوەی ٢٢ ساڵ دەسەڵاتی دەوڵەتی کوردیدا گەورەترین تاوان و جیناێەت دەرحەق بە ژن کراوە کە لە مێژوودا وێنەی نەبووە.


جا کە واێە، دەبێ ژنان بە یەکگرتویی خۆێان لە دژی سەرتاپای ئەم نیزام و سیستمە پیاوسالاریی و سەرماێەداریە ڕاپەڕن و شان بە شانی پیاوانی کومونسیت و ئازادیخواز و یەکسانیخواز لە ڕیزی چیناێەتی خۆماندا دەست بەکار بین بۆ دونیاێەکی شایستەی مرۆڤی و بەرابەر و عادل، دونیاێەک کە تێدا ژن و پیاو، دیندار و بێ دین، گەورە و بچوک، رەنگ و ڕەگەز بێ ماناتریننەکان بن و پێوەر و مێحوەری نرخەکان تەنها مرۆڤ بێ و بەس! دونیاێەک کە تێیدا ماف و شکۆی مرۆیی و گیان و ژیانی هەمووان وەک یەک دابین و پارێزراو بێ!


بژی ٨ی مارس رۆژی هاوپشتیی ژنانی جیهان و مرۆڤایەتی!
بژی ئازادیی و یەکسانیی ژن و پیاو!

 


osman_r@hotmail.no

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک