٣١\٥\٢٠١٥
بێدەنگیی شەو و باخچەی خەیاڵ.

کەژاڵ ئیبراهیم
خدر
١
بێدەنگیی شەو پڕە لە باخچەی خەیاڵ و
گوڵێکی نوستووی دەم شنەبا
بێدەنگیی شەو پڕە لە ھەناسەی خەم و
کوژانەوەی مۆمی تەمەنی رەشەبا
ئەوەی پشکۆی شەوی عەشق نەبینیبێ
نازانێ ناڵە و سوتانی لە کوێیە
ئەوەی تامی بەرسیلەی عەشقی نەنۆشیبێ
نازانێ درەختی باڵا و
رەنگی شەرمنی لە کوێیە.
٢
عەشق مەرەکەبی قەڵەمێکی وشک بووە
پرشنگێکە، سنووری دڵ دەتارێنێ
تەمەنێکە لەگەڵمانا راھاتووە
خەڵوەتگایە ھەموومانی پیر کردووە
تۆ ناتوانی مانای رستەی پێناسەکەیت
تۆ ناتوانی سۆراخی برینی بکەیت.
٣
عەشق زەنگی وریاکردنەوەی
رەنگ و تام و بۆنی تۆیە
رۆشنیاییە، ھەست رادەگری
تنۆکی فرمێسک دەبارێنێ
شەپۆلی گڕ ھەڵدەستێنێ
شوورە و مەرگی ناوەخت
لەگەڵ خۆیدا دێنێ.
٤
ئەوە عەشقە
چەندەھا جار پێدا رۆشتووم
چەندەھا جار وەک
سەربازێکی زامدار برینداربووم
عەشق شۆِرەسوارێکی گلاوە
چاوی گەشی لە دەروونی ھەر یەکێکمان بەجێماوە
عەشق دەروازەیەکی خەمە
کوانووی حەزێکی سەرشێتە
ژانی تاڵە، نائومێدیی دەخوڵقێنێ
پەستی و ئاوارەیی دێنێ.
٥
منی عاشق دەمەوێت تامی باران و
گیژوگیای سەوزی بەھار و
باڵداری تارمایی شەو بکەم
منی عاشق دەمەوێت
بۆنی ئازار و، مەستی شەو
گیانەڵای وەرزی پایز بکەم.
٦
منی عاشق دەمەوێت
لە ژێر باڵی شیعرێکدا بتنووسمەوە
لە حەزێکی زۆر ناوەختدا بتخوێنمەوە
تۆپێم بڵێ
لە کام ئارمگای ئەویندا ئۆقرەت گرت و...
لە ژێر سێبەری کام سنەوبەردا ھێلانەت کرد.
لەسەر بڵندگۆی کام چیادا
تۆپەڵێ بەفری سپی بوویت و
توایتەوە
لە ژێر رۆخی کام رووباردا مەلەت کرد و
نەمدۆزیتەوە؟
٧
بۆ دیار نەبووی، تۆ لە کوێ بووی
کە ھاتیەوە، تکا دەکەم
نیگای چاوم مەتۆرێنە
ھەنسکی ماندووم بسڕەوە
شووشەی دڵم مەشکێنە
من ببەخشە پەنجەکانم
ھەناسەکەت بە لێوەکانم
شیلەی ھەنگوینی چاوانت
بتوێنەوە چاوەکانم.
ماڵپهڕی
کهژاڵ
ئیبراهیم خدر
|