٢٨\٦\٢٠١٢
بە کۆششی
فیدراسیۆن، پەرلەمانی عێراق لە دژی ''بە
زۆر ناردنەوەی پەنابەران'' دەنگی دا.

دەشتی جەمال*
پەنابەران،
ئازادیخوازان، مرۆڤدۆستان.
دوای کۆششێکی زۆر لەلایەن فیدراسیۆنی
سەراسەری پەنابەرانی عێراقی کە توانی پشتیوانی ژمارەیەک لە
پەرلەمانتارەکان ڕابکێشێت بۆ کەیسی بە زۆر ناردنەوەی پەنابەران و بە
تایبەت دەوری بەرچاوی ھەردوو ئەندام پەرلەمانی عێراقی (سەردار عەبدوڵا،
سامان فەوزی) لە گەیاندنی ئەم پرسە بۆ ناو پەرلەمان، سەرەنجام
پەرلەمانی عێراق لە کۆبوونەوەی خۆیدا ڕۆژی شەمە بەرواری ٢٣-٦ بە
زۆرینەی دەنگ سەبارەت بە دۆسیەی کێشەکانی پەنابەران لە ھەندەران
بڕیاریدا کە:
١. پەرلەمانی عێراقی ناردنەوەی بەزۆری پەنابەرانی عێراقی ڕەتدەکاتەوە
چونکە پێشێلکردنی بنەماکانی مافی مرۆڤە. داواش لە حکومەتی عێراقی دەکات
ھیچ ئاسانکاریەک نەکات بۆ بەزۆر ناردنەوەی پەنابەران.
٢. حکومەتی عێراقی پەلە بکات لە دەسکاریکردنی یاداشتی لێک
تیگەیشتنی(مذکرة التفاھم) نێوان حکومەتی عیراقی و حکومەتی سوید بە
تایبەتی (بەندی٢).
٣. داوا لە وەزارەتی ھاتووچۆ دەکات کە سزای مالی ئەو کۆمپانیای
فرۆکەوانیانە بدات کە ھاوکاری دەکەن بۆگێڕانەوەی پەنابەرانی عێراقی کە
بەزۆر سنورداش دەکرێنەوە.
٤. پێشنیار دەکات کە حکومەتی عێراقی کۆنگرەیەکی نێودەوڵەتی گرێ بدات بە
مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکانی پەنابەران.
ئەم بڕیارەی پەرلەمانی عێراقی بۆ ڕاگرتنی بە زۆر ناردنەوەی پەنابەران،
داوایەکە کە لەلایەن فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقیەوە
ساڵانێکی زۆرە خەباتی بۆ دەکرێت. لە دەرگای ھەموو لایەنە
پەیوەندیدارەکانی بۆ دراوە، چەندین ئاکسیۆنی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان
ودەیان کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی، کەمپەینی واژۆی ڕۆژنامەنووسان و رێکخراوە
جەماوەریی و مرۆییەکان تا دەگاتە واژۆ و نامەی دەیان سەندیکای کرێکاریی
و پەرلەمانتاری ئەوروپی لەسەر کۆکراوەتەوە. دانی یاداشتنامە بە دەسەڵات
و دانوسانی لەسەرکراوە، ھەروەھا پرۆژە بریارێک بەمەبەستی چارەسەرکردنی
کێشەکانی پەنابەران و کێشەی پەنابەرە دیپۆرتکراوەکانی ھاوپێچ بەدەیان
زانیاری لەسەر ڕەوشی پەنابەران لەسەر ئامادەکراوەو، بۆ ھەردوو
پەرلەمانی عێراق و پەرلەمانی کوردستان نێراوە کە دوایینیان نامەی
سکرتێری فیدراسیۆنە بە سەرۆک کۆمارو سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ دەیان
واژۆی ناڕەزایەتی دژ بە زۆر ناردنەوەی پەنابەران. ئەمە وێرای
کۆبوونەوەی نۆێنەرانی فیدراسیۆن لە بەغدا لەگەل سەرۆکی پەرلەمانی عێراق
و لیژنە پەرلەمانیەکان، بە سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و جێگرەکانی
سەرۆکی پەرلەمانەوە، کە خۆشبەختانە چەند ئەندامی پەرلەمان لەناویاندا
ھەردوو بەرێز سەردار عەبدوڵا و سامان فەوزی ، ئامادەیییان نیشان دا بۆ
پشتگیری لەم خواستە و ئامادەکردنی وەکو پرۆژە بڕیاریکی پەرلەمانی. وە
سەرەنجام ئەم ھەوڵانە توانی پرۆژەکە بکاتە بڕیاری پەرلەمانی عێراق.
ھەموو ئەم ھەوڵانەی فیدراسیۆنی پەنابەران وەک تاقە سەنگەری
ناڕەزایەتیەکانی ئێوە وبەرگری لە خواست و داوا ڕەواو و مرۆییەکانی
پەنابەران نۆێنەرایەتی کراوە، تا بتوانیین دۆخی پەنابەران بە ئاڕاستەی
رێگا چارەیەکی مرۆیانەدا بەرین و ترس لە دیپۆرت لە ھەنگاوی یەکەمدا
لەسەر شانی پەنابەران کەم بکەینەوە.
پەنابەرانی ئازیز!
ئێمە دەزانیین ئەم ھەواڵە ئومێدیکی بەخشیەوە بە ھەوڵەکانمان، ھێزێکی
نوێی بەخشیەوە بەو پەنابەرانەی کە بە ناچار ژیانیان بە نھێنی
ھەڵبژرادوەو خۆیان لە زەخت و زۆری پۆلیس دەدزنەوە تا نەگیرێن و
دیپۆرتنەکرێنەوە، تووشی قەلەقی کۆمەڵایەتی و دوو دڵی و پەشێوی دەروونی
کردونەتەوە، بەڵام ئەمە ھێشتا بەس نییە، ھەنگاوی بەکردەوە لە حکومەتی
عێراقی دەخوازێت. ئەمە دەسکەوتێکە کە بەرھەمی رەنجو خەباتی ئێمەیە و
ھەروەکو ئەوەش دەخوازێ لێمان کە دریژەدان بە خەبات و ناڕەزایەتیەکانمان
بدەین لە پێناو کۆتایھێنان بە جیاکاریی نێوان مرۆڤەکان و بە فەرمیی
ناسینی مافی نیشتەجیبوون. ھێشتا داواکاری پەنابەرە دیپۆرتکراوەکان
لەسەر مێزی کاربەدەستان بەشێوەیەکی بێدەربەستانە جێھێڵراوە. ھێشتا
دەیان خێزان چاوەڕوانی لە ئامێزگرتنەوەی ھاوسەرەکانیانن. ھێشتا دەیان
مناڵ بە ئومێدی گەڕانەوەی سۆزی باوکایەتی لە چاوەروانیدا شەوانە بەسەر
دەبەن. دەیان پەنابەری دیپۆرتکراوە چاوەروانی قەرەبووکردنەوەن تا
بتوانن ژیانیانی پێدابمەزرێننەو، چاوەڕوانی ئەوەن بیانگێرنەوە
سەرکارەکانی پێشویان...ئەمەش بێگومان خەباتی رێکخراوەو یەکگرتووی
ڕیزەکانی پەنابەران و کۆڵنەدانی پێویستە، نەفەس درێژی پێویستە، ھاوکاری
و کاری پێکەوەیی پێویستە لەگەڵ رێکخراوە مرۆیی و پەنابەرییەکان و خەڵکی
ئازادیخوازو مرۆڤدۆستی ئەوروپا، تا بتوانیین کارو چالاکیەکان درێژە
پێبدەین دوا تابووتی دیپۆرت بەرێبکەین و ئاسەوارەکانی کەم بکەینەوە.
جێگای خۆیەتی لێرەوە بە ناوی فیدراسیۆن سەراسەری پەنابەرانی عێراقی و
ھەڵسوراوانی فیدراسیۆن لە دەرەوە ناوەوەی عێراق و کوردستان، سوپاس و
پێزانینی خۆمان ئاڕاستەی تەواوی ئەو کەسایەتی و ڕۆژنامەنووسان و
رێکخراوە جەماوەری و پەنابەری لایەنە سیاسی و پەرلەمانتارانە بکەین کە
لەم کۆششانەدا لە پاڵ فیدراسیۆن و کەمپەینەکانیدا ڕاوەستان. ئەم
دەسکەوتە بەبێ پشتیوانی و ھاوکاری ئێوە مەحاڵ بوو بەدەست بھاتایە.
پیرۆزبایی گەرمیش لە پەنابەران دەکەم و دڵنیایان ئەکەمەوە کە ئەم
ھەنگاوە سەرەتایەکەو ئەبێت بۆ دەسکەوتی گەورەتر خۆمان و ڕیزەکانمان
ئامادە بکەین.. دووبارە پیرۆز بێت لە ھەموو لایەک.
سەرکەوتوو بێت خەبات و ناڕەزاییەکانی پەنابەران.
نا بۆ سیاسەتی جیاکاریی نێوان مرۆڤەکان، بەڵی بۆ مافی نیشتەجێبوون.
______________________________________
*
سکرتێری فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی.
٢٧\٦\٢٠١٢
___________________________________________
IFIR:PO.BOX1575، ILFORD، IG1 3BZ، LONDON
ifir@hotmail.co.uk ،00447856032991
www.federationifir.com
ماڵپهڕی دهشتی جهمال
|