په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٩\١٠\٢٠١٠

بەهمەن قوبادی بووە سەرۆکی

لێژنەی ناوبژیوانی فیستیڤاڵی ئانتالیای تورکیا.
 


بە ئامادەبوونی سینەماکاری کورد بەهمەن قوبادی وەکوو سەرۆکی لێژنەی ناوبژیوان و دەرهێنەری ناوداری سینەمای جیهان "ئەمیر کۆستۆریکا" وەکوو ئەندامی لێژنەی ناوبژیوان، 47مین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "پرتەقاڵی زێڕین"ی ئانتالیا لە شاری ئانتالیا لە وڵاتی تورکیا بەڕێوەدەچێت.


فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "پرتەقاڵی زێڕین"ی ئانتالیا یەکێک لە رووداوە هەرە گەورە و گرینگە هونەرییەکانە وڵاتی تورکیا دێتە ئەژماردن و لە خولی چل و حەوتەمی ئەم فیستیڤاڵەدا دەرهێنەری کورد بەهمەن قوبادی وەکوو سەرۆکی ئەندامانی لێژنەی ناوبژیوان، بە ماوەی هەفتەیەک لە تەنیشت دادوەرانێک وەکوو "ئەمیر کۆستۆریکا" دەرهێنەری فیلمە سینەماییەکانی "ژێرزەوی"، "خەیاڵەکانی ئاریزۆنا" و "مارادۆنا" و هەروەها "ریمۆند پاتاناویرانگوون" ئەندامی ڕەسمی ڕخنەگرانی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی کان، فیلمە سینەماییەکانی بەشی پێشبڕکێی سەرەکی ئەم فیستیڤاڵە گرینگەی هونەری سینەما هەڵدەسەنگێنن.


فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "پرتەقاڵی زێڕین" لە لایەن ناوەندی فەرهەنگی و هونەری شاری ئانتالیا و بە هاوکاری شارەوانی ئەم شارە لە رۆژانی 9 تا 14ی ئۆکتۆبری 2010 لە شاری ئانتالیا لە وڵاتی تورکیا بەڕێوەدەچێت.


فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "پرتەقاڵی زێڕین" یەکێکە لە گەورەترین فیستیڤاڵەکانی فیلم لە وڵاتی تورکیا کە ساڵی 1963 دامەزراوە و هەموو ساڵێک لە شاری ئانتالیای تورکیا بەڕێوەدەچێت. لەم فیستیڤاڵەدا دەرهێنەرەکانی وڵاتانی جۆراوجۆر بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی گەورەی ئەم فیستیڤاڵە لە رکابەریدا دەبن.
فیلمی سینەمایی "کەس لە پشیلە ئێرانییەکان خەبەری نییە" دوایین بەرهەمی بەهمەن قوبادی لە نمایشێکی تایبەتدا لە یەکێک لە رۆژانی فیستیڤاڵی فیلمی "پرتەقاڵی زێڕین" نمایش دەکرێت.


هەروەها فیلمی بڵندی دیکۆمێنتی "دایکانی من" لە دەرهێنانی سینەماکارانی کورد "ئیبراهیم سەعیدی" و "زەهاوی سنجاوی" و لە بەرهەمهێنانی "عەبباس غەزالی" لەم فیستیڤاڵە نمایش دەکرێت.

 

 

مه‌نسوور جیهانی

mansourjahani@gmail.com