١٧\٧\٢٠٢٢
بێهودەیی.

ئەرسەلان مەحمود
هەر جۆرە زیندەوەرو بونەوەرێک سەیربکەی، لـەپێناو ژیان و مانەوەیدا،
ڕەنگە بتوانی جۆرە ڕەگێکی بەرژەوەندیخوازانەی تێـدا بدۆزیتەوە، بـەڵام
هیچیان بەهێندەی مرۆڤ نـا، مرۆڤ کـائینێکە خۆ گۆڕ، ئـەم خەسڵەتە قۆڕە
لەزیندەوەو بوونەوەرانی تردا ئـەگەر هەشبێت بـەو ئەندازەیە نییە
لەمرۆڤدا بوونی هەیە.
زیندەوەرو بونەوەرانی تـر، لـەگـەڵ سروشتدا خۆیان دەگونجێنن، ئەمە هەم
وەک بەرگری و هەم وەک ڕاوکردنیش، بەڵام لەپێناو هیچ شتێکدا ناچنە کەوڵی
یەکترەوە، ئەوان سازش لەسەر بەها هەبووەکەیان ناکەن، ئـەوە مرۆڤە
لەبەرگی گورگوکدا دەچێتە پێستەی مەڕەوە، ئـەوە مرۆڤە دەبێت بـەقاز،
بەڕێوی، بەبزن، بەبەراز، بەحوشتر، بـەکرم و درم و مـارو مێرو بەدوپشک،
مرۆڤ تـاکە گیانەوەری کـۆمەڵگەیەکە هـەر یـەکـەی نێچیری ئەوی ترە!!
مرۆڤ، سایکۆلۆژیایەکی سەیری هەیە، دایک و باوکی جێدەهێڵێ کەچی دەڕوا
سەگ و پشیلە بەخێو دەکاو نازی بـاڵندەکان دەکێشێت، خۆیشی وەک
بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتی وێناو پێناسە دەکات، مەترسییە گەورەکە لەسەر
زیندەوەران و بوونەوەرانی تردا ئەگەر ژینگەو سروشت بێت، ئەوا مرۆڤ
خۆیەتی لەسەر خۆی و هەر شتێک، هەندێجار واهەست دەکەم مرۆڤ بوونیادنەر
نییە، وێرانکارە، داهێنەر نییە، لاساییکارێکە پاسیڤ!!
هەمووان بەهۆکاری تایبەت بەخۆیان خوڵقاون، بەڵام ئەوەی پرۆسەی بوون
تەواو دەکات هەمووانن بەیەکەوە، کەچی مرۆڤ خۆی بەسەردارو سەروەر دەزانێ
و کەرو فیل و مانگاو داڵ و هەڵۆو کۆترو ئــەوانی تریش دەکاتە لۆگۆی خۆی،
هیچ بوونەوەرێک نییە، بیەوێ زاڵبێ بەسەر زەویدا، کەچی مرۆڤ خۆی
بەمیراتگری کائینات دەزانێ و دەیەوێ دەستبەسەر گەردوندا بگرێ، قسە بۆ
هەر شتێک دەکا، ڕەخنە لەهەر شتێک دەگرێ، پرسیار لەهەر شتێک دەکات،
بەڵام زۆر گوێ ناگرێت، ئەوەی بوون بەرەو پوکانەوە دەبات دواجار ئەم
ئەنانییەتەی مرۆڤە هەمووان لەنائومێدیدا جێدەهێڵێت!!
گیانەوەر، مرۆڤ، ڕووەک، ماسی، دارو بەرد، ئەستێرەو مانگ هەبووێکن
پێکەوە گرێدراو، کـەچی هەرچی هەیە خۆی بۆ ژینگە دەگۆڕێ و مرۆڤ دەیەوێ
ژینگە بۆ خۆی بگۆڕێ، هەر جۆرە گیانەوەرێکی مەحکوم کردوە بەشتێک، کەچی،
هیچیان لەوێناو ڕەنگدانەوەدا شتێک لـەخۆیان زیـاتر نین، ئەگەر هەبێ
تۆمەتبارم بکات بەوەی بـانگەوازی داروینیزم دەکەم، لەهەڵەدایە، لەدیدی
مندا بنەما گەردونیەکە هاوسەنگییە، خۆر و مانگ و ئەستێرەکان پێکەوەن،
هەمان شت بۆ مرۆڤ و ئاژەڵ و شتەکانی تری ناوەوەو دەرەوەو سەر زەویش هەر
ڕاستە.
ئەوەی مەترسیدارە وەک یەک بوونە، هەڵەی هاوبەش لەهەرچی باوەڕو ئایدیاو
ڕوانینێکدا گشتاندنە، گورگ و مەڕ لەژێر هیچ باوەڕو پێزو تێزێکدا
بەیەکەوە کـۆنابنەوە، هـەر شتێک خـەسڵەت و ژینگەی تـایبەت بەخۆی هەیە،
ئەوەی هەبوون بەرەو سەر دەبـا ئەم حەقیقەتەیە، ئـەگەر بونمان لەسەر ئەم
ڕاستیە بینا نەکەین، ئەنجامەکە لەناوچونە، واقیعەکە وایــە، هەمووانن،
مەرجیش نییە واقیعی بوون هەمیشە جوانی و ئەخلاقی بێ، چونکە ئەوەی بڕیار
لەسەر ئەم شتانە ئەدات، ژینگەو پێوەرو تێگەیشتنە جیاکانە، وابزانم دەبێ
فێرە شێوازێکی نوێی هەڵکردن و ژیانکردن بین!!
ماڵپهڕی ئهرسهلان مهحمود
|