په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\٣\٢٠١٣

لە (٨\٣\٢٠١٣، ١٢\٣\٢٠١٣، ١٨\٣\٢٠١٣، ١٩\٣\٢٠١٣، ٢٤\٣\٢٠١٣، ١\٤\٢٠١٣) نوێ کراوە.

 

ئەو بەڕێزانەی تا ئێستا بڕیاریان داوە ئیدی بۆ هەمیشە ناوی دایکیان بۆ ناوی دووەمیان بەکاربهێنن.. بوون بە (٢٢) کەس.

 

 

 

 

ناوی ئێستایان

      ناوی پێشانیان            تێبینیی
     
٢٢-                چۆلی زارا      چۆلی جاسم  
٢١-                ئارام مەدینە      ئارام عەلی  
٢٠-                سەرگوڵ سەلمە      سەرگوڵ ئەحمەد  
١٩-                شەهرام لامیعە      شەهرام کوردی  
١٨-                کۆسار بەسێ      کۆسار وەفایی  
١٧-                ئیلهام رووناک      ئیلهام عەلی  
١٦-                خوناو بەسێ      خوناو ......  
١٥-                میدیا کەژاڵ      میدیا کەمال  
١٤-                حسێنی رابی      حسێن حسێنی  
١٣-                سوهام عەتیە      سوهام حەمەخان  
١٢-                سەلام نەجیبە      سەلام عەبدوڵا  
١١-

               لاوژە ماهیە

     لاوژە جەواد  
١٠-

               حەسەنی ئایشێ

     حەسەن حوسێن  
 ٩-

               رەوشەن بەلقیس

     رەوشەن بەکر  
 ٨-

               کەمالی دادەئامین

     کەمال عارف وەیس  
 ٧-

               ئاراز گەلاوێژ

     ئاراز هادی  
 ٦-

               فەرمان چیمەن

     فەرمان خێلانی  
 ٥-

               بەدریە حەلاوە

     بەدریە عوسمان

 
 ٤-                ناڵە بەلقیس      ناڵە عەبدولڕەحمان  
 ٣-                فەرهاد مازێ      فەرهاد کەریم  
 ٢-                دارا خونچە      دارا ئەحمەد  
 ١-                ئەرسەلان سافیە      ئەرسەلان عەبدوڵا  
 

 

   

تێبینیی: هەر بەڕێزێک ئارەزوو بکا یان پێی باش بێ وەک ئێمە بە شێوەی هەمیشەیی ناوی دایکی وەک ناوی دووەمی خۆی بەکاربهێنێ ئەوە دەتوانێ پەیوەندییمان پێوە بکا و ناوی خۆی و دایکی بنێرێ.. ئێمەش بە سوپاس و دەستخۆشیی لێکردنەوە هەر لێرە ناوەکەی دادەنێین و بۆی بڵاودەکەینەوە.

بۆ پەیوەندییکردن:

ئیمایل: emrro@emrro.com

فەیسبووک: http://www.facebook.com/sayti.emrro

 

دەقی راگەیاندنەکە:

 

بە بۆنەی هەشتی ئادار (رۆژی جیهانیی ژنان)
وەک هەڵوێستێک دژ بە باوکسالاریی بۆ هەمیشە ناوی دایکمان دەکەینە ناوی دووەممان.

 


ئێمە (٤) کەس لە ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەریی ماڵپەڕی ئەمڕۆ (ئەرسەلان عەبدوڵا، دارا ئەحمەد، فەرهاد کەریم، ناڵە عەبدولڕەحمان) لە روانگەی ئەوەی کە ژن و پیاو وەک دوو بوونەوەری وەک یەک تەماشا دەکەین و بە گفتار و بە رەفتار بڕوامان بە ماف و ئازادیی وەک یەکی هەردووکیان هەیە.. پێمان وایە سیستەمی ئێستای ژیان لە تێکڕای جیهان بە شێوازی جۆراوجۆر و لە سەرجەمی بوارەکاندا جیاوازییەکی زۆر زۆر لە نێوان ئەو دوو رەگەزە دەکا و بەوپەڕی نامرۆڤانە ژنان دەچەوسێنێتەوە.

