١\٥\٢٠١٤
بەدیهێنەر.

هێمن ئەمانی
شەو...
لە دەستەکانی مندا
ئۆقرە دەگرێ...
ئەگەر تاریکی ناو پەنجەکانم
سەرنج بدەی
چەرخی ژیان
لە تاریکایی و شەوە زەنگ
لە سپێدەی داهاتووشدا
هەر لەوێدا دەژێتەوە.
بڕوانە بۆ لەپی دەستم
ڕۆژ..
بۆ چەند چرکەیەک لەوێدا
سەر خەو دەشکێنێ
زستان.. لە جەستەمدا
بە هێمنی گەورە دەبێ
هاوین.. لە هەناسەی مندا دەخوڵقێ.
بڕوانە تۆ!
ئەگەر..
دەستەکانم بنوقێنم
دڵی ژیان
لە چرکە ساتێکی نەمان
لە لێدانی خۆی دەوەستێ.
چاوت ببڕە ناو چاوی من
هەنگاوەکانی پێم بژمێرە
ئەگەر..
ئەگەر چاوم بنوقێنم
هەنگاوێکم بوەستێنم
هەموو ژیان
بۆ هەتایە لە سوڕی خۆی
دادەکەوێ.
وەرە
بروانە ئەو بریسکەیە
کە لە چاوما دێتە دەرێ و
لە دڵۆپێک بارانی نیگاکان
دەریایەکی بێ کۆتایی دەخولقێنێت
وەرە بزانە کە چۆن هەژاری
لەبەر پێما
وەک تاوانباری لە گۆ کەوتوو
چۆکی داداوە و
سەری لەسەر زەوی کوتاوە.
ئێمە چەخماخەی شۆڕشێکین
بەسەر پوشی ووشک هەڵاتوی
سەرمایەدا.
ئێمە زێڕینە پەلکەین
دوای خورێنکی بارانی سەرمایە
بە خۆری ئازادی
تا هەتایە
دەدرەوشێینەوە و
دەدرەوشێینەوە.
٢٨\١٢\٢٠١٢
hemnamani@yahoo.com
|