په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١١\٥\٢٠١٣

بەھمەن قوبادی لە فیستیڤاڵی کۆسمۆرامای نەرویژ باسی ژیان و رەوشی فیلمسازیی خۆی کرد.

 

مەنسوور جیهانی


سینەماکاری کورد بەھمەن قوبادی لە نۆیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کۆسمۆرامای وڵاتی نەرویژ باسی ژیان و ڕەوشی فیلمسازیی خۆی کرد.


فیلمی سینەمایی "وەرزی کەرکەدەن" لە دەرھێنانی سینەماکاری کورد بەھمەن قوبادی و بە ئامادەبوونی ئەم فیلمسازە بەئەزموونە کوردە، سینەماکاری ناوداری ئێرانی موحسین مەخمەلباف، مامۆستای زانکۆی کۆلۆمبیای ئەمەریکا دکتۆر حەمید دەباشی، ڕخنەگری سینەمای ئێران پەرویز جاھید، ئەکتەری بەئەزموونی ئێرانی خاتوو سووسەن تەسلیمی، مامۆستای زانکۆی نۆرس ویستێرنی ئەمەریکا پرۆفیسۆر حەمید نەفیسی، توێژەری مێژوو دکتۆر مەجید تەفرێشی، سینەماکارانی بەشداربووی فیستیڤاڵ و ھەروەھا کوردانی دانیشتووی وڵاتی نەرویج لە بەشی تایبەتی نۆیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کۆسمۆراما لە چەندین سانسی جیاوازدا لە سینەمای نۆڤای شاری ترۆندھایم لە وڵاتی نەرویژ نمایشکرا.


قوبادی دوای نمایشی شەشەمین بەرھەمی سینەمایی خۆی لەم فیستیڤاڵەدا، بە وردی وڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسان و ئامادەبووانی ناو ھۆڵی ژمارە ٨ی سینەما نۆڤای دایەوە، کە ھەندێک لە پرسیارەکان لە لایەن کوردانی پارچە جۆراوجۆرەکانی کوردستانی دانیشتووی نەرویژ ئاراستەی ئەم سینەماکارە کوردە کرا.


لە یەکێک لە رۆژانی بەڕێوەچوونی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کۆسمۆراما، فیلمی سینەمایی "باغەوان" لە دەرھێنانی موحسین مەخمەلباف نمایشکرا و لە لایەن بەرپرسانی فیستیڤاڵەوە بە بۆنەی تەمەنێک چالاکی لە بواری سینەمادا رێزی تایبەت لەم سینەماکارە ئێرانییە گیرا.


لە سەرەتای ئەم ڕێوڕەسمەدا بەھمەن قوبادی سەبارەت بە کەسایەتیی سینەماکاری بەئەزموونی ئێرانی موحسین مەخمەلباف و پێگەی ئەو لە سینەمای ئێراندا وتارێکی بەپێزی و ھەست بزوێنی پێشکەش کرد کە لە لایەن ئامادەبووانەوە پێشوازی لێکرا.


لە رۆژی شەشەمی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کۆسمۆراما و بە ھاوکاری کۆلێژی سینەما و تەکنەلۆژیای زانکۆی نەرویژ و ڕێکخستنی سینەماکاری ئێران محەمەد عەلی شیرزادی، سمینارێک بە ناونیشانی "سینەمای ئەمڕۆی ئێران" لە ھۆڵی کۆمپانیای نەوتی نەرویژ لە شاری ترۆندھایم بەڕێوەچوو، کە تیایدا چەندین کەسایەتیی ھونەری و ئاکادیمی کورد و ئێرانی تیایدا ھاتنە ئاخاوتن، لەوانە: بەھمەن قوبادی ـ سەبارەت بە "ژیان و ڕەوشی فیلمسازی خۆی لە سەرەتای کارە ھونەرییەکانییەوە تا ئێستا"، مامۆستای زانکۆی نۆرس ویستێرنی ئەمەریکا پرۆفیسۆر حەمید نەفیسی ـ سەبارەت بە "بەشداری و سەرکەوتنی فیلمە ئێرانییەکان لە فیستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکان"، موحسین مەخمەلباف ـ سەبارەت بە "رۆلی سینەماکاران لە کۆمەڵگا"، خاتوو سووسەن تەسلیمی ـ سەبارەت بە "رۆڵی ئافرەتان لە پیشەگەڕی سینەمای ئێران"، مامۆستای لقی ئێرانناسی و ئەدەبیاتی ھەڵسەنگێندراوی زانکۆی کۆلۆمبیای ئەمەریکا دکتۆر حەمید دەباشی ـ سەبارەت بە "سینەمای فیلمسازی ئێرانی جەعفەر پەناھی"، توێژەری مێژوو و مامۆستای زانکۆی لەندەن دکتۆر مەجید تەفرێشی ـ سەبارەت بە "وێنەی ئێرانییەکانی دەرەوەی وڵات لە بەرھەمە تەلەفیزیۆنییەکانی دوای شۆڕشی گەلانی ئێران"، ئەکتەری لاوی سینەمای ئێران خاتوو زەھرا میرئیبراھیمی ـ سەبارەت بە "ماڵی سینەمای ئێران و سینەمای سەربەخۆی ئێران" و ھەروەھا ڕخنەگر و توێژەری سینەمای ئێران پەرویز جاھید ـ سەبارەت بە "گەشەکردنی تەکنۆلۆژیای وێنەیی سینەمای دیجیتاڵی ئێران".


لە رۆژانی بەڕێوەچوونی نۆیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کۆسمۆراما و لە بەشی "سینەمای ئەمڕۆی ئێران"دا چەندین فیلم لە دەرھێنانی سینەماکارانی کورد و ئێرانی نمایشکران، لەوانە: فیلمی سینەمایی "وەرزی کەرکەدەن" لە دەرھێنانی بەھمەن قوبادی، فیلمی سینەمایی "گبە" واتە "بەڕە" لە دەرھێنانی موحسین مەخمەلباف، فیلمی "این یک فیلم نیست" واتە "ئەوە یەک فیلم نییە" لە دەرھێنانی جەعفەر پەناھی، فیلمی سینەمایی "پەردە" لە دەرھێنانی ھاوبەشی جەعفەر پەناھی و کامبووزیا پەرتەوی، فیلمی سینەمایی "سلام سینما" واتە "سڵاو سینەما" لە دەرھێنانی موحسین مەخمەلباف، فیلمی سینەمایی "مسل یک عشق" واتە "وەکوو ئەوینێک" لە دەرھێنانی عەباس کیارۆستەمی، فیلمی "زیبا" واتە "جوان" لە دەرھێنانی بەنی خۆشنوودی، فیلمی "باغەوان" لە دەرھێنانی موحسین مەخمەلباف، فیلمی دیکۆمێنتاری "خانە باد کجاست؟" واتە "ماڵی با لە کوێیە" لە دەرھێنانی محەمەد عەلی شیرزادی، فیلمی سینەمایی "سکوت" واتە "بێدەنگی" لە دەرھێنانی موحسین مەخمەلباف، فیلمی سینەمایی "نون و گلدون" واتە "نان و گوڵدان" لە دەرھێنانی موحسین مەخمەلباف و چەندین فیلمی دیکە.


نۆیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کۆسمۆراما بە نمایشی بەرھەمی سینەماکارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیھان، لەوانە: ئەرژەنتین، ئیسپانیا، بڕازیل، ئەمەریکا، دانیمارک، پۆلەندا، تورکیا، ئیرلەندا، تایوان، کینیا، کۆریا، مەکزیک، کەنەدا، ژاپۆن، ئێران، تاجیکستان، سعوودیە، قەزاقستان، رووسیا، رۆمانیا، پێڕوو، نەرویژ، فەڕەنسا و چەندین وڵاتی دیکە، لە چەندین بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی، بەشی تایبەت بە "سینەمای ئەمڕۆی ئێران"، لە رۆژانی ١٥ تا ٢١ی نیسان / ئەپرێلی ٢٠١٣  لە چەندین ھۆڵی سینەما نۆڤای شاری ترۆندھایم لە وڵاتی نەرویژ بەڕێوەچوو.


"وەرزی کەرکەدەن" لە دوایین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا بە نوێنەرایەتیی لە ھەرێمی کوردستان لە بەشی "ڕوانینی جیھانی" لە میانەی ٣٧مین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی ھۆنگ کۆنگ نمایشکرا و توانی سێ خەڵاتی سەرەکی حەوتەمین خولی خەڵاتەکانی ساڵانەی سینەمای ئاسیا، لەوانە: باشترین وێنەگرتن بۆ وێنەگری کورد توورەج ئەسڵانی، خەڵاتی باشترین دیزاینی بەرھەمی ھونەری بە شێوەی ھاوبەش بۆ بەھمەن قوبادی و داریووش پەیرەو و ھەروەھا خەڵاتی دیمەنە دەستکردەکان بۆ فەرید خۆش تینەت بەدەستبێنێت.


فیستیڤاڵی فیلمی ھۆنگ کۆنگ بە نمایشی کۆمەڵێک فیلم لە سینەماکارانی وڵاتانی جۆراوجۆری کیشوەری ئاسیا لە رۆژانی ١٧ی ئازار / مارس تا ٢ی نیسان / ئەپرێلی ٢٠١٣ لە وڵاتی ھۆنگ کۆنگ بەڕێوەچوو.

 

ماڵپه‌ڕی مه‌نسوور جیهانی

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک