٢٨\١\٢٠١٥
بەھمەن
قوبادی بەشداری لە فیستیڤاڵی فیلمی "کاستێندۆرف" لە سربیا دەکا.
مەنسوور جیهانی
سینەماکاری
کورد "بەھمەن قوبادی" بە نوێترین بەرھەمی خۆی بەشداری لە ھەشتەمین خولی
فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "کاستێندۆرف" لە وڵاتی سربیا دەکات.
فیلمی "ھەندێک جار چاو لە سەرێ بکە" نوێترین بەرھەمی سینەماکاری کورد
بەھمەن قوبادی لە چوارچێوەی کۆمەڵە فیلمی "چەند وتەیەک لەگەڵ خوداکان"
لە بەرھەمھێنانی "ئالێکس گارسیا" و "گیلێرمۆ ئاریێگا" و بە ئاوازدانەری
موزیکزانی ناوداری بەریتانی "پیتێر گابریێل" بە نوێنەرایەتیی لە ھەرێمی
کوردستان و بە ئامادەبوونی "بەھمەن قوبادی" لە بەشی لە میانەی ھەشتەمین
خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "کاستێندۆرف" Küstendorf لە وڵاتی
سربیا نمایش دەکرێت.
سینەماکاری بەئەزموونی کورد "بەھمەن قوبادی" لە تەنیشت سینەماکارانی
ناوداری جیھان لەوانە: "ئاندرە کانچلۆفسکی" ھەڵگری خەڵاتی شێری نوقرەیی
فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی ڤێنیز، "ڕۆی ئاندرسۆن" ھەڵگری خەڵاتی شێری
زێڕینی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی ڤێنیزی ئیتاڵی، "گیلێرمۆ ئاریێگا"
سینەماکاری ناوداری مەکزیکی، "ئەمیر کۆستاریسکا" ھەڵگری دوو خەڵاتی
زێڕینی چڵەبەڕووی کانی فەڕەنسا و چەندین خەڵاتی گرینگی جیھانی دیکە و
ھەروەھا "عادڵ خان" دەرھێنەری فیلمی سینەمایی "خاوەنەکان" لە فیستیڤاڵی
نێودەوڵەتیی فیلمی "کاستێندۆرف" لە سربیادا ئامادەبوو.
"بەھمەن قوبادی" بە کوپتەرێکی تایبەت بەرەو شاری شاخاویی "موکرا گورا"
شوێنی بەڕێوەچوونی فیستیڤاڵەکە بردرا و لە لایەن بەرپرسانی ئەم
فیستیڤاڵەوە بە گەرمیی پێشوازی لێکرا.
ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی نێودەوڵەتیی ئەم فیستیڤاڵە بریتین لە:
خاتوو "کلۆدیا ئۆسارد" بەرھەمھێنەر لە وڵاتی فەڕەنسا، خاتوو "ئاماندا
نویل" بەڕێوەبەری ھونەری لە وڵاتی بەریتانیا، "ئالێکس گارسیا"
بەرھەمھێنەری بە ڕەگەز مەکزیکی لە وڵاتی ئەمەریکا، "ستێفان بور باس"
István Borbás ـ بەڕێوەبەری وێنەگرتن لە وڵاتی ھەنگاریا کە خەڵاتی
باشترین وێنەگری فیستیڤاڵ لە ناونیشانی "ویکلۆفلاس" لە لایەن ئەوەوە
پێشکەش دەکرێت و ھەروەھا "گۆران والارێویچ" بەڕێوەبەری وێنەگرتن لە
وڵاتی سربیا.
ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم فیستیڤاڵە بە براوەکانی بەشە
جۆراوجۆرەکانی فیستیڤاڵ، خەڵاتەکانی ھێلکەی زێڕین، ھێلکەی نوقرەیی و
ھێلکەی برۆنزی پێشکەش دەکەن.
سینەماکاری ناوداری سربی "ئەمیر کۆستاریسکا" چەند ساڵێکە فیستیڤاڵی
نێودەوڵەتیی فیلمی "کاستندۆرف" بەڕێوەدەبات و مەبەستی ئەم فیستیڤاڵە
ئاشناکردنی ڕوخسارە گەنج و بەھرەمەندەکانە لەگەڵ دەرھێنەرە
داھێنەرەکانی سینەمای جیھان.
فیستیڤاڵی فیلمی "کاستێندۆرف" بە بەشداری ١٧ فیلم لە وڵاتانی کۆماری
چیک، ئیسلۆڤاکیا، رۆمانیا، کرۆواسی، بەلژیکا، ئەڵمانیا، فەڕەنسا، میسر،
ڕووسیا، ھەنگاریا، ئیسرائیل، ئەمەریکا، سربیا و ھەرێمی کوردستان لە
ڕۆژانی ٢١ تا ٢٦ی کانوونی دووەمی ٢٠١٥ لە شاری شاخاویی موکرا گورا لە
وڵاتی سربیا بەڕێوەدەچێت.
فیلمی "ھەندێک جار چاو لە سەرێ بکە" لە دوایین بەشداریی نێودەوڵەتیی
خۆیدا ڕۆژی ١٤ی تەشرینی دووەمی ٢٠١٤ لە بەشی "گالاس" لە میانەی سێیەمین
خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "لۆس کابووس" لە وڵاتی مەکزیک
نمایشکرا.
ئەم فیستیڤاڵە کە بە کۆبوونەوەی کەلتوور و دابوونەریتە جۆراوجۆرەکانی
جیھان ناسراوە، لە چەندین بەشی جۆراودۆردا لە ڕۆژانی ١٢ تا ١٦ی تەشرینی
دووەمی ٢٠١٤ لە شاری لۆس کابووسی مەکزیک بەڕێوەچوو.
ماڵپهڕی مهنسوور جیهانی
|