٢٢\٢\٢٠٢٥
بەهێزبوونەوەی
حیزبە راستەکان و کاردانەوەی لەسەر پەنابەران.

جەمال کۆشش
دوو دەیە دەبێت حیزبە ڕاست و نیولیبڕاڵە کۆنەزەرفاتیڤ و ڕەوتە
کریستیانە جۆراوجۆرەکانیان و سەوزە لیبڕاڵەکان و ڕاسیستەکان بە شێوەی
جۆراوجۆر، لە گۆشەی جیاوازە و بە دووشمی جیاواز و ئاکتی جەماوەریـیەوە،
هەنگاو هەنگاو لە پەرلەمان و ستراکتوری (structure) دەوڵەتدا، هەر
جارەی چەند بەندێک و پەرەگرافێک لە یاساکانی پەنابەری و کۆچ و بیانی
هەموار دەکەنەوە و تێیدەپەڕێنن. بەهێزبوونی ئەو لایەنانە لە پەرلەمانی
نیشتمانی و پەرلەمانی ئەوروپا و دەوڵەت و لە کۆمەڵگاکانی ئەوروپا و
ئەمەریکادا، بەرهەمی ئاڵۆگۆڕێکی ماددیی و پراتیکی سیاسیە. (لەم
نوسینەدا بوار نیـیە ئەو ئاڵوگۆڕە بەسەر بارودۆخی ژیان و مافەکانی
هاوڵاتیانیشدا لێبکۆڵمەوە، دەنا هەمان ڕەیڵ هەیە).
کێشەی مووچە لە کوردستان چ ئاڵۆزیـیەکی بێکۆتایی و چ سەرلێشواویـیەکی
دروستکراو و مانۆڕی میدیایی پوچی لێهەڵچنراوە، مەسەلەی پەنابەران هەمان
سێرکی (circus) لە ئەوروپا و کرێکارانی کۆچبەر لە ئەمەریکادا هەیە.
پێشنیار و ڕێگا چارەسەری ڕاسیستانەی ئەم دۆسیەیە ئەبێتە مایەی
سەرکەوتنیان لە پەرلەمان و حکومەتەکانیاندا. ئەوانەی ئاگادار و
سەودایان لەگەڵ ئەم پرسەدا هەیە، شایەدن کە لە ماوەی (٢٠) ساڵی
ڕابردوودا، بە بەردەوامی یاساکانی پەنابەری، مافی پەنابەری سیاسی و
مرۆیی و مافی مانەوە و مۆڵەتی کارکردن و کاتیگۆرییەکانی، هاوڵاتی بوون
و بیمە کۆمەڵایەتـیـیەکان و فێربونی زمان و پرۆسەی هاوسەرگیری و
یەکگرتنەوەی خێزان ...هتد، توندتر و بەرتەسکتر کراونەتەوە.
لەگەڵ کۆچی کرێکارانی ئەمەریکای لاتین (بەزۆری مەکسیکیـیەکان) بەتایبەت
دوای ساڵانی حەفتاکان و هەشتاکان بۆ بازاڕی کار لە وڵاتەیەکگرتووەکانی
ئەمەریکا، کە بەزۆری لە تەماتەڕنین و لۆکەچاککردن و خانوبەرەدا، کاریان
دەکرد، ڕەوەندێکی تراژیدی دێتە نێو بازاڕی کارەوە. کرێی یەکجارکەم،
کاری سەخت و درێژ، بێ بیمەی تەندروستی، بەقاچاخ ژیان و بێگرین کارت
(Green Card). چەند کاتژمێرێک دوای دەستبەکاربونی (ترامپ)، واژۆی لەسەر
توندکردنەوەی ڕێکارەکانی کۆچ و دیپۆرتکردنەوەی ملیۆنی و هەڵوەشانەوەی
مافی ئەو کۆرپانەی کە لەسەر زەوی ئەمەریکا لەدایک دەبن بە پەڕەموچەیەکی
گەورەی ڕەش ئیمزا کرد. باری نائاسایی نیشتمانی ڕاگەیاند بۆ بەکارهێنانی
لەشکر لە دژی کۆچکردوان و دیپۆرتکردنەوەیان (ئێمە گەورەترین
دیپۆرتکردنەوە لە مێژوی ئەمەریکادا جێبەجێ دەکەین)، (ملیۆن بەڵی
ملیۆنان، دەیانگەڕێنینەوە بۆ ئەو جێگایانەی کە لێوەی هاتوون). ئەم
ڕەشبگیریـیـیە لە کۆڵانەکان، کارگەکان و شوێنی کار، قوتابخانەکان و
تەنانەت لە نەخۆشخانەکانیش دەگرێتەوە.١. لە ئێستادا مەزندە دەکرێت
(١٠-١١) ملیۆن کەس بن.
ئەو ڕێککەوتنەی کە سیاسەتێکی هاوبەشی پەنابەری لەنێوان (٢٧) دەوڵەتی
یەکێتی ئەوروپادا بەدیهات لەسەرەتای ساڵی (٢٠٢٦) دا دەچێتە بواری
جێبەجێکردنەوە. ئاژانسی فرۆنتێکس (Frontex)، دامەزراوەی یەکیتی ئەوروپا
بۆ پاراستنی سنورەکان، لە ماوەی ئەم دە ساڵەی کە دامەزراوە، بە
بەردەوامی بە پێشکەوتوترین تەکنەلۆژیاکانی سەربازی و سیخوڕی و چاودێری
گەشەی کردووە تا (١٠) هەزار کارمەندی جۆراوجۆر بەنیازن تا ساڵی (٢٠٢٧)،
سێ قاتی بکەن و لە چوارچێوەی دیپۆرتکردنەوەی هاوبەشی یەکێتی ئەروپادا
بەگەڕ بخرێت. جگە لە سیمڕێژکردنی سنورەکان و مامەڵە لەگەڵ وڵاتانی
تورکیا، تونس، لیبیا بۆ ڕێگەگرتن لەپەنابەران. ٢.
تەماشای ساڵی (٢٠٢٤) بکەین، خاڵی وەرچەرانێکە لە مێژووی سیاسەتی
پەنابەری و کۆچدا. دەوڵەتی سوێد کە بە ترادسێۆنی ئینسانی و بەخشندەیی
شانازی دەکرد، ئێستا تەنانەت بیردەکرێتەوە لە لێسەندەنەوەی شوناسی
هاوڵاتی لەو کەسانەی پێشینەی کۆچبەریان هەیە. ئەڵمانیا بە
دیپۆرتکردنەوەی (٢٨) پەنابەری ئەفگانی (ئەفغانستانی) ڕێگای بۆ ئەوروپا
تەختکرد. نەمسا و بەلجیکا دەستیان بەپەیوەندی کردووە و نەمسا وەفدی
ناردووە. ئەڵمانیا لەگەڵ عێراق لە مانگی ئایاری ساڵی پار (٢٠٢٤)دا
بەتەواوی لێکتێگەیشتنیان واژۆکرد. یەکەم ڕۆژی ڕووخانی ئەسەد لە
(٨-١٢-٢٠٢٤) تەواوی دۆسیەکانی پەنابەرانی سوریا لە ئەوروپا سڕ (تەجمید)
کراون. ڕێککەوتنی نێوان بەریتانیا و عێراق لەسەر دیپۆرتکردنەوەی
پەنابەران، ئاکامی هەمان ڕەوتی دژە پەنابەریـیە.
بوارێکی گرنگی ڕێگریکردن لە کۆچی نایاسایی کە زۆرێک لە حزب و دەوڵەتە
ڕاستەکان بە (هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نێوخۆ) و (نائارامی و ترسی
هاوڵاتیان)، بەهانەیان بەدەستەوە گرتووە، پەرەپێدانی دجیتاڵی و
پێکەوەبەستنی ناوەندەکانی (نێوەندی زانیاری شێنگن-Schengen Information
System)، (سەنتەری زانیاری ڤیزە-Visa Information System) و (ئیۆرۆ دۆک-
بانکی داتای پەنابەری)، و کۆکردنەوەیان لەیەک ناوەنددا. لە نۆڤەمبەری
(٢٠٢٤)دا (گەشتی هاتن/دەرچون ) دامەزراوە.
(هانا شتۆل)، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی ڕێکخراوی (سۆلیدارتی سانس فرۆنتێ-
solidaire sans frontières)) کە تێزی دکتۆراکەی لەسەر (ئیرۆدۆک ئەسیل
داتن بانک) بووە دەڵێت: (ئەوەی ئێستا پەنجەمۆری هەر دەپەنجەکە، ڕەگەز،
بایۆمتری دەموچاو، ناو و ناوی خێزانی و نازناو، ناوی لەدایک بون و شوێن
و ڕۆژی لەدایک بوون، هاونیشتمانی، جۆری شوناس و مێژووی بەسەرچوون،
دۆکیۆمنتی سەفەر و بەڵگەکانی ئەسڵیبونی و کۆپی و سکانکردنی ڕەنگاوڕەنگی،
ئەمانە دەدرێن بەپێی ئەو دەوڵەتانەی کە ئەندامی ڕێکەوتنامەی (دەبلن)ن
وە هەروەها دەکۆڵنەوە لە دەرچوون و دیپۆرتکردنەوە، ئایا ئەم کەسە
بەتەواوی مافی پەنابەرییەکەی ڕەدکراوەتەوە؟، وە بەشێوەیەکی گشتی ئایا
ئەم کەسە مەترسی هەیە بۆ سەر ئاسایشی نێوخۆ، ئەگەر گومانیان هەبێت جۆری
توندوتیژییەکەی چۆنە، چەکی پێبووە، یان شتێک بیبەستێتەوە بە تاوانێکەوە،
ئەگەر ئەوە بێت، هەموو ئەمانە لە (ئیۆرۆ دۆک-Eurodoc)ەکەدا جێگیر
دەکرێت. هەموو ئەم زانیارییانە بەکراوەیی دەکەوێتە دەست بەرپرسیارانی
وەزارەتی داد و نێوخۆ و پۆلیس و بەڕێوەبەرایەتی کۆچ، کە بەیەک کلیک
دەتوانن هەموو بەڵگە و زانیارییەکان ببینن و هەندێک یەکسەرە دەرگا لە
پرۆسەی مافی پەنابەریـیان دادەخرێت. ٣.
(کامێلا هاریس) لە چاوپێکەتنێکی تەلەفزیۆنیدا، ترامپی وەک فاشیست
ناساند. پێموایە بە ئیمزاکردنی لێسەندنەوەی مافی هاوڵاتی لە مناڵانێک
کە هێشتا لەدایک نەبوون بەهۆی ڕەگەزنامەی دایـیوبابیانەوە، مافی
ئەوەمان هەیە بە فاشیستی بناسێنین. (جۆرجیا میلۆنی) نیوفاشیست، سەرۆک
وەزیرانی ئیتالیا، کە (١٦) پەنابەری بۆ ئەلبانیا گواستەوە بە کەشتیەکی
(٨٠) مەتری و بە(٦٠) کەس لەپارێزەر و پۆلیس و وەرگێڕی زمان و
کەشتیەکەوە، بەتێچووی (٢٥٠) هەزار ئێرۆ. (٦٥٠) تا (٨٥٠) ملیۆن ئێرۆی بۆ
ماوەی (٥) ساڵ بۆ ئەو ئۆردوگایە تەرخانکردووە کە بۆ پەنابەرانی دیپۆرت
کراوەیە.
پێگەیەک کە ڕاست و ڕاسیست و فاشیستەکان لە ئێستادا بەدەستیانهێناوە،
دۆخێکی یەکجار سەخت بۆ پەنابەران و کۆچکردوان دەخوڵقێنێ. زنجیرە
ئەڵقەکانی پەنابەران نزیکدەبێتەوە لە دواین قۆناخەکانی. جۆرێک
موستەحیلکردنی ڕێگایەکی سەلامەت و گەرەنتی، سنوری سیمڕێژکراو و
چاودێرکراو و دجیتاڵکراو، مامەڵە لەگەڵ تورکیا و لیبیا و تونس،
قۆنتەراتدان و تەندەری سنورەکان، سیستەمی هاوبەشی سیاسەتی پەنابەری
یەکێتی ئەوروپا، دروستکردنی ئۆردوگاکانی دەرەوەی سنوری یەکیتی ئەوروپا،
(ئیۆرۆ دۆک-Eurodoc) و بەستنەوەی بەگرنگترین و تایبەتیترین بابەتە
شەخسیەکانەوە، سیاسەتی هاوبەشی دیپۆرتکردنەوە و گریمانی بەکارهێنانی
ئاژانسی فرۆنتێکس (Frontex)، ڕێککەوتن لەگەڵ دەوڵەتەکانی عێراق،
ئەفگانستان، سوریا بۆ وەرگرتنەوەی پەنابەران.
بەرەی بەرەنگاری و دژی فاشیزم.
نزیکەی یەک ملیۆن کەس ڕۆژی (٢-٢-٢٠٢٥) لە تەواوی ئەڵمانیا
خۆپیشاندانیان کرد، تەنها لە بەرلین بە ئامادەیی(٢٥٠) هەزار کەس بە پێی
وتەی ڕێکخەرانی خۆپیشاندانەکە، لە دژی مەترسی بەڕێککردنی یاسای دژە
پەنابەری و دژی ڕاسیزم و حیزبی ڕاستڕەوی توندڕەوی ئاڵتەناتیف بۆ
ئەڵمانیا (ئا،ئیف، دێ-Alternative für Deutschland, AfD). ئەمە
ئاسۆیەکی گەش و ئومێدی ڕووبەڕوبونەوەی شەقام و سەدای بزووتنەوەی دژی
ڕاسیزم و دژی فاشیزمی بەرزکرد.
"ساڵانی داهاتوو، لەسەر چەپی نێونەتەوەییە خەبات بکات و ئیتر خەباتی
کۆچکردوان وەک خەباتی چینایەتی دەرکپێبکات و ئەلتەرناتیفی ڕاستەقینە بۆ
پێکەوە ژیانی هاوبەش دابمەزرێنێت".٤.
تۆڕ و ناوەند و کۆمەڵەیەکی فراوان و هەندێکیان ئەوروپایین و هەندێکیان
لە چەند وڵاتێکی ئەوروپادا چالاکی زۆر گرنگ و چارەنوسساز دەکەن بۆ
ڕاوەستانەوە بەدژی ئەو ڕەفتارە فاشستیـیەی ڕاستەکانی ئەوروپا بەدژی
پەنابەران. ڕێکخراوی (داڤۆسێکی تر) ڕێک لەو ئایدیایانەی دەکۆڵییەوە،
ئەو هەڵسوڕاوە نێونەتەوەییانەی کۆدەکردەوە و هاوپشتی نێونەتەوەیی پتەو
دەکرد.
"دەوڵەتانی ئەوروپا بەڕێژەیەکی یەکجار کەم پەنابەرانی وەرگرتووە، بەڵام
بەرپرسە لە سەدا پەنجای ئەو پەنابەرانەی لە ڕێگادا مردوون و بە
ڕێژەیەکی یەکجار زۆریش هۆکاری کۆچکردنیانە".٥.
لە (٢٥-١-٢٠٢٤) لە گەرەکی مانکۆ لە بەرلین بەهۆی گڕتێبەردانی
نیونازییەکانەوە، ژنێکی خەڵکی سوریا دایکی (٦) مناڵ بەهۆی زۆری
سوتانەکەیەوە گیانی لەدەستدا. بەپێی بڵاوکردنەوەیەکی وەزارەتی نێوخۆیی
ئەڵمانیا سالی (٢٠٢٣) لە دەرەوەی کەمپەکاندا داواکارانی پەنابەری
(١٢٤٨) جار هێرشکراوەتە سەریان.لە سویسراش لەم ماوانەدا دۆسیـیەی
سوتاندنی (٤) تامیلی لە تەموزی (١٩٨٩)دا کە دوانیان مناڵی (١٠) و (١٢)
ساڵی بوون، و بە ئەگەری زۆر لەلایەن باندێکی ڕاسیستیەوە ئەنجام دراوە و
لە لایەن میدیاکانیشەوە پەنجەی گومان بۆ لێکۆڵینەوەی دەوڵەت درێژدەکرێت
کە کەمتەرخەم بووە لە بەدواداچوونەکانیدا.لە ساڵی ١٩٨٨تا ١٩٩٣ ١٣کەس
گیانیان لەدەست داوە لە لایەن ڕاسیستەکانەوە.٦.
ئەم ماوەیە کە هەڵچونێک لە باڵادەستی توانای ڕاستەکاندا هەیە و
پەنابەران دەکەنە بەهانەی هێرەشەکانیان، هەڵدانەوەی تاوانکارییەکانی
فاشیستەکان بایەخی جددی هەیە. مێژووی نازی نابێت بەهیچ جۆرێک لە
ئەڵمانیا و فاشیزم لە ئیتالیا دووبارە ببنەوە. ئەگەر (فاشیزم ئامرازی
تیرۆری سەرمایەی مالی) بوو وەک ئەنتەرناسیۆنالی کۆمۆنستی لەسەرەتای
سیـیەکانی سەدەی ڕابردوو دەیناساند، ئێستاش دەتوانێت هەمان مانا بدات
بەتایبەت کە سەرمایەی مالی و تەکنۆکۆنیاڵی لەسەرەوەی هەڕەمی دەسەڵاتێکی
گەورەی بڕیاربەدەستی جیهانیدایە. هەروەک بیریار (ئیلچ بودریتاکس) بە
دیاردەیەکی مێژوویی ئالوگۆر دەیناسیێنێ، بەڵام ئەوەش دەلێت (بەڵام ڕەگی
فاشیزم لە ناوسروشتی بازاڕی کۆمەڵگای سەرمایەداری هەیە)، بۆ ئەم
سەردەمەش هەمان بیریار دەنوسێت (سەدەمێکی فاشیستانەیە). سەردەمی (فاشییستەکردنی
دەوڵەتەکانە). (ماکس هۆکایمەر) دەڵێت: (هەر کەسێک لەسەر سەرمایە
نەیەوێت بدوێت، لەبارەی فاشیزمەوە باشترە بێدەنگی هەڵبژێرێت).٧.
بزوتنەوەی دژە فاشیزم، بەشێکە لەخەباتی ڕزگاریخوازانەی چینی کرێکار و
هەربۆیە لەپێشەوە ڕێکخراوە کۆمۆنستیەکان و هەڵسوڕاوانی سۆشیالیست،
لەنێویدا چالاکانە هەڵدەسوڕێن.
______________________________________________________
١-
Die Zeit.25.januar 2025 s42-Die Zeit30.januar2025 S13
٢-
bultten solidarat NR.4.December 2024
٣-
(bultten solidarat Nr4.december 2024
(sosf.ch
٤-
Antony obst und Venessa E,thompson ,ak,S13
٥-
bullten NR4
٦-
das magazin Nr o4-18.januar 2025
٧-
woz-Nr48-28November.2024
سەرەتای شوباتی
٢٠٢٥
ماڵپهڕی جهمال
کۆشش
|