په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢\٧\٢٠١٦

بەھمەن قوبادی بۆ رۆژنامەنووسانی ئەڵمانی: کوردستان بۆ من بەھەشتی سەر زەوییە.

 

مەنسوور جیهانی


"بەھمەن قوبادی" بۆ ڕۆژنامووسانی ئامادەبوو لە فیستیڤاڵی فیلمی "مۆنیخ" لە ئەڵمانیا گوتی: کوردستان بۆ من بەھەشتی سەر رووی زەوییە و جوانترین سرووشت و شاخ لە کوردستان بوونی ھەیە، بەڵام بە ھۆی ئەڵغامەوە ناتوانین پێی بەسەردابنێن.


ڕێوڕەسمی ڕێزلێنانی "بەھمەن قوبادی" بە ھۆی تەمەنێک چالاکی بەردەوامی ھونەریی، بە نمایشی بەرھەمە سینەمایی و دیکۆمێنتارییەکانی ئەم سینەماکارە کوردە لە سی و چوارەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "مۆنیخ" لە وڵاتی ئەڵمانیا بەڕێوەچوو و دوای نمایشکردنی ئەم فیلمانە، کاتژمێر ٦ی دوانیوەڕۆی ڕۆژی ٢٧ی حوزەیرانی ٢٠١٦ کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی بە ئامادەبوونی کۆمەڵێک ڕۆژنامەنووس و بینەر بەڕێوەچوو کە لە دەسپێکی ئەم کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەدا "بێرنارد کارڵ" پێشکەشکاریی ئەم بەرنامەیە ڕووی لەم سینەماکارە کوردە کرد و گوتی: من زیاتر لە چوار ساڵە کە ھەوڵدەدەم کە بەڕێزتان بۆ فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "مۆنیخ" بانگھێشت بکەم و ئەمڕۆ وەکوو خەونێکە بۆ من کە جەنابتان لێرە ئامادەی.


"بەھمەن قوبادی" لە وڵامدا گوتی: بە ھۆی باروودۆخی ئێستای کوردستانەوە حاڵم باش نییە و جاری وایە ماوەی سێ مانگ لە ماڵەکەم نایەمە دەرێی، تەنیا بیردەکەمەوە و دەمەوێت کارێک بکەم بەڵام ناتوانم چونکە جارێی سیستەمێک بوونی نییە.


ئەم سینەماکارە کوردە لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بە چوارپارچە بوونی کوردستان کرد و گوتی: ھەر پارچەیەکی کوردستان ھیوایەکی بچووکیان ھەیە کە ئێستاکە جووڵەیەکی سینەمایی بکەن و بە جیھانی نیشانبدەین کە باروودۆخی کورد بە چیدا تێپەڕدەبێت. بیردەکەمەوە سینەمای کوردیی وەکوو پێشمەرگەیەک وایە کە دەبێت لە ڕێگای فیلمەکانەوە پەیوەندیی لەگەڵ ئێوەدا بگرین. بۆ یەک شت، بۆ وڵاتێک لە عێراق لە ناوی کوردستان. جارێی لەگەڵ ئەوە نیم کە کوردستانی گەورە پێکبێت، جارێی ئێمە دەبێت لەم یەک دوو ساڵەدا نموونەیەک دروست بکەین. پێموایە کە پێش ساڵی ٢٠١٨ وڵاتێک بە ناوی کوردستان دروستکرێت، ئەمە کەس ناتوانێت ڕێگریی لێبکات، ئەگەر کورد ھەموو پشتگریی لە یەکتریی بکەن. ئەو ھێزەی جاران پێمان وابوو کورد نییەتی ئێستاکە بوونی ھەیە. میھرەبانترین کوردانێک کە لە ژیانمدا ناسیبێتم کوردانی باشووری کوردستان بوونە.


ڕۆژنامووسێک پرسیاریی لە "بەھمەن قوبادی" کرد کە چۆن چیرۆکی فیلمەکانتان بەدەستدێنن؟ کە ئەم سینەماکارە کوردە لە وڵامدا گوتی: من لە وڵاتێکی پڕچیرۆک ھاتوومەتە دنیا، ئێمەی کورد لەگەڵ چیرۆک لە دایک دەبین و لەگەڵ چیرۆکیش دەمرین. ئێمە ڕۆژانە ھەزاران چیرۆکمان ھەیە، گیرفانمان پڕە لە چیرۆک، بەڵام کێشەمان ئەوەیە کە بوودجەمان نییە بیانکەین بە فیلم. بەڵام بە پێچەوانەوە ئێوە گیرفانتان پڕە لە بوودجە بەڵام چیرۆکتان نییە تا بیانکەن بە فیلم.


لە پرسیارێکی دیکەدا گوترا کە گوتووتانە ئەڵمانیا بەھەشتی کوردستانە، کە قوبادی لە وڵامدا گوتی: من ھەرگیز شتێکی واھام نەگووتووە، دەتوانم بڵێم کوردستان بۆ من بەھەشتی سەر رووی زەوییە. جوانترین سرووشت و شاخ لە کوردستان بوونی ھەیە. بەڵام کێشەمان ئەوەیە کە ناتوانین تا ئێستاش بە ھۆی ئەڵغامەوە بە شاخەکاندا پیاسەبکەین، لە کاتێکدا ئێوە دەتوانن. ئەمەش دیاریی وڵاتانی وەکوو ئەمەریکا و ئەڵمانیایە کە ناردوویانە بۆ کوردستان.


"بەھمەن قوبادی" لە کۆتایی ئەم کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەدا گوتی: کوردستان تاکوو لەسەر مەسەلەی ھونەر و فەرھەنگ بەھێز نەبێت، ناتوانێت قەت وڵاتێکی بەھێز دروستبکات.


ڕێوڕەسمی ڕێزلێنانی "بەھمەن قوبادی" بە ھۆی تەمەنێک چالاکی بەردەوامی ھونەریی، بە نمایشی بەرھەمە سینەمایی و دیکۆمێنتارییەکانی ئەم سینەماکارە کوردە لەوانە: "کاتێک بۆ مەستی ئەسپەکان"، "کیسەڵەکانیش دەتوانن بفڕن"، "نێوە مانگ"، "کەس ئاگای لە پشیلە ئێرانییەکان نییە!"، "وەرزی کەرگەدەن"، "دەف"، "ئاڵای بێ وڵات" و "ھەندێک جار چاو لە سەرێ بکە" لە سی و چوارەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "مۆنیخ" لە وڵاتی ئەڵمانیا بەڕێوەچوو.

بۆ زانیاریی پتر:

www.filmfest-muenchen.de/en/festival/news/2016/05/retrospektive-bahman-ghobadi
Facebook.com/ bahman.ghobadi
Twitter.com/bahman_ghobadi
Instagram/bahman_ghobadi

 

 ماڵپه‌ڕی مه‌نسوور جیهانی

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک