په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢\٥\٢٠١٠

بەحیزببوون چـارەنووسی بزووتنـەوەی گۆڕان بەرەو کوێ دەبا؟


راپۆرتى: شوان سدیق

ئەندامێکى سەرکردایەتی یەکێتیی:
گۆڕان کە بودجەى حیزبى وەرگرت، رووبەڕووی شه‌رمه‌زاریی دەبێتەوە.


نەوشێروان مستەفا سەرۆکی بزووتنەوەی گۆڕان، دووۆات له‌سه‌ر دەکاتەوە، بزووتنەوەکەیان دەبێتە حیزب و هیواخوازیشە زوو مۆڵەتی یاساییان پێبدرێت، بەڵام ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتی پێیوایە، گۆڕان کاتێک بودجەی حیزب وەردەگرن، رووبەڕووی شه‌رمه‌زاریی دەبنەوە، پارتیش چاوەڕێی وەرگرتنی مۆڵەتی یاسایی بزووتنەوەی گۆڕان دەکات، بۆئەوەی وەک لایەنێکی سیاسیی رێگەپێدراو پەیوەندییان لەگەڵدا ببەستن.


بزووتنەوەی گۆڕان کە بەهۆی جیابوونەوەی نەوشێروان مستەفا لەیەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان وەک بزووتنەوەیەکی جەماوەری دامەزرا و تائێستاش بەشداری دوو هەڵبژاردنی کردووە، بەڵام لەئێستادا سەرقاڵی وەرگرتنی مۆڵەتی فەرمین لەوەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆئەوەی وەک رێکخراوێکی سیاسی لەرووی یاساییەوە رێگەیان پێبدرێت، بەڵام بوونی بزووتنەوەی گۆڕان بەرێکخراوێکی سیاسی خوێندنەوەیی جیاوازی بۆ دەکرێت.


لەچاوپێکەوتنێکی رۆژنامەوانیی کەناڵی (KNN)ـدا، نەوشێروان مستەفا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، بزووتنەوەکەی لەداهاتوودا دەبێتە رێکخراوێکی سیاسی، نەوشێروان مستەفا باسی ئەوەشی کرد، بزووتنەوەی گۆڕان نابێتە حیزبێکی تەقلیدی و بەوتەی ئەو بەرەو حیزبێکی جیاوازتر لەحیزبەکانی کوردستان هەنگاو دەنێت.
لەلێدوانێکدا بۆ (سڤیل) ئاواتی شێخ جەناب یەکێک لەسەرکردەکانی گۆڕان، ئاشکرای کرد دوای وەرگرتنی مۆڵەت دەستدەکەن، بەرێکخستنی کاروبارەکانیان و بەناوی بزووتنەوەی گۆڕانیشەوە کاری سیاسی دەکەن، "لەسەر بەرنامەیەکی سیاسی کە خەڵکی جیاواز جیاواز و بیروبۆچوونی جیاوازی تێدا کۆدەبنەوە"، ئاوات پێیوایە خۆڕێکخستنەوەی بزووتنەوەکەیان وەک حیزبێکی سیاسی خاڵی ئیجابیاتی زۆرترە و کاریگەری لەسەر کەمکردنەوەی پێگە جەماوەرییەکەشی ناکات، گوتیشی "بزووتنەوەکە جەماوەرەکەی جارانی خۆی لەدەستنادات، خۆ دەبێت بۆ ئەم بزووتنەوەیە تەعریفێک هەبێت و مۆڵەتمان هەبێت و کاک نەوشێروان هەر رابەری بزووتنەوەی گۆڕانیش دەبێت، بەڵام هەموو شێتک لەم بزووتنەوەیەدا لەبڕیاری گشتی و هاودەنگی دەرناچێت".


لەبەرانبەریشدا شاڵاوی عەلی عەسکەری، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، ئاماژە بەوە دەدات، کە بوونی گۆڕان بەحیزبێکی سیاسی پێگەی جەماوەرییان کەم دەکاتەوە، شاڵاو بۆ (سڤیل) دەڵێت، "بەشێکی زۆری دەنگەکانی گۆڕان کە لەهەڵبژاردندا بەدەستیانهێنا، دەنگی ئەو خەڵکانە بوون، کە لەپارتی و یەکێتی ناڕازی بوون، بۆیە رەنگە بەشێک لەو کەسە ناڕازی و خەڵکە ئیسلامییەکەش دەنگییان پێنەدەنەوە"، شاڵاو ئاماژەی بەوە دا، گۆڕانیش وەک پارتی و یەکێتی هەوڵی بەدەستهێنانی دەسەڵات دەدات، پێشبینی ئەوەش دەکات، ئەو بزووتنەوەیە بەهۆی وەرگرتنی بودجەوە دەنگە جیاوازەکانی زیاتر دەبن، گوتی "بەدڵنیاییەوە گۆڕان بەهۆی وەرگرتنی بودجەوە رای جیاوازی تێدا دروست دەبێت، بۆیە رۆژگارێک دێت کە ئەو پرسیارە رووبەڕووی ئەوانیش دەکرێتەوە، چونکە ئێستا ئەوان بەمشێوەیە باسی بودجەی حیزبەکان دەکەن، رۆژێکیش دەبێت لەسەر شێوەی دابەشکردنی بودجەکەی خۆیان پرسیاریان لێدەکرێت، بەبۆچوونی من بەهۆی وەرگرتنی بوودجەوە، گۆڕان لەئەنجامدا رووبەڕووی ئیحراجبوون دەبێتەوە"، هەروەک پێشیوایە دەبێت ئەو بزووتنەوەیە خۆی رێکبخاتەوە، "چونکە خەڵکی خۆیان بۆ ساغ دەبێتەوە".


بەبۆچوونی یاسین ساڵح، پسپۆر و چاودێری سیاسی بزووتنەوەی گۆڕان هەر لەسەرەتاوە وەکو حیزبێکی سیاسی ئیشی کردووە، چونکە خاوەنی کیان و رێکخستن و جەماوەری خۆی بووە. یاسین دەڵێت "پێویستە گۆڕان خۆی رێکبخاتەوە، ئەوە هەنگاوێکە دەبێت بینێت، ئەگەر وەکو حیزبێکی رێکخراو کار بکەن، ئەمە هەنگاوێکی تەندروستە. بەڵام ئەگەر نەبن بەحیزبێک ئەوکاتە رەنگە رێکخستنەکەیان پەرشوبڵاو بێت".


لەسەرەتای بەحیزبیبوونی بزووتنەوەی گۆڕاندا هەندێک ئاماژە دیارن، کە گومانی بوونی تەکەتولیان لەناو ئەو بزووتنەوەیەدا تۆختر دەکردەوە، بەڵام لەچاوپێکەوتنەکەی نەوشێروان مستەفا لەگەڵ کەناڵی (KNN) ئەو گومانانەی کردە واقیع، نەوشێروان گوتی "ئێمە حیزبێکی عەقائیدی و ئایدیۆلۆجی و حیزبێکی ستالینی نین، لەناو ئێمەدا گروپیش و باڵیش و فڵانە و فیسارە هەیە و جائیزیشە هەبێت، بەڵام لەکۆتاییدا ئێمە یەک ستراتیژی و سیاسەتمان هەیە، لەبەرئەوە بەلامەوە شتێکی ئاساییە، ئەوەی کە دەڵێن باڵباڵێن"، بەڵام ئاواتی شێخ جەناب بوونی تەکەتول لەناو بزووتنەوەی گۆڕاندا رەت دەکاتەوە و یەکێتیش بەبڵاوکردنەوەی ئەو "دیعایانە" تۆمەتبار دەکات، ئاوات گوتی "ئەو دیعایانە کە بۆ ئێمەی دەکەن، گوایە کوتلە و کوتلەگەریمان تێدایە، ئەوە ئیشی یەکێـتییە، چونکە یەکێتی خۆیان کەتوونەتە ناو کوتلەگەرییەوە، ئێمە هەر لەسەرەتاوە خۆمان رامانگەیاندووە، کە بزووتنەوەی گۆڕان چەپ و راست و نەتەوەپەرست و کۆمۆنیست و رادیکاڵ و لیبراڵ و دیموکرات و هەموو بیربۆچوونێک کە لەناو کۆمەڵگادا هەیە، لەناو بزووتنەوەی گۆڕاندا بەدی دەکرێت، بۆیە بەراشکاوی دەیڵێم باڵباڵێن و تەکەتولات نییە، بەڵام لەسەر ئامانجێکی دیاریکراو ئەفکاری جیاواز هەیە".


ئەم لێدوانەی ئاوات لەکاتێکدایە، کە پێشتر حاکم شێخ لەتیف هەرچەندە لەسەدا بیستی دەنگەکانی بزووتنەوەی گۆڕانی لەسلێمانی بەدەستهێنا، رایگەیاند ناچێتە ناو حیزبە نوێیەکەی نەوشێروان مستەفا، بەڵام یاسین ساڵح ئەو دۆخە بەئاسایی دەزانێ و دەڵێت "مەرج نییە ئەوانەی لەچوارچێوەی حیزبێکدا بن، هەموویان کادیر بن و جەماوەری ئەو حیزبەبن"، بەڵام ئاواتی شێخ جەناب دەڵێت، "ئێمە لەوانەمان نەبیستووە، کە بەشداری ناکەن، بەڵام بێگومان بزووتنەوەی گۆڕان هەر لەسەرەتاوە کە دەستی پێکردووە، بەڕاشکاوانە و بێشەرم قەناعەت و ئامانجە سیاسییەکانی خۆی راگەیاندووە".


لەلایەکی ترەوە، محەمەدی مەلا قادر، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە(سڤیل)ـی راگەیاند، حیزبەکەی چاوەڕێی وەرگرتنی مۆڵەتی یاسایی لەبزووتنەوەی گۆڕان دەکات، هەتا وەک لایەنێکی سیاسیی رێگەپێدراو "پەیوەندییەکی ئاسایی" لەگەڵدا ببەستێت، چونکە وەک ئەو گوتی "گۆڕان ئەمری واقیعە و نابێت لێی رابکەین"، گوتیشی "نابێت یەکێتی پێی ناخۆش بێت، کە ئێمە و گۆڕان پەیوەندیمان هەبێت، دەبێت یەکێتیش ئەو ئەمرە واقیعەی کە دروست بووە، قەبووڵی بکات. ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ رابردووش، زۆربەی زۆری ئەو حیزبانەی ئیستا هەن، لەپارتی جیابوونەتەوە و درووستبوونە، بۆنموونە پارتی گەلی دیموکراتی کوردستان، کە شەهید سامی عەبدولڕەحمان سکرتێری بوو، لەپارتی جیابوونەوە، لەکۆتاییشدا هاتنەوە و لەگەڵماندا لەبەرەی کوردستانی هاوپەیمان بوون و زۆریش بەئاساییی وەرمانگرت، بۆیە دەبێت هەموو لایەنەکان بەیەکەوە کار بکەین و ستراتیژیی خۆمان بپارێزین".

 

 

ماڵپه‌ڕی شوان سدیق