په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٧\٦\٢٠١٤

    بێ ئەندازە خۆشم دەوێی!

 

هۆگر موحسین

پێشکەشە بە هاوبەشی ژیانم (رۆشن بەلقیس).


گەلەک پرتە و مقۆی ناسیاوانم بیست
کۆشانێ لە چەشنی درز و پچڕان..
خڕییم لە بن پێ نا و کردم وە هیچ
دووریی زۆرم چەشت، وە ئازار و دابڕانەوە..
نەیانتوانی بێ تۆم بکەن، لە منت بکەن
کۆمەرەک شێوە جودا جودای "کچان"م دیت
نەیانتوانی دەستەمۆم کەن..
ئەلقەی پەنجەی "برا تووتە"م لە دەست دەرکەن؟
کەواتە:
پرتە و مقۆ.. نەریتی ئەوێ رۆژێ..
ئازار، دووریی.. دابڕان..
سیمای چەشنی جیا جیای کچان
کردم وە ''تۆزی خۆڵاویی'' و دام وە شەپۆڵی توندی ''با''دا
هەرگیز نەتوانێ سەر بنێتەوە سەرم.
ئێسا لە بڕی توندە شەپۆڵی ''تۆزی خۆڵاویی''
ژیان
خۆشویستن
لۆ یەکبوون
رێچکەی گرتوە..
دەنکەکەم سەردەمێکە
عەوداڵی وشەیەکی تەنکم
وەک تۆ تەنک، ناسک، نازەنین.
رۆحم تێرکا.. لە گاسکردنت
گوڵ و رۆح و ئەم و ئەو..
نێوی سواو و قەڵب و دزێون؟
نە گوڵ پاکیی و جوانیی تێدا ماوە
(رۆح)یش ویژدان و ژیانی چک کردوە
ئەو گوڵەی پەروەردەی باغەوانێکی ''دز''و ''ساختە''یە؟!
جوانیی و پاکیی لە کوێ دایە؟
رۆحیش وە هەمان سیما و نەریت رێچکەی گرتوە؟
زۆر و زەبەندی سروشت.. هەوا، شنەبا..
کەسەر و مەینەتیین؟ جەستە و سییەکان دەقلیشێنێ..
دیلی مرۆڤە هار و گەوجەکانن؟!
نووکە وێڵێ وشەیەکم..
هەرگیز زاری مرۆ نەیئاخافتبێ، پیسی نەکردبێ،
گووی تێنەکردبێ، لە گۆڕی نەنابێ..
دەنکەکەم.. ئارەزوو دەکەم
لە هەر گۆشەیەکی ئەو جیهانە هەیە
لە تەک یەکتردا بین
وەک ئاوێکی مەنگ هەردەم هەمبێز بە یەکدا بکەین..
دەخوازم ئەمن و ئەتوو ببین بە ملوانکەیەکی رۆحدار
با هێزی دووریی، دابڕانی سەخت و سفت... نەتوانێ
جیامان بکاتەوە و هەردەم ئاڵاو و لە سینەی یەکدا بین.
زۆر لە مێژە حەز دەکەم کۆڕێکی ئاشقانە ببەستم
لە گەورەترین شاری دونیا
لە گەورەترین هۆڵی دونیا
هەرچی ئاشقانی دونیا هەیە، گاسیان بکەم
هەر لەو کۆڕە ئاشقانەیە..
مایکی سەر سەکۆ بگرمە دەست و
پڕ وە گەرووی خۆ هاوار بکەم
پێت بێژم:
خۆشم دەوێی، خۆشم دەوێی...
ئاشقتم..
ئاشقێک جوانتر، ناسکتر لە هەموو ئاشقانی دونیا
ئەی (..........)ەکەم.

 

ماڵپەڕی هۆگر موحسین

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک