٢\٦\٢٠١٥ بە دامەزراوەییکردنی حکومەتی هەرێم!
بێگومان پێناسەی بە دامەزراوەیی کردن بە واتای بە یاسایی کردن دێت ئەم بە یاساییکردنەش دەبێ رەهەندی نیشتمانی و نەتەوەیی هەبێ و کار لەسەر چەمکی هاوڵاتی بوون بکا و بەرژەوەندیەکانی کوردستان وەک قەوارەیەکی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی رەچاو بکا بە واتایەکی روونتر بە دامەزراوەیی، رەهاکردنی دام و دەزگاکانە لە چنگی تەسکی حیزبی، وەک ئاشکرایە لێرە حیزب ئامرازە بۆ رزگاری میللەت، لە هیچ وڵاتێک دا چاو لە حیزب ناکرێ وەک ئامانج (الغایة) کەچی لە کوردستان دا تا ئێستاش لە روانگەی تەسکی حیزبی یەوە مامەڵە لەگەڵ پێشهات و رووداوەکان دەکرێ هەر لەم گۆشەنیگا تەسکەوە ئیش لەسەر زەینی تاک دەکرێ، حیزبەکانی کوردستان وەک پاشماوەی سیستەمە توتالیتارەکان پەیرەوی ناوخۆیان پیرامیدی و هەرەمی یە بۆ نموونە لە سەرۆک حیزبەوە فەرمان دەردەچێ شۆڕ دەبێتەوە بۆ ناو شادەمارەکانی جەستەی حیزب ئاکام ریزەکانی خوارەوە یا بنکەکان کە بریتی دەبن لە کۆمەڵی دەروێشی دوور لە ئاسۆی بیرکردنەوەی ئازاد، دەتوانم بڵێم لەو میانەدا پەیرەوی پەروەردەی ئاینی دەکرێ، ئاین نە بە مانای پەیوەندی نێوان تاک و خوداوەند بەڵکو پەیوەندی نێوان سەرکردە وەک شێخ و ئەندامانی خوارەوە وەک مورید لەوەش زیاتر لەرووی زانستی یەوە پەیرەوی تێئۆرەکەی بافلوف دەکەن بەناوی رەنگدانەوەی کردەی مەرجدار لەم رێگایەوە بەپێ ئەم پروسەیە ئیرادەی سەربەخۆبوون لە ئینسانەکان دەسێننەوە ئیدی ئینسانی حیزبی هیپنوتیزم دەکرێ و ناخودئاگاهی یی دەچێتە ژێر رکێفی حیزبەوە! وای لێ دێت تاکی حیزب وا بیردەکاتەوە کە هەمیشە لە خەمی رازی کردنی دەسەڵاتی دیارو نادیاری حیزب بێت، بێگومان حیزبیش لە واقیع دا دابراو نییە لە ڕایەڵی نیشتمانی و نەتەوایەتی بەڵام وا ئەندامانی خوارەوە پەروەردە دەکەن کە گەیشتن بەو رایەڵە مۆراڵیانە تەنیا لە رێگای کەناڵی حیزبی دیاریکراوە دەبێ! لەکاتێکدا سەرکردەی حیزبی دیاریکراو زۆر جار سازش لەسەر ئەو پرنسیپە نیشتمانی و نەتەوایەتیانە دەکا لە پێناو بە هێزکردنی پەیگەی حیزب دا، لێرەدا حیزب دەکرێتە ئامانج وێرای ئەمەش چەمکی سەرکردایەتی بە کۆمەڵ لە نێو ئەم حیزبانە ونە! ڕاستە بیروی سیاسی و کومیتەی ناوەندیان هەیە بەڵام وەک لەسەرەوە ئاماژەم پێ دا، قسەی ئاخر هی سەرکردەیە کە دەقاو دەق وەک کەسایەتی شیخ کاریزماو هەژمونی روحی خۆی بە درێژایی مێژوو سەپاندووە، لێرەدا تاکرەوی سەرکردەی حیزب دێتە بەرباس کە بۆ نموونە حیزبەکانی کوردستان لە رۆژی دامەزراندنیانەوە تا رۆژگاری ئەمرۆ خاوەک یەک سەرکردەن وەک سیمبولی مەعنەوی و مێژووی حیزبی لێهاتووە لە هەموو کونفرانس و کونگرەکان هەمان ناو و دەموچاو هەڵدەبژێردرێ! ئیش کردن لەسەر تاقە سەرکردەی حیزبی بەرەو چەمکی دیکتاتوری بوون دەمانبا تەنانەت لەم رادەیەش نەوەستاوە خزم و کەس و بنەماڵەکانیان مۆرکی پیرۆز پێ یان بەخشراوە و لەسەر سینییەکی زێرین بێ ماندوو بوون دەسەڵاتیکی فراوان و رەهایان پێ دەدرێ ! دیارە لەسەر ئاستی جیهان ئەم دیاردەیەش لێرەو لەوێ بەدی دەکرێ بەڵام زیاتر لە فەرهەنگی سیاسی رۆژهەڵاتی دواکەوتوو دا بەتایبەت کوردستان ئەم دیاردە نامۆیە هەست پێ دەکرێ و زاڵە! کەواتە ئەگەر ئێمە بمانەوێ ئیش لەسەر چەمکی بە دامەزراوەیی بکەین دەبێ پیاچوونەوە رادیکالیانە بکەین بە سیستەم و پەیرەوی ناوخۆی حیزبەکانی کوردستان، لەبەر ئەوەی کۆسپی بەرجەستەی بەردەمی پروسەی بە دامەزراوەیی بوون، بوونی گیان و کەیانی هەڵەی حیزبی یە، هەر ئەم تێگەیشتنە هەڵەیە لە چەمک و مانای حیزب بۆتە هۆی سەرهەڵدانی گیانی کێ بەر کێ یی نەگێتڤ زۆر جار ئەم کێ بەر کێ یە بەدرێژایی مێژوو بەرێوە چووە لەسەر داهاتی کوردستان باج و گومرگ چ لە شاخ و چ لە شار لەسەر قەلەمرۆ پەیدا کردن لە ناوچەیەکی دیاریکراوی کوردستان و قورخکردنی ئیش کردن لە ناو خەڵکەکەی بۆ حیزبێکی دیاریکراو تەنانەت هەندێ جاریش شەری براکۆژی تایبەت بە کورد هەڵگیرساوە لەسەر ئەو خاڵانەی کە باسمان کرد!
|