هەر بە هۆی باڵادەستیی پیاوان بە سەر ژنانەوە کە لە ئەنجامی خاوەنداریی پیاو بۆ زەوی و کەلوپەل و جۆرەکانی دیکەی سەرمایە لە لایەک و دامەزراندنی دین لە لایەن پیاوانەوە - کە تەنیا ماف بە پیاوان دەدا پەیامبەری ئاسمانان بن بۆ مرۆڤ هەروا جگە لە تاکوتەرای ژنان هەر ئەوانیش فەیلەسووف و بیرمەند و رابەر بن تا دەگا بەوەی زۆربەی پەیڕەوکارانی دینی مەسیحیی بە سێکوچکەی (باوک - کوڕ - گیانی پیرۆز) خودا بە باوک وێنا بکەن - لە لایەکی دیکەوە هاتۆتە کایەوە.. ئەوە جگە لەوەی ئەوانەش ئاوێتەی ئەفسانەگەلێکی دیکە بوونە و بوونەتە هۆی سەرهەڵدانی نەریتەگەلێکی وەک ئەوەی کە گوایە پیاو زاڵ و بە توانا و بەهێز و باشترە و وەک چۆن خودا دروستکەری مرۆڤە پیاویش باوک و دروستکەری منداڵە و هەر ئەویش دابینکەری ژیان و گوزەرانە بۆ هاوسەر و منداڵەکانی.. ئەوە یەک لا بۆتەوە کە دەبێ پیاو خاوەنی ژن بێ و منداڵیش تەنیا لە توخمی ئەو پەیدا دەبێ و ژن جگە قۆزاخەیەک بۆ گەشەکردنی کۆرپەڵە هیچی دیکە نییە بۆیە دەبێ منداڵەکان بە ناوی باوکیانەوە بکرێن.

ئیدی ئەو باوکسالاریی و بەخاوەنبوونی منداڵە لە لایەن باوکانەوە تا ئێستاش بە شێوازی جوراوجۆر هەر بەردەوامە، ئەوە هیچ کە لە وڵاتە پاشکەوتووەکان منداڵ بە یاسا و دابونەریتیش هەر دەبێ ناوی دووەمی ناوی باوکی بێ - ئەوەی لە کوردستان و زۆر جێگەی دیکەش هەیە کە هەندێک کەس هەن ناوی دایکیان هەڵگرتووە ئەوە لە روانگەی یەکسانییخوازییەوە نییە بەڵکە هۆگەلێکی دیکە هەن بەڵام ئێرە جێگەی ئەو باسە نییە - لەو وڵاتانەش کە گوایە پێشکەوتوون هەرچەندە بە یاسا منداڵ ئازادە چ ناوێک هەڵدەبژێرێ بۆ ناوی دووەمی بەڵام هێشتا دابونەریت - کە دەسەڵات و دین و باوکسالاریی پشتگیریی لێ دەکەن - دەبێتە رێگر و زۆربەی هەر زۆری منداڵان ناوی خانەوادەی باوکیان هەڵدەگرن کە بە شێوەیەکی گشتیی ناوێکی پیاوانەیە تەنانەت ئەگەر خێزانێکی پێشکەوتووخوازیش ناوی خانەوادەی ژنەکە هەڵبگرن ئەوە هێشتا ناوی خانەوادەی ژنەکەش - مەگەر تاکوتەرا نەبێ - هەر ناوێکی پیاوانەیە.

هەڵبەتە دانانی ئەو دووەم ناوە بەو شێوەیە لە بنچینەدا لەو رامان و روانگە چەوسێنەرە پیاوسالارییەوە هاتووە کە ژنان لاواز و کەم هۆشن و نابێ بە خاوەن منداڵ و هیچ شتێک دابندرێن.. بەڵام پیاوان یان باوکان هۆشمەند و بەهێز و بە توانان و دورستکەری منداڵن و دەتوانن بژێوی ژیان پەیدا بکەن و پارێزەری خێزان بن و منداڵان و سەرجەمی خێزان بەخێو بکەن.. ئیدی ئەوە مافی خۆیانە خاوەنی منداڵ و هەموو شتێک بن، هەر بۆیە ئێمە بەوپەڕی توندیی دژ بەو تێڕوانینە نێرسالارییە دەوەستینەوە و وەک داگیرساندنی چرایەک بە رووی شەوەزەنگی پیاوسالاریی لە تێکڕای جیهان بە گشتیی و کوردستان بە تایبەتیی لە ئێستاوە بۆ هەمیشە بە بۆنەی هەشتی ئادار - رۆژی جیهانی ژنان - لە جیاتی ناوی باوکمان ناوی دایکمان بۆ ناوی دووەممان بەکاردەهێنین.

