په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٦\١١\٢٠٢٢

    بەد گەشبینیی!

دارا خونچە

ئای کە چەند جوانە ئازادیی

سەربەست لە دیدەی چاودێران

ئای کە چەند میهرەبانترە

سازش لە زەبروزەنگ

تایبەت دەگەڵ

سەقا و سروشت و وەرزەکان..

جیهان پڕی

تەمومژ و باوبژ بی ١

لە گوژارک و ژاری دووپایان لێوڕێژ بی ٢، ٣

یارۆیە کوریک ئاسایەکەم ٤

هێشتا هەر خەریکی

چوزەڵەی خونچە گوڵانە و

هەر چرۆی دارودەوەنان دەلاوێنتەوە..

سپێدان دەگەڵ گزنگ تاکو زەردە

وە یەک بادیە تەڕەساز و گۆلمەک خورمژ ٥، ٦، ٧، ٨، ٩

دە نێو مەزرا و کێڵگە تەڕاوزەکان رەنجدەدا.. ١٠، ١١، ١٢

شێوانیش وە جامەک خۆشاوی ترێ و ١٣، ١٤

ورشەورشی سۆزەوە

روومەتە ئاورینەکانی وەسەر سینگم دەنێتەوە..

ئیشوکاری هەر ئەوەیە

بەدبینیی لە گەشبینیی داتەکێنی.

کەچی یارۆگەلەکی مشەش هەن ١٥

بەدبینیی لە گەشبینیی دەقۆزنەوە:

هەر وە ''دڵە'' و ''گوڵە'' ناوی یەک دەبەن

لێ دڵیان لە بەرد و گوڵیان لە نایلۆن!

دەگەڵ فریز و گژوگیا ناتەبان ١٦

باخچەکان.. جێژوانەکان

چەوڕێژ.. چەمەنتۆڕێژ دەکەن!

هەر لەو گۆڕەی یێژن ١٧

گوڵەکان نەهامەتیین

جوانییەکانیان لەخشتەمان دەبەن!

درەختەکان داگیرکەری زەوین

بناغەی باڵەخانەکان هەڵدەتەکێنن

دەروبانمان لێ پیس دەکەن!

هەر لە گۆترە و بێ شەرموشۆ ١٨

لەسەر رەزمی

سرووتە دینییەکان و سروودە نیشتیمانییەکان

یێژن گیانداران ژیانمان دەکرۆژن

گیانیان دەربکەن!

ئای لە بەدبینیی.. ئای لە گەشبینیی

دەگەڵ ئەوەی ''مرۆڤ یەکەو نابتە دووان''

   کتومت یێژی

خودایەک هەیە و

هەر وە ئارەزووی خۆی

وەسەر مرۆیانیان دادەبەشی! ١٩
 

_________________________________________________

فەرهەنگۆک:

١- باوبژ: بای بەهێز و وە وژەوژە، بای نێو زگ.

٢- گوژارک: رەگی هەندەک تەڕە کە وە کەلکی خواردن نایێن.

٣- ژار: ژەهر.

٤- کوریک: گوڵاڵە.

٥- وە: بە.

٦- بادی: جامی خواردن و خواردنەوە.

٧- تەڕەساز: لە شێلم و گەنم و دۆ چێدەکرێ.

٨- گۆلم: پێوانەی هەردوو لەپی دەست.

٩- خورمژ: خورما و مێوژ.

١٠- دە: لە.

١١- مەزرا: زەوی تایبەت وە چاندن.

١٢- تەڕاوز: چاندن لە درەنگی جستانێ.

١٣- شێوان: شەوان.

١٤- خۆشاو: ترێ خستنە نێو ئاو تا دەپیشێ.. زۆر جار هەندەک ئەلکەهۆڵیش دروستدەکا.

١٥- مشە: زۆر، گەلەک.

١٦- فریز: چیمەن.

١٧- لەو گۆڕەی: بێ هیچ هۆیەک.

١٨- گۆترە: بێ پێوانە کردن، ئاخافتنی سەرپێی و بێ بەڵگە.

١٩- دادەبەشی: دابەشیدەکا.

 

ئەیلوولی ٢٠٢٢

ماڵپه‌ڕی دارا خونچە

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک