په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٧\١\٢٠١٨

بە هەر بیانووێکەوە بێ ژن کوشتن تاوانە.

عەبدولڕەحمان رەسول  

 

تاکەی بەرگری لە ژن کوشتن دەکەن لە ژێرناوی پاراستنی ناموس پەرستی وداب ونەریت وسوونەتی دینی وعەشائیری.خۆتان بەدەستی خۆتان کچ وژن وخوشک ودایک وخۆشەویست و خزمی یەکتری دەکوژن بەهۆکاری پاراستنی ڕەوشت وئەخلاق وسوونەتی ئایینی وتایەفەگەری وناوچەگەرێتی.لەکاتی کوشتنی ژنان وکچاندا بیرێکتان لەمرۆڤ بوونی خۆتان نەکردەوە پرسیارێکتان لەخۆتان نەکرد،ئەویش ئەگەر ژن نەبایە مرۆڤایەتی چۆن گەشەی دەکردبەبێ بوونی ژن؟ لە زۆرترین هۆکاری ئەنجامدانی تاوانەکانی کوشتن لەدژی ژنان وکچان بەبیانوی پاراستنی شەرەف و ناموسی بنەماڵە و خانەوادە و عەشایری ناوچەکەیە، کە بەشێک لە بیروباوەڕی کۆنەپارێز و ئاییندارەکان گەشەی پێ دەدەن و بەرگری لە هێشتنەوەی سوونەت و کردەوەی ژن کوشتن دەکەنەوە،پارێزەرانی دەسەڵات وسیستەمێکی سەرکوتگەروکۆنەپەرستیش لەپێناوی پاراستن ومانەوەی خۆیان ودەسەڵات وسیستەمیان هاوکاروپشتیوانن لەمانەوەی کەلتوور و سوونەت وئادابی دژە مرۆڤایەتی کەهانی ژن کوشتن دەدەن.بۆگەشەدان بەناوەندە فێربوون وپەروەردەی یە کۆنەخوازەکان لایەنی دەسەڵاتدار هاوکارە بەپێشکەشکردنی پارەوئاوەدانکردنەوەی ئەوناوەندانە کە هانی بیروباوەڕى کۆنەخوازی و کۆنەپەرستی دەدەن لەژێر ناوى پاراستنى سوونەتى ئاداب و فەرهەنگى کۆنەپەرستانەى عەشائیرى و پیاوسالارى ودین سالارى دا.هەربۆیەشە ژن کوشتن درێژەی هەیە لەبەرئەوەی بیانوەکانی ژن کوشتن پارێزگاری لێ دەکرێ وگەشەی پێ دەدرێت.

سەر لە بەیانی یەک شەممە ٢١/١/٢٠١٨ لە نێوان ئاواییەکانی شاخە پیسکە و گۆمەشین سەر بە قەزای کۆیە لە پارێزگای ھەولێر,پۆلیسی کۆیە تەرمی کچێکی ٢٠ساڵانی دۆزیەوە کە بە فیشەک کوژرابوو پۆلیسی کۆیە ڕای گەیاندووە دەڵێن شەوی ڕابوردوو بەژمارەیەکی نەناسراو تەلەفۆنیان بۆ کردین کە گوایە تەرمی کچێک بەکوژراوی فەڕێ دراوە . تەرمی ئەو کچە نەناسراوە پۆلیسی کۆیە دەڵێت تاتۆیەک لەسەر دەستی نوسراوە (فاتیح) .تەرمی ئەم کچە رەنگە گومان هەڵنەگرێت کە بێجگە لە مەسەلەی شەرەفپارێزی وخۆشەویستی هیچی دیکە نەبن کە هۆکاری کوژراوەکەیەتی.تەنها ئەوەندە بەسە بۆئەوەی خەڵک بێ دەنگ بکەن لەئاست ئەنجامدانی ئەوتاوانە نەگەڕان بەدوایی تاوانبار بەدڵسۆزی.

لەهەرکۆمەڵگایەکی پێشکەوتووبایە هەرگیز خەڵک بەئاسانی بێدەنگ نەدەبوو لەئاست ئەنجامدانى ئەم تاونە وکوشتنی ئەم کچە گەنجەدا،بەڵام لەکۆمەڵگایی باشووری کوردستان زۆربەئاسانی بێ دەنگەی لێ دەکرێ,چونکە لەلایەک سیستەمی حکومڕانی لەباشووری کوردستان بەجۆرێکە یارمەتی وهاوکارەبۆهێشتنەوەی سوونەت وبیروباوەڕی کۆنەپارێزی ودژ بەئازادی بۆژنان وکچان لەلایەکی ترەوە خودی ڕێکخراوەوناوەندەکانى داکۆکی وبەرگری کاری پاراستنی ماف وئازادی یەکانی ژنان وکچان بێ کارگەریگەرولاوازن لەکۆمەڵگایی باشوورى کوردستاندا،هەروەها بەدرێژایی چەندین ساڵی کارکردنیان نەیان توانیوە خۆیان لەبەرگی حیزبایەتی بێنەدەرەوە ڕاستگۆیانەودڵسۆزانە تەنها کاربۆگەشەی ئازادی وبەدیهێنانی مافەکانی ژنان وکچان بکەن. بەشێکیش لەژێر ناوی ڕێکخراوەکانی ژنان وخانمان داکۆکی وبەرگری لەفەرهەنگ وبیرکردنەوەوتێڕوانین وبیروباوەڕى دژە ژنە دەکان،بەرگری لەگەشەی بیروباوەڕی کۆنەپەرستی وکۆنەخوازی دەکەن پاساو بۆژن کوژەکان دێنەوە بەناوی بەرگری لەنامۆس وشەرف پارێزی گەورەیی تاوانەکان بچوک دەکەنەوە یاخود بەبەهانەجۆراوجۆرى نادروست ونامرۆڤانە تاوانەکەپەردەپۆش دەکەن بۆئەوەى تاوان باران وژن کوژەکان سزانەدرێن.

زۆرجاربەهۆی هەژاری ونەداری یان بەزۆر کچان وژنان پەلکێشی کاری لەشفرۆشی دەکرێن ودواتربەنادیاری دەکوژرێن.ئەوژن وکچانە زۆرینەیان خۆیان بەبێ ویستی خۆیان یان بەجۆری فێڵکردن بۆخۆشەویستی هەڵدەخەڵەتێن دواتربەزۆرپەلکێشی لەشفرۆشی دەکرێن،بازرگانیان پێوەدەکرێت.سوکایەتیان پێ دەکرێت،هیچ یاسایەک نی یە کەداکۆکی لەمافەکانیان بکات و وەکومرۆڤ سەیریان بکات وکۆمەڵگاش بەچاوی دوورلەمرۆڤایەتی سەیریان دەکات،بەناچاری درێژەبەوژیانە کۆیلایەتی وبازرگانی یە بەخۆیان دەدەن، هەتاوەکو ڕۆژێک لەڕۆژان بەنادیاری دەکوژرێن.

کۆمەڵگای باشووری کوردستان لەتەواوی شار و شارۆچکە و دێهاتەکانی داعەقڵیەتی خێڵ و پیاوسالاریی و کۆنەپەرستی زاڵە کە مرۆڤەکانی دەست بۆ کوشتنی ئازیزترین کەسیان کە کچان وژنانە دەبەن،بەدرێژایی ۲٦ ساڵی دەسەڵات و فەرمانڕەوایی حیزبەکانی باشووری کوردستان پارێزگاری لەم جۆرە سیستەم و یاسایە دەکەن کە لە ژێریدا ژنان وکچان بە دڕندانەترین شێوە دەکوژرێن وتەرمەکەیان لە قەراغ و شار و شارۆچکە و ناو دۆڵ و دەشت و شاخەکان فڕێدەدرێت وسوکایەتی بەجستەیان دەکرێت.ڕۆژانە لەشاری هەولێروسلێمانی ودهۆک وزاخۆ وئاکرێ وسۆران ورانیە وقەڵادزێ وهەڵبجەوکەلارو......هیتد لەڕۆژنامە و گۆڤار و ماڵپەڕ و بڵاوکراوەکاندا وێنەکانیان بڵاودەکرێتەوە و بکوژ و تاوانبارانیشیان بە نادیاری دەمێنەوە.

لەسەرجەم کۆمەڵگا پێشکەوتووشارەستانی یەکاندا خۆشەویستی نێوان کوڕوکچ شتێکی زۆرسادە ومافێکی سادەوڕەوایە ،خۆشەویستی خۆش بەختی ودڵخۆشی بۆکچان وژنان وپیاوان بەرهەم دەهێنێت بەڵام لەکۆمەڵگا دواکەوتوەکانی وەکو باشووری کوردستان خۆشەویستی بۆکچان بۆتە مۆتەکەوبەڵایەک بۆ سەر دڵی کچان وژنان و بەم بۆنەیەوە دەکوژرێن،توانباران وبکوژانی کچان وژنان پاساوی کوشتنەکەشیان بەمەسەلەی ئەخلاقی وکڕینەوەی شەرەفپارێزی خۆیان دەرباز دەکەن.

ئەرکی تەواوی هەمووئەوانەیە کە باوەڕیان بەمرۆڤ بوونی خۆیان هەیە پێویستە باوەڕیان بە مرۆڤ بوونی کچ وژنیش هەبێت.لەکاتێکدا ژن وپیاو هەردووکیان مرۆڤن پێویستە بەرگری وتێکۆشان بۆهێنانەدی ماف وئازادی بۆ ژنان وپیاوان بەکرداربکرێ،گەشە بەبنەماویاساشارەستانی ومرۆڤایەتی یەکان بدرێت،بەرگری وداکۆکی لەچەسپاندنی یاساکانی یەکسانی نێوان ژنان وپیاوان بکرێ،لەباشووری کوردستان بەتێکۆشانی هاوبەشی هەموولایەک داکۆکی لەچەسپاندنی یاسا و سیستەمێکی سیکۆلار و شارەستانی وئازاد بکرێ،بەیەک دەنگ ویەک خەبات و تێکۆشانی مەدەنی و شارەستانی نەفرەت لەژن کوژەکان بکرێ ولەدادگاکاندا بەسزایی خۆیان بگەن،نەفرەت لەدابونەریتێک بکرێ کە هاندەرە بۆکچ و ژن کوشتن لایەنگرە بۆفەرهەنگی پیاوسالاریی. کۆتایی هێنان بەژن وکچ کوشتن پێویستی بەهاوکاری هەمووانە بۆئەوەی بەیەکەوە کوردستان بەرین بەرەو کۆمەڵگایەکی پێشکەوتوو شارەستانی و ئازاد.
 

 

Abdulrehman.rasul@gmail.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک