٢\١١\٢٠١١
بەکارھێنانی چەکی
کیمیاوی و ناپاڵم
لە بەرامبەر
ھێزەکانی پهکهکه تاوانی جەنگە.
ھێزەکانی ھەپەگە بە لێدوانێک ڕایگەیاند یەکینەیەکی ٣٥ کەسی شەرڤانیان
لە نێوان ڕۆژانی ٢٢ تا ٢٤ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ لە ھەرێمی "گوێزەڕەش" و
گووندی "پیرێ" ڕووبەڕووی ھێرشی سوپای تورکیا بوونەتەوە بە بۆمبی ناپاڵم
و چەکی کیمیاوی .
بۆمبی ناپاڵم لە یاساکانی بە کارھێنانی چەک و چۆڵ لە شەڕدا کە دەبێتە
ھۆی مردن بە سوتاندن بە ھۆی بوونی مادەی نەوت تیایدا و ھاوکات بە ھۆی
شوێنەواری ترسناکی لەسەر جەستەی مرۆڤ وەک گولەی تەقێنەر ولوغمی مرۆڤی
پۆلێن دەکرێت کە ئەوانەش بە پێی پەیمانامەی جنێف قەدەغەکراون.
لە پاش داھێنانی بۆمبی ناپاڵم و گەیشتنی بە وڵاتانی تورکیا، عێراق و
ئێران، لەلایەن ئەم دەوڵەتانەوە لە دژی گەلی کورد بەکار ھاتوون.
دەوڵەتی عێراق ھەر لە سەردەمی شۆرشی ئەیلوولەوە ھەتا نەوەدەکان نەک
تەنیا لە دژی پێشمەرگەی کوردستان بەڵکوو لە دژی خەڵکی مەدەنی
کوردستانیش لە بۆمبی ناپاڵم کەڵکی وەرگرتووە ,نموونەش بۆمبابارانکردنی
زانکۆی قەڵادزە و شاری ھەڵەبجە و دەیان شوێنی سڤیل نشینی دیکە بوو لە
ساڵی ١٩٧٤ -١٩٧٥ لە باشووری کوردستان.
ئەمە جاری یەکەم نییە کە دەوڵەتی تورکیا بە چەکی کیمیایی و بۆمبی
ناپاڵم ھێرش دەکاتە سەر شەڕڤانانی پارتی کرێکاران ، تورکیا لە ساڵی
١٩٩٤ ەوە تاکو ئێستا بە پێی ئەو ئامارانەی لە لایەنی بەرامبەرەوە
خراونەتە روو ٤٦ جار چەکی کیمیایی لە بەرامبەر ەَێزەکانی چەکداری پارتی
کرێکارانی کوردستان بە کار ھێناوە و بەو ھۆیەوە ٤٣٧ کەس گیانی خۆیان
لەدەست داوە.
تورکیا لە بەرواری ١٤-١-١٩٩٣ەوە پەیوەست بووە بە پەیماننامەی
قەدەغەکردنی چەکی کیمیاوی ناسراو بە OPCW و لە بەرواری ١٢ی ئایاری
١٩٩٧ەوە چەکە کیمیاوییەکانی خۆی لە ناو بردووەو لە بەرواری ١١-٦-١٩٩٧
ەوە کاری بە پەیمانامەکە کردووە ھەنووکە بەڕێز Ahmet Üzümcü بەڕێوەبەری
گشتی رێکخراوەکەیە کە خەڵکی تورکیایە.
ھەروەھا بە پێی دوا ھەموار کردنی ئەرکانەکانی تاوان بێت بە پێی
پەیمانامەی رۆما کە دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی لەسەر دامەزراوە , کە لە
بەرواری ٦-١٢-٢٠١٠ ھەموار کراوە , بەکار ھێنانی چەکی کیمیاوی لە
ململانێی چەکداری ناوخۆیی تاوانی جەنگە .
ھاوکات تورکیا بە پێی پەیماننامەی جنێف مامەڵەی مرۆڤ دۆستانەی لە گەڵ
قوربانیانی ململانێ چەکدارییەکانی نەکردووە و دەیان جار دیلەکانی جەنگی
بێ دادگاییکردن لە بەرەکانی جەنگ کوشتووەو سەریانی بڕیووەو ئەشکەنجەی
نامرۆڤەیانی داوە .
ئێمە وێڕای بە توندی ئیدانەی پێشێلکاریەکانی تورکیا دەکەین و لێرەوە
داوا لە کۆمەڵگای نێو دەوڵەتی و رێکخراوەکانی تایبەت بە مافی مرۆڤ
ورێکخراوەکانی تایبەتمەند بە چەکی کیماوی و ....ھتد دەکەین لیژنەیەک بۆ
گەڕان بە دوای راستییەکان لە بەکارھێنانی چەکی کیمیاوی رەوانەی شوێنی
روداوەکان بکەن و چاودێری وردی پێشێلکردنی یاساکانی جەنگ بکەن و رێگە
نەدەن تاوانباران لە سزا دەربازبن.
فیدراسیۆنی رێکخراوەکانی دژە جینۆساید لە
کوردستان
کوردستان - ھەولێر
١\١١\٢٠١١
رێکخراوەکانی ئەندامی
فیدراسیۆن:
١. کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی ھەڵەبجە
٢. رێکخراوی ئەنفالەکانی کوردستان
٣. رێکخراوی فەژین بۆ قوربانیانی جینۆسایدی بارزانیان
٤. سەنتەری ئەنفال-دھۆک
٥. کۆمەڵەی داکۆکی لە قوربانیان و کەسوکاری ئەنفالکراوانی گەرمیان
٦. ناوەندی رێگا بۆ پرسی ئەنفال و کیمیاباران - دوکان
٧. کۆمەڵەی زیندانیانی ئەنفالکراوانی کوردستان
٨. رێکخراوی ھەڵوێست بۆ داکۆکی لە قوربانیانی ئەنفال
٩. رێکخراوی شەھید ئارام
١٠. رێکخراوی ژیانی نوێ بۆ ژنانی ئەنفال
١١. سەنتەری ئەنفال یا بارزانیان
١٢. رێکخراوی کیمیاباران و ئەنفالکراوانی بالیسان و دەوروبەری
١٣. رێکخراوی کار بۆ ئەنفال
١٤. سەنتەری ئەنفال
١٥. ناوەندی داکۆکیکردن لە زیان لێکەوتوان و ئاوەدانی پشدەر
١٦. دەزگای مۆنمێنتی ھەڵەبجە لە ھۆڵەندە
١٧. رێکخراوی کارا بۆ داکۆکیکردن لە کەس و کاری قوربانیانی ئەنفال
١٨. چاودێری کوردۆساید - چاک
|