دیارە ئامانجمان لەو هەڵوێست وەرگرتنە ئەوە نییە کە ئێمە دژایەتیی پیاوان دەکەین و پێویستە هەموو کەسێک ناوی دایک بەکاربهێنێ.. هەروا وەک (فێمێنیستە لیبراڵەکان)یش بیر ناکەینەوە کە هەموو پیاوێک چەوسێنەر و پیاوسالارن و پێویستە خەبات دژی پیاوان و هەموو شتێکی پیاوان بکەین.. بەڵکە بڕوامان بەوە هەیە کە پێویستە ژنان و پیاوانی یەکسانییخواز پێکەوە خەبات بۆ بنەبڕکردنی پیاوسالاریی بکەن.. ئەو کۆششەی ئێمەش وەک رەچەشکاندێک و بەرەنگاربوونەوەیەکە دژ بە باوکسالاریی لە پێناو ئەوەی کە هەر کەسێک چ پیاو چ ژن ئازاد بێ لەوەی کە ناوی دایک یان ناوی باوک یان هەر ناوێکی دیکە بۆ ناوی دووەمی خۆی هەڵدەبژێرێ چونکە لای ئێمە هیچ جیاوازییەکیان نییە و گرنگ ئەوەیە ئەو ستەم و بێ مافیی و بێ رێزییە لەسەر ژنان لاببردرێ و ناو هەڵبژاردن بە تۆبزیی و سەپاندن نەبێ، دیارە ئەوەش پێویستە لە رێگەی یاسا و رێسایەکی مرۆڤپەروەرانەوە لە سەراسەری جیهان بسەپێندرێ و بە هیچ شێوەیەکیش رێگە بە دین و دابونەریت نەدرێ قورسایی خۆی بخاتە سەر هەڵبژاردنی ئازادانەی ئەو ناوی دووەمە.

بێ گومان ئەو کێشەیەی هەڵبژاردنی ناوی دووەم زۆر ئاڵۆز و فرە رەهەندە و لە رووە مێژوویی و کۆمەڵایەتییەکەی و چۆنیەتی جێکەوتنەکەی باس و لێکۆلینەوەی زۆر هەڵدەگرێ بەڵام ئێرە جێی ئەوە نییە و دەرفەتێکی زۆری گەرەکە تا بتوانین بە تێروپڕیی لێی بدوێین.. بۆیە دەمانەوێ بە کورتیی هەندێک تێڕوانینی خۆمان بەو شێوەیەی خوارەوە بخەینەڕوو:

 


 

بە پێی ئەنجامی لێکۆلینەوە زانستییەکانی مێژووی مرۆڤایەتی.. ژنان بەر لە پەیدابوونی کۆمەڵگەی چینایەتی بە هیچ جۆر و شێوەیەک بە هۆی ژنبوونیانەوە لە لایەن پیاوانەوە نەچەوسێندراونەتەوە، چونکە ئەودەم توانیویانە بە پێی پێویستییەکانی ژیان و گوزەران گشت کار و ئەرکەکانی سەرشانیان بە جوانیی رابپەڕێنن.. تەنانەت هەر بە خوێندنەوەی زانستییانەی مێژوو ئەوەش پشتڕاست کراوەتەوە کە سەردەمێک دەسەڵات لە دەست ژناندا بووە نەک پیاوان، بەڵام کاتێک لە ئەنجامی (دابەشبوونی سروشتییانە و چینایەتییانەی کار) کۆمەڵگەی چینایەتیی هاتۆتە ئاراوە و مرۆڤەکان بە سەر دوو چینی چەوساوە و چەوسێنەر دابەشبوونە.. ئیدی پیاوسالاریی و باوکسالاریی دەستیان بە سەر تەواوی بوون و ژیانی ژناندا گرتووە و پیاوان بوونەتە خاوەنی ژنان و وەک هەر کەلوپەلێکی دیکە بەکاریانهێناون.

کاتێکیش دینەکان پێ بە پێی مێژوو وەک ئەفسانەگەلێکی هزریی و فەلسەفییانەی بان سروشت لە لایەن پیاوان و لە پێناو بەرژەوەندیی پیاوان دامەزراون.. ژنان بە شێوەیەکی زۆر تۆختر و دڕندانەتر لە رووی فەرهەنگییەوە بوونەتە پاشکۆ و کۆیلەی پیاوان و لە مرۆڤبوون دابڕێندراون و تەنیا بۆ (سێکس، منداڵ بەرهەمهێنان و بەخێوکردنیان، خزمەتکاریی) بەکارهێندراون، هاوکات ئەو پیاوسالاریی و فەرهەنگیی دینییەش بە تێپەڕبوونی کات و لە هەر سەردەمێک و بە بەردەوامیی کۆمەڵێک دابونەریتی ئەوتۆیان هێناوەتە کایەوە کە جگە لەوەی بە شێوەیەکی گشتیی بوونەتە کۆسپ و رێگر لەبەردەم گەشەسەندن و پیشکەوتنی ئاساییانەی ژیان.. ژنانیشیان بە جۆرێک کردۆتە کۆیلەی هزر و خواستەکانی پیاوان کە نەتوانن بە ئاسانیی لە بندەستیان رزگار ببن، ئیدی پاشانیش دەسەڵاتدارن هەردەم دەسەڵاتی خۆیان وەک سێکوچکەیەک لەسەر ئەو سێ پایەیە (پیاوسالاریی، دین، دابونەریت) دامەزراندووە.

جا ئەوە وەنەبێ ژنان بە درێژایی ئەو مێژووە هیچ جوولانەوە و بەرانگژبوونەوەیەکیان ئەنجام نەدابێ.. بەڵکە هەمیشە لە پێناو وەدەستهێنانی ماف و ئازادییەکانیان لە تێکۆشان و خەباتدا بوونە و هیچ لاپەڕەیەکی مێژوو نییە بە خوێنی ئەوان سوور نەبووبێ، سەرئەنجام بە هۆی ئەو تێکۆشان و خەباتەیان - کە هەردەم پیاوانی ئازادییخواز و یەکسانییخواز وەک کەمینەیەکی کەم لە پیاوان بەشدار و پشت و پەنایان بوونە - بە بەراورد بە بارودۆخی پێشانیان دەستکەوتی گەلێک مەزن وەدستهاتوون.. بە جۆرێک کە پتر لە نیو سەدەیە دەسەڵاتداران و سیستەمی جیهانیی بە ناچاریی لە زۆرێک لە رێکەوتننامە جیهانییەکانیان بە فەرمیی و بە شێوەی یاسایی دانیان بە ماف و ئازادیی وەک یەکی ژنان و پیاوان ناوە.

هەرچەندە ئەو دانپێدانانە سەردەمێکە لە زۆرێک لە وڵاتان بە هۆی پێشکەوتنی زانست و تەکنەلۆژیا و بەرپابوونی شۆڕشە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکان بە تایبەتییش لە وڵاتانی رۆژئاوا - کە تێیاندا (دین و دابونەریت) وەک دوو پایە لە هەر سێ پایەکەی چەوساندنەوەی ژنان لەرزۆک و شلۆق بوونە - قورسایی خۆی لە نێو کۆمەڵ داناوە و لە دەستوور یاسا و رێسایەکان رەنگی داوەتەوە و لە دامودەزگە دادوەرییەکانیش تا رادەیەکی باش پەیڕەو دەکرێ.. بە شێوەیەکی گشتیی ژنان جۆرێک لە ئازادییان وەدەستهێناوە بەڵام هێشتا زۆریشی ماوە ژنان بە تەواویی لە پیاوسالاریی رزگار ببن.. تا ئێستاش لە زۆرێک لە وڵاتانی ئاسیا و ئەفەریقا و ئەمەریکای نێوەڕاست و خواروو بە دڕندانەترین شێوە ماف و ئازادییە سەرەتاییەکانیان پێشێل دەکرێن و تەنانەت لە هەندێک جێگەی وەک - کوردستان و زۆربەی وڵاتانی عەرەبیی و ئیسلامیی - دەستوور و یاسایەکان لەسەر بنچینەی شەریعەتی پیاوسالاریی دین دامەزراون و فرەژنیی رێگەپێدراوە و ژنان دەکڕدڕێن و دەفرۆشێن و لەسەر سادەترین مافی وەک (سێکس و پەیوەندیی خۆشەویستیی و هەڵبژاردنی هاوسەر و ئازادیی دەربڕین و ئازادیی گەڕان و جلپۆشین و... هتد) ئازار و ئەشکەنجە دەدرێن و زیندانیی دەکرێن و تەنانەت لە سێدارە دەدرێن و بەردباران و تیرۆریش دەکرێن.

هەر بۆیە هێشتا خەباتی ژنان و پیاوانی یەکسانییخواز لەسەر ئاستی تێکڕای جیهان لە سەرەتا دایە و هێشتا زۆری ماوە ژنان لە هەموو ماف و ئازادییەکانیان بەهرەمەند بن. ئیدی ئێمە هەر لەسەر بنچینەی ئەو تێڕوانینانەی سەرەوەیە کە جگە لەوەی بە بەردەوامیی و لە هەردوو لایەنی گفتار و رەفتار هەموو شێوازێکی مرۆڤپەروەرانەمان بەکاربردووە بەکاردەبەین لە پێناو گەیشتن بە ماف و ئازادیی وەک یەکی نێوان ژنان و پیاوان.. بە باش و بە پێویستمان زانی بەکارهێنانی ناوی دایک بۆ ناوی دووەممان وەک هەڵوێستێک لە بەرانبەر پیاوسالاریی بە گشتیی و باوکسالاریی نێو کۆمەلگەی کوردستان بە تایبەتیی وەربگرین کە تا ئێستا دانانی ناوی دایک جگە لەوەی بە یاساکانی وڵات و شەریعەتی دین رێگەی پێنادرێ و دابونەریتە داڕزیوەکان و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە نێرسالاریی و دواکەوتووەکانیش تەنیا باوک بە خاوەنی منداڵ دەزانن و هەڵگرتنی ناوی دایک لە لایەن هەر کەسێکەوە بێ بە شەرم و شوورەیی دەزانن و بە سووک تەماشای دەکەن.

گۆڕینی ناوی دووەم بە ناوی دایک لەو بارودۆخە پیاوسالارییەی ئێستا تەنیا ناو گۆڕینێکی سادە یان کارێکی رووکەش یان کاردانەوەیەکی ژنسالارانە نییە، بەڵکە هەڵوێستێکی سەنگین و کاریگەرە دژ بە باوکسالاریی و لە قووڵایی باوەڕمان بە یەکسانیی بەکردەوەی نێوان ژنان و پیاوان سەرچاوەی گرتوە، دیارە هەڵگرتنی ناوی دایک یان ناوی باوک وەک ناوی دووەم هەر یەکەو واتایەکی تایبەتی خۆی هەیە و هەر یەکەش تەواوکەری ناوەرۆکێکی تایبەتە.. بێ گومان ئازادبوونی تەواو لە هەڵبژاردنی ناوی دایک یان ناوی باوک بۆ ناوی دووەم باشترین چارەسەرە.. بەڵام بۆ ئەوەی بەو ئازادییە تەواوە بگەین هەر دەبێ لە دەستپێکدا بە چەخماخەی ترووسکەیەک یان چەند ترووسکەیەک تاریکیی شەوەزەنگ دابدڕین.


پایەدار بێ هەڵبژاردنی ئازادانەی ناوی دایک یان باوک بۆ ناوی دووەمی هەر کەسێک لە کوردستان و سەراسەری جیهان.


 

ئەرسەلان سافیە، دارا خونچە، فەرهاد مازێ، ناڵە بەلقیس
٥ی ئاداری ٢٠١٣

 

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک