په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٤\٩\٢٠٢١

بێجگە لە دەنگنەدان

هەڵوێستیش پێویستە لە بەرانبەر دەنگدەران!

دارا خونچە       


لەوەتەی مرۆڤ هەیە زۆربەی هەرە زۆریان خەریکی هەڵبژاردنن لە نێوان (خراپ و خراپتر و خراپترین).. تەنیا بەشەکی زۆر کەمیان لەدوو ئەوەن لە نێوان (چاک و خراپ) چاک هەڵببژێرن.. بە دەگمەنیش هەن هەڵبژاردن لە نێوان (چاک و چاکتر و چاکترین) بکەن.

هەڵبەتە لێرەدا مەبەستمان لە هەڵبژاردنی هەموو تشتەکانە کە بژاردەی جودا جودایان هەیە، لێ ئەگەر باسی هەڵبژاردنی پەرلەمان بکەین ئەوە دەتانین بێژین هەڵبژاردنەکی زۆر ساختەکارانەیە و تەنێ بە ناو هەڵبژاردنە واتە بژاردەی جوایەزی تێدا نییە! رەنگە کەسانەک هەبن بێژن ئەوە قسەکی گەورە و بێ ویژدانانەیە،* لێ ئەگەر دوور لە بیانووە تیۆرییەکان و هەر تەنێ لە رووی کردەییەوە بە هووردیی سەرنجی بدەینێ دەبینین سەرجەم بەربژێرەکان کەسایەتیی لەیەکچوون چونکێ هەر یەکەکیان ئەگەر هەر لە سەرەتادا خۆی لەگەڵ ئەو سیستەمە کە گوایە دەیەوێ بیگۆڕی نەگونجێنی ئەوە ناتانی خۆی بەربژێر بکا! پاشانیش کە دەبتە بەربژێر ئەگەر بەدوو دەنگی زۆرینە و باوی خەڵک کە پێشتر دەنگیان بەو سیستەمە خراپە دایە نەکەوی.. ئەگەر لە رێی درۆودەلەسەی پارتیەکەی یان تەنانەت لیستە بە ناو سەربەخۆیەکەشی زۆرترین دەنگ بە پارە و بەڵێن و پەیمانی بێ بنەما نەکڕی ئەوە هەرگیز بە خەونە پووچەکەی ناگا و نابتە ئەندام پەرلەمان، لێ کاتەک کە دەبتە ئەندام پەرلەمان ئەوە دەمودەست لە نێو پەرلەمانەکەی دەمامکە رووکەشەکەی کاتی هەڵبژاردن دادەکەنی و وەک هەموو ئەندام پەرلەمانەکانی پێشترێ تا لە دەرکردنی یاسایەکی لاواز لە بەرژەوەندیی چەسپاندنی ماف و ئازادییەکان بەشدار دەبی لە سەت یاسای بەهێز لە بەرژەوەندییی چینە چەوسێنەر و دەسەڵاتدارەکان بەشدار دەبی واتە دەبتەوە کۆیلەی پارتیەکەی و ئەو ئایدیۆلۆژیایانەی کە لەگەڵ ژیان و گوزەرانی خەڵک ناگونجێن.

جا ئەوەی سەرێ بە شێوەکی گشتیی بارودۆخی پەرلەمان و بەربژێرانی پەرلەمانن لەسەر ئاستی تێکڕای جیهان کە هەرگیز ئەو بژاردەیەت ناخاتە بەردەست تا لە نێوان (چاک و چاکتر و چاکترین) یەکەکیان هەڵببژێری، دەشێ جاروبارەک کەسەکی چاک خۆی بەربژێر بکا و بخزێتە نێو ئەو بەزموڕەزمەی هەڵبژارادن و سەرنجت رابکێشی تا لە نێوان (چاک و خراپ) یەکەکیان هەڵببژێری لێ ئەوە زۆر دەگمەنە و هەمیشە ئەو کەسە چاکە لە نێو ئەو هەموو نادادییەی سیستەمی پەرلەمان و هاشوهووشی دەربار و شەیپوور بە دەستانی پارتییەکان بزر دەبی و ناتانی پەیدۆزی بکەی! خۆ ئەگەر لە پەرلەمانی کوردستان یان پەرلەمانی دەوڵەتی داگیرکەری ئێراقیش بدوێین ئەوە لەبەرئەوەی تەنێ دیوەخانی خێڵ و مزگەفتی دینن هەرگیز ئەو بەربژێرە دەگمەنە چاکە لە نێو ئەوان نابینی.. واتە تەنێ بەربژێری (خراپ و خراپتر و خراپترین) دەبینی و هەر یەکەکیان هەڵببژێری هەر سفر بە دەست دەبی!

لە کۆتاییدا پێویستە بێژم ئەمن دڵنیام هەموو خەڵکی کوردستان هەست بەوە دەکەن بەربژێرەکانی پەرلەمان تەنێ کۆیلگەلەکن و ئارەزوومەندانە خۆیان فرۆشتیە.. دەیانەوێ دەنگی گەمژەکان وەدەستبهینن و لە بارتەقای ئەو پارەیەی وەریدەگرن ببنە کۆمەڵە سەرکوتگەرەکی دیکە، لەبەرهەندێ لەسەر ئازادییخوازان و مرۆڤدۆستان پێویستە نەک هەر دەنگیان پێنەدەن بەڵکە پێویستە هەڵوێست لە بەرانبەر ئەو کەسانەش وەربگرن کە بانگەشەیان لۆ دەکەن و دەنگیان پێدەدەن.. واتە پێویستە ئەو کەسانە بخرێنە لیستی بەرەی دژ بە میللەت و ریسوا بکرێن تا نەتوانن بە گەمژەیی خۆیان بیانووی بێسەروبەر بهیننەوە کە خۆشیان بڕوایان پێیان نییە، ئەوانە تەنێ لە پێناو ئەوە خەڵک هاندەدەن بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان تا ئەو بەربژێرە ساختەی دەیناسن و پەیوەندییان لەگەڵی هەیە ببتە ئەندام پەرلەمان و کارە گەندەڵکارییەکانیان پێیەوە رایی بکەن!
______________________________________________________
* هەروەک زۆر جار ئاماژەم بەوە دایە کە ئەمن بڕوام بە نووسینی ئەکادیمیایی پووچ نییە تا سەرچاوە و ئاماران رێز بکەم و مێژووی نووسینەکان بگێڕمەوە و خوونەران بێزار و وەڕس بکەم.. بەڵکە خۆم سەرچاوەی ئەو راستییانەم کە رۆژانە روودەدن و دەیانبینم.. ئەگەر هەر کەسەکیش پێیوەیە لەوەی باسمکردیە هیچ ناڕاستییەک هەیە با بە نووسین بیسەلمێنی ئەگینا قسەی هەلیت و پەلیتی ئەکادیمیاییە چەقەچەقکەرەکان لە کنە من نایخوا!


١٤\٩\٢٠٢١

ماڵپه‌ڕی دارا خونچە

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک