بە چ پێوەرێک
بەشداری بکەین لە هەڵبژاردنەکانی عێراق.

مستەفا زەنگەنە
سەرەتا
دوای ئازادکردنی عێراق، ئێستاکە ئەم وڵاتە لە سەروبەندی دووهەمین
هەڵبژاردنەکانی خۆیدایە. بەرجەستەترین لیستەکانی خولی یەکەمی هەلبژاردن
بریتی بوون لە: لیستی هاوپەیمانی کوردستان، لیستی ئیئتیلافی یەکگرتوو،
لیستی بەرەی تەوافوق. ئەم هەڵبژاردنە لە ژێر دەسەڵاتی ئەمریکا و لە
ریزبەندییەکی قەومی و ئایینی و تایفیدا ئەنجام درا. لایەنە براوەکانی
ئەم هەڵبژاردنەش بریتی بوون لە لیستی ئیئتیلافی یەکگرتوو، لیستی
هاوپەیمانی کوردستان و لیستی بەرەی تەوافوق. لە روانینێکی گشتیدا،
کۆدەرئەنجامە هەرە گرینگەکانی ئەم هەڵبژاردنە بریتی بوو لەوە کە، عێراق
وڵاتێکە زۆرینەی عەڕەب و شیعەیە و کورد تیایدا کەمینەیە چ لە رووی
نەتەوە و چ لە رووی ئایینەوە. ئەمەش تا رادەیەکی زۆر، نەخشەی سیاسی
عێراقی خستەڕوو. کوردیش لە ژێر کاریگەریی هۆکارە رواڵەتییەکانی رژێمی
پێشوو، بەرژەوەندییەکانی خۆی لە رێککەوتن لەگەڵ لیستی ئیئتیلافی
یەکگرتووی شیعە بەدیدەکرد هەتا رەنگە بە خواستەکانی خۆی بگات!
تایبەتمەندییەکانی ئەم هەڵبژاردنە لە چاو
هەڵبژاردنەکانی پێشوو.
هەنووکە دوای تێپەڕبوونی 7 ساڵ بەسەر ئازادکردنی عێراق و 4 ساڵ بەسەر
خولی یەکەمی هەڵبژاردنەکاندا، راستییەکی زەق و حاشاهەڵنەگر لەبەر دەم
هەموو بەشەکانی شەقامی عێراقدایە کە هەموو ریزبەندییەکانی پێشوو دەخاتە
ژێر پرسیارەوە. پرۆسەی سیاسی 7 ساڵی رابردوو و رەوتی دیموکراتیزەکردنی
کۆمەڵی عێراق، پێویستی بە سیستەمێکی گونجاوە کە زۆر جیاوازە لە
سیستەمەکانی پێشووتری.
لە چاوخشانێکی گشتی بە سەر رابردوودا، ئەبینین هەموو لیستەکانی پێشوو،
تووشی گۆڕینی زۆر جیدی بوونەتەوە، بە جۆرێک کە هیچکامیان وەک رابردوو
هەبوونیان نەماوە و بە هۆی کارگەریی راستییە هەنووکەییەکان و هەروەها
گرفتە ناوخۆییەکانیان، تووشی لێکترازان و پارچەپارچەبوون بوونەتەوە.
یەکەم راستی بەردەم خەڵک و لایەنە عێراقیەکان ئەمەیە کە هەتاکو ئێستا
وڵاتەکەیان لە ژێر دەسەڵاتی یەکێکی دیکەدا بووە. واتا ئەمریکا. هەر
بۆیە لە ژێر سێبەری ئەم چەترەدا، کێشە و گرفتەکان، ناکۆکی و
ناڕێکییەکان بە جۆرێک لە جۆرەکان یەکلایی دەکرایەوە و بۆشاییەکانی ناو
کۆمەڵ، بە لۆکەش کرابێت پڕ دەکرایەوە! بەڵام هەنووکە بە نەمانی ئەم
چەترە و بە گواستنەوەی دەسەڵات بۆ عێراقیەکان، عێراق، عێراقی ساڵانی
پێشوو نیە و دەبێ بە سەر پێی خۆیەوە بووەستێت. هەر بۆیە ئاوڕنەدانەوە و
کەمتەرخەمی لە ئاست ئەم راستییە و دواهاتەکانی، هەڕەشەی جیددییە بۆ سەر
عێراقیەکان.
بەسەرنجدان بەوەی ئاماژەی پێدرا، هەنووکە عێراق لە قۆناخێکی هەرە
هەستیاری خۆیدایە لە ژیانی سیاسییدا و هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکانی 16ی
کانوونی دووهەمی 2010، گۆڕەپانی تاقیکردنەوەکانە بۆ خەڵکی عێراق و
لایەنە سیاسیەکانی.
پێوەر و فاکتەرەکان.
بە گواستنەوەی دەسەڵات بۆ عێراقیەکان، وڵاتانی دراوسێ هەرکامەیان هەوڵ
دەدات بۆشایی نەمانی ئەمریکا لە عێراق پڕ کاتەوە لە بەرژەوەندی خۆیدا.
لە پێشەوەی ئەم وڵاتانە، حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێرانە کە لە چەند ساڵ
لەمەوبەرەوە، بە فەرمی هەوڵەکانی خۆی ئاشکرا کردووە و لە ماوەی ساڵی
2009شدا عێراقی خستۆتە ژێر رکێفی خۆی و دەیەوێت عێراق «ئێرانیزە» بکات!
یەکەم و گرینگترین پێوەر بۆ ریزبەندی سیاسی و هاوپەیمانی لە ناو بازنەی
هەڵبژاردنەکانی ئەم خولەدا، تەریکخستنەوەی ئەو هێز و لایەنانەیە کە لە
پرۆسەی 7 ساڵی رابردوودا، بەردەوام وەک دۆست و یار و یاوەر و خزمەتکاری
رژێمی ئێران کاریان کردووە و بەرژەوەندییەکانی رژێمی ئێرانیان بە لاوە
گرینگتر بووە لە چاو بەرژەوەندییەکانی گەلی عێراق و بەو ئاقارەدا
رۆیشتوون. دەبێ وەک «رژێمی ئێران» چاو لەم هێز و لایەنانە بکرێت. بە
واتایەکی دی، دۆستایەتیکردن و هاوپەیمانیکردن لەگەڵ ئەم لایەنانە،
مانای پەسندکردنی رژێمێکی هاوشێوەی رژێمی ئێرانە بۆ عێراق. ئەگەر پێشتر،
زەرەر و زیانەکانی هاوپەیمانیکردن لەگەڵ ئەم لایەنانە، بە هۆی هەبوونی
دەسەڵاتی ئەمریکا لە عێراق، بە داپۆشراوی دەمایەوە، هەنووکە بە بە
نەمانی دەسەڵاتی ئەمریکا لە عێراق، ئەمجۆرە هاوپەیمانیکردنانە کارەساتی
زۆری لێدەکەوێتەوە!
ئایا رژێمی ئێران، رژێمێکی دیموکراتی و سەردەمییانەیە؟ ئایا مافەکانی
کەمایەتیە ئایینی و نەتەوەییەکانی وەک کوردی تیادا دابینکراوە؟ ئایا
خومەینی پەیمان و بەڵێنیەکانی خۆی دەرهەق بە خەڵکی ئێران جێبەجێ کرد؟
ئایا لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی مەلاکان، سەرکوت و زیندان و ئەشکەنجە و
پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ نەماوە؟ ئایا پارەی نەوتی ئێران خەرجی
خزمەتکردن بە خەڵکی ئەم وڵاتە کراوە؟ ئایا ئەم رژێمە دۆستی
دراوسێکانیەتی؟ ئایا ئەم رژێمە دژەتیرۆرە؟ وە زۆرێک «ئایا»ی دی....
ئەمانە ئەو پرسیارانەن بە «نا» وڵام دەدرێنەوە و بۆ پێناسەکردنی رژێمی
ئێران و دەست و پێوەندەکانی لە ناو شەقامی ئەمڕۆی عێراقدا زۆر پێویستە.
کەوایە دوای تێپەڕبوون بەم راستیەدا، واتا گەڕاندنەوەی دەسەلًَات بۆ
عێراقیەکان، تەنها رێگە بۆ پاراستنی سەربەخۆیی و سەروەری و دێموکراسی
لەم وڵاتە، کورتکردنەوەی دەست و قاچی ئەم رژێمەیە و تەریکخستنەوەی دەست
وپێوەندەکانیەتی و هەرچەشنە هاوپەیمانیەک لەگەڵیاندا، هەڵەیەکی
کوشەندەی سیاسیە!
رزگاربوون لە دەست دوو داگیرکەری ئەمریکا و رژێمی ئێران و
بەرەنگاربوونەوەی دەستتێوەردانی وڵاتانی دەرەکی لە چارەنووسی خەڵکی
عێراق، هەڵًبەت ئێش و ئازاری خۆی هەیە و دامەزرانی حکومەتێکی نیشتمانی
و دیموکراتی، پێویستی بە بەرخۆدان و نرخێکی زۆر هەیە لەهەمبەر ئەم
لەدایکبوونە نوێیە. چارەسەرکردنی گرفتە ناوخۆیی و لاوەکییەکانی نێوان
بەشەکانی کۆمەڵی عێراق، نابێ ببێتە هۆی غافڵبوون لەم مەترسیە واتا
دەستوەردانی رژێمی ئێران. ئەمە هێڵێکی سووری هەتەرە و لە هەمانکاتدا
رەمزی تێپەڕبوونی سەرکەوتووانەیە بە ناو ئەم قۆناغەدا. هەر هێز و
لایەنێکی سیاسی بەر لە بیرکردنەوە لە بەرژەوەندیی خۆی، یان تەنانەت
بەرژەوەندیی بەشێک لە بەشەکانی خەڵکی عێراق، بە هەبوونی ئەم هێڵە سوورە،
دەبێ عێراقێکی بەهێز و یەکگرتوو، حکومەتێکی نیشتمانی و دیموکراتی بداتە
بە خۆی و بەرژەوەندی نیشتمانی بخاتە پێش بەرژەوەندیی حیزبایەتی. ئەمەش
بە مانای بەرخۆدانێکی مێژووییە بۆ سەرخستنی شەقامی عێراق و نەک
وازهێنان لە چارەسەکردنی گرفتە ناوخۆییەکانی کۆمەڵ. هەر کام لەم گرفتە
ناوخۆییانە بێ چارەسەر نین و دەبێ بە شێوازێکی گونجاو چارەسەر بکرێن.
هەڵبژاردنەکان و وریاییەک.
ئەزموون دەریخستووە کە رژێمە نادیموکراتی و دیکتاتۆرییەکان، تەنانەت
کاتێ بە ناچار هەڵبژاردن دەکەن، تاکتیکی ناسراوی «گزیکردن» و «تەزویر»
بە بەربڵاوی بەکار دێنن. رژێمی دەسەڵاتدار لە ئێران، لە نموونە هەرە
زەقەکانی ئەمجۆرە رژێمانەیە کە تازەترین بەڵگەی ئەم راستیە،
هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کۆمار لە مانگی حوزێرانی رابردوو بوو. رادەی
گزیکردن و تەزویر بە جۆرێک بوو کە کۆمەڵی جیهانی بە گژیداچوو. کەوایە
پێویستە بە وریاییەوە مامەڵە بکرێت لەگەڵ ئەم تاکتیکەی رژێمی ئێران و
دەست و پێوەندەکانی. پێویستە رێگە نەدرێت بەم کارەیان، بە سەر
چارەنووسی گەلی عێراقدا زاڵ بن.
ئەمجارە بە پێچەوانەی رابردوو، هاوپەیمانیکردن لەگەڵ لایەنەکانی سەر بە
رژێمی ئێران زۆر کوشەندە و زیانبارە و نابێ قبووڵ بکرێت!
لەندەن
mistefazengena@gmail.com
|