په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٦\٢\٢٠١٣

    بە (ئیجازە)ی با ئەم ڤاڵەنتاینە

    لە نێوان تۆ و مەنفادا ون دەبم.

دلۆڤان عەلی

ژیان گەمەیەکی چەندە بڵاوە
خەیاڵێکی چەندە بێڕەحمانەیە
لە نێوان تۆ و مەنفا و مردندا
هەموو شتێکم لێ بووە بە تۆ
سەردەکەم بە هەر مەیخانەیەکی تاریکدا
شووشە بە بەتاڵی و پڕ لە تاعوون دەبینم
دەچمە هەر کتێبخانەیەکی تۆزاویی
جگە لە کۆمەڵێک رۆمان و چیڕۆکی پڕ لە وەهم
وشەیەک نییە بۆنی ئێوارەکانی مردنی لێبێت
دەمهەوێت لەم ڤالانتاینی تێکەڵبوونی رۆحەدا
لەبەر تاڤگەی میهرەبانیت خۆم بسمیل بکەم
لە کانیەکانی عەدەم وجودم پاک بکەمەوە لە گوناه
ئاخر بەم هەموو رق و بێزاریی و دڵڕەقییە
چۆن بێم و لە بەرامبەرت باسی ئەو ساتانەت بۆ بکەم
کە بێ تۆ تێیدا ژیاوم و بوومەتە هاوڕێی مردن
ئەم ئێوارەیە تەمگرتووە زۆر سەیرە
دەڵێی رێگای شوێن پێیەکانت ون دەکەم
هەر لە بیری پەنجە نەرمەکانت دام و
ترسم هەیە هەناسەکانم بپچڕێن و
پاشماوەکەی لەسەر بەردێکی عاشق جێبهێڵم
یان بەشێکیان بپڕژێنە نێو مەنفا و
بەشەکەی دیکەشیان بەرەو لای تۆ (با) بیانهێنێت
بە منداڵی گوێم لێبوو دەیان گوت:
عەشق وەکو گەڵای پایزی سیس و ژاکاو دەتوەرێنێت
چی ئارەزوو و خۆشبەختییە دەیدات بەدەم لافاوەوە
ئێستا کە گەورە بووم و ئا ئەو ساتەم بەبیردێتەوە
من ئێستا دڵم وەکو تونێلە تاریکەکانی مردن تەسک بۆتەوە
گیرفانەکانی خۆشبەختییم وەکو پیڵاوەکانت دڕاون
نازانم چ حیکمەتێک لە منی ونبوو لە وەهمدا هەیە
کە دەمهەوێت هی تۆ بم و
لە ناو ڕۆحتدا یاری بە هەستەکانم بکەم
من ئیدی خۆم سەرقاڵ ناکەم بە بیرکردنەوە لە مردن
هەموو رێگاکانی ژیان بەرەو تۆ دەگرمە بەر
بە چەپکێک گوڵی رەنگاوڕەنگەوە سەردەکەم بە باوەشتدا
تا تێر دەبم وەکو منداڵێکی برسی خۆم لە جەستەت هەڵدەسووم
تێر تێر وەکو چەپکێک کنێری چیایی بۆنی سینگ و بەرۆکت دەکەم
لەم ڤالانتاینی ئاوێزانبوونی رۆحەدا
دێم و بە کانییەکانی چاوت دەستنوێژی عەشق هەڵدەگرم و
لە نێو میهرەبانیی تۆدا خۆم وندەکەم.


dlovan-aziz@live.co.uk

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک