په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٦\٦\٢٠١٣

بێ‌ درکاندنی وشە دیدەکان دەدوێن.


یوسف خەلیل      


زۆرجار لێرە ولەوێ‌ باس لە کاریگەری هەستەوەرەکان دەکرێت ، کە هەر یەکەی چەمکێک لەخۆ دەگرێت و قوتابخانەیەکە بۆخۆی ، بۆ نموونە زمان کە هەموو ئەندامی جەستە لە کار بکەوێت ئەو دەتوانێت هەموو ئەرکەکان لە ئەستۆ بگرێت ئەوانی دیکەش هەمان شێوە ،زۆر جار مرۆڤ ناتوانێت بەسەر خەونەکانیدا زاڵبێت و داوای دابین کردن بکات ، بەڵام گەر سەرنج بدەینە سەرجەم هەستەوەرەکان بەبێ‌ ئەوەی هیچ وشەیەک بدرکێنێت ئەو مرۆڤە دەتوانێت شتی خۆی بڵێت و مرۆی بەرامبەر بەسەلیقە بێت دەتوانێت ڕاز و نیازەکانی ئەو کەسە بخوێنێتەوە ، زۆرجار مرۆ نایەوێت بەرامبەر یا دەوروبەر بەکێشەکانی خۆی ئاشنا بکات بەڵکو خۆی دەیەوێت ببێتە فریاد رەس و خودی خۆی چارەسەر بکات ، بەڵام کە دێتە دەرەوە لەو ژورەی یا لەو چوارچێوەیەی کەتێیدا ئەو خەمە یا ئەو کێشەیە سەری دەرهێناوە تیایدا ..بێ‌ هیچ شتێک کەسی بەرامبەر راستەوخۆ لەو کەسە تێدەگات کەگیرۆدەی کێشەیەکە و پێوەی دەناڵێنێ‌ ،ڕۆژانە ئەم نمونانە دروست دەبن زۆرجار تووشی ئەوە بووین لەکاری ڕۆژانەدا کە بەرامبەر پێمان دەڵێت : شتێک هەیە و من نایزانم چیە؟ بۆ وا ماتیت یا بۆ ڕیشت هاتووە ؟ بۆ ئاگات لەخۆت نیە؟ چیە چی قەوماوە؟ ئەمانە و زۆر شتی تریش..

ئەوەی لەم تەوەرە دا دەمەوێ‌ لێی بدوێم خوێندنەوەی سەرنجە کە لە ناواخنی دیدەوە سەر هەڵدەدات.. راستەوخۆ بێ‌ درکاندنی مەبەست بچۆرە نێو دیدەی بەرامبەرت ..بە مەرجێک بەرامبەریش هەمان شتی لا دروست بوبێت ..رۆبچنە نێو یەکدی بۆ ماوەی چەند چرکەیەک بێ‌ ئاشنا بوونی یەک بە یەکدی یا بێ‌ پێشینەیەک .. کەلەوە و پێش ڕویدابێت لە یەکدی تێدەگەن کە بەرامبەر چی دەخوازێت یا چی لە دڵدایە ، یا بەرامبەرت ئاگای لەخۆی نەبێت ..تۆ سەرنجی هەلسوکەوتەکانی و دیدەکانی بدە بەبێ‌ ئەوەی ئەو ئاگاداربێت هەست دەکەیت گیرۆدەی کێشەیەکە و پێوەی دەناڵێنێ‌.

چاو وێڕای ئەوەی شوناسە بۆ کەسێتی و لێیەوە هەموو سنورەکان دەبڕدرێت و دەتوانرێت هەموو شتێکی پێ‌ ببینرێت و لە هەموو شت ئاگاداربێت – وێرای ئەوەی ستاتیکایەک دەبەخشێتە ڕووخسار لە هەمان کاتدا خاوەن هەڵوێستە و ئەوەی بەزمان ناتوانیت لێی بدوێیت ئەم دەتوانێت بیگەیەنێتە بەرامبەر و مەبەستی خۆی بپێکێت ، ئێدی مەبەستەکانت خۆی لە هەر شتێکدا ببینێتەوە ئەم دەتوانێت ببێتە ئەم نوێنەرە و چی لە دڵی ئەو کەوسەدایە بیگەیەنێتە دیدەی بەرامبەری، واتە چاو گەلێک لەپێشترە لە هەستەوەرەکانی دیکە و لە هەمان کاتدا زیاد لەپێویست ناسکە و بەساناترین شێوە لە نێو دەچێت بە لە نێو چونیشی واتە لە دەست دانی ژییان چونکە بێ‌ ئاگا دەبیت لە دەرەوەی خۆت ونازانیت بۆ کوێ‌ ڕێدەکەیت و چی ڕوودەدات ، واتە لە هەموو ئەندامەکانی تری جەستە پێویستە ئاگاداری بکرێت و نەهێڵرێت زامار بکرێت لەو کاردانەوانەی ڕووبەڕووی دەبنەوە.

لە ڕووی ستاتیکاشەوە سیمایەکی نەخشین دەبەخشێتە ڕووخسار بە تایبەتی و جەستە بەگشتی و ئاوێنەیەکی جوانە بۆ درکاندنی شتەکان ،رەنگیش سەرچۆپی گری سەماکانیەتی بۆ هەر ڕەنگێک ڕووخسارێکی دی نمایش دەکرێت وەک (سادە، بێ‌ باک ، کینە لە دڵا، خاوێن ، مەبەست) ئەمانە و زۆر شتی دیکەش ، برژەنگیش درێژ و کورتیەکەی رێڕەوێکی جوانتر دەبەخشنە سیما بە ئاراستەیەکی بزوێنەر تردا دەیبەن ، برۆش درێژی و کورتی یا باریکی و ئەستوری هێندەی دیکە سەرنجی کەسی بەرامبەر بۆخۆی ڕادەکێشت.

ئەم جۆرە بۆ چوونانە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە دەگۆردڕێت بۆ نموونە نێر و مێ‌ بە شێوەیەکی سەرەکی ، گەنجەکان هەوڵدەدەن ڕەونەقێکی جوان ببەخشنە سیمایان تا کاریگەربێت بۆ پێکاندنی مەبەستەکانیان ،ئەم کاردانەوەیە بۆ ئافرەت دە ئەوەندە دەکەوێتەوە یاخوود با بڵێین هونەرمەندن بۆ نیگارکێشانی دیدەی چاوو ئەو کەنارانەی دەور و پشتی و سیمایان هێندە دەنەخشێنن کورد واتەنی وا لەخۆیان دەکەن پیاوان حەیرانیان دەبن و هەمیشە گۆرانی و شیعری جوان و نازدارییان بۆ باڵایان یا بۆ دیدەی سەرنج راکێشیان بڵێن ، مانای بەکردەیەک چەندین دەرگای دیکەی لێوە دەکەنەوە و ئەو دیوی شتەکان دەپێکن ، ئەمەش ئەو کاریگەرییەیە بە درێژایی ژیان مرۆ خەونی هەمیشەیی پێوە بینیوە و چەندین قوربانی لەپێناودا دراوە بۆ نموونە لە کۆمەڵگە دووا کەوتوەکاندا کە بیرۆکە و کەلتوری پێشینە زاڵە بەسەریاندا و لەسەر وردە کێشەیەک چەندین گرفتیان هێناوەتە ئارا چونکە ئافرەتیان کردۆتە شوناسی شەرەفی بنەماڵە بە لە دەست دانی.. شورەییەکی گەورە ڕووبەڕوو یان دەبێتەوە، واتە هەرچی پێویستە دەبێت بکرێت بۆ پاراستنی ئەو حەسارە و پتەوترکردنی..

لەم تەنگەژەیەدا چاو دەتوانێت ببێتە پردێکی کاریگەر و شکاندنی دەرگاکان و هاوار بۆ ڕزگاربوون ،دیدەی بەرامبەریشە نیگاکانی ئەو هەستە دیلە دەقۆزێتەوە و بەدوویەوە دەچێت و دەستی هاوکاری بۆ درێژ دەکات ، واتە وێستگە یە کە بۆ پەیوەندی کردن، لە زۆر کچ و کوڕمان بیستووە یا بینیوە لەم ڕێگەیەوە بە مەبەستی خۆیان گەیشتوون و درێژەیان یا پەرەیان داوە بەدڵداری و لە نێو کەژاوەی ژووانێکدا و ئاوێزان بوونێکی تەڕدا تواونەتەوە ،لە ڕووی دەرونیشەوە کاریگەرییەکانی پانتاییەکی بەرفراوانی لە خۆگرتووە ..منی غەمبا ر کە لە کوچەیەکدا دۆش داماوم و ئەندێشەکانم هەراسانیان کردووم ..تۆی جوان دەتوانیت بە نیگایەک هەموو غەمەکانم بڕەوێنیتەوە ، نیگا پردی پەیوەندییە جوانەکانی ژییانە..لێیەوە جیهان بەڕەنگینی دەبینرێ‌ ،بەپێچەوانەشەوە دەتوانرێ‌ ئەم نیگایە بۆ دەربڕینی رک وکینە بەکاربهێنرێ‌ و مەبەستی تاوانکاری پێ‌ بەرجەستە بکرێت ،واتە هەوێنێکی زێرینە مرۆی هاوچەخ دەزانێت چۆن بەکاری دەهێنێت و لەچ دۆخێکدا ژیانی پێ‌ دەبەخشێت ، زۆر بەسانایش لە دەست دەدرێت، واتە هەرچی پێویستە دەبێت بکرێت بۆ پاراستنی ئەو گەوهەرە بەنرخ و نیگا بێ‌پایانەی بووەتە ئاوێنە و باڵانمای مرۆڤ بوون.

 

ماڵپەڕی یوسف خەلیل

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک