٣\٣\٢٠١٧
بەھار و دەوڵەتی
کوردی!

شێرزاد وڵاتدۆست
ھاتنی وەرزی بەھار واتا دووبارە نوێ بوونەوەی ساڵ و دەسپێکی ژیانێکی
نوێ ، بەھار بەشێوەیەک لە کوردستان خۆی دەردەخان بە جۆرێک وێنەی دەگمەن
لە جوانی دروستکراوەکانی خودای مەزن پیشان دەدات ، ھەر لە دێر زەمانەوە
گەرچی گەلی کورد لە ژێر زوڵم و زۆری مەزن دابوبێت و سەرکوت کرابێت بە
درێژایی مێژوو ، بەڵام ھاتنی وەرزی بەھار و کۆتایی ھاتنی وەرزی سەرما و
سۆڵەی زستان لە کوردستان بووەتە مایەی خرۆشان و جۆشێک لە ناخی ھەر
تاکێکی گەلی کورد بەوەی چۆن گەرما و تینی تیشکی خۆر کۆتایی بە سەرما و
بەستەڵەکی زستانی دوور و درێژ ھێنا ، ھەر بەو جۆرەش دەکرێت گەلی کورد
لە ڕێی خەبات و ھەوڵدانەوە کۆتایی بەو زۆلم و زۆری و داگیرکاریەی لەسەر
خاکەکەی بێنیت ، بۆیە دەبینین زۆرێک لە جوڵانەوە و ڕاپەڕینەنای گەلی
کورد لە ھەر چوارپاڕچەی کوردستانی مەزن لە مێژووی کۆن و نوێی کورد
ھەرلەم وەرزە دا سەریان ھەڵداوە ، لێ مەخابن شۆڕش و ھەوڵدانی زۆر و
زەوەندی گەلی کورد لەبەر ھۆکار گەلی زۆر نەبووە مایەی کۆتایی ھێنان بە
داگیرکاری لەسەر زۆربەی خاکی کوردستان و دروستبوونی کیانێکی سەربەخۆ بە
ناوی دەوڵەتی کوردستان.
لە مێژووی نوێی گەلی کوردا لەگەڵ بوونی جوڵانەوەی رزگاری خوازی لە ھەر
چوارپارچەی کوردستان و بوونی دروشمی ھەوڵدان بۆ سەربەخۆی لای زۆربەی
ھێزە شۆڕشگێرەکانی کورد، بەڵام ھیچ ئەنجامگەلێکی مەزنی وەھای نەبوو ،
کە ببێتە ھۆی ڕزگارکردنی کورد ، بەڵکو بووە مایەی ماڵوێرانی زیاتر و
دەربەدەربوون و کوشتوبڕی زیاتری گەلی بەشمەینەتی کورد لەلایان
داگیرکەرانی خاکی کوردستان ، ئەگەرچی بارودۆخ وەھا درێژەی کێشا ھاتە
ساڵی ١٩٩١ زایینی ، کە بەھۆی لاواز بوونی ڕێژمی ئەوسای عێراق بەھۆی
جەنگی لەگەڵ ئێران و کوەیت و گوشاری نێوەدەوڵەتی لەسەری ، دەرفەتی ئەوە
بۆ گەلی کورد لە باشوری کوردستان ھەتا ئاراوە بۆ ڕزگار بوون لە ڕژێمکی
داپڵۆسێنەری وەک بەعس.
ھەر بۆیە ڕاپەڕینی ٥ ی ئازاری ١٩٩١ لێ بەرھەمھات و تواندرا لە مەوەیەکی
کەم دا خاکی باشوری کوردستان ئازاد بکرێت و دوای ھەزاران ساڵ لە
دەگیرکاری توانرا ئەم بەشەی کوردستان لە ژێر چەپۆکی دگیرکەرێکی دڕندە
دەربھێندرێت ، ھەروەھا بریاردانی ناوچەی دژە فرین لەلایان ئەنجومەنی
ئاسایش بۆ بەشێک لە خاکی باشوری کوردستان لە ئەنجامی کۆڕەوە مەزنەکەی
گەلی کورد توانرا دەستەبەری زیاتر بێت بۆ نەگەڕانەوەی ڕێژێمی بەعس بۆ
ناو خاکی باشوری کوردستان ، لەگەڵ سەقامیگر بوونەوەی باردۆخەکە لەساڵی
١٩٩٢ توانرا ھەڵبژاردن بکرێت و پەرلەمان و حکومەتی ھەرێمی
کوردستان-عێراقی لێ بنیادبنرێت.
لێ بەھۆی دابەشکاری پەنجا بە پەنجای جووت حزبی ئەوساو پەلەقاژە بۆ
وەرگتنی بەرژەوەندی قۆرخکاری زیاتر بۆ حزبەکانیان و ئاودیوکردنی تەواوی
کەلوپەلی دامو دەزگا حکومیەکان ، بارودۆخی ناھامورا ھاتە ئاراوە ، کە
ھەمیسان ھاوڵاتیان باجەکەیان دا، ھەروەھا بەھۆی گەیشتنی کۆمەڵێک کەسی
نەشەرازا و نەشیاو بە پلەوپایەی دەسەڵات باردۆخەکە بەرەو خراپتر
ھەنگاوی نا ، ئەو کەسانە کە تەنھا یەک ڕۆژیش لە پێناوی کوردا سەختیەکەی
وەھایان نەبینی بوو ، بەڵکو یان لە کەمپکانی ئێران بوون یان لە وڵاتانی
ئەورووپا لە خۆشی و کەیف و سەفای خۆیان دا بوون ، بەڵام دواتر بەھۆی
ململانێ ناتەندروستی ئەوسای یەکێتی و پارتی لەسەر زیترکردنی ھەژموونی
دەسەڵاتی خۆیان شەڕی ناوخۆ ھاتە بەرھەم ، بەھۆی ئەم شەڕەوە دووبارە
ڕژێمی بەعس ھاتەوە ھەولێر و ھەزاران کەس گیانیان لە دەستدا و بووە
دووبارە ماڵوێرانی کوردی باشور ، لەگەڵ دولەت بوونی باشوری کوردستان بۆ
دوو ئیدارەی ھەولێر و سلێمانی ئەنجام گەلێکی خراپی وەھای لێ بەرھەمھات
، کە ھەتا ھەنوکەش میللەت بەدەستیەوە دەناڵێت.
ڕوخاندنی رژێمی بەعس بە دەستی ئەمریکا و ھاوپەیمانەکانی لە ٢٠٠٣
دووبارە دەرفەتێکی تر بوو بۆ گەلی کورد بۆ ھەنگاو نان بۆ سەربەخۆی ،
بەڵام بەڕازی کردنی سەرکردایەتی کورد بە پارە و پلە و پۆست لە بەغدا بە
مانەوە لە عێراقێکی فیدراڵ رازی بوون ، لەگەڵ پێکھێنانی ئاسایی
بوونەوەی پەیوەندەیەکانی یەکێتی و پارتی و دەمەزراندنەوەی حکومتێکی
یەکگرتوو لەساڵی ٢٠٠٥ ، ھەمیسان ھەموو شتەکان بەش بەشکردنەوە لەسەر
بنەمای پەنجا بە پەنجا ھەموو دەسەڵات و مافە دارییەکان لە ھەرێم و
بەغدا لەلایان ئەو دوو حزبەوە قۆرخکران ، ئەگەرچی لە دوای دروستبوونی
ئۆپۆزسیۆن لەساڵانی ڕابردوودا جوڵایەکی دیموکراتی کەوتە ھەرێمی
کوردستان و حکومەت و پەرلەمانێکی چالاکتر دەبینرا ، بەڵام بەھۆی
پاوانخوازی و چۆلنەکردنی کورسی دەسەڵات و ململامێی ناتەندروستی حزبی ،
ھەرێمێکی بێ پەرلەمان و حکومەتێکی شکستخواردوی وەک ئەمڕۆی لێ بەرھەم
ھات!
باسکردن لەسەربەخۆی لەم ساڵانەی دوایی بووەتە شتێکی باو بەجۆرێک
ئەوەندە باس لە سەربەخۆی و ڕاگەیاندنی دەوڵاتی کوردی کراوە ، ئەگەر
بەشێکی زۆر کەم لەم دروشم و گوتافان کرابا بە کردار ئێستا دەمێک بوو
دەوڵەت بووین! ، ئەگەر لە ساڵانی رابروو باس کردن لە سەربەخۆیی و جیا
بوونەوە لە عێراق وەک کارتێکی فشار بەکارھێنداربێت بۆ گوشار خستنە سەر
بەغدا ، ئەوە لە ئیستا دا بێ گومان دەسەڵاتدارنی بەغدا لەو دڵنیا بوون
بە کارھێنانی ئەم کارتە بووەتە کارتێکی سوتاو ھیچ کاریگەریەکی
لێبەرھەمنایەت و بڕینی بوجدەی ھەرێمی کوردستان لەلایان نوری مالیکی
سەرۆک وەزیرانی ئەوسای عێراق لە ساڵانی ڕابردوو گەواھیدەری ئەو ڕاستیەن
.
ئەوەی جیێ سەرنجەھەموو ساڵێک لەگەڵ ھاتنی وەرزی بەھار ھەمدیسان دروشمی
باق و بریق بۆ سەربەخۆی و ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردی بەرزدەکرێنەوە ،
بەجۆرێک لەگەڵ کۆتایی وەرزی بەھار ئەو دروشمە باق و بریقانەش دەبنە
بڵقی سەر ئاو دیار نامێنن ، ئەگەرچی بەھۆی شەڕی داعش لە دوو ساڵی
ڕابردوو ھەروەھا بۆ پەردە بۆشکردنی شکستەکانی حکومڕانی ٢٦ ساڵەی جووت
حزب و بۆ بیربردنەوەی کێشەو گرفتە زۆر و زەوەندەکان لە بیری ھاوڵاتیان
ھەردەم ئەم دروشمانە گوێی خەڵکیان پڕکردووە ، بێگومان دەوڵاتە
زلھێزەکانی دونیاش لە سەروی ھەموویانەوە ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپا
لەو دڵنیابوون دەسەڵاتێک نەتوانێ ھەرێمێکی ٥ ملیۆن کەسی سێ پارێزگا
بەڕێوەبەرێت ھیچ کات شایەنی دەوڵەت و کیانێکی سەربەخۆ نیە ، ھەربۆیەش
دەبینین ئە وڵاتانە ھەموو لەگەڵ دەوڵتێک نین ناوی کوردستان بێت ، بەڵکو
لەگەڵ یەک پارچەیەی خاکی عێراقدان!
ئەوەی لە کۆتایی دا پێویستە ئاماژەی پێبکرێت ئەوەیە دەوڵەتی سەربەخۆی
کوردستان خەونی ھەموو کوردێکە لەھەر شوێنێکی جیھان بێت ، بەڵام
دەوڵاتێک بێت کە سیستەمی دیموکراتی و یاسایەکی دادپەروەر تێیدا بوونی
ھەبێت ، کە ببێتە چەتر و لانەیەکی ئارام و خۆش بۆ دانیشتوانەکەی ،
نەوەک دەوڵەتێکی دیکتاتۆری و پڕ لەگەندەڵی و نادادپەروە دروستبکرێت ،
ئەوەی ماوە بگوترێت ئەوە دەوڵەت بۆ ئازادبوون و خۆشگوزەرانی زیاتر بۆ
گەلێک بنیاد دەنرێت ، نەوەک بۆ ئەوەی لە مێژوو دا بنوسرێت و تۆماربکرێت
دەوڵەتی کورد لەسەر دەستی ئەوفڵان سەرکردە ڕاگەیندرا ، ھەر بۆیە دەبێ
دان بەو ڕاستیە دابنێین ڕاگەیاندنی دەوڵەت لە ژێر دەسەڵات و سەکردایەتی
ئێستای کورد ، نمونەیەکی جوانتر نابێت لەو دەسەڵاتە گەندەڵ و
شکستخواردووە حزبی و بنەماڵەیەی ئێستا لە ھەرێمی کوردستان دا ھەیە.
sherzad.wllatdost@gmail.com
|