٧\٢\٢٠١٠
بێدەنگیی ئێوە، ترسناکترە!

سەلام عەبدوڵا
لە فڕۆکەخانەی هەولێر گوێم لە شوفێرە
کوردەکە بوو بە هاوکارەکەی گوت: (هندی،
جانتاکە باش سەربخە...هندی سەرکەوە...هندی...)
سوکایەتیکردن بە هندییەکە کە ناوی خۆی هەیە، سوکایەتی رەگەزپەرەستە
ئەڵمانەکانی بەبیرهێنامەوە.
راپۆرتەکەی کەناڵی(knn)یەکەم دیاردەیە لە ماسمیدیای کوردی بۆ بڵاوکردنی
بیروبۆچوونی رەگەزپەرستی بە وێنە کوردییەکەی، بەڵام پێشتر چەندین جار
کرێکارە کۆچبەرەکان لێرەو لەوێ رووبەڕووی توندتیژی و سوکایەتی بوون،
بەبێ ئەوەی ئەو دیاردەیە نامرۆڤانەیە ببێت بە بۆنەیک بۆ گفتوگۆ و
کۆبوونەوە خۆپیشاندان یان حزبێک، سەندیکایەک بە فەرمی مەحکوم بکات.
بێدەنگی ئێوەو راگەیاندنەکان بەگشتی زۆر لە بڵاوکردنی ئەو راپۆرتە،
ترسناکترە، بەتایبەتی بێدەنگی قەڵەم بەدەست و هونەرمەندو رۆشنبیرو
شاعرو چالاکوانی رێکخراوە مرۆییەکانی دەروەی وەڵات.
ئایا ئەگەر مرۆڤ لەم بارەیەوە بێدەنگ ببێت، ئیتر بۆچی باسی تاوانی
دەرکردنی بە زۆرەملی پەنابەرە کوردەکان لە بەریتانیا و دەنیمارک، دەکەن؟
بۆچی باسی تاوانی حکومەتەکانی تر دەکەن؟
ئایا چ کەناڵ یان رۆژنامەیەک لە ئەڵمانیا، نەمسا، سویدو دەنیمارک یان
فەرەنسا، دەوێری بە ئاشکرا ئەو جۆرە بۆچوونە بڵاوبکاتەوە؟ ئایا ئەگەر
بڵاوکرایەوە، رووبەڕووی پرۆتێستی جۆراوجۆر دەبێت؟
بێکاری و خراپی باری ئابووری یەکێکە لە هۆکاری کۆچبەری مرۆڤ بۆ شوێنێک
بتوانێ تێدا کاربکات. هاتنی کرێکارانی "بیانی"بۆ کوردستان هۆی بێکاری
کرێکاری کوردستان نییە، بە پێچەوانە تەنانەت پێش ئەوەی کرێکاری هندی و
بەنگلادشی و ئەسیوپی روو لە هەرێم بکەن، بێکارییەکی بەرفراوانتر هەبووە.
بێدەنگی ئێوە ترسناکە، زۆر لە راپورتە قیزەوەنەکە ترسناکتر!
dwaroj@yahoo.de